ئەیلول 19, 2018

دەکرێت ئەوەی دەیــــــــــزانی، بینووسیت؟!

کازۆ ئیشی گۆرۆ: ئەوەی دەیزانی، بینووسە

"ئەوەی کە دەیزانی بینووسە" یەکێکە لە گەمژانەترین ڕستە کە تا ئێستا بستوومە. ئەمە وا لە خەڵکی دەکات کە ژیاننامەی ماندووکەر بنووسن، ئەمە بە پێچەوانەی خەیاڵکردن و تواناییەکانی نووسەرانە.

پائۆلا فاکس: ئێ باشە ئێستا چ دەزانی؟

حەقیقەتێکی چەقی و ناوەندی هەیە و ئەگەر ئێوە پێی بگەن، شتەکانی دیکە دڵنیاکەرەوە دەبن بۆتان. پرسیارە سەرەکییەکە لێرەدایە کە ئەو شتەی دەیزانی، چۆن دەتهەوێت باسی بکەیت؟!

مێگان ئەبووت: ئەو شتەی کە نایزانی بینووسە

خراپترین ئامۆژگاری کە نووسەرێک دەتوانێت بە نووسەرێکی دیکەی بکات هەر ئەم ڕستەیەیە: "ئەوەی دەیزانی بینووسە"، ئەمە تەواو بێمانایە. هەموودەم وەها بووە کە دەبێت شتێک کە نایزانی و دەتهەوێت لەبارەیەوە زیاتر بزانیت، بینووسیت.

ئۆرسێلا کی. لوو گویین: ئەوەی دەیزانی بینووسە، بەڵام بیرت نەچێت ڕەنگە لەبارەی دێویشەوە بزانیت

کاتێک کە تازەکار بووم ئەم ڕستەیەم زۆر گوێ لێدەبوو. وامدەزانی یاسایەکی باشە و منیش بەردەوام ڕەچاوم دەکرد. من لەبارەی وڵاتانی خەیاڵی، کۆمەڵگەی نەناسراوی هەسارەکانی دیکە، دێو و جادووگەرەکانم دەنووسی. من ئەم شتانە دەزانم، لە هەر کەسێکی دیکە باشتر دەیزانم هەر بۆیە ئەمە ئەرکی منە کە لەبارەیانەوە بنووسم. هەموو ئەو شتەی کە ئەم یاسایە پێویستی پێیەتی، پێناسەیەکی باشە لە 'زانین'. خوشکانی برۆنتە نمونەیەکی سەرنجڕاکێشن لە تێگەیشتن لە چیرۆک، چونکە بەهایەکی ڕێژەیی لە خەیاڵ و ئەزموون بە ئاشکرا نیشان دەدەن. پاتریک ئۆبرایانیش هەر وەهایە.

میل مێلۆی: تەنیا ئەو شتەی کە دەیزانی بینووسە

من هەست دەکەم خۆتان دەبێت پەیوەندییەکی هەستیار لەگەڵ چیرۆک دروست بکەن تا کارێک بکەن کە کەسانی دیکە سەرنجی بدەنێ. من بە وردەکارییەکەوە دەست پێ دەکەم کە وا پێدەچێت ڕاستی و هیوابەخشن و دەست دەکەم بە نووسین لەبارەیانەوە. حەزم لێیە سەرەتا لەبارەی پەیوەندی سۆزداری نێوان کارەکتەرەکانمەوە بنووسن و دواتر ئەو بەشانەی کە هەڵەم تێیاندا کردووە چاک و پێداچوونەوەیان بۆ بکەم و دووبارە شتی دیکەی پێوە زیاد بکەم. دوای ئەوە بیر لە ڕۆمانەکە دەکەمەوە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر لەوە هەیە کە تا ئەو کاتە بەدەستم هێناوە. نازانم پاش ئەو لێکۆڵینەوانە ئەم پڕۆسەیە چۆن گۆڕانی بەسەردا دێت.

فلیپ پۆلمێن: ئەو شتەی دەیزانی، مەینووسە

ئەمە ئامۆژگارییەکی باش نییە. ئەمەیش ئامۆژگارییەکی باش نییە کە بڵەیت "ئەو شتە بنووسە کە وا هەست دەکەی خەڵکی حەزیان لێیە". تەنانەت گەمژانەشە. نابێت لە کاتی نووسین بیر لە خەڵکی بکەیتەوە. هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە کە چ دەنووسین. پێش لە ١٩٩٦، کێتان بینیوە کە بڵێت: "حەزم لێیە کەسێک کتێبی هاری پۆتەر بنووسێت! هیچ کەس هێشتا لەبارەی هاری پۆتەرەوە نەینووسیوە." یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ج. ک. ڕۆڵینگ ئەوە بوو کە گرنگی بە بیرکردنەوەی خەڵکی نەدا کە ئاخۆ چیان دەوێت. تا کاتێک کە ڕۆڵینگ لەبارەی پۆتەروەی نەنووسیبوو، ئەوان نەیاندەزانی کە هاری پۆتەریان دەوێت. ئەمە ڕێگە دروستەکەیە.

تۆنی مویسون: تۆ هیچ نازانی
ڕەنگە لەم بارەوە هەڵە بکەم، بەڵام واپێدەچێت زۆرێک لە چیرۆکەکان بەتایبەت ئەوانەی کە لە لایەن لاوەکانەوە دەنووسرێت، زۆر لەبارەی خۆیانەوە بێت. عەشق و مەرگ و ئەم جۆرە شتانە، بەڵام عەشقی من، مەرگی من، فڵانە شتی من. هەر کەسێکی دیکە لەم شانۆگەرییە کەسایەتییەکی هەیە. کاتێک کە لە زانکۆی پرینستۆن خەریکی گوتنەوەی وانەی ئەفڕاندن لە نووسیندا بووم، هەستم کرد کە بە درێژایی ژیانیان بە قوتابییەکانم گوترابوو، هەموو ئەو شتەی دەیزانن بینووسن. من هەموو دەم وانەکەم بەم ڕستەیە دەست پێ دەکرد: "گوێ مەدەنە ئەو ڕستەیە". یەکەم لەبەر ئەوەی کە ئێوە هیچ نازانن و دووەمیش لەبەر ئەوەی کە من نامەوێت لەبارەی عەشقی ڕاستەقینە و دایک و باوک و هاوڕێکانتان هیچ بزانم. بیر لە کەسێک بکەنەوە کە هیچی لەبارەوە نازانن. خەیاڵی بکەن، بیخوڵقێنن. ئەوەی کە پێشتر ژیانتان کردووە، تۆمار و کاری لەسەر مەکەن. هەمیشە لە کاریگەری ئەم قسەیە واق وڕدەمێنم.

ڕیمۆند کارۆر: نووسین لەبارەی ئەو شتەی کە دەیزانی، مەترسیدارە

هەڵبەتە کاتێک کە چیرۆکەکانی ژیانتان دەنووسن دەبێت بزانن کە خەریکی چین! دەبێت بوێری ئەوەتان هەبێت و زۆر داهێنەر و بەتوانا بن و موشتاقیش بن کە هەموو شتێک لەبارەی خۆتانەوە بڵێن، بەڵام ئەگەر نووسەرێکی تایبەت و بەتوانا نین، نووسین لە ژیانی خۆتان زۆر مەترسیدارە. مەترسی یاوەسوەسەی گەورە بۆ زۆرێک لە نووسەران کە لەبارەی خۆیانەوە دەنووسن، ئەگەری ئەوە هەیە بیانکاتە ژیاننامەنووس. کەمێک لە ژیاننامەنووسی و دونیایەکیش خەیاڵ، باشترین تێکەڵە و مەخڵووتە.

جان گاردنێر:
وەها بنووسە کە وەک بڵەی کامێرا بیت

هیچ شتێک گەمژانەتر لەم قسەیە نییە کە بڵەی "ئەوەی دەیزانی، بینووسە"، بەڵام چ لەبارەی خەڵکەوە بنووسن یا لەبارەی دێو و درنج، تێڕوانینی ئێوە لەمەڕ چۆنیەتی ڕوودانی پرسەکانی دونیا، دەتوانێت دیمەنێکی مردوو بگۆڕێت بۆ دیمەنێکی زیندوو. مۆچیاری سەرتایی من دەکرێت ئەمە بێت "وەها بنووسە وەک ئەوەی کە کامێرایەکی وێنەگرتن بیت. هەموو شتێک بە وردی تۆمار بکە، هەموو شتێک بە جوانی ببینە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەمووان وەها ورد نانووسن".

