ئایار 25, 2019

لاندای (شیعر و ژیانی ژنانی پەشتون)

بەشێكی زۆر لە خوێنەرانی كورد، ئاشنایەتییەكی باشیان لەبارەی ئەدەبی نەتەوەی ئەفعان هەیە،بە تایبەتیش لە ڕێگەی خوێنەوەی ڕۆمانەكانی خالید حوسێنی وڕۆماننووسەكانی تر. كە هەمیشە لە ڕۆمانەكانیاندا، ئازارو مەینەتی ئەو گەلە و ئەونیشتمانە دەخەنە ڕوو، كە شەڕو ئاشووب و خوێن، بەشێكن لە مێژووەكەی.

وەلێ ئەمجارەیان لە ڕێگەی شیعرەوە ئازاری ئەفغانییەكان و خەون و هیواكانیان دەبینین.كتێبی(لاندای شیعرو ژیانی ژنانی پەشتون) بژاردەیەكە لە شیعری پەشتونەكان، لەنێویشیاندا ڕەگەزی مێ. پەشتونەكان، كە زۆربەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێكدێنن، كولتوورو پاشخانی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی تایبەت بە خۆیان هەیە و تاڕادەیەكی زۆر نەتەوەیەكی داخراو،نەریتخوازو ئایینین كە پارێزگاریی لە نۆڕمە كۆمەڵایەتی وخێزانی و پەروەردەییەكانی خۆیان دەكەن.هەمیشەش بە هۆی شەڕە یەك لە دوای یەكەكانەوە، ڕووبەڕووی كۆچكردن و نەهەماتی و ئازاری زۆر بوونەتەوە. ئەم كتێبە كە لە شێوەی نامیلكەیەكدایە، بژاردەیەكە لە شیعری ژنانی پەشتون كە وێرای ئەوەی لە جەنگدا ژیاون، بەڵام خەونی گەورەیان هەیە. كاتێ ئەو شیعرانە دەخوێنینەوە، درك بەوە دەكەین كە پەشتونەكان چەند ژیاندۆستانە دەڕواننە ژیان و چەندیش خاك و نیشتمانی خۆیان خۆشدەوێت، ئەگەرچی هیچ كاتێكیش نەیانتوانیوە بە ئاسوودەیی هەناسەیەكی ئارامی تیادا هەڵمژن.ژنانی پەشتون لە شیعرەكانیاندا، ژیان بە جۆرێكی دیكە دەبینن. ئەگەرچی ژنانی پەشتون وەك هەر ژنانێكی دیكەی خۆرهەڵات، لە ژێر ستەمی پیاوسالاری و نێر سالاری دانەوخۆشەویستی و سەربەستییان نییە، بەڵام لە شیعردا وێنای جیهانێكی دیكە دەنەخشێنن. ئەم شیعرانە بە زمانێكی سادە نووسراون وەلێ لە وێنەی هونەری و دەربڕینی شیعریدا، شیعرەكان هێندە حوان و سەرنج ڕاكێشن كە خوێنەوەیان چێژێكی زۆر بە خوێنەر دەبەخشێت.ئەو شیعرانە بە شێكی زۆریان لە سەروبەندی داگیركردنی ئەفعانستان لەلایەن سوپای سۆڤیەتەوە لە كۆتایی هەفتاكانی سەدەی ڕابردوو نووسراون. بۆیە بەشێكییان ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە سیاسییەی ئەو كاتن وژنانی پەشتون بە شیعرهانی ڕۆلەكانیان دەدەن كە بەرگری لە خاك و نیشتمانییان بكەن. تەنانەت ئەوان خۆشەویستی نیشتمان لە ئاست خۆشەویستی كۆرپەكانیان دەبینن و خۆڕاگرن لەوەی كە كوڕەكانیان لە پێناو خاكدا خوێنیان بڕێژن. وەك ئەوەی لە شیعرێكدا دەڵێن:_
كوڕەكەم ئەگەر شەڕەكە جێبێڵی..
نەفرەت لەو شیرەش دەكەم كەلە سینەمدایە..
