ئاب 18, 2018

سۆما

بنیشەوە لافاو ئەی دیكتاتۆری سەر لێتێكدەر
بەلەرزە و مووچڕكی دڵ هەست پێدەكەم
چایخانە هاوینییەكانی شار و گوڵدانی پێش دووكانی زیوفرۆشەكان هەڵدەگریت
لە دڵ لێكدانێكدا درەوشاوەترین ئەستێرەم لە ڕێگادا لا دەدایت
ئیدی بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ ناتوانم
لە لێواری شەقام دانیشم و بە ئومێدەوە چاوم بەكیژە چاوبازەكانی شار ڕوون بكەمەوە
نێرگز چاوی پڕ سۆما و ڕوونە
تیشكی گڵۆپیش لە ڕۆژدا مردووە
بەچكە كۆتر لە بای بەهاردا باڵی خۆشدەبێت
پێش ئەوەی بنیشێتەوە زەوی دەستی پڕ دانەوێڵەی بۆ ڕاگرتووە
دەستی پڕدانیشی ئامادەیە
دەرگای هەڵكردنی چرای فێڵ
دەرگای شكانی شكۆ
دەرگای وشككردنی گۆلاو
دەرگای سووتانی پەپوولە كرانەوە
عومەر خامۆشمیراتبەری هەمووانە
دوعاش بەسەرباڵی بەچكە كۆترەكانی دەخوێنێ


قەتماغە نەگرتن

سەرچاوە دڵ و چاوی لە دوای ئەو پارچەیەیە
لێی جیا دەبێتەوە و بەجێی دەهێڵێت
بۆیە وەك ژنێكی بە بەزەیی چاوی دوور هەڵخستووە
بێ پشوو دەگری و بەردەوام برینی تێدەكەوێت
خانومانە بە هەزاران جۆگەلەی باڵندە لە لێوار
تەماشای بەژنی باریكی خۆی كرد
پێویستە بیر لە دەوروبەر بكەمەوە
بریقەی ڕوخساری بۆ دەوروبەر گرینگ و بەهاناهاتنە
كەس نا
خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون چاوەڕوانت دەكات
مرۆڤ یاداشتی سروشتە
سروشتیش لە هیوا و ئەوینی مرۆڤ لە دایك دەبێتەوە
ئێستای باش پێشكێش بە مرۆڤ دەكات
توورەگەی پشتی ژنە ڕەوەند و لینگە دەستاڕ گرانن
ئەسكەندەر عوسمانگران بەسەر گردی قالینج ئاغا كەوت
ئاسانیش شۆڕ بووەوە


    ڕۆڵ

ئەو هەموو ئەفسوونانە چین ڕژاونەتە سەر تەختەی شانۆ
داوای ڕۆڵیانە بە كامی دڵ بیگێڕن
هاوارێكی هەڕەشە ئامێز
لە چاڵێكی تاریكەوە سەری هەڵدا
ڕەنگی ئەم زەوییەم بۆ ناگۆڕدرێت
ڕەنگی ژیان لە دوو باڵی تەنكدا نهێنییە
نهێنی باڵندەیەك بووایە
ئێوارەیەك هەر بەسەر سەرمدا جووكەیەكی دەكرد و ڕەت دەبوو
جەمیل سائیبئەسپی لەسەر ئاوی شیرینی شار پشوو پێدا
تەرمی شەهیدانی شەشی ئەیلوولی لەنگەر لەنگەر هەڵگرت
قوربانی لە دوامین ڕوانیندا سەر تا پێی دەبێتە شكۆ و توانا
دەستی پڕ خوێن و وەفای منداڵان دەگرێ
دەیانهێنێتە بەر دەركی سەرا
لە ڕووباری لێڵ و وێڵ دەپرسن
تۆ كێیت و دڵی كێت سەر شەپۆل خستووە

پاككردنەوە

دروود بۆ باڵندەی گۆشتخۆر
دەنووكی پڕشنگدارە
ناهێڵێت زەوی بۆگەن بكات
مرۆڤ ئەو پڕشنگەی لە خۆ ئاڵاند
كۆمەڵێك وێنەی بەسەر زەوییەوە پەرش و بڵاو كردەوە
مەشخەڵی ئاگرێكی كردە دیاریی ئاسمان
بەدیارییەوە سڵاو لە ڕێبواران وەردەگرێتەوە
دڵخۆشن بە ئاووهەوا
عەوداڵیشن ئەوە بزانێت چ شتێك وا لە تەمەن دەكات
ئاوا بێباك بڕوات
كۆشكیش زۆر بەرز بێتەوە بزر دەبێت
شوكری فەزلی بیری لە ڕووانی پوولەكەی ماسی كردەوە و خاڵی ڕووا
دەشیویست ببێتە گوڵەستێرەی ڕژاوی حەوشەوبانی ئەو منداڵانەی داوا دەكەن لەدایك بن
فشەكیشی دەخستە بەر تفەنگ
دەگەڕایەوە منداڵدانیش
بە ئاگری دڵی خۆشی دەسووتا


