ئایار 21, 2019

رانیە . بە گــــــــەردنی زەمەنەوە

ئەگەر بێت و رانیە خۆی راتەکێنێ
زەوی پڕدەبێ لە نقێمی مرواری و ئەڵماس
لێواولێو دەبێ لە مورووی شین و ناڵ و نووشتە
ئەگەر جوولەکەکانی بن قەڵاتێ نەبان
خانم و قەیرەکچانی رانیە
نەیاندەتوانی لە کانی ژنانی خوار ( قولێ )
بە پاوانە وخڕخاڵی پاوپووزە سپییەکانیانەوە
پۆز بەسەر یەکتردا لێبدەن
ئەوە ( ئایشێ رانک ) و ( پوور فەخری ) و
( فاتیمە ) ی مامان بوون
بە هەلهەلەی ئەهلی گەڕەکەوە
نووزەیان لە تەڵقینەکانی ( مەلا پیرۆت ) دەبڕی و
بە حەلوای ( یا مەنیج )
دەمی تازیەبارانی قەبرستانی
( چاکە چکۆلە ) و ( سەید عەلی ) یان شیرین دەکرد و
دوعا و سرووتەکانی وەجاغی تەکیەی
( شێخەکەی باقلان ) یان دەکردە ژەکی
هەناسە نوێیەکانی نەوە لە دوای نەوە
ئەوەش ( ساڵحە فەندی ) بوو
لە شاڵاوی دروێنەی
رووحی برسییە ڕەقهەڵاتووەکانی
گرانیی گەورەدا
لە ( فەقیرخانە ) کەیەوە رادەپەڕموو و
بە کوتەکی سەخاوەت
فرسەخ بە فرسەخ سەری لەدوو ئیزرائیل دەنا
لەو سەردەمەدا
کە ( مام رێواس ) ی کێوەڕەش تاکە دەرمان و
( گڵی قەڵاتێ ) بۆ گڵەبان دژە دڵۆپە بوو
خاتوو ( نەنە کۆتر ) ی حەکیمیش
بە پۆشاکە شکاکییەکەیەوە
بە کۆکتێلی دڵنەوایی و میهرەبانییەکەیەوە
فریشتەی فریادڕەسی
نێچیرەکانی کەڵبەی ئەجەل بوو
بەڵێ، ئەو کەڵەشاخی جەستەی شار و
هەتوانی زامی دڵی هەتاوبردووەکانی
مەزراکانی ( کۆڵەکە و قرووجە و بەستەهیزە و
گولەک و پیاوکوژراوان ) ی بیتوێن بوو
ئاخر کێ حەددی هەبوو
قەرزکوێری
لە شمەککڕینی ( مستەفا بەگ ) بکات و
جامیلکە ئاوەکەی ( کوێرەکانی ) بخواتەوە و
وەک سوێندخواردنی بە درۆی
( قەیسەرکوژی ماڵی کانەبی )
موقرایی دانەیەت ؟
لە بەردەم گێژەڵووکەی
سوورفلەکانی ئینگلیزدا
کۆستی قەتیسبوونی
خەنجەرە دەبانەکەی ( فەتاح بەگ )
بە رووی شەقژنی دەمانچە و
قاقا نامەردانەکەی ( کەپتان کۆک )
نە تریفەی ( بڵێسە ) ی خامۆش کرد و
نە نەعرەتەی بڕنەوەکانی لە گۆ خست
لە بیرمە ( شێخ تەها ) دەیگوت :
ــ یەک بڕنەویشیان بۆ نەهێناوم
دڵی لە ترپە کەوتبێ و
بێبەڵێن بووبێ لە ژوانی هەڵمەتی پێشمەرگەدا ــ
کە ئێوارەی رەمەزانانیش
( عەوڵا کوێر ) بەخۆی و دەهۆڵەکەیەوە
بۆ جاڕدانی مژدەی بەربانگکردنەوە
بە بانگ و سەڵای ( مەلا لۆکس )
بە قەڵاتێدا هەڵدەزنا
دایکم بە سڵق و شویتە سەوز و ناسکەکەی
باخچەی ( حەوێزی بەرید )
دۆڵمە بە لەزەتەکەی بن پانەبەردی
وەک بوخچەی خەمەکانی و
