تشرینی یەکەم 20, 2018

کام جۆرلەپیاوان ناپاکی هاوسەرگیری دەکەن؟

پیاوان بۆ ناپاکی هاوسەری ئەنجام دەدەن؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە مێشکی زۆرێک لە ئافرەتانی جەنجاڵ کردووە، بەتایبەتی ئەو هاوسەرانەی ناپاکییان لێکراوە لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە، بێگومان گەڕان بەدوای هۆکارەکانی پشت پەنابردنی هاوسەران بۆ ناپاکیی هاوسەریی و ناسینی پاڵنەرەکانی ناپاکیکردنی هاوسەران لەیەکتر جێگەی گرنگیپێدان و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی دەروونناسان و کۆمەڵناسان و ڕاوێژکارانی خێزانی بووە، هەروەکو چۆن گەڕان بەدوای هۆکارەکانی نەخۆشیە جەستەیی و دەروونییەکان جێگەی بایەخی پزیشکان و پسپۆرانی ئەو بوارە بووە.
ئەگەر شێرپەنجە بە گەورەترین مەترسی سەر تەندروستی مرۆڤ دابنرێت، ئەوا ناپاکی هاوسەری بە گەورەترین مەترسی سەر پەیوەندی هاوسەریی دادەنرێت، هیچ سەردەمێک لەڕابردووی کۆمەڵگەی ئێمەدا هێندەی ئەم سەردەمە باسوخوازی ناپاکی هاوسەریی لەئارادا نیە، ئەگەرچی بەهۆی بەنهێنی ئەنجامدانی ناپاکی هاوسەریی لەلایەن هاوسەرانەوە مەحاڵە لەهیچ کۆمەڵگەیەکدا ئاماری دروستی ناپاکی هاوسەریی چنگ بکەوێت، لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەی تێبینی دەکرێت لەم ڕۆژگارەدا لەکۆمەڵگەی ئێمەدا، ناپاکی هاوسەریی بۆتە مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی باو، بەمهۆیەوە بەیەکێک لەهۆکارە سەرەکیەکانی زیادبوونی هەڵوەشانەوەی خێزان دادەنرێت، جگە لەوەی بەیەکێک لەهۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دادەنرێت، هەروەها بەیەکێک لەهۆکارەکانی تووشبوونی هاوسەران بە پەشێویە دەروونیەکان دادەنرێت.
نووسەری ئەم وتارە لەماوەی (٧) ساڵی ڕابردوودا کاری لەسەر (١٥٦٨) حاڵەتی ناپاکی هاوسەریی کردووە، کە کۆی ئەو حاڵەتانە لەناوچە جیاجیاکانەوە سەردانی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانییان کردووە لەپارێزگای سلێمانی، بێگومان لە شێڵتەرەکان و دادگاکان و ئەو ڕێکخراوانەی لەبواری کێشە خێزانیەکاندا کار دەکەن هەزارەها حاڵەتی دیکە بەرچاو دەکەون.
ئەگەرچی ناپاکی هاوسەری وەک لادان و وەک بارێکی نەخواستراو و ناپەسەند هەژمار دەکرێت، بەڵام تێگەیشتن لەوەی پیاوان بۆچی ناپاکی هاوسەری دەکەن، یان لە چ بارێکدا ناپاکی هاوسەری دەکەن، یاخود پاڵنەرەکانی پشت ناپاکیکردنی پیاوان چیە لەژیانی هاوسەریدا، یارمەتیمان دەدات لە پێشگیری کردن لەئەنجامدانی ئەم ڕەفتارە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی، هەروەها بەرچاوڕوونی دەداتە هاوسەران کە مامەڵەیەکی گونجاوتر لەگەڵ یەکتردا بکەن و بەتێگەیشتنێکی باشتر و دروستترەوە لە پاڵنەر و ڕەفتارەکانی یەکتر بڕوانن لەچوارچێوەی ژیانی هاوسەرییدا، لەلایەکی دیکەوە لەکاتی ئاشکرابوونی پەیوەندیە ناپاکیەکاندا دەروونناس یان کۆمەڵناس یان ڕاوێژکاری خێزانی بەرچاوڕوونتر دەبێت بۆ ئەو هەنگاوانەی پێویستە بگیرێنە بەر لەچارەسەری ئەو گرفتانەی وەک دەرئەنجامی ئاشکرابوونی ناپاکیەکە دروستدەبن لەنێوان هاوسەراندا.