ژنانی پەشتون، كوڕەكانیان دەخەنە ژێر بەرپرسیاریەتییەكی ئەخلاقی و مێژوویی گەورە، كە ئەویش خۆبەختكارییە لە پێناو ئازادی و سەربەستیدا.دایكێك ئامادەیە نەفرەت لەو شیرەش بكات كە كوڕەكەی پێ گۆشكراوە ئەگەر هاتوو شەڕەكە جێبێڵێت. بەڵكو دەبێ تا دوا چركە لە سەنگەردابێت. ناكرێ نیشتمان لە ژێر چەپۆكی داگیر كەران دابێت و ڕۆلەكانی ئەوانیش بەرگری نەكەن. ژنانی پەشتون، شیعر دەكەنە هاندەرێك بۆ بەرزكردنەوەی گیانی بەرگری و خۆڕاگری نەوەكانیان.ئەوان چونكە هەمیشە هاوشێوەی ئێمەی كورد لە ژێر ستەمی داگیركاری و چەوسانەوەی سیاسیدا ژیاون، ئیدی لە بەهاو نرخی ئازادی دەگەن. بۆیە ژیانی بێ ئازادییان بەلاوە، ژیانێكی بێ نرخە لەو سۆنگەیەشەوە، هانی كوڕەكانیان دەدەن كە لە پێناو ئازادیدا گیانی خۆیان بەخت بكەن. ژنێكی دیكەی پەشتون لە شیعرێكی دیكەدا، بەهەمان شێوەی ئەوانی تر لەبارەی بەرگریكردن لە خاكەوە دەڵێت:_
ئەگەر برینەكەت لە سینگت نەبوو.
گرنگیت پێ نادەم..
تەنانەت ئەگەر پشتت ببێت بە بێژینگ...
بێگومان لە شەڕو بەرگریدا، ڕێسایەك هەیە كە پێكانی سینگ دەكەنە نیشانە و گەواهی شەڕكردنەكە. بەومانایەی ئەگەر گوللەكە بەرسینگی كەوتبوو، ئەوا لە سەنگەری پێشەوە و ڕووی لە دوژمنەكەی بووە، بەڵام ئەگەر پێكانەكە لە پشتی بوو، ئەوا مانای وایە هەڵاتووە و بەرگری نەكردووە.بۆیە شاعیر دەبێ دڵنیا بێت لەوەی كە برینەكە و پێكانەكە لە سنگییەتی.بەوشێوەیە ژنانی پەشتون، گیانی خۆڕاگری و بەرگری لە ڕێگەی شیعرەوە دەڕوێنن و شیعر دەكەن چەكێكی دیكەی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەكانیان. بێگومان وە نەبێت كە ژنانی پەشتون خەیاڵی شیعرییان هەر تەنها لای چەك و بەرگری و سەنگەرەكانی شەڕ بێت، بە پێچەوانەوە بەڵكو لەنێو ئەو هەموو نەهامەتی و مالوێرانییەشدا، هێشتا خەیالییان لای عشق و خۆشەویستیشە. ئەگەرچی بۆ ئەوان قەدەغەیە و لەڕوانگەی پەشتونەكانەوە ژنان مافێكی ئەو تۆیان نییە، چونكە پێكهاتەیەكی نەریتخوازن. وەلێ كاتێ سەرنج لەو شیعرانەدەدەین، ئەوا وەك خوێنەرێك دەیان وێنەی شیعری جوان ودەربڕینی ڕۆمانسییانە دەبینین كە گوزارشت لە خەیاڵی شیعری ژنانی پەشتون دەكات.بۆنموونە لەشیعرێكدا ژنێكی پەشتون دەڵێت:_
خودایە دەتوانی لە ئێستاوە كوێرم بكەی...
خۆشەویستەكەم ڕۆیشتووەو نامەوێ..
ڕوخساری كەسی تر ببینم..
