ئایار 25, 2019

ڕانانێك بۆ كتێبی مامۆستای باش و سەركەوتوو كێیە؟

سەدیق سەعید ڕواندزی

 یەكێك لە گرفتەكانی بواری پەروەردە و فێركردن لە نێو ئێمەدا ئەوەیە، كە زۆر بەدەگمەن بایەخ بە خوێندنەوەی ئەو سەرچاوانە دەدەین كەلەدەرەوەی پڕۆگرامی خوێندن باس لە كایەی پەروەردە و فێركردن دەكات. بەو مانایەی زۆر جار توێژی مامۆستایان بەدەر لەو میتۆدە دیاركراوەی بۆیان داندراوە،ناچێت بە دوای سەرچاوەی دیكەدا بگەڕێت بۆ ئەوەی پاشخانی هزری و پەروەردەیی خۆی پێ بە برشتر بكات. جێگەی داخە دەبێ بەو پەڕی ڕاشكاوییەوە دان بەوەدا بنێین كە توێژی مامۆستایان لە كۆمەلگای ئێمەدا، دیارترین ئەو توێژەیە كە ناخوێنێتەوە و بایەخ بە كولتووری خوێنەوە نادات.بەڵكو هەر تەنها پشت بەو میتۆدە دەبەستێت كە بۆی دیاریكراوە، لەكاتێكدا مامۆستا و قوتابییانیش بە گشتی، پێویستە بایەخ بە خوێندنەوە بدەن. مامۆستایان نەوەكانی كۆمەلگە پێ دەگەیەنن و پەروەردە دەكەن، ئەگەر خۆیان پاشخانێكی بە هێزی ڕۆشنبیریی و فەرهەنگێكی دەوڵەمەندی زانست و زانیاریی نەبن، ئاخۆ دەتوانن چی فێری قوتابییان بكەن؟بۆیە دەبێ مامۆستا گرنگی بە خوێندنەوە و گەڕان بە دوای سەرچاوەی جۆراوجۆر بدات. بۆ ئەوەی ئاستی زانست و زانیاریی خۆی بەرز بكاتەوە. ئەگەرچی ڕەنگە گونجاو نەبێت لە بەرامبەر دەستەواژەی مامۆستای سەركەوتوو، مامۆستای سەرنەكەوتووش دابنێین، بەو پێیەی پیشەی مامۆستایەتی پیشەیەكی پیرۆزە و دەبێ هەموو مامۆستایەك تایبتمەندی كە سایەتییەكی سەركەوتووی تێدابێت، وەلێ نابێ نكۆڵی لەوەش بكەین كە ڕەنگە بەسەدان مامۆستا هەبن،وەك پێویست ئەو ئەركە پیرۆزەی پێیان سپێردراوە ڕانەپەڕێنن و كایەی پەروەردە لایان، وەك هەر كارێكی دیكەی ژیان بە ئاسایی سەیربكەن. بێ ئاگا لەوەی كە ئەوان چارەنووس و ئاییندەی دەیان نەوەیان لە ژێر دەستە، بۆیە كارەكتەری مامۆستا، بەبڕوای من لە چوارچێوەی شوناسێكی دیاریكراودا پۆلێن ناكرێت، بەڵكو دەبێ دەیان تایبتمەندی و سیمای كۆمەڵایەتی و هزری و ڕۆشنبیری و پەروەردەی هەبن، تاكو بتوانین مامۆستایەكی سەركەوتوو لە كارەكەی دەست نیشان بكەین. لەو ڕوانگەیەوە كتێبی(مامۆستای باش و سەركەوتوو كێیە؟) یەكێكە لەو سەرچاوە گرنگانەی كە بە پشت بەستن بە سەدان سەرچاوەی پەروەردەیی، مامۆستای سەركەوتوو دیاری دەكات.ئەم كتێبە، دەلیڤەیەكی چاكە كە بە هۆیەوە مامۆستایان ئاشنای ئەو تایبتمەندییانە دەبن كە دەبێ لە مامۆستایەكی سەركەوتوودا هەبێت.