کاتێک لەپاڵنەرەکانی پشت پەنابردنی پیاوان بۆ ناپاکی هاوسەریی دەکۆڵینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە چەندین جۆر پاڵنەرمان هەیە و بەسەر چەندین هۆکاری وەک (نەخۆشی دەروونی، تێکچوونی کەسێتی، کێشەی سێکسی، نەخۆشی ئۆرگانی، کاریگەری دەوروبەر، سروشتی نێرینەیی پیاوان، پەروەردەی خێزان، ئەزموونەکانی پیاوان پێش چوونە ژیانی هاوسەرگیرییەوە) دابەش دەبن.
هەربۆیە ئەو پسپۆرانەی لەبواری کێشە خێزانیەکاندا کار دەکەن پێویستە لەکاتی کارکردن لەسەر کەیسەکانی ناپاکی هاوسەرییدا زۆر ورد بەدوای هۆکارەکاندا بگەڕێن و دەستنیشانیان بکەن، ئەم هەنگاوەش دەبێ ببێتە ئەو وێستگەیەی هەنگاوەکانی چارەسەری پاشتری لەسەر دادەڕێژرێت.
دەتوانین جۆری ئەو پیاوانەی ناپاکی دەکەن یاخود گرنگترین پاڵنەرەکانی پشت ناپاکی هاوسەری پیاوان لە (٢٦) خاڵدا کورت بکەینەوە، ئەگەرچی ڕەنگە پاڵنەری تریش هەبن، بەڵام ئەمانە گرنگترینیانن:
١- (ناپاک)ی کەمتوانا لەڕووی سێکسییەوە: لەمبارەدا پیاو وێڕای ئەوەی کەمتوانا و لاوازە لەڕووی سێکسییەوە بەڵام پەنا دەبات بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەدەرەوەی ژیانی هاوسەریی، ئامانجی پیاو لەم ڕەفتارە ناپاکیانەی خۆ چالاککردنیەتی لەڕووی سێکسیی و بەگەڕخستنەوەی تواناکانیەتی، ئەمجۆرە پیاوانە هەوڵدەدەن فرەپەیوەندی بن، واتە بەیەک پەیوەندی ناپاکیەوە ناوەستن، زۆر جاریش هەوڵدەدەن لەگەڵ کچانی تەمەن بچوکدا پەیوەندی سێکسی بکەن تاکو هەست بەبەهێزی خۆیان بکەن، یان بەدوای ئەو ئافرەتانەدا وێڵن کە زۆر بەباشی دەیانوروژێنن تاکو لەو هەست بەکەمتوانایی سێکسییە ڕزگاریان ببێت، ئەمجۆرە پیاوانە لەڕێی دروستکردنی ئەم پەیوەندیانەوە دەیانەوێت باوەڕبەخۆبوون بگێڕنەوە بۆ خۆیان و پەیامێک بەخودی خۆیان و هاوسەرەکانیان بدەن کە ئەوان لەڕووی سێکسییەوە هێشتا بەکارن.
٢- ناپاکیکردن وەک تۆڵەکردنەوە:لەمبارەدا پیاو لەئەنجامی ناپاکی کردنی هاوسەرەکەیەوە، پەنا بۆ ناپاکیکردن دەبات وەک تۆڵە لێکردنەوە، جا هاوسەرە ئافرەتەکەی بەڕاستی ناپاکی کردبێت یان تەنها وەهمێک بێت لەمێشکی پیاوەکەدا، کە هاوسەرەکەی ناپاکی لێدەکات، یاخود ناپاکی کردنی پیاو لەمبارەدا تۆڵەکردنەوەیە لە هاوسەرەکەی لەبەرئەوەی فەرامۆشی کردووە و گرنگی پێنادات و وەک پێویست ڕێزی لێناگرێت.
