ئایار 24, 2019

سەباح ڕەنجدەر

 

بای چاوسووربوو زەوی بریندار دەكات
هێلكەش لە هێلانە دەترووكێ
باڵندە لە هەوای پاراودا باڵی تەواو دەكاتەوە و بۆنی خۆشی خودا چاوی گەورە دەكات
گوللەش لە ئاسمان ڕووەو ناپاكی دەڕوا
زەوی بریندار چاوەڕوانی قوربانییەكانییەتی
گوللەی ناپاكیش ڕێوڕەسمی چاوەڕوانی نازانێت
چی چلچرا لە ناوچەوانی كۆشك هەڵواسراوە فریودەرە
چاو دادەخەم گوڵ و خەون دەسووتێن
چاوی ڕوونی پێغەمبەر لە خەوهەڵسا و نەرم و سووك پەنجەی بە پێڵوومدا هێنا
چاوی گوڵەبەڕۆژەی لەچاومدا چاند و بە هەموو دەنگێك لەگەڵم دوا
شاعیرێكی شەهید بەسەر زینی ئەسپەكەیەوە دێتەوە
دەڵێت خوێنم بۆ كۆكردنەوەی پەراوێزەكان بەكاربهێنن
حیكمەتی بەكارهێنان هەزار و یەك جەزبەی هەیە
یەكەمینیان نزا و نوێژی منە بۆ دیدار و بۆنی خۆشی خودا
تا زووە كەشتییەكەم دەخەمە ئاوەوە
وەك نائومێدی بەپەلە دەگەمە قووڵایی

نیسانی 2019 هەولێر

© 2017 Hawler