حەسانەوە

سوپاس و دروود بۆ ئازارەكانی ژیان
مرۆڤ دوای مردن
پێویستی بە چوونە بەهەشتە
جۆگەلە بباتە بن درەختی ئومێد و نەمری
میوە لە شكۆمەندی دوای زەردەخەنە زیاتر نییە
خودایە ئاگرێكم بۆ دەستنیشان بكە
چاوی هەموو بینینەكان بنووسێت
دڵم دەتوێنمەوە و گوێڕایەڵی دەبم
مردووەكان بە چ شێوەیێك دەگەڕێنەوە سەر زەوی
كاكەی فەلاحبە پشوویەكی ئارامەوە لە سەنگەردا هاتەدەرێ
نەختێك ڕاما و گۆڕەپانی بەردەمی كردە بەردەنوێژ
بە قووڵایی وێنە ڕەش و سپییەكانی خۆیدا هات و چوو
قەڵەمەكەی بە ئەسپایی لەسەر شووشەی لامپا دانا
بەرەو گۆڕ هەنگاوی خۆش كرد
گۆڕ سەنگەری شۆڕشگێڕانە
نووسینەكانی ڕوومەتی كێلیش بزەی واتادارن

قولاب

خانووی بچووكی ڕاوكەرەكانی ماسی لە رۆخ دەریان
ئاوازی هەڵخەڵەتاندنی لەناو دەخوێندرێ
نزیك ببنەوە و سەر ئاو كەون
میوەی سەر لكمان بۆ ڕنیون
قولاب هاوێشتن دەست شل دەكات
ڕاوكەرەكان بە كەشتی شەڕ دەچنە ناو دەریا
سێبەری مردن دەخەنە سەر دەموچاوی مانگ لە مەنگی ئاودا
ئاوهایە سنجاقی مراز
لە دووگوردی پەرییان بدەیت
كاتێك لە دروود خوێندن بوونەتەوە
ڕاوكەریش لە برژانی ماسی ئاگری ماڵیان دەكوژێتەوە و دوعایان گیرا نابێت
حەسیب قەرەداخینایلۆنی یەكبەچاوی پەنجەرە بڕی
بە بزمار دایكوتا و چووە ژوورەوە
كەمێكیش لە ڕەشایی پەنجەرە و دڵی بەد ڕاما
با لە ژووری خەڵوەتدا بە تەنیا بمێنمەوە
گۆرانی خاوی مەیخۆران بڵێم
چ لەمێژوودا دەنووسرێت
بەختیاری نەرم نەرم لە نووسیندا دەپشكوێت

خنكان

ئەم شەوە بە چی دەچێت
كە ملپێچ و قەمسەڵەكەم لەسەر مێزی خواردنەوە
لەگەڵ شووشە بەتاڵەكان لەبیر كرد
با و باران لێی دام و نەخۆش كەوتم
با و باران ئەفسوونێكن درەوشاوە
جەستە بە خوێنی گەرموگوڕ داپۆشراوە
هەویری شیرینەمەنی لە هەموو شت دڵنەرمترە
پیاوی خۆشبەخت ملپێچ و قەمسەڵەكەت بهێنەوە
مرۆڤ و سروشت یەكتریان خنكاند
خودا یەكەم شێوە كە بەخشی سروشت بوو
دوا شێوەش دەموچاوی مرۆڤ
ئادەم ئەی بەدبەختی نەمر

تۆڕ

پاڵم بە كەوانی بێشكەی منداڵەكەمەوە دا
لە تەلەڤزیۆنەكەش دوو كەس لە قووللە و كەلوو هاتنە خوارێ
مامەڵەی تۆڕی ماسییان كرد
ئەگەر لە تەلەڤزیۆنەكە بهاتبوونایە دەرێ
لەگەڵ یەك دادەنیشتین
یاقووت و مرواری و ئەستێرە دەكەونە خوارێ
بەرزایییەكانی سەر زەوی ئومێدن
وەك درەختی بەردار چاویان هەیە
هیچیان لە چاو ون نابێت
جەنگ لە سروودەكانماندایە
كوردستان لەناو سروودی جەنگدا
شەهیدەكانی ڕوو سوورن
پیرەمێرد بەوە هێز كەوتەوە ئەژنۆ و چاوی
زانی واتای سروود و سروودبێژی چییە
بە توندی غاری دا تا بە دیداریان گەیشت
ئای دیداری نەمری خەزنەی بەهرە و سرووشی