٣-ناپاکی بۆ پڕکردنەوەی پێویستیە سۆزداری و سێکسیەکان: لەمبارەدا پیاو بەهۆی ئەوەی بۆشاییەکی زۆری هەیە لەڕووی سۆزداری و سێکسی و گرنگیپێدانەوە لەلایەن هاوسەرەکەی خۆیەوە بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەی گوێی پێنادات یان بەردەوام نەخۆشە یان بەردەوام کێشەیان هەیە و ناتەبان یان هاوسەرە ئافرەتەکە بەردەوام خۆی بەکار و شتی لاوەکیەوە سەرقاڵ دەکات، یاخود ئەگەر ئافرەتەکە لەڕووی توانا سێکسیەکانیەوە سارد بێت، پیاو پەنا بۆ ناپاکی کردن دەبات بۆ پڕکردنەوەی پێویستیە سۆزداری و سێکسیەکانی.
٤- (ناپاک)ی فێڵباز:لەمبارەدا پیاو هەوڵدەدات هاوسەرەکەی خۆی و ئەو ئافرەتە یان ئەو ئافرەتانەی تر بخەڵەتێنێت کە پەیوەندی لەگەڵیاندا هەیە، بەمەبەستی بەدیهێنانی حەز و خواستەکانی خۆی، ناپاکیکردن لای ئەمجۆرە پیاوانە لە گەمەیەکی چێژبەخش دەچێت، ئەمجۆرە پیاوانە شانازی بەخۆیانەوە دەکەن کە لێزانانە دەتوانن یاری بە هەستی چەندین ئافرەت بکەن لەیەک کاتدا و هەروەها ئەو هەستەیان پێدەبەخشێت کە توانای زاڵبوونیان هەیە بەسەر چەند کەسێکدا لەیەک کاتدا و لەڕووی مادی و سۆزداری و سێکسیەوە توانای دۆشینی ئەو چەند ئافرەتانەی هەیە.
٥- (ناپاک)ی سەرکێش: لەمبارەدا پیاو حەزی بەسەرکێشیە و هەمیشە دەخوازێت لەو ناوچە مەترسیدارانەدا هەڵسوکەوت بکات کە کۆمەڵگە وەک هێڵی سور نەخشاندویەتی، بە واتایەکی دیکە ئەم پیاوانە چێژ لەژیانی هاوسەری خۆیان نابینن چونکە سەرکێشی تێدانیە، بەڵکو هەمیشە بەدوای دروستبوونی پەیوەندی ناپاکیدا دەگەڕێن و ئەو جۆرە پەیوەندیانە دروست دەکەن کە مەترسی بۆ ئەوان تێدابێت، واتە لای ئەو تاڵی ئەو پەیوەندیە ژێربەژێر و مەترسیدارانە لای ئەوان شیرینیەکی چێژبەخشە.
٦-ناپاکیکردن بەهۆی بێ باوەڕبوون بەخود:لەمبارەدا ئەو پیاوانەی ئەو هەستەیان لادروستبووە کە پەراوێزخراون و نەبوونەتە جێگەی سەرنجی ئافرەتان و لەلایەن دەوروبەرەوە پەسەند نەبوون، کاتێک ئەم جۆرە پیاوانە بە پلە یان پۆستێکی باڵا دەگەن یان لەڕێی بازرگانی یان گەندەڵییەوە بە سامان و سەروەتێک دەگەن، هەوڵدەدەن خۆیان تاقی بکەنەوە و ئەو بۆشاییانە پڕ بکەنەوە کە لەڕابردوودا لەدەستی ناڵاندوویانە، ئەمجۆرە پیاوانە دەیانەوێت لەڕێی خۆ فڕێدانە ناو پەیوەندی سۆزداری و سێکسی لەدەرەوەی ژیانی هاوسەری بڕوابەخۆبوون بۆ خۆیان بگەڕێننەوە، کاتێکیش ئەم پەیوەندیە ناپاکیانە دەکەن بەهۆی ئەوەی پلەیەک یان پۆستێکیان هەیە یان پارە و پولێکی زۆریان هەیە چەندین ئافرەت هەوڵی خۆ لێ نزیککردنەوەیان دەدەن و ئەمانیش ئامانجەکانی خۆیانیان لەگەڵیاندا بەدیدەهێنن.
