نیسان 23, 2019

سەباح ڕەنجدەر

 

بە كراسێكی سووف و چاوی خومارەوە خەوتم
كوشتمی و خەنجەرەكەی لەسەر كتێبەكانی دانا
لە كتێبخانەی لەیادچوواندا
لە هەواڵەكە بپرسن و خەنجەرەكە ببەنە پزیشكی دادوەریی
كەسێك لە بیرەوەرییە سەرپەڕەکان مابێتەوە و ئاڵایەكی بە سێبەر و هەتاو بێت
پیت لە پیتی ناوی ئەو پاراوتر نییە بۆ ناوێكی بەختیار
دەبینین لە ڕاوی دووپشك كوژیی دێتەوە
دەچێت ژێر كووپەی غەزەل دەڕشێنێ
لە مەیخانەی مەحوی مێزێكی تاكییم خەمڵاندووە
پیاڵە باش و لە دڵەوە دەمناسی
بۆ پڕ نابی
تكایە دڵڕاگرییم بكە
تا لێت نەڕژێ ناتخۆمەوە
* * *
تاوانبارم داوای پەقرەجێكی كرد نەمڕشتێ
نیسانی 2019 هەولێر

 

© 2017 Hawler