ئاب 23, 2019

هەژاری تینی بۆ کچە بەلووچییەکان هێناوە!

زۆربەی بنەماڵە بەلوچییەکان (هورمزگان)، کچەکانیان لە پیاوانێک مارە دەکەن کە توانای ماڵییان لە دروستکردنی خانوو و دابینکردنی کەلوپەل هەبێت و خراپی دۆخی ئابووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە هۆکارە بەوەی کە پیاوانی تەمەن گەورە کچانی تەمەن بچووک بهێنن.


لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگاری هورمزگان کە بەشێکە لە هەرێمی بەلوچستان، هەروەک جاسک و بشاگرد و لەبەر پێڕانەگەیشتنی دەسەڵات و خراپی ڕێگەوبان، کچان لە خوێندنی پاش قۆناغی بنەڕەتی (سەرەتایی) بێبەش دەبن و لەم ناوچانە چیتر کەس ناخوێنێت. ئەم کچانە لە پاش پۆلی پێنجی بنەڕەتییەوە ئیتر لە ماڵەوە خەریکی بەخێوکردنی منداڵ و خواردنلێنان و دروومان و زەری بافین. زۆربەی ئاماری بەشوودانی منداڵانی پارێزگای هورمزگان، لەم ناوچەیەن.
بە پێی ڕاپۆرتێکی عەسری ئێران کە لە ئیسنای وەرگرتووە، هەژاری بنەماڵەکان هۆکارە بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی خوێندنی کچان و کوڕانی بەلووچ. کوڕەکان دەتوانن پارە پەیدا بکەن بۆ بنەماڵەکەیان، بەڵام کچەکان ناچارن لە ماڵەوە بمێننەوە و وەک سەربار سەیر دەکرێن. هەروەها کێشەی فەرهەنگی وەک پیاوسالاری لەم پارێزگایە هۆکارە بۆ سەربەخۆیی و کارکردنی کچان و تێڕوانینی پیاوانە بۆ کێشە و پرسە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارە بۆ ئەوەی کچان هەر لە منداڵییەوە بە شوو بدرێن.
لە لایەکی دیکەوە، زۆربەی بنەماڵەکان بە هۆی کێشەی ماڵی، کچەکانی خۆیان دەدەنە پیاوانێک کە توانای ئەوەیان هەبێت خانوو و کەلوپەلەکانی ناوی بکڕن. بنەماڵەی کچەکە زۆر پەیوەست نین بە تەمەنی پیاوەکەوە، هەڵبەت خواستی کچەکە بە هیچ شێوەیەک بۆ هاوسەرگیری وەبەرچاو ناگیردێت و تەنانەت پرسیاریشی لێ ناکرێت، نەک هەر پرسیاری شووکردن و یا شوونەکردنیان لێ ناکرێت، تەنانەت ناتوانن پرسیاریش لەسەر مێردەکەیان و تەمەنەکەی بکەن و باوک و یا سەرپەرستی بنەماڵەکە ئەمە دیاری دەکات و کێشەش لەوە گەورەتر ئەوەیە کە زۆرێک لە هاوسەرگیرییەکان لە دەفتەری هاوسەرگیری و بە شێوەی فەرمی تۆمار ناکرێن و تەنیا بە شێوەی نەریتی و ئایینی و لە ڕێگەی مارەبڕینی مەلاوە کارەکە ئەنجام دەدرێت.
زیاتر لە دە ساڵ وشکەساڵی ئەو ناوچەیە کە هۆکار بووە بۆ خراپی دۆخی ئابووری و ژیان و زۆربوونی ژمارەی بێکاری و زیادبوونی بنەماڵەی کەم داهات، هۆکارن لە گۆڕینی تەمەنی هاوسەرگیری پیاوان لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای بەلووچستان و بەتایبەتتریش جاسک و بشاگرد، واتە پیاوان لە چاو ڕابردوو ئێستا لە تەمەنێکی زیاتر و گەورەتر ژن دەهێنن، ژنەکانیشیان کچانی کەم تەمەن و بچووکن.