٧- (ناپاک)ی سادی:لەمبارەدا پیاو هەستێکی سادیانە هەیە کە چێژ لە ئازاردان و سوکایەتی کردن بە ئافرەت دەبینێت، هەوڵدەدات زۆرترین ژمارە لە کچان و ژنان بخاتە ژێر ڕکێفی سۆزداری و سێکسی خۆیەوە، سەرەتا هەوڵی بەدەستهێنانی دڵی ئەو ئافرەتانە دەدات، هەر کاتێک ئافرەتەکە هۆگری بوو ئینجا بەجۆرێک لەجۆرەکان هەوڵی ئازاردانی دەروونیانەی دەدات، تەنانەت لە پەیوەندیە سێکسیەکانیشیدا چێژ لە ئازاردانی بەرامبەرەکەی وەردەگرێت، بە واتایەکی دیکە ئەمجۆرە پیاوانە چێژ لە ئەشکەنجەدانی دەروونیانەی ئەو ئافرەتانە وەردەگرن کە پەیوەندی ناپاکی لەگەڵدا بەستوون، هۆکاری ئەم ڕەفتارە شەڕەنگێزانانەی ئەمجۆرە پیاوانە لەژێر پەردەی پەیوەندی سۆزداری و سێکسیدا لەچوارچێوەی ناپاکیکردنی هاوسەریدا دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، یان بەهۆی ناشیرینی ڕوخساریەوەیە کە هەست دەکات پەسەند نیە لای دەوروبەر، یان بەهۆی ئەوەوەیە کە لەمنداڵیدا پەیوەندی خراپ بووە لەگەڵ دایکیدا، یان بەهۆی ئەوەوەیە کە لەیەکەم پەیوەندی سۆزداریدا دووچاری شکست بووە لەسەر دەستی کچێکدا، یان خاوەن کەسێتیەکی سایکۆباتیە، هەربۆیە ئەمجۆرە پیاوانە لەگەڵ یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ هەر ئافرەتێک کە بۆ یەکەمجار دێتە بەردەمی ئەو هەستە شەڕەنگێزانەیە دایاندەگرێت.
٨- (ناپاک)ی هەست ناسک: ئەمجۆرە پیاوانە لەو جۆرەن کە هەستیان ناسکە و ڕوخساریان جوان و سەرنجڕاکێشە و زیاتر ڕواڵەتی مێینەییان لەسەر زاڵە، خاوەن هەست و سۆزێکی گەرمن، دەنگیان ناسکە. ئەمجۆرە پیاوانە کاتێک خۆیان بەراورد دەکەن بە پیاوانی دیکە ئەو هەستەیان لادروست دەبێت کە وەک ئەوانی دیکە ڕواڵەتی پیاوانە و نێرانەیان تێدا بەدی ناکرێت، ئەمەش هەست بەکەمییان تێدا دەخوڵقێنێت، هەر بۆیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو هەست بەکەمیکردنە پەنا بۆ دروستکردنی چەندین پەیوەندی ناپاکی دەبەن لەدەرەوەی ژیانی هاوسەریی، کە لەزۆرباردا پەیوەندیەکان سێکسی نین بەڵکو تەنها پەیوەندی سۆزداریانەیە، تاکو بۆ خودی خۆی بسەلمێنێت کە ئەو وەکو پیاوێک لای ئافرەتان پەسەندە، لەزۆر باریشدا ئەمجۆرە پیاوانە بەهۆی ئەوەی هەست ناسک و ڕۆمانسین و باش لە دڵ و هەست و ڕازی ڕەگەزی مێینە دەگەن لەلایەن ئافرەتانەوە پەسەندن.
٩- (ناپاک)ی نێرگسی (خود شەیدا): لەمبارەدا پیاوی نێرگسی خۆی بەهەموو شتێک دەزانێت و ئەوەندە شەیدای خۆیەتی کە پێی وایە هەموو گەردون بەدەوری ئەودا دەخولێتەوە، بۆیە دەخوازێت بەهەمیشەیی چەندین پەیوەندی دروست بکات لەدەرەوەی ژیانی هاوسەریی، واتە دەخوازێت بەردەوام فرە پەیوەندی بێت لەگەڵ چەندین ئافرەتدا لەیەک کاتدا، بەڵام ناتوانێت نە هاوسەرەکەی خۆی و نە ئافرەتەکانی دیکەیشی خۆش بوێت، بەڵکو خودپەرستە و تەنها دەخوازێت چێژ لەهەموویان وەربگرێت، واتە هاوسەرەکەی خۆی و هەموو ئافرەتەکانی دیکە وەکو کەرەسەیەک تەماشا دەکات بۆ بەختەوەرکردنی خودی خۆی، چونکە ناتوانێت کەسی خۆش بوێت جگە لەخۆی.