ئەم كتێبە لە چەند پاژێكی جیاواز پێكهاتووە، لە هەریەك لەو بەشانەش نووسەر بەوردی و خاڵ بەخاڵ، ئەو بابەتانە باس دەكات كە پەیوەندییان بە پیشەی مامۆستایەتی هەیە. بەبڕوای نووسەر، بۆ ئەوەی بتوانین مامۆستای باش و سەركەوتوو دیاری بكەین،بەتەنها بوونی خەسڵەتێك نابێتە پێوەر بۆ ئاستی سەركەوتوویی مامۆستا، تەنانەت ئەگەر زۆر زیرەك و شارەزاش بێت لە بواری پسپۆریەتی خۆی. بەڵكو مامۆستای سەركەوتوو دەبێ هەموو ئەو خەسڵەتە دەروونی و پەروەردەیی و كۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریانەی تێدابێت، كە پەیوەندییان بەنێوەندەكانی خوێندن و قوتابییان و چۆنیەتی وانە وتنەوە هەیە. مامۆستای سەركەوتوو دەبێ لەیەك كاتدا كەسێكی( لێهاتوو، شارەزا،پڕ زانست و زانیاریی، بیركراوە، ڕەخنەگر، ڕاشكاو، خۆشەویست لەنێو قوتابییان، دڵسۆز بۆ پیشەكەی، ڕاستگۆ و بوێر، دادپەروەرو یەكسانخواز لە نێوان قوتابییان، كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی كراوە، كاركردن بەپلان،ساغڵەم لەڕووی دەروونی و هزری،پابەندبوو بەكات، خوێنەرێكی بەردەوامی كتێب،میهرەبان و بەخشندە، خاكی وخۆشەویست،ئاگاداربوو لە پێشكەوتنەكانی سەردەم، هەڵگری بیرێكی چاكخوازی، ڕاستكردنەوەی كەموكورتییەكان لە سەر بنەمای بونیادنانەوە،ئاییندە خوازو خەونی گەورەی هەبێت، هاندەروپاڵپشتی قوتابییان) ئەمانە و چەندین خەسڵەتی دیكەش بێ، چونكە بوونی ئەو هەموو سیما پەروەردەییانە لە كەسیەتی مامۆستادا، دواجار لەڕێگەی پێگەیاندنی قوتابییانەوە و لە میانەی ئەو پەیوەندییەدا، ڕەنگدانەوەیان لەسەركەسیەتی قوتابی لە داهاتوودا دەبێت. بەو پێیەی منداڵ تا ئەندازەیەكی زۆر لە ژێركاریگەریەتی مامۆستا دایەو هەر شتێك ئەو فێری بكات، زۆر بەوردی و بەیاخەوە وەریدەگرێت. بەڵام وێرای هەموو ئەو خەسڵەتانەش، دیارترین سیمای پەروەردەیی كەدەبێ لە كارەكتەری هەموو مامۆستایەكی سەركەوتوو بونیادنەردا هەبێت بێ جیاوازی، دووركەوتنەوەیە لە هەموو جۆرە توندووتیژییەكی جەستەیی و دەروونی و ڕوحی بەرامبەر بە قوتابییان. هەرگیز نابێت مامۆستای سەركەوتوو بڕوای بە شێوەكانی توندووتیژی بۆ فێركردنی قوتابییان، بەداخەوە وەك ئەوەی لە نێو ئێمەدا باوە هەبێت. نابێ مامۆستا بە هیچ جۆرێك شكانەوە و ڕوشانەوە،دەستەواژەی ناشرین، لێدان بەرانبەر بە قوتابی بەكاربێنێت. چونكە ئەمە تێكشكاندنی كەسیەتی منداڵە لە سەرەتای پەروەردەكردنیدا. بەڵكو دەبێ بە ڕێگەی دیكەی جیاواز هەوڵی گۆڕینی خورەوشی ئەو قوتابییانە بدات كە بە شێوەیەك لە شێوەكان هەوڵی تێكدانی كەشی پۆل و قوتابخانە دەدەن.