ئایار 21, 2019

ئەمڕۆ لە سەنتەری ڕۆشنبیری قەڵای هەولێر ڤیستیڤاڵی کەلتوری کوردستان بەڕێوەدەچیت

لەگەڵ هاتن و نزیک بوونەوەی جەژنی نەورۆز، کە میللەتی کورد بە یەکێک لە بۆنە کلتورییەکانی خۆی دەزانێت، لە ڕێگای چالاکی و ڤیستیڤاڵی جۆراوجۆرەوە گوزارەشت لەو بۆنەیە دەکەن و دڵخۆشی خۆشیان بە هاتنی وەرزی بەهار و نوێبوونەوەی ڕەنگی سروشت دەردەبڕن.

بڕیارە ئەمڕۆ لە درێژەی ئەو زنجیرە چالاکییانە، لە سەنتەری ڕۆشنبیری لەسەر قەڵای هەولێر، یەکەم ڕۆژی ڤیستیڤاڵی کوردستان بە ئامادەبوونی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و زۆربەی کونسوڵ و نوێنەری ولاتانی بیانی و ئامادەبوونی میوانێکی زۆر بەڕیوەبچێت، ڕێکخەری ڤیستیڤاڵەکە ڕێکخراوی(تریپ)ە، کە لەبواری پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری کار دەکات و چالاکییەکانی مەدەنی و خۆبەخشە، وەک ڕێکخەرانی ڤیستیڤاڵەکە ئاماژەیان پێداوە، ئەم ڤیستیڤاڵە بە سپۆنسەری کۆمپانیای سەربەن بۆ بازرگانی گشتی بەڕێوەدەچێت و تێچوونەکانی لە ئەستۆ گرتووە و ئامانجیش لێی ئاشناکردنی سەرجەم بابەتە کوردەواری و فۆلکلۆرییەکانی نەتەوەی کوردە و یادکردنەوەیان و ئاشنا کردنیان بە لاوان و جیلی نوێ و کونسڵگەری وڵاتان کە ئێستا وەک لانەیەکی ئارام لە هەولێری پایتەخت بوونیان هەیە و گرنگی زۆریش بە کوردستان دەدەن.
بڕیارە لە جالاکییەکەدا دوانزە سوارەی مەریوان و گروپی هەڵپەڕکێی هەولێر چالاکییان هەبێت و بە موزیکی فۆلکلۆری کوردی و پیشاندانی زیاتر لە ٦٠٠ بابەتی خواردەمەنی و کەل و پەلی کوردەواری ڤیستیڤاڵەکە رازاوەتر بێت و لە ڤیستیڤاڵەکە چەندین خەڵات دابەشبکرێت کە کۆمپانیای سەربەن وەک سپۆنسەری ڤیستیڤاڵەکە ئامادەی کردووە بۆ ئەو میوانانەی ئامادەی ڤیستیڤاڵەکە دەبن.

 

پاڤین ڕەمەزان - هەولێر

© 2017 Hawler