١٠- ناپاکیکردن بەمەبەستی خۆهەڵکێشان: لەمبارەدا پیاوی ناپاک هەموو هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی پەیوەندیە ناپاکیەکانی تەنها بۆ خۆهەڵکێشان و لاف و گەزاف لێدانە لەبەردەم هاورێکانی (تەنانەت هەندێجار لەبەردەمی هاوسەرەکەشی) بەمەبەستی گەیاندنی ئەو پەیامەی کە بۆ دەوروبەر بسەلمێنێت ئەو پیاوێکی پەسەند و خۆشەویستە لای ئافرەتان، ئەمجۆرە پیاوانە لەپەیوەندیە هاوڕێیەتی و کۆمەڵایەتیەکانیدا بەردەوام باس لە زۆری پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئافرەتان و سروشتی ئەو پەیوەندیانە دەکەن و زۆر حەز بەگێڕانەوەی سەرکێشتەکانیان دەکەن و هەندێجار درۆ و زێدەڕۆییش دەکەن لە باسکردن و گێڕانەوەی ڕەفتارە ناپاکیەکانیاندا، ئەمجۆرە پیاوانە زیاتر هەست بەکەمی خۆیان دەکەن و دەیانەوێت لەڕێی ئەنجامدانی ڕەفتاری ناپاکییەوە سەرنجی دەوروبەر بەلای خۆیدا ڕاکێشێت.
١١- ناپاکی کردن لەئەنجامی پاشەکشە لەپەیوەندی هاوسەرییدا: لەمبارەدا پیاو کاتێک هەستدەکات هاوسەرەکەی توندوتیژە یان بەردەوام سەرزەنشتی دەکات و زۆر بڵێ و مامەڵە ڕەقە لەژیانی هاوسەریاندا، یان بەردەوام هەوڵی خۆ زاڵکردن دەدات بەسەریدا و دەخوازێت کۆنترۆڵی هەموو ژیانی هاوسەرییان بکات، بۆیە ئەمجۆرە پیاوانە خۆیان بەناچار دەزانن کە پاشەکشە بکەن لەژیانی هاوسەرییاندا لەڕووی سۆزداری و سێکسییەوە و پەیوەندی ناپاکی لەدەرەوەی ژیانی هاوسەریی دەبەستن بەتایبەتی لەگەڵ ئافرەتانێک کە ئەو هەستەیان پێ ببەخشێت کە ئەوان پیاوێکی نموونەیین یان سەرداری گشت پیاوانی دنیان، واتە پەیوەندیە ناپاکیەکە لەپێناو پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەیە کە لەئەنجامی خراپی ڕەفتاری هاوسەرەکەیەوە تیایدا دروستبووە.
١٢- ناپاکی چاوبرسی: لەمبارەدا پیاو وەکو بوونەوەرێکی چاوبرسی دەردەکەوێت، حەزی بچێتە سەر هەر ئافرەتێک هەوڵدەدات بیخاتە داوی خۆیەوە، هەمیشە خۆی لەئاستێکدا دەبینێت کە مافی ئەوەی هەیە وەکو ڕاوچییەک ڕاوی ئەو ئافرەتانە بکات کە سەرسام دەبێت پێیان، خۆی بە بەهێز یان دەوڵەمەند یان خاوەن پلە و پایە دەبینێت و لەمڕوانگەیەوە خۆی بەدەستکراوە دێتە پێش چاو لەپرۆسەی ڕاوکردندا، ئەمجۆرە پیاوانە لەڕابردوودا زیاتر پەنایان دەبردە بەر فرەژنی، بەڵام لەئێستادا پەنا دەبەنە بەر ناپاکی کردن، بەجۆرێک هەر ماوەیەک و بەدوای دڵخوازێکی نوێدا دەگەڕێت، ئەمجۆرە پیاوانە هەمیشە چاوبرسی و چڵێسن بەرامبەر ئەو ئافرەتانەی پێیان سەرسام دەبن، تەنانەت لەهەڵکشانی تەمەن و بوونی نەخۆشیشدا لەهەڵپەکردن بۆ دروستکردنی پەیوەندی ناپاکیی هاوسەریی ناوەستن.