چونكە ئەركی مامۆستا پەروەردەیە دواتر فێركردنە،بۆیە مامۆستای سەركەوتوو لە پیشەكەی، هەرگیز پەنا ناباتە بەر شێوەكانی توندووتیژی بەرامبەر بە قوتابییان و بگرە هەر باوەڕیشی پێ نییە.بابەتێكی دیكەی نێو كتێبەكە ئەویش پەیوەستە بە باری دەروونی مامۆستاو حاڵەتەكانی تێكچوونی دەروونی وەك: نائومێدی و بێهوودەیی و سترێس و زۆر حالەتی دەروونی دیكەش. نووسەر لە كتێبەكەیدا، ئاماژە بەوە دەكات كە مامۆستاش وەك هەر هەر مرڤێكی دیكەی نێو كۆمەلگە،ئاساییە ڕووبەڕووی حالەتێكی دەروونی بەهەر هۆكارێكەوە بێت ببێتەوە. بەتایبەتش لە سەردەمێكدا كە سەردەمی ئاڵۆزبوونی ژیان و نەمانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی وبەخودگەرایی بوونی مرۆڤەكانە.بەڵام نابێ ئەم حاڵەتە دەروونییە بگاتە ئاستێك كە ڕەنگدانەوەی لە سەر هەڵسوكەوتی مامۆستاو مامەڵەی ڕۆژانەی لە نێو قوتابییان و قوتابخانەدا هەبێت. كاتێكیش ئەمە بووە نەخۆشییەكی دەروونی، ئەوا پێویستە ڕێگە چارەسەرییەكانی بگیرێتە بەر، بۆ ئەوەی حاڵەتەكەی بەرە و ئاڵۆزبوونی زیاتر نەچێت. لەو ڕوانگەیەشەوە نووسەر جەخت لەوە دەكاتەوە، كە دەرووندروستی و تەندروستی جەستەیی مامۆستا، دوو لایەنی گرنگی پێكهاتەی كەسیەتی مامۆستان و دەبێ مامۆستایان لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە بە جۆرێك ساغڵەم بن، كە هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییان پێوە دیار نەبێت. چونكە مامۆستا ناتوانێت بە بارودۆخێكی دەروونی ئاڵۆزەوە، وانە بە قوتابییان بڵێتەوە و پەروەردەیان بكات. بۆیە یەكێك لە سیفەتەكانی مامۆستای سەركەوتوو ئەوەیە، كە لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە، كارامە بێت و بتوانێت ئەو ئەركەی لە سەر شانیەتی بە ڕێكوپێكی وسەركەوتووییەوە جێبەجێی بكات. لە بەشێكی دیكەی كتێبەكەشدا، نووسەر باس لە بنەماكنی ڕەخنەگرتن و چۆنیەتی كۆنتڕۆلكردنی پۆل و چەند بابەتێكی دیكەش دەكات. بەگشتی خوێندنەوەی ئەم كتێبە بۆ توێژی مامۆستایان گرنگ و پێویستە. چونكە چەندین باس و بابەتی پەروەردەیی تێدایە، كە خوێنەوەیان كۆمەكێكی باشی مامۆستایان دەكات لەوەی كەچۆن و لە چ كاتێكدا دەبنە نموونەی مامۆستایەكی سەركەوتوو لێهاتوو لەپیشەكەیاندا. دواجار دەستخۆشانە لەبرای نووسەرم جگەرسۆز پێندڕۆیی دەكەم. كەبەڕاستی زۆربەی زۆری نووسینەكانی ئەگەر نەڵێم هەمووی لە خزمەت كایەی پەروەردە و فێركردن و جڤاكدایە كە زۆر پێویستن بۆ نەتەوەیەكی وەكو ئێمە....

*پەراوێز: ناوی كتێب/ مامۆستای باش و سەركەوتوو كێیە؟/نووسینی(جگەرسۆز پێندڕۆیی/ ساڵی چاپ 2010.هەولێر..

 

سەدیق سەعید ڕواندزی

© 2017 Hawler