ئازار 22, 2019

ئەو شوێنەی چەندان یادگاری زیندووی لە هزرمان جێهێشتووە

سەردەمی زوو دنیا وەكو ئێستا لە ڕووی تەكنەلۆژیاوە بەو ئەندازەیە پێشكەوتوو نەبوو كەچی شەمەندەفەر وەك هۆیەكی سەرەكی گواستنەوەی خەڵكی لە زۆربەی شارەكانی عێراق لە كاردابوو، بە تایبەتیش لە شاری هەولێر كە تا ئەو ساڵانەی دوایش ئاسەواری سكەی شەمەندەفەرەكەی هەولێر هەر مابوو.

هەر لە ساڵانی چلەكانەوە تا هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر لە شاری هەولێر دانرا كە شوێنەكەی پێی دەگوترا (ڕێست هاوس) و كە دەكاتە ئێستای گرتووخانەكەی محەتەی هەولێر، ئەو كات شەمەندەفەرەكە لە وەختی نیوەڕۆدا خەڵكی هەولێری بۆ شاری كەركوك دەگواستەوە و ئێوارە دەگەیشتە ئەوێ و شایەد حاڵەكان دەڵێن گەشتی نێوان ئەو دوو شارە نزیكەی پێنج كاتژمێری دەخایاند و دوای پشوودانێكی كوورت هەر هەمان ڕۆژیش لە كەركوكەوە بەرەو بەغدا دەكەوتە ڕێ و بۆ بەیانیەكەی دەگەیشت، بوونی ئەو شەمەندەفەرە چەندین یادگاری زیندووی لەبیر و هزری كەسانی ئەو كات جێهێشتووە و ئێستاش خەڵكەكە بەوپەڕی حەسرەتەوە ئاخ بۆ ئەو كات و ساتانە هەڵدەكێشن و باس لەو كات و ساتە پڕ جۆش و خرۆشانە دەكەن كە بەو شەمەندەفەرە گەشت و سەفەریان كردووە لە كاتێكدا ئەو وڵاتە جوان و ڕەنگینەمان بەپێی مێژووە كۆن و دێرینەكەیەوە لێوا و لێوە لە یادگاری جۆرا و جۆر، بۆیە مرۆڤ بەدەست خۆی نیە لە هەموو كات و ساتێكدا بیری بۆ ئەو هەموو یادگارییە جوانانە دەچێ و هەندێ جار خۆی بۆ ناگیرێ و پەژارە دایدەگرێ و فرمێسك لە چاوانیدا دێتە خوارێ كە چۆن ئەو كات و ساتانە هێندە بە خێرایی تێپەڕین و دووبابوونەوەیان كارێكی مەحاڵ و ئەستەمە.
چونكە زۆرێك لە خەڵكی شارەكە یادگاری زۆریان لەگەڵیدا هەیە، هەر وەك مێژوو باسی لێوە دەكات ئەو وێستگەیە لەسەردەمی خۆیدا لەلایەن دوو كۆمپانیای بەریتانی و هیندی و بەسەرپەرشتی ئەندازیارێكی هیندی بەناوی (محەمەد عەلی هیندی) دروستكرا، بەڵام داخەكەم حكومەتی ئەوسای عێراق لە سەرەتای ساڵی هەشتاكان بەهۆی هەڵگیرسانی ئاگری شەڕ لەگەڵ ئێراندا كۆتایی بەو پڕۆژە خزمەتگوزارییە بەرچاوە هێنرا كە ئەو كات بۆ خەڵكی بەخششێكی یەكجار گەورە بوو، شایەت حاڵەكان دەگێڕنەوە كە وێستگەی هەولێر دوو بەڕێوەبەری هەبوو یەكێكیان ناوی (عەبدولڕەزاق دۆغرەمەچی) بوو.
ئەوەی دیكەیان ناوی ( یەحیا خۆشناو) بوو، جا دەگێڕنەوە هەموو كارەكان بەهۆی 10 فەرمانبەر و 100 كرێكار هەڵدەسووڕا، ئێستاش دیمەنەكانی وەك فیلمێكی سینەمایی لە بیر و هزری خەڵكی ماوەتەوە هەر بۆ مێژوو دەڵێین ساڵی 1950 هەر بەو شەمەندەفەرە جوولەكەكان گواسترانەوە شاری بەغدا و لەوێوەش بە فرۆكە چوونەوە ئیسرائیل، هەروەها ئەو بارزانیانەی كە لەگەڵ مەلا مستەفای خوالێخۆشبوو چووبوونە سۆڤیەتی پێشوو بە پاپۆڕ هاتنە شاری بەسڕە و لەوێوە بە شەمەندەفەر هاتنەوە شاری هەولێر، هەر بەپێی سەرچاوەكانی مێژوو و شایەد حاڵەكانی ئەو كات دەگێڕنەوە ساڵی 1869 یەكەم هێڵی ئاسنینی گالیسكەی ترام لە سەردەمی عوسمانیەكان لەلایەن (مدحەت پاشا) دروستكرا كە ئەسپ ڕایدەكێشا دواتر حكومەتی ئەڵمانیا هاوكاری و كۆمەكی دەوڵەتی عوسمانی كرد كە هێڵی ئاسنین بە شێوەیەكی ئەندازەیی و ستاندار لە عێراق دروست بكات.
بەڵام لە ساڵی 1912 ئەڵمانەكان بەردی بناغەی ئەو هێڵە ئاسنینەیان لە بەغدا لە نزیك كەرخ دانا و لە ساڵی 1914 هێڵەكە كەوتە كار و یەكەم گەشتیش لە نێوان بەغدا و ناحیەی (دوجەیل) ی باشووری شاری سامەڕا دەستی پێكرد، هەروەها لە ساڵی 1916 یەكەم ئیدارەی هێڵی ئاسنین لە بەغدا لەژێر حوكمرانی بەریتانیەكان دانرا، لەو سەردەمەدا سەرجەم شوفێرەكانی شەمەندەفەر لە عێراق بە ڕەگەز بەریتانی و هیندی بوون و كەسێكی وا نەبوو لە عێراق ئەو وەزیفەیەی هەبێ تەنیا یەكێك نەبێ بەناوی (عەبد عەباس ئەلمفرجی) كە خەڵكی گەڕەكی كەرادەی مریەم بوو، ئەو پیاوە یەكەمین شوفێری شەمەندەفەرە لە عێراق ئەویش بەهۆی زیرەكی و لێهاتوویی خۆیەوە ئەو كارە فێر ببوو.
بۆیە لەگەڵ خستنە ڕووی ئەو یادگارییە لەمێژینەدا دەخوازین لە ئایندەیەكی نزیكدا شاری هەولێر وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە هێڵی شەمەندەفەر لە باوەش بگرێ و لەو ڕێگایەوە خزمەت بە خەڵكەكەی بكات و لەو ڕووە وە هەنگاوی جیدی بهاوێ تا هەموو لایەك بەهۆی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییە ببوژێتەوە و ئیشو كارەكانی خۆی بە شێوەیەكی ڕێكو پێك راهی بكات.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 28 شوبات 2019 07:22
© 2017 Hawler