رۆژانی تاڵ و شیرینی تەمەنی، بۆ دەپێچاینەوە و
بابیشم لە مزگەوتەوە لەگەڵ خۆی
دووسێ دێوەرەی شاڵ و کڵاشفرۆشی غەریبەی
دەهێنایەوە و بە دایکمی دەگوت :
( ئامین . چبکەن فەقیرانە،
رانیە ئوتێلی لێ نیە ! )
ئاخر، خۆ ئەگەر ( حەسەن زیرەک ) یش
لە شەوئاهەنگی
بن داربییە کەزیە شۆڕەکانی سەر ( قولێ ) گەواهی نەدابا
( مریەم ) ە کانی رانیە هەر چاوجوان و
ئاوەکەی رانیە هەرسازگار و
تووی دارەکەی ( مەلا سێمان ) هەر شیرین دەبوون
خۆ ( زیرەک ) یش دەیزانی
خورتی بەشەوکەت و کیژانی نەشمیلی رانیە
( کۆڵانە تەسکە ) ی
ژوانگەی سوێند و پەیمانپەروەریی تەریقەتی ئەوین و
نسێی چنارەکانی دامێن ( گردە دێمە ) ی
هەواری رازونیازی دڵداران
ناگۆڕنەوە بە ( تەختی خورشیدی خاوەرزەمین )
لەوکاتەدا، لە دۆزەخی ژێردەستەییدا
لە مەنجەنیقی هەڵقرچانی چەپکەکانی ئازادیدا
دوکەڵێک لە ئارادا نەبوو
وەک نێڵەی گڕی گەڕەکی ( خانووە سووتاوان )
چیرۆکی ستەمکاریی ( غانم میسباح ) و
کوندەبۆیەکانی ( بەدو ) بۆ ئاسمان ریوایەت بکات
کەچی لەملاوە بە داوێنی دیرۆکی ئەم شارەوە
ئەوە ( عەممۆ یوسف ) و
( ماریا خان ) ی خاچ لە مل بوون
لە کووچە بە کووچە و ماڵ بە ماڵی
( قەڵات و قولە و گڵنجان و
رەشەمێرگ و گەڕەکی پۆلیسان )
سواری کەشتیی مانیفێستی ژیاندۆستی دەبوون و
بە ( مارتن لۆسەر ) یان دەگوت :
( خاترجەمبە، لێرە خەونەکەت لەمێژە گوڵی کردووە )
تازە بە تازە ( حاجی )
قوببەکەی کشمیری وەکو گۆ بەر شەق دابوو
کە شیبای قولێ
دەمی خونچەی دڵی ( دڵدار ) ی گەشاندەوە و
پەنجەی ( ئەی ڕەقیب ) ی
لە تۆپچیانی زەمان و
بەرماوەخۆرانی (سایکس ـ پیکۆ ) رادەوەشاند و
بەرماڵی کوردایەتی بۆ
( حامید و مەنگوڕی و
وێڵ و شێواو ) رادەخست
ئەوە رانیە بوو
لە بڵندگۆی ویژدان و
مینبەری هیوا بە ژیانێکی سەربەرزانەوە
لە شەقامەکانی رقی پیرۆز و
کووچەکانی مەشقی کوردایەتییەوە
بانگی ئازادی چڕی و
لە ( ئایار و ئازار ) دا
دێڕەکانی مێژووی بە خوێن ئاڵتوونپۆش کرد و
تاجی شانازی خستە سەر سەری
مەشخەڵبەدەستانی سەفەری قوربانی و
رێبازی عیشق و ئازادی و
زوڵمەتی زەمەنی رۆشن و گوڵڕێژ کرد
---------------------------------------------- 2019 / هەولێر
پەراوێزەکان :
ــ قولێ : سەرچاوەی ئاوی قولە .
ــ ئایشێ رانک و پوور فەخری و فاتیمە : سێ ناودارترین مامانی رانیە بوون .
ــ مەلا پیرۆت : لە چل و پەنجاکان ئیمامی مزگەوت و پیاوچاکێکی رانیە بوو .