شاعیر،وێنەی هەموو دنیا لە ڕوخساری خۆشەویستەكەی دەبینێت. ئەو بە ئەندازەیەك عاشقی خۆشەویستەكەی بووە، كە دنیا تەنها لە بوونی ئەودا ببینێت. ڕۆشنایی چاوەكانی ئەو، گلێنەكانی نین، بەڵكو ڕوخساری خۆشەویستەكەیەتی، خۆشەویستیی لێرەدا سەرچاوەی ڕووناكی و بینینە، كاتێكیش بەهەر هۆكارێكەوە بێت خۆشەویستەكەی لە دەست دەدات، ئیدی بە بڕوای ئەو دنیا كۆتایی هاتووە، بۆیە نایەوێت ڕوخساری كەسی تر ببینێت.بەدەربڕینێكی تر، لای شاعیر كوێربوون ئەوە نییە چاوەكانت لە دەست بدەی، بەڵكو ئەوەیە ئیدی خۆشەویستەكەت نەبینیتەوە، بۆیە شاعیر بێ باكانە نزا دەكات خودا كوێری بكات. چونكە ئەو چیتر ئامادە نییە بە چاوانێك دنیا ببینێت كە ئیدی ڕوخساری خۆشەویستەكەی پێ نابینێت. زۆر نموونەی دیكەی وێنەی جوانی شیعری لەو نامیلەكەیەدا هەن. بۆنموونە شاعیرێكی تر دەڵێت:_
ڕوخسارت گوڵێكە..چاوەكانیشت دوومۆم..
دووچار ماوم..ببم بە پەپوولە..یان ببم بە كرمی ئاوریشم..
لەڕاستیدا، كاتێ خوێنەر شیعری ژنانی پەشتون دەخوێنێتەوە، سەرسام دەبێت لەو هەموو جوانییەی لە شیعرەكانیاندا هەیە. زمانێك سادە وەلێ پڕ لە قوڵایی. خەیاڵی ژنانی پەشتون لە شیعردا، خەیاڵێكی هێندە جوانە، هەموو ناشرینییەكانی ژیان و شەڕو ئاشوبی ئەفعانییەكان لە بیر دەباتەوە. خوێنەر كە ئەو شیعرانە دەبینێت، دەگاتە ئەو ڕاستییەی كە ئەگەر شەڕ تا بەر دەرگای ماڵەكانیشمان بێت، هێشتا دەشێ لە كلاوە ڕۆژنەیەكی بچووكەوە جوانییەكانی ژیان ببینین. ژنانی پەشتون لەنێو ئەو هەموو شەڕو ناشرینییەدا، شیعرێك دەنووسن، لێوان لێو لە جوانی و ئومێد.ئەو ژنانە چەند خەمەكانیان گەورە بێت، چەند ژیان نائومێدییان بكات و تەنگییان پێ هەڵچنێ، چەند ڕۆڵەكانیان لە شەڕدا لەدەست بدەن، هێشتا بە ئاواتەوە دەژین و ژیان بە جۆرێكی دیكە دەبینن.ئەوان سوهراپ وتەنی لەدوای هەر كارەساتێك، چاوەكانیان دەشۆن بۆ ئەوەی بە جۆرێكی دیكە ژیان ببینن. ئەگەر وانەكەن، بێگومان ناتوانن ئەو شیعرانە بنووسن. زۆر شیعری دیكەی جوانتریش لەنێو ئەو كتێبەدا هەن، كە هیوادارم خوێنەران بیخوێننەوە و چێژی لێ وەربگرن.دواجار كاتێ بەراوردی دنیابینی ژنانی پەشتون،بەدنیابینی بە شێكی زۆر لە ژنی كورد دەكەی،تێدەگەی كە شیعر لای ژنانی پەشتون، چ پەیامێك و مانایەكی جوانی هەیە. بەپێچەوانەی بەشێكی زۆری ئەو ژنانەی لە نێو ئێمەدا شیعر دەنووسن كە بەداخەوە هەر تەنها كروزانەوە و نوزانەوەیە.لە داهاتوودا بەدرێژی ئەو بەراوردكارییە دەكەین. لەكۆتاییدا دەست خۆشانە لەناوەندی ئەندێشە و وەرگێڕی شیعرەكانیش دەكەم، كە بە ڕاستی كتێبێكییان هەڵبژاردووە بۆ وەرگێڕان، شایەنی خوێنەوە و چێژ لێوەرگرتنە..

*پەراوێز: ناوی كتێب/ لاندای ژیان و شیعری ژنانی پەشتون/ نووسینی(سەعید بەهوەدین مەجروح)/وەرگێڕانی(توانا حەمە نوری) /بڵاوكراوەی ناوەندی ئەندێشە 2018

© 2017 Hawler