گۆرانی

ئەسپ تا ئەژنۆی لە ئاوێیە
بە كلكی جانەوەر دەكوژێت
پردیشی هێناوەتە پێش چاوی
كاروانچی بە دوایەوە
لەبن لێوان بە دەنگی شاد و ڕوون گۆرانی بۆ دەڵێ
ئەو دەمەی ئومێدێك لە گۆرانیدا بە كوڵە
كاروانچی دەتوانێت بڵێ
گۆرانی لە ناكاودا سارد نابێتەوە و گەرمی دەخاتە ڕەگی دڵ و جەرگ
ختووكەی ڕێگاش دەدات
ئای ئەسپ گیاندارێكی چەند بەختەوەری
دڵمان دەبینی
قەڵای هەولێری بە ماسوولكەی بورهان جاهیدتاجدارە
دەڵێن تارمایی یەكەم و دوایی بینیوە
لە پەراسووی ئادەم دۆزەخ دروست بوو
ئازار زیاد بوو
ناوچەوانی بەر چوارپەلی ورچێك كەوت
دڵی هاوڕێ نەمرەكانی بە دەستەوە گرت و بەناو گۆلاوی بادەدا غاریدا
دەستی پەشیمانی خستە ناو دەستی ڕێگاكان             
 لەگەڵ خۆیدا بیبات بۆ ئەو سەری دنیا

مۆتەكە

بەناو شاری زەنگەزۆرە ڕەت بووم
ڕێوڕەسمی پێشوازیی خاوەن شكۆ ڕووبەڕووم بووەوە
گەشتێكم بەناوی فریاكەوتنەوە دەست پێكرد
هەوای ناوچەكە ناخۆش بوو
سییەكانم نەخۆش كەوتن
لەناو شاری زەنگەزۆرە نوستم
ڕێوڕەسمی پێشوازیی خاوەن شكۆ هاتە پێش چاوم
خەونێكم بە ئومێدی فریاكەوتنەوە بینی
سەید عەلی ئەسغەرو تیپی مۆسیقای نەگەیشتن

پۆپیتە

كەڵەبابێك هەموو نیشانەكانی شانازی بە پۆپیتەیەوە درەوشایەوە
بانگەوازی بۆ مریشكەكان كرد
تێكڕای هێلكەكانتان بهێنن
دەنووكی لێبدەم
پاشان گرژییەكان ئاسایی دەبێتەوە
جوانیش بەدوای پێڵاوێكی ئاسنیندا گەڕا
دەستی كەوت
ڕووی لە كێوی قاف كرد و پێی لەسەر بەرد دانا
تەڵەكان هەموو تەقینەوە
كەروێشك بووە خاڵی درەوشاوە بە كوڵمی چیاوە


شەرم

ئەستێرەیەك لە شەرمی كزبوونی فرمێسكی ڕشت
شوێنێكی نزیك هەواری خاڵی تەڕ كرد
شەرمی ئەستێرە لەناو كتێبدا دەشكێت
هێمن لە شەوێك كە خۆزگەی تێدا دەخوازرا
كەوتە ڕێ و لاچین و هەوار و بێری لەبەرچاوی گەش بوونەوە و كانی مرادی هەڵقوڵا
كۆمەڵێك قەتێ و سوێسكەی لە ماڵەكەی خۆیدا پەروەردە كرد
ئێمە هەموومان لە وڵاتەكەماندا خۆشمان ویست
گوڵە گەنممان لە شوێن پێی چاند
باران بە دوایدا باری
ئەوەتا بێرەدا دەڕوات
بە دڵماندا
خۆرێك لەسەر شانمان بە جێ دەهێڵێت


گوڵی فریو

ڕەنگی خودا
 ڕەنگی ئاو
ڕەنگی شیعر
پێكهێنەری هەرسێكیان ڕەنگی مەستییە
ڕەنگی منی مەست
پەلكەزێڕینە قەردارمە و قەردەكەی بۆ نەگەڕاندوومەتەوە
لە مێوانداری و بۆنەدا دەیبینم
تەماشام دەكات و هیچ ناڵێت
جارێك تەنیا جارێك ڕەنگی خودا و ئاو و شیعری بینیبێت و بیری چووبێتەوە
بیرنەچوونەوە بەهەموو ڕەنگەكان خۆی دەنوێنێت و شێوەی هیچ ڕوخسارێكیش ناكات
لەتیف حامیددەیویست لەگەڵ هەموو جەنگەكان بجەنگێ و تیرێك بهێڵێتەوە و شتێك بڵێ
هەرچی شتێك بێت
ئەسپی جەنگ لە خوێنیدا چوار ناڵەیەتی
چ ڕووی دا
ڕۆژەكانی كێ هەڵپڕووكان و پردی چ ئاوێك نەگەیییە ئەوبەر
حیكمەتێك لە نێوان گەروو و زمانیدا بووە چرای سەر پرد
بە ئارەزووەوەش لە كەركووك چووە دەرەوە
دێوەزمە لەبەرۆكی خۆی بكاتەوە و بۆنی ناخی بەهەشت بكات
بۆنی ناخ تكاو و پاراوی ڕەنگی خودا و ڕەنگی ئاو و ڕەنگی شیعرە
هەوڵبدە دوانەكەوی
كە گەڕایتەوە و شێوەی كۆمەڵێك ڕوخسارت كرد
بیرت نەچێ
سەرنجی قووڵ لە گوڵە فریوی ئادەم و حەوا بدە
ئێمە گوێ لەو شتە دەگرین
كە دەیڵێیت
دڵیشمان دەكەینەوە
هەڵیدەدەینە توێی لاپەڕەكانی كتێبێك
لاپەڕەیەك بەسە بۆئەوەی ڕەنگی خۆم لەناو ڕەنگی خودا و ئاو و شیعر ببینم
كتێب بە دیوی خۆری ئێوارەی چیادا هەڵماندەخات