ــ یا مەنیچ : پیرەژنێکی وەجاغکوێری دراوسێمان بوو . هەر منداڵێک لەدایکبووایە، ئەو حەلوای درووستدەکرد و دەیبەشییەوە .
ــ چاکەچکۆلە و سەیدعەلی : دوو مەزاری ناو رانیە بوون . ئێستاش گۆڕەکانیان ماون و بۆ مراز و پاڕانەوە زیارەتیان دەکرێت .
ــ شێخەکەی باقلان : مەبەست شێخ مستەفای شێخ بایزی باقلانە .
ــ ژەک : ئەو شلە زەردباوە بە سوودەیە راستەوخۆ دوای منداڵبوون پێش هاتنی شیر لە مەمکی دایک دێتەدەر و دەدرێ بە ساوایەکە .
ــ ساڵحە فەندی : باوکی مەلا یەحیا . ماڵ و باخچەکەیان لە لەسەر قولە و بارەگای ( حسک ) ی ئێستا بوو . لە ساڵی گرانیی گەورەدا ( ١٩١٥ ـ ١٩١٦ ) ماڵەکەی کردۆتە فەقیرخانە و هەموو سامانی خۆی بۆ رزگارکردنی برسییەکان لە مردن بەخشیوە و رۆژانە خواردنی داونەتێ .
ــ مام رێواس : روەکێکی گەڵا پانە، لە شێوەی تۆڵەکەیە، دەرمانی چارەسەری کرمی نێو گەدە و ریخۆڵەیە، بەتایبەتی بۆ منداڵان .
ــ گڵی قەڵات : لە رانیە باوەڕی خەڵک وابوو کە گڵی قەڵاتی رانیە بۆ گڵەبانی سەربانی خانووەکانیان بۆ دڵۆپەکردن لە زستاندا خۆڕاگرترە لە گڵی شوێنانی دی .
ــ کۆڵەکە و قرووجە و گولەک و بەستەهیزە و پیاوکوژراوان : نێوی دەشتە ناسراوەکانی بیتوێنن .
ــ مستەفابەگ : کەسایەتی ناسراو و دوکاندارێکی خۆشەویست بووە، تاقە کوڕێکی بە نێوی ( نووری ) هەبوو . لە ساڵانی سی و چلەکان دووکانەکەی لەسەر سەرچاوەی کوێرەکانی بووە . دەلێن هەر کڕیارێک شمەکی لێکڕیبێ و بڕێک پارە قەرزدار بووبێتەوە ئەگەر نەشیناسیبێ جامێک ئاوی کوێرەکانی دەرخوارد داوە . گوتویوتی مادام ئاوی کوێرەکانی خواردەوە هەر دێتەوە و قەرزەکەم بۆ دێنێتەوە ! دیارە تاکو ئێستاش ئەم بۆچوونە لەلای خەڵکی رانیە لە ئارادایە و دەڵێن : هەرکەسێک ماڵی لە رانیە بووبێ و ماڵی بڕوات بۆ شوێنی دی، مادام ئاوی کوێرەکانی خواردۆتەوە رۆژێک هەر دەبێ بێتەوە بۆ رانیە .
ــ قەیسەرکوژی ماڵی کانەبی : بنەماڵەی کانەبی بڵباس لە رانیە ( باوکی حەسەنی کانەبی ) نوسخەیەکی قورئانیان هەبووە، گوایە قەیسەری رۆم لەبەرئەوەی بە درۆ سوێندی پێخواردووە هەردوو چاوی کوێربووە . لە بیرمە خەڵک بۆ سوێندخواردن دەیانگوت : بە قەیسەرکوژی ماڵی کانەبی ...
ــ موقرایی داهاتن : کوێربوون .