ئەمەش نمونەیەکە مشتێکە لە خەرواری بەدبەختی کچانی ئەو ناوچەیە:
مریەم فەلاحی تەمەنی ٢٧ ساڵان، لە ١٨ ساڵی شووی کردووە و ئێستا ٤ منداڵی هەیە و لە گوندی جێفری دەژیت. کلسووم ساربانی فەرد، ٥٠ ساڵە، لە کاتی قلیانکێشان (نێرگەلە) و کاتبەسەربردن لەگەڵ ژنانی دیکەی گوندی جیفری. زەهرا ٢٠ ساڵە لەگەڵ منداڵی سێیەمی خۆی، پەریسای یەکساڵە و هاوڕێکەی مریەمی ١٤ ساڵە کە خەریکی کۆکردنەوەی دارن بۆ خواردنلێنان. مریەم عالی زادەی ٢٤ ساڵ کە لە تەمەنی ١٧ ساڵی لەگەڵ کوڕە خاڵەکەی زەماوەندی کرد. هاوسەرەکەی پاش دوو ساڵ ژیانی هاوبەش تەڵاقی دا و لەگەڵ کچێکی دیکە هاوسەری پێک هێنا. مریەم ئێستا لەگەڵ دایک و باوکی دەژیت.
زەهرا دیلکانی ٢٠ ساڵان و هاوسەرەکەی سلێمان ئابتینی ٧٠ ساڵە. زەهرا دوای مەرگی ژنی یەکەمی سلێمان و بە زۆری دایک و باوکی شووی بە سلێمان کرد. ئەوان تا ئێستا خاوەنی سێ منداڵی حەوت و سێ و یەکساڵەن و لە گوندی کیایی و لە ماڵێکی کرێدا دەژین. سلێمان بە هۆی پیرییەوە و زۆر بە دژواری کار لە بەرهەمهێنانی خەڵوز دەکات و ژیانی بەسەر دەبات. مەهتاب تۆرابی ١٥ ساڵان کە چەند مانگێکە زەماوەندی کردووە. ئەو تا پۆلی چواری بنەڕەتی خوێندووە و بە هۆی ئەوەی کە دایکی سێ ساڵە مردووە، باوکی هەلیناوە بۆ شووکردن.
مەریەم جیهانی، تەمەنی ١٨ ساڵە و لە گوندی کیدەری کۆن دەژیت. ئەو ساڵێکە شووی کردووە و چاوەڕێیی بەدونیاهاتنی منداڵەکەیەتی. مەرزیە جیهادپەنای ٣٢ ساڵان خاوەنی ٥ منداڵە و لە گوندی کیدەری کۆن دەژیت. مێردەکەی بێکارە و تەنیا بە یارانە دەژیت. دوو هاوسەری تازە زەماوەندکردووی گوندی کیدەری سەروو. لەم ناوچەیە باوە کە زاوا بۆ هاوسەرگیری دەبێت ماڵ و کەلوپەلی نێو ماڵی هەبێت. هەر بۆیە چەندین ساڵە کێشە دروست بووە بۆ پیاوەکان و تەمەنیان هەڵکشاوە و کچەکانیش ماونەتەوە.
نەسیمەی ١٣ ساڵ و ئامینەی ١٤ ساڵ لە گوندی کیدەری سەروو پاش تەواوکردنی خوێندنی بنەڕەتییان لە ماڵەوە چاوەڕێی مێردن. پیربەخش دەری زادە خاوەنی دوو ژنە. ژنی یەکەمی ناوی زەرمەلیکە کە لە ١٤ ساڵی شووی پێ کرد و ژنی دووەمی ناوی دۆر خاتوونە کە پاش بێوەژنکەوتنی شووی پێ کرد. مەهسای ٢١ ساڵان، خەڵکی گوندی گوهەرتە. لە ١٦ ساڵی شووی کرد، بەڵام بە هۆی منداڵنەبوونەوە، مێردەکەی بێ ئاگاداری ئەو و بە پالپشتی بنەماڵەکەی چوو کچێکی ١٦ ساڵی هێنا، هەر بۆیە ئێستا کاتی تەنیایی خۆی بە مۆبایل بەسەر دبات. فاتمە ٢٧ ساڵیەتی و شووی نەکردووە، دانیشتووی گوندی عەبدە و بە مۆبایلەکەی کات بەسەر دەبات.

 

شۆڕش غەفووری - هەولێر

© 2017 Hawler