تام پڕۆتا:
 شتێک بنووسە کە واتای بۆت هەبێت

من هەمیشە لەبارەی هەر جۆرە گشتاندنێکەوە کەمێک حەزەر دەکەم. وابزانم یەکێک گوتوویەتی کە دوو جۆرە نووسەر هەیە، ئەوانەی کە ماڵەوە جێ دەهێڵن و ئەوانەی کە لە ماڵەوە دەمێننەوە. من هەمیشە لە گرووپی دووەم بوومە، چونکە زۆر بیر لەوە ناکەمەوە کە ئەم ڕێگەیە بۆ هەمووان باش بێت. وابزانم دەبێت دونیایەک بخوێنینەوە، دونیایەک بنووسن و ئەگەر چانستان هەبێت ئاخیری ئەو دەنگە یا ئەو بابەتەی کە زۆری بۆ موشتاقن، دەیدۆزنەوە.

گوور ڤیدال: نووسین لەبارەی ئەو شتەی کە دەیزانی، ئەدەبیات نییە

بڕیارە ئەدەبیات لەبارەی بەهاکانەوە بێت و هیچ شتێکی دیکە نییە کە گرنگ بێت. جارێکیان بوومە داوەر و تاوتوێکەری خەڵاتی کتێبی میللی. هیچ چیرۆکێکی لێ نەبوو. هیچ شتێک. بە ڕەهایی هیچ ئەدەبیاتێک لەوێ بوونی نەبوو. تەنیا "لەبارەی ئەو شتەی کە دەیزانی بنووسە" و شتێک کە ئەو نووسەرانە دەیانزانی زۆر نەبوو.

پ.د. جەیمز: ئەو شتە بنووسە کە دەیزانی

بە دڵنیاییەوە ئەو شتەی کە دەیزانی، لەبارەیەوە بینووسیت. دونیایەک شتی بچووک هەن کە دەبێت هەڵبگیردرێن و سودیان لێ وەربگیردرێت وەک کەرەستەی نووسین. بۆ نووسەرێک هیچ شتێک نابێت لەدەست بدرێت و تووڕ هەڵبدرێت. دەبێت فێر ببین کە لە دەرەوەی خۆشمان بوەستین. هەموو ئەزموونەکان چ باش و چ تاڵ بە شێوەیەک هەڵبگیردرێن تا درەنگ یا زوو بەکار بهێنرێنەوە.

ویلیام گاس: ئەوی کە دەیزانی، مەینووسە.

کاتێک 'لە دڵی دڵی وڵات'ـم نووسی، کاتێکی زۆرم بۆ تەرخان کرد تا دڵنیا ببمەوە لەوەی کە دەینووسم ئاخۆ ژیانی خۆم نییە، چونکە وامدەزانی زۆر گرنگە کە ئەم بابەتە ڕوون بێتەوە. زۆرێک لە نووسەران لەبارەی ژیانی خۆیانەوە دەنووسن. ئەمە کارێکی وەسوەسەکەر و ئاسانترە و دەکرێت کارەسات دروست بکات.

زۆرێک دەڵێن "ئەوەی کە دەیزانی بینووسە"، من هەست دەکەم دەبێت شتێک بنووسین کە پێویستە و بەدوای کەوین و لەبارەیەوە فێر بین. پڕۆسەی نووسین بۆ خۆتان بکەنە پڕۆسەیەکی تایبەت بە فێربوون. لە ڕۆمانی 'دۆزەخ'، من شتی زۆرم لەبارەی ئەندازیاری ژنتیک فێر بووم. هەروەها لەبارەی دانتە شتگەلێکم زانی کە پێشتر نەمدەزانین. ئەم فێربوونانە بە درێژایی نووسینی رۆماندا، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و قسەکردن لەگەڵ پسپۆڕەکانەوە شتێک بوو کە هانی دەدام بۆ نووسین. بۆیە نووسەرێکی لاو کە دەڵێت نازانم لەبارەی چییەوە بنووسم، دەڵێم هەمیشە حەزت لێبوو لەبارەی چییەوە شتی زیاتر بزانیت؟ بڕۆ ئەو شتە فێر بە و لەسەری بنووسە. ئەگەر تۆ دەتهەوێت شتێک بزانیت، ئەوا بێگومان بە لەوەی کە کەسانی دیکەیش هەن دەیانەوێت لەبارەی ئەو شتەوە بزانن.

ئێرنێست هەمینگوای:
لەوەی کە دەیزانی داهێنان بکە

هەمووی فڕێ بدە و لەو شتەی کە دەیزانی، بخوڵقێنە. ئەمە هەموو ئەو شتەیە کە دەبێت لەبارەی نووسینەوە بیزانن.

شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.