دڵتەنگی

هەر ڕێگایەك وێڵبوونێكی بەدواوەیە
وێڵیشە دەتگەیەنێتە قووڵایی گیان
دوای لەدایكبوونی حەمدی
خوێن لە ناخی چڵ ڕژا
زەوی بە شەونم تەڕ بوو
ڕۆژ نیوەی تەمەنی بەدیار زەوییەوە ڕادەوەستێت و دادەمێنێت
شتێك بدۆزێتەوە
نەیدۆزییەوە
لە ئاوابووندا دڵتەنگییەكانی بەدی دەكات
هەر كێ دڵم بڕەنجێنێت
خانمی شیعر و هەولێر و نەوای كوێستانان خاڵخاڵ دەملاوێننەوە
كاوێس ئاغاش مۆڵەتم لە مەرگ بۆ وەردەگرێت
گوێ لە داستان ڕابگرم
شكۆی خودا لە دەوروپشتم ئاڵایەكە هەڵدراو
سێبەری بەسەر برینی قوربانییەكاندا دەكشێت
چاوی بێداری و نەسرەوتن دنیای پیشاندام


شوێنپێ

برووسك ڕووی بۆ ڕاگرتم
گوتی ڕستەیەكی بەكارم تێدا بنووسە
ئەسپ شوێنپێی خۆی فەرامۆش ناكات
شوێنپێ چاوی ئەزەلی زەوییە
قادر كابان لەناویدا وێنەی زۆری لەسەر دیواردا بینی
باڵندە و كەڵەكێوی كێشابوویان
باڵندە و كەڵەكێوی لە ڕێوبانی پەرییانەوە تێدەپەڕن و دەگەنە شوێنێك
گۆرانی تێیدا دێت و دەچێت
گۆشت و خوێن یەكتری دەناسنەوە
ترپەی دڵی یەكترناسینەوە لە خۆمدا هەست پێدەكەم
ئەو ڕووناكییە چییە ڕوومەتمان گەش و پاراو دەكات
گۆرانیبێژ وەستاوە
تاسە و سەدا و مرادی دەجووڵێن
تەمەنی نەمری ئاشكرا دەكەن


شەهید

لە تەختایی ناوچەوانی شەهیدێك نووسیم
وڵات هێندەی ناوچەوانت بچووك بووەتەوە
پیاسەی تێدا بكرێت
چارەنووست دەبێتە پێخوست
هەموو ئەو شتانەت نەبینی كە پێویست بوو بیانبینی
گوڵ كە جوان بووە و لە بۆنەكاندا دەیكەینە دیاری
بە دڵۆپە خوێنی تۆ ڕسكاوە
شەهید خوێنی نەخۆش نییە
وەك یەكەم دڵۆپەی پەڵە پاك و بە پیتە
ئەی شەهید لە خەم نەخواردنی خۆتم بێ بەش مەكە
دیوانەكەی منیش لە سندووقی ڕازەكانت هەڵگرە

شاخ

خۆڵێكی نەرم و جوان بوو
 لە حەزی مانەوەیدا خۆی كردە شاخ
پیر بووە و خەو بەسەر هەردوو چاوانیدا زاڵ بووە
لە تافی لاویدا چالاك و سەرڕێژ بوون لە نیاز
درەخت لەناو سینگیدا دەڕوات
شەونمی پاراو لای لایەی بۆ پێگەیینی میوەی دەكرد
با تێر سەیری ڕوخساری خۆڵ بكەم
گوێچكە شەیتانۆكە هەموو شتێكم تێدەگەیەنێت