ــ فەتاح بەگ و کەپتان کۆک : فەتاح بەگ، لە ١٩١٩ ـ ١٩٢١ قایمقامی سەردەمی حکومەتەکەی شێخ مەحموود بووە لە رانیە، کەسێکی کوردپەروەر بووە، بە پشتیوانی خەڵکی رانیە رێگای نەداوە لەشکری ئینگلیز بێتە ناو شار و داگیری بکەن . هەروەها رێگر بووە لە وەرگرتنی سەرانە و باج و خەراج لەلایەن ئینگلیزەوە . بۆیە کەپتان کۆکی حاکمی سەربازیی ئینگلیز کە سەبازگەکەیان لە دەربەندی رانیە بووە بە فێڵی دۆستایەتی و دەعوەتکردن غافڵگیری دەکات، بە پیلان و هاوکاری چەند کوردێکی خائین لە ماڵەکەی خۆی لە قەڵاتی رانیە لە کاتی یاریکردنی شەترەنج شەهیدی دەکات . هەرچەندە فەتاح بەگ هەوڵدەدات بە خەنجەرەکەی لێی بدات، بەڵام ( کۆک ) تەڕدەستانەتر دێتەدەست و بە دەمانچەکەی شەهیدی دەکات . ئینجا لەشکری ئینگلیز دێتە ناو رانیە . دوای ماوەیەک تووڕەیی خەڵک و ناڕەزایی جەماوەرو بەشێک لە هۆزەکانی بیتوێن و پشدەر لە دژی زوڵمی ئینگلیز و لە تۆڵەی شەهیدکردنی فەتاح بەگ وەک لافاوێک پەلاماری ئۆردوو و سەربازگەی ئینگلیز دەدەن و تەفروتونایان دەکەن و سەدانیان لێدەکوژن .
ــ بڵێسە : نێوی ئەو بڵاوکراوەیە بووە ( بە شێوەی رۆژنامە ) لەلایەن چەند رۆشنبیرێکی نیشتمانپەروەری رانیە کە ئەندام و دۆستی حزبی هیوا بوونە لە نێوان ساڵانی ١٩٤٢ ـ ١٩٤٤ بە نهێنی بە دەستنووس نووسراوەتەوە و بە هەر بەنهێنیش بردوویانەتە شاری کەرکوک و لە رێگەی سندووقی پۆستەوە بۆ کەسایەتییە ناسراو و خوێندەوارەکانی شارەکانی کوردستانیان ناردووە . ئەمە یەکەمین هەوڵی رۆژنامەوانی بووە لە رانیە . گوتاری سیاسی و میدیایی ئەو بڵاوکراوەیە بریتی بووە لە داوای سەربەخۆیی بۆ کوردستان و لەو سەکۆیەوە هانی خەڵکیان داوە بۆ دژایەتیکردنی داگیرکاریی بەریتانی و هۆشیارکردنەوەی جەماوەی کوردستان بۆ بەگژداهاتنەوەی سیستەمی گەندەڵ و دەرەبەگخوازی پاشایەتیی عێراق .
ــ شێخ تەها : کەسایەتیەکی کوردپەروەری رانیە بوو . کاری چەخماخسازی و چاککردنەوەی چەکی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوولی دەکرد . زۆربەی کارەکانی خۆبەخشانە بوو .
ــ عەوڵا کوێر : لە ساڵەکانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لە رانیە بوو بە عەوڵا کوێری دەڵاڵان ناسرابوو . عەجەمێکی بەزمساز و دەهۆڵکوتێکی کارامە بوو . لە جەژناندا لە نێو بازاڕ ورچی هەڵدەپەڕاند و خۆیشی سەمای دەکرد . لە مانگەکانی رەمەزاندا لە پاششێو و بەربانگاندا دەهۆڵی دەکوتا .
ــ مەلا لۆکس : خۆی نێوی محەمەد بوو . بانگدەری مزگەوتی گەورەی رانیە و کەسێکی خۆشەویستی خەڵک بوو . لە پیریدا بوو بە هەوێنی چیرۆکی ئەوینێکی پاک و بێگەردی ناکام .
ــ باخچەی حەوێزی بەرید : لە نێوانی گردەدێمە و گوندی سەیداوا بوو . باخێکی پڕ لەدرەختی میوە و سەوزەی رەنێوهێنراوی ئاوی سازگاری قولە بوو . بۆ گەنج و قوتابیانی رانیە شوێنی خۆشی و پشوودان و خوێندنەوە بوو. وەک دڵی فراوانی حاجی حەوێزی خاوەنی باخەکە، هەمیشە کراوە بوو بۆ لاوانی عاشق و تێکۆشەری شار .