١٣- (ناپاک)ی سایکۆباپی:سایکۆباپی پەشێویەکی دەروونی و کۆمەڵایەتیە لە کەسێتی مرۆڤدا، ئەم تێکچوونەی کەسێتی وا لە کەسەکە دەکات کە ڕێز بۆ دابونەریت و ڕێسا و یاسا و پرەنسیپە ئایینیەکان دانەنێت و بێباک بێت بەرامبەر بەها باوەکانی کۆمەڵگە، ئەوەی ئەمجۆرە کەسانە ئاڕاستە دەکات تەنها ڕەمەک (غریزە) و چێژ و حەزەکانیەتی، ئەمجۆرە کەسانە هیچ پەند لە هەڵەکانیەوە وەرناگرن، هەست بەگوناه ناکەن کاتێک گوناهێک یان تاوانێک یان کەتنێک ئەنجام دەدەن، هەر بۆیە ناپاکی کردن لای ئەمجۆرە پیاوانە زۆر سانایە و چێژی لێوەردەگرن.
١٤- (ناپاک)ی شاد:لەنەخۆشی دوو جەمسەریدا کەسەکە ماوەیەک بە خەمۆکی دەیباتە سەر و ماوەیەک بە شادی، کاتێک نەخۆشەکە ماوەی خەمۆکییەکە بەڕێدەکات و پێدەنێتە قۆناغی شادییەوە ئیدی کەسەکە چالاکی جەستەیی (جوڵەیی) و مێشکی و سێکسی زیاد دەکات، لەمبارەدا پیاو بزۆک و بەهەڵپە دەبێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی ناپاکی لەدەرەوەی ژیانی هاوسەریی، کاتێک قۆناغی شادی تێدەپەڕێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی خەمۆکی ئەگەری زۆر هەیە دەستبەرداری پەیوەندیە ناپاکیەکەی ببێت و پەشیمان بێتەوە.
١٥- ناپاکیکردن لەئەنجامی زیان بەرکەوتن بە مێشک: کاتێک پلی پێشەوەی مێشک (کە ناوەندی ڕابەرایەتی کردن و کۆنترۆلکردنی کەسێتی لەخۆدەگرێت) دووچاری زیان دەبێت بەهۆی دروستبوونی وەرەم یان ڕووداوێکەوە یان پوکانەوە یان هەوکردنەوە، ئەوا دروستکردنی پەیوەندی هەرەمەکیانە و ناڕێک دەبێتە بەشێک لەو تێکچوونە هەڵچوونی و هزری و ڕەفتارانەیەی کە بەهۆی زیان گەیشتن بە مێشکی پیاوەکە دووچاری دەبێت، ڕێدەکەوێت ئەو تێکچوونانە لەلایەنەکانی دیکەدا ڕوونەدات و تەنها ناپاکی کردنی هاوسەریی ڕووبدات، لەمبارەدا کاتێک ناپاکی کەسەکە ئاشکرا دەبێت ئەگەر زۆرە ببێتە هۆی دروستبوونی کێشەی خێزانی بۆ کەسەکە چونکە هۆکارە ئەندامیەکەی ناپاکی کردنەکە ئاشکرا نەبووە بۆ دەوروبەر کە زیان گەیشتنە بە بەشی پێشەوەی مێشک.
١٦- ناپاکی کردن وەک پرەنسیپ: لەمبارەدا پیاو باوەڕی وایە کە ئارەزووە سێکیەکانی نابێت لەلایەن ئایین و سستمی کۆمەڵایەتی و ئاکاری باوی کۆمەڵگەوە کۆتوبەند بکرێت، ئەمجۆرە پیاوانە داننانێن بەهیچ کام لەو سستمانەدا، ئەم مامەڵەکردنەی لەگەڵ ئارەزووە سێکسیەکانی و دروستکردنی پەیوەندیە ناپاکیەکانی وەک بەشێک لەبیروباوەڕەکانی دەچەسپێت، هەربۆیە ئەم پیاوانە ماڵەکانی خۆیان وەک هۆتێلێک بۆ نوستن و ڕێستۆرانتێک بۆ نانخواردن تەماشا دەکەن و هیچ پیرۆزیەکی ژیانی هاوسەرییان لەلانابێت.
١٧- (ناپاک)ی لاواز و بەزیو: لەمبارەدا پیاوی ناپاک لەجۆری ئەو کەسانەیە کە لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە شکستخواردوو و لەڕووی جەستەیی و مەعنەویەوە