نەمری

باخچە بەسۆزەكەم بزەیەكی بۆ كردم و پرسی
ئەرێ وزەی گەرمی گەشەكردنم
لە ئاسمانەوە بۆ دێ یان لە زەوی
چاوێكم بۆ بینینی ژیان تەرخان كرد
چاوێكیش بۆ خەونبینین
چوومە ناو خەیاڵی نەمری
بەختەوەری هاوڕێیەتی كردم
خۆڵ و شتەكانی دیكەش گرینگن
عەلائەدین سەجادی تەماشایەكی سەركەوتووانەی
دەوروبەری كرد و چەپكە گوڵە گەنمی بەست

گفتوگۆ

باوكم بە دوو ئەسپەكەی
دەنكە گەنمی لە چاوی كێڵگە دەچاند و بە ڕووی دەخەنینەوە
سەرنج دەداتە گلێنە و پێڵوویان
بانگیان دەكات هۆ منداڵەكانم
لەبن پەراسووی چەپی منیش
دڵێكی هەمیشە بە خورپە پێش هەتاو هەڵدێ
چاندن گفتوگۆی خودایە لەگەڵ زەوی
شكۆ و شەرمی چاندن
گەمە بە هێڵەكانی چارەنووس دەكات
ئاگاداری كردووینەتەوە
بەڕێوەیە بۆ مێوانیمان
مەلا كەریمچووە سەر ناڵەشكێنێ و داوای كرد
نان ببرژێ چەند خاڵی سوور لەسەر سینگی دەردەكەوێت

حەسرەتدار

ئەی بێ نیشتیمانتر لە حاجی لەقلەقەكەی
كە لە ئێمە بەگومان نەبوو
دڵم بچووك بووەتەوە هێندەی كونی دەرزی دایكم
كاتێك قۆپچە وەریوەكانی كراسە ئوتوونەكراوەكەم توند دەكاتەوە
پیرۆزیی تایبەت ڕەنگی خەمڵیوی ناو ئاخاوتنی بێدەنگی حەسرەتدار
بە بەردەرگا و شەقامی باخچەی گشتی دەپرژێنێت
خوێنی شیعر لە گورچیلەی پاراوە و حەكایەتی شارە
لە بۆنە دڵخۆشییەكاندا كۆترێك هەڵدەفڕێنێت
لە كانی ڕوونی ناوچەوانی عوسمان شەیدا
باڵی لەئاو دەحەسێنێتەوە و شەڕی چارەنووس دەكات
چەتر و پەڕەشووت و كۆلارە هەڵدەدەم
لەو كۆترەش سووكتر هەڵدەفڕم
ئەستێرە لەسەر باڵی خاوەنی خورپەیە
ڕازی دوورناسی و دڵخەبەردان بە كەروێشكە كێوی دەدا
فڕین بە تەنیا هەر بۆ باڵندە نییە
بیر لە زەنگ و مۆسیقای ناشتنیش دەكەمەوە
واخەریكە شتێك لە ناخی عەلی عارف ئاغاڕوودەدات و خۆشی ئاگای لێ نییە

ویست

لە شاخێكدا كە داڵدەی چەند شەڕكەرێكی دابوو
توونێڵی هەڵكۆڵی
لە ناوەڕاستی توونێڵدا ماڵێكی شێوە شوێنەواری بۆ خۆی دامەزراند
دەشیەوێت ئاگای لە ئەستێرەكشان بێت
ژیان لەمە باشتری تێدا نییە
غاردەی بۆ سەر كانی و بۆنی گژوگیا یان هێلكە پاككردن بۆ منداڵ
بیریش لە هەستیاریی چاوی گورگ بكەیتەوە
محەمەد مەولوود مەملە سەوڵی كەشتیدا گێژەنی خاو كردەوە
كانییەكی زوڵاڵ ڕسكاو پشكووت
بەناوی بەخت و چارەنووس
ڕۆژێ حەفت جار
بۆی دەڕوانین و مەشقی ڕیزبەستنی پاڵەوانی ناو باڵندانی ئاسمان دەكەین
پاڵەوانی ناو باڵندان بەدوای كەڵە گیایەكی بۆنخۆشدا
چاویان كێواو كێو دەكەنەوە و بەسەر بەشی خۆیان دەنیشنەوە
محەڕەم محەمەد ئەمینیشبەشی پاڵەوانی ناو باڵندانی لەسروشت دەستنیشان كردووە
سروشت پێكەنی و چاڵێك كەوتە سەر گۆنای
لەو چاڵەدا كانی زوڵاڵ ڕسكا و پشكووت
داخ لەدڵیش مردن و داخ لەدڵیان مایەوە
پاڵەوانی ناو باڵندان داوی هەڵكردنی ئاڵایان دایە دەستی كامەران موكری
ڕووناكی مەشقكردن لە سەرو پرچی بڵند بووەوە
سێبەری ئاڵا درێژ بووەوە
شەهید گفتی خۆی ڕاگرت و بەقاچاغ هاتنە ناوی
پەردەی گوێیان بە ئاوازی كۆن و نوێ تەنك بووەوە

نووسین

لە فڕینی پۆلە باڵندەدا باڵ وەشاندنێكی شازادەیی هەیە
جەمیل ڕەنجبەر لە باڵی كراوەی ئاگرێكی پشت پڕ دەمار هاتە ناو ژیان و فوارە هەڵچوو
لە شەربەی ماڵەكەیدا گەرمایی ڕژا
لە دەست و پەنجەی كیژ و كوڕانی هەولێری دا
ئەو دەست و پەنجانەی پەراسووی هۆلاكۆیان لە خوێن و گۆشتەوە دەركێشا
ئەوە دەستە ئاسۆكان دەكاتەوە و ژێی عوود ڕێكدەخات
گیا شان و مل دەداتە یێك
پڕۆژەی نووسینی داستانێك
بووە خولیام و یەكەم هاواریم ڕژاند
پاڵەوانەكانی یەك دوای یەك
لەسەر ڕووپەڕ قەڵەمی دەست و پێیان شكا
عارەبانەی زبڵڕێژ بە كۆڵاندا تێپەڕی
بەدوایەوە غارم دا
بە پەڕەكان باری ئەسپەكەم گران كرد
گەڕامەوە ژوورەوە
چاوم بە هەموو شتێكدا گێڕا و ئێمە وا دەژین
لەسەر كورسییەكی پلاستیك دانیشتم و دەستم بە ناوچەوانمەوە گرت
پێیەكانم خستە سەتڵەئاوێكی شڵەتێنەوە
بیریشم لە قڕژاڵ دەكردەوە
مێژووی لەكوێ بخوێنمەوە
ئەرێ مێژووی دەربار بۆ كوێمان دەبەیت
ئەو بەیانییە مێژوو پێش تەزوو و مووچڕكە و خورپە و چرپە لە خەو هەستا
بە كۆڵانی حەڵواچییان هەڵات و لە كۆڵانی بۆنبڕاندا بەتەواوەتی ون بوو
ئەسپێك سوارەكەی لە تەنیشت ئاگردانێكی گەرم دانا و گەڕایەوە ناو بەهار
كچێنی زەوی ڕواوە
قورینگ لە قەدی كێو لە پشتەوە ناپێكرێت
هێڵە ئاگرینەكان لە نزیكیەوەن
        
    حەكایەت

بەرانبەر دوو كۆتر ڕاوەستام
كە بە دیار باڵەفڕێی بێچووەكانیانەوە سەرسامن
لەم ڕاوەستانەمدا ئەم لاو ئەولای ژیانم ماچ كرد
حەكایەتی تا هەتایە دروست بوو
كڵاوی بەڕوو ماڵی خدری زیندەیە
دڵشاد مەریوانی زەنگۆڵەیەكی بە دەرگای حەوشەی وەكرد
لەسەر پشتی ئاسنێكی سارد نووسی
هەبوو
نەبوو
هەیە و نییە
تابووت ژوورێكی تاریكە
چاوم نووقاند و لە دڵی خۆمدا بۆ شوێنێكی دوورم ڕوانی
شوێنێك بای پەڵە پرچی هەوری لەسەر دەموچاوی هەڵدایەوە
كێڵگەی گەنم گەورەبوو

مانەوە

ئاوێنەیەك لە ژووری دانیشتن مابووەوە
باپیرم دەموچاو و مرادخانی لەبەری ڕێكخستبوو
باوكیشم
منیش
هەروەها كوڕەكەشم
لە مردنی هەریەك لە باپیر و باوكم
قردێلەی ڕەشی لە ناوچەوانی بەست
كەچی ئێستاش لە پێشوازیدا
دەمودووی گەرمە و چاوی هەر پڕشنگدارە
حەفت شاعیری كلاسیكی پێیان لە پێڵاوی ژیان دەرهاتووە
خامۆشانە ئاشقن و غەمبار و وەڕس تەماشای شارێك دەكەن
خەڵكەكەی دڵیان لەسەر دەستیاندایە
مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس ئاگای لە لێدانی دڵی هەموویانە
هێزی دڵدانەوەی دانێ و گوتی
كاتێ پێ دەنێنە دنیای پڕ ڕەنگ و ڕوو
برای گیانیتان زۆرن و هەمووشتان دەستتان ڕاگرتووە
دەماری ناوچەوانی یەكتری بۆنخۆش دەكەن

زانین

ئەو مانگەی كە بەسەر ئێمەدا هەڵهات
سێبەری گەورە و نزم و ئاشتیپەروەرە
ئەو ڕێگایەی پێیدا نەڕۆیشتم
برادەرانم لێوەی سروود و ڕازی زەوییان
كردبووە ژووری خۆشحاڵیی سرووش و دیدار
بۆ ڕێكەوتێكی ترم دواخست
ئەی مانگ فایق بێكەسبە وجاغزادە بزانە
لە باوەشی دایكانەتدا زانی
كۆتر و هەڵۆ هەریەكەیان چەند بەرز دەبنەوە
كەمێكن لەو شتانەی خوداوەند و گیانی پاك
لەبارەی زەوی بە وجاغزادەی خۆیانیان وتووە

خوان

ئێوارە بەناو كۆڵاندا گەڕامەوە
با بۆن و بەرامەی خواردنی تازە لێندراوی ماڵەكانی بەرز دەكردەوە
كەشێكی تەواو جۆشابوو
مرۆڤ حەزی دەكرد
شەقام درێژتر بێتەوە
دەست بە تەمبوور و پڕ هەست گەیشتمەوە ماڵ
خوانێكی سادە و چەند دڵێكی بە خورپە و لێوڕێژی سۆز
منیش تێكەڵەیەك بووم لە بۆن و بەرامەی خواردنی گەڕەك
دانیال قەساب سرووش و ڕەنگی تابلۆی منارەی
لە هەڵمی چێشتی گەرم وەرگرتووە
هەڵم نانیشێتە قووڵایی چاڵەكانەوە
یۆتۆپیای قەڵا و قوللەیە

ئەستێرە

شەوە و پەنجەرە داخراون
ئەستێرە هەموو چاو و چاودێرن
مانگیش تاقانەی دایكیەتی
بەڵام تەنیا چاو دەدەنە
ئەو ئادەمییانەی گەنجینەی بەهرە و جوانی دەوڵەمەند دەكەن
لەناو باخچە دانیشتم
فەرامۆشی فرمێسكی خوداوەند و دەنگی دەف
ئەو منداڵەی لەناو دڵمیان دەلاواندەوە
زیندەوەرێك لەژێر زەوی هاتە دەرێ
هەوایەكی پاراوی هەڵمژی و بەچاو نزایەكی نواند
سوپاس بۆ بۆنی خۆشی پەڕەسێلكە
 نەیهێشت ئەستێرە تەماشای ئەو ئادەمییانە بكات
درۆیان بە دەمیەوە كردووە

ئاشق

گوڵەبەڕۆژە ملكەچترین ئاشقە
بەشەو ئەشقی بەتاڵ دەبێت
كەواتە نیو دڵی هەیە
نیو دڵ لە ژێر گومان و چاودێریدایە
وێنەی سەروەری
لەناو بیركردنەوەی بەرز نابێتەوە سێبەر بڕێژێت
خودا مەلی هۆگر بكات
مەل گەلێك شت دەزانن
دەنگیان بە ئاستەم دەبیسترێت
داوای بەختەوەری بۆ سەر زەمین دەكەن
گۆڕ وەك هەموو ماڵەكانی تر بكوژی پەپوولەی هەیە
چرا بەیانی لە پێڵووی گرانی كەڵەباب تێدەپەڕێ
نواڵە تا ڕەنگی موڕەبای میوەم بیر نەچووەتەوە
بەرانبەر وێنەكەت دەوەستم
سڵاو لە بزەیەك دەكەم كە سۆزی دەشارێتەوە
باڵندەی شیردەر تامەزرۆیی بۆ دیتنی خۆر نییە

نەترسان

لەسەر یەك لە تەختەكانی باخچەی گشتی هەولێر
كەشكۆڵی پێغەمبەرانم بەجێ هێشت
بۆ ئەوەی ورە و هێز و توانا بدەمە پیاوێكی دڵشكاو
لە زەوی ڕەق نەترسێت
چەمێك بۆ بەخێوكردنی ماسی و مەلە ڕژایە بەر ماڵیان و پرسی
دوژمنان ڕۆیشتن
ئەدی برادەرانی من لە كوێن
ئەم پرسیارە كەمێكی تری ماوە

سوێند

دیلان خەریكە مەلۆتكەیەك دەباتە گردی سەیوان
لە دار ئەرخەوانێكی نزیك دەكاتەوە
مامەكڕنوو وەك میوەیەكی ئاو لێگیراو
هاتە پێش چاوی و بۆ مێواندارییەك دەچوو
ناوچەوانی هەژا و تەزوویەك ڕایگرت
لێی پرسی
ئەرێ كەسوكار و برادەرانت هیچ لێتیان پرسیوەتەوە
لەژێر خۆری ساكاردا كە سێبەرەكان تێكەڵ نابن
هاتوچوون و دۆنایدۆن بەردەوامە
دیلانیش لە نزیككردنەوەی پارچە شووشەكانی شەبەنگ دروست دەكەن
مامەكڕنوو هێلكەی سەمەندەر بوو
گاڵتە و گەپی هەڵێنا
ژیا و سوێندیشی بەدرۆ نەخوارد
بێ پەروا بە هەموومانی گوت سوێندتان ببەنەسەر