ــ مریەم : کچە شۆخ و شەنگێکی رانیە بووە . حەسەن زیرەک لە ساڵی ١٩٥٦ لە گۆرانیەکیدا کە دەڵێ : ( رەبی رانیە ئاوابێ ئاوەکەی سارد و سووکە . عەشقی مریەم چاوجوانم هەر دەڵێی تازە بووکە ) لەگەڵ ئەوی بووە .
ــ دێوەرە : فرۆشیاری گەڕۆک لە نێوان گوند و شارەکاندا .
ــ دارەکەی مەلا سلێمان : لە لێوار شەقامی قولە سەرچاوەی کانیاوێک هەبوو بە نێوی مەلا سلێمان، دارتووێکی گەورەی لەسەر بوو، بەری تووێکی شیرین و سپی دەدا و بەمنداڵی دەمانخوارد . جار بەجار شەڕمان دەکرد لەسەری . دەڵێن ئێستا ئەو کانییە خنکێنراوە .
ــ کۆڵانە تەسکە : تا دوا ساڵەکانی حەفتاش تەنگەبەرترین کۆڵانی رانیە بوو . ئێستا فراوان بووە و بۆتە دووکان وبازاڕ و دەکەوێتە سەر شەقامی قولە . ئەو سەردەمە چۆڵ بوو، شوێنی یەکتردیتنی دڵداران و ئاڵوگۆڕی راز و نیازی عاشقان بوو .
ــ تەختی خورشیدی خاوەرزەمین : پایتەختی میرنشینێکی کوردی بووە، شوێنەوارەکەی ماوە و دەکەوێتە خوار گوندی بێتواتە .
ــ غانم میسباح : ئەو ئامر لیوا شۆڤێنیەی سوپای عێراق بوو، لە ناوەڕاستی شەستەکان ئاگری لە بەشێکی خانووەکانی گەڕەکی قولە بەردا، بۆیە ناونرا ( گەڕەکی خانووەسووتاوان ) .
ــ عەممۆ یوسف و ماریا : هەردووکیان مەسیحی بوون، یەکەمیان فەرمانبەر و دووەمیان سستەر بوو . خۆشەویستی خەڵکی رانیە بوون . نموونەی پێکەوەژیان و لێبووردەیی ئاینی بوون . ماریا شەو و رۆژ لە خزمەتکردنی نەخۆشانی هەژاری دەڤەرەکە بووە .
ــ گەڕەکی پۆلیسان لە پەنجاکان و شەستەکان : ئێستا ناوەکەی بۆتە گەڕەکی سەرا .
ــ مارتن لۆسەر : رابەری بزاڤی رۆشنگەری و ریفۆرمخوازانی ئاینی مەسیحی لە ئەوروپا لە سەدە تاریکەکانی ناوەڕاست .
ــ حاجی : مەبەست حاجی قادری کۆییە .
ــ دڵدار : مەبەست دڵداری شاعیرە .
ــ حامید : مەبەست مەلا عبدولحەمید عەسکەری شاعیرە ( باپیری فارووق مەلا فاتیح بوو ) .
ــ مەنگوڕی : میرزا مەنگوڕی .
ــ وێڵ : ناسناوی مەحموودی قادر فەرەجی شاعیرە .
ــ شێواو : ئەحمەد شێواوی شاعیر .
ــ ئایار : مەبەستم راپەڕین و خۆپیشاندانە خوێناویەکەی رۆژانی ٢ و ٣ و ٤ ی ئایاری ساڵی ١٩٨٢ی رانیەیە کە بە خوێنی ٣ شەهیدی قارەمان و دەیان بریندار داستانی قوربانی و تێکۆشانی مەدەنی خەڵکی رانیە تۆمارکرا و سەر بە جەللادەکانی بەعس و مولازم موحسینی سلێمانی شۆڕکرا .
ــ ئازار : داستانی گەورە و مەزنی ٥ ی ئازار و رۆژانی دوایی رانیەیە، کە لە سایەیدا کوردستان ئازادکرا و بۆ هەتاهەتایە تاریکی و بندەستی رەواندەوە و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان درووستکرا .

 

نووسینی : نیازی حەمە عەزیز

© 2017 Hawler