ئاب 23, 2019

کتێبخانەیەک بۆ ژیلا حوسەینى کرایەوە

ڕێکخراوەی هیوای زانستی شاری سەقزى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لە درێژەی چالاکییەکانی خۆی و بە ئامادەبوونی هۆگرانی چاند و کەلەپووری کوردی، کتێبخانەی "ژیلا حوسەینی"ی لە گەڕەکی حەماڵاوای سەقز کردەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا "موفیدە مەزهەر" و دکتۆر "ئارمان حوسەینی" و مامۆستا "زاهید ئارمی" وتاریان پێشکەش کرد و دواتر چەند ژنە شاعیرێک، چەند پارچە شیعر خوێندرانەوە. گرووپی سروودی قوتابیانی قوتابخانەی 7ی پووشپەڕى بنەڕەتى، بە وتنەوەی سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی"، کۆڕەکەیان ڕازاندەوە. هەروەها، لە لایەن هەندێک لە میوانانەوە دەیان کتێب پێشکەشی بەکتێبخانەکە کرا.
ژیلا حوسەینی لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٦٤ لە شاری سەقز لە دایک بووە و  لە کۆڕوکۆبوونەوە ئەدەبی وفەرھەنگییەکاندا دەوری بەرچاوى هەبوو. ڕۆژی ٢٧ى ئەیلوولى ١٩٩٦ى زایینى لەگەڵ بنەماڵەکەی کەدەیانویست بچنە شاری تاران بۆ بینینی شێرکۆ بێکەس لە ڕێگە ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕا و ژیلای شاعیر لە تەمەنى ٣٢ساڵی وکیژۆڵەکەى "ژینۆ" گیانیان لەدەست دا.
ھەواڵی مەرگی ژیلا وەها بڵاو بووەوە کە دەیان کەس لە هۆگرانى شیعرى کوردى و شیعرى ژیلا ڕژانە نێو شارى سەقز و ماڵئاواییان لەو شاعیرە بوێر و چاونەترسەى ئەدەب و فەرهەنگى کوردى گرت.

 

شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler