ئازار 22, 2019

هەموو ساڵێ‌ لەم ڕۆژەدا
ڕۆحت دەبێتە میوانم
یادگارییەكان سەما دەكەن
لە خانەقای نیگاكانم
تۆ لەسەر ژێی ترپەی دڵم
گۆرانی عەشقێ‌ دەچڕیت
وشەكانی غەرقی دونیای
پەرۆشییەو
هەناسەكانی زایەڵەی
قەسیدەكانی مەحروومی
بارانەكانی پڕن
لە پەڕەمووچەی پەیڤ و
نۆتەكانیش تاسەی دووری
من لە مەملەكەتێكا دەژیێم
هەر ڕۆژێ‌ خەون بە حیكایەتێكەوە دەبینم
هەر ڕۆژەی ژانێك دەبێتە هاوسێم و
سەدان حەزم
دەخرێنە تابووتی حەسرەت
وەرە بۆ چەند چركە ساتێ‌
هەموو شتێ‌ بەجێبێڵەو
تووڕەییەكانت مەهێلە
گلەییەكانت فڕێدەو
لەبەردەم ئاوێنەی لێبوردنا
سیمای نوورانی عەشقێ‌ بنوێنە
كە لێوان لێوە لە سرووتی گوناه
دەفی هەستێك بژەنە
كە ئەڵقەكانی لە ئەنگوستیلەی تۆ دەچن و
نەغمەكانی لە نووزەی
دەروێشێكی لە دونیا دابڕاوی
ئاوێتە بە حەپەسانی غەیب
وەرە بۆ من ببە، بە باوەشێ‌ ئومێد و
ماچێ‌ لە یادەوەری و
سەبەتەیەك گێلاسی تەمەنت
بخەرە گۆشەی دڵمەوە
خاتر جەم بەو
ئاوێتەبە، بە گزنگی بەخت و
هاژە هاژی پاڕانەوە
لە ئۆپێڕای خۆشبەختیدا
میوانداریم بكەو
هەناسە بە هەناسە لەگەڵمبەو
لە ساتەكانی خۆرئاوابوون
دەست بخەرە ملی سەفەرو
تێر لە دەریای هەست و سۆزم
ڕابمێنەو
ڕۆمانسیترین دونیا بكەبە هاودەمی تەنیایم و
گەڵا گەڵا بێزاریم لێهەڵوەرێنە
من نیازمە تۆ لەخۆم بڕوێنم
خۆشم لەتۆ
تۆش نیازتە
من لەخۆتا بڕوێنی و
خۆشت لەمن
تا بەیەكەوە متوربەی
عەشقی یەكتر بین و
نە سەمامان، لەسەمای كەس بچێ‌ و
نە شێوازی ژیانیشمان لە كەس
نەژوانمان وەك هی كەس بێ‌
نە باخچەی ئاخەكانمان لە كەس بچێ‌
تا لە ساتی گیانەڵادا
دوا نیگا بگۆڕینەوە و
خواحافیزی لەیەكتر كەین، بەیەك نەفەس
*       *        *

 

رێدار سابیر

© 2017 Hawler