كاتژمێر

بەو نیازە پەنجەرەكەم كردەوە
با بێتە ماڵەكەمەوە كەمانچە بژەنێت
درەخت گۆرانیبێژ و خاووخێزانیش كۆرس
كەلوپەلیش گوێگر
ئەستەمە لە ماڵێكدا دەنگ ئاواز نەڕسكێنێت
كاتژمێری هەڵواسراو
كات نەكاتە ئادەمیزادێكی درۆزن و فریودەر
مۆمم لە هەموو پەنجەرەی ژوورەكانی ماڵم داگیرساندووە و گۆرانی دەڵێم
سڵاو لە ئاڵای وڵاتەكەم سێبەرەكانی تێكەڵ نەكرد
بەختیار زێوەرگوڵی سەربەستی لە دەستی نزیك خستەوە
بە كۆڵانەكاندا بڵاوی كردەوە
درەنگ گەیشتە ماڵی خۆی
بۆنی تێدا نەما

سڵاو

ئەم بەیانییە سەیری قەڵا و بازاڕم كرد
فوئاد ئەحمەددۆندرمەی سەر بە گوێز و فستق و باوی بە دەستەوە بوو
بە چاوێك گیاكەڵەی بینی كە دەوری یەنگی دنیا و قۆزاخەی داوە
چۆكم شلە
گرد و تەپۆڵكەكانی دەوروپشتم خەریكە دادەكەون
بەچاوەكەی تر ناوچەوانی هەموومانی بەخەبەر هێنا
بە چینی گۆرانییەكانی گەیشت
خودا هێزێكی لە دەنگ ڕواند
ژیان بۆندارە بە جوانی و بینین
ئەم بەیانییە لە ماڵەكەی خۆمدا بینیم
هاوسەرەكەم مەمەشیری دا بە منداڵەكەمان
پاشان مەمە شووشەكەی شووشت
گوڵی لێواری پەنجەرەی پێ ئاو دا
سڵاو لە وێنەكەی ڕەسووڵ گەردی
كە بە دیواری ماڵ و دووكانەكانتانەوە گیانێكی ماتە
تەماشای كووپەی شەرابی دۆنایدۆن دەكات
كۆترێك دەنووكی لێبدات

چلچرا

پیرباڵ مەحموودڕەشنووسی شیعرێكی
خستە ناو شووشەیەكی بەتاڵ و دەمی بە تەپەدۆرێك داخست
هەڵیدایە ناو ڕووبارێكی پڕ مەلەوانی نامراد
بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لەلامان دانیشت
زوو زوو كورسییەكەی دەگۆڕی
نیازت چییە
ئەزموونی دوای مردنم كردووەتە شیعرێكی بریندار
دەمەوێ بێمەوە ناوتانەوە
لەسەر سەكۆی پەیكەری گیوی موكریانی بیخوێنمەوە و خورپەیەك بخەمە دڵتانەوە
چلچراش بەناوچەوانی خانووەكانتانەوە ببەستم
بە شاخی كەڵەكێویش بڵێم
داوای لێبووردن دەكەم
بۆ جوانییان كوشتووی

پوولفرۆش

جەنگاوەرانی هێزی بووژانەوە
هێمنی گیان و بەرگرییان لە قۆزاخەی ئاوریشم وەرگرتبوو
لە دەفتەری بیرەوەرییان نووسیوە
ئەو پوولفرۆشەی نامەمان بۆ كەسوكاری دوور دەنێرێت
میوەی نایلۆنی نەخستووەتە زەمبیلەوە
بەردی نەگرتووەتە باڵندەی تەختە
كەروێشكی لە سووڕی مانگانەی ڕاو نەكردووە
خەم و نیگەرانی جەنگیشی گرتووەتە دڵ
لە پاش جەنگدا كلیلی سندووقی پۆستە
دەم دەبەخشێتە ئەو پیاوانەی لەسەر سەكۆ دانیشتوون
دانیشتم و زۆر چاوەڕێم كرد
گوتم ئەوە چارەنووسە
تەنیا جارێك ماسیگرم لە ڕووناكی سبەینەیەكدا بینی
لە ئاسماندا هاتە خوارەوە
تۆڕی پڕی لە ئاوەكاندا كۆ كردەوە
بە تەنیشتمدا ڕەت بوو
لەو سبەینەیەوە نەمتوانیوە بە هیوا و ئەوینەوە وەڵامی بەیانی باش بدەمەوە
مارگرێت جۆرج و جەنگاوەرانی هێزی بووژانەوە
نەوەی دایكە ڕووەكن چیرۆكی خوێن و گۆشتیان بە دەوری ئاگردا نووسیوەتەوە

2007 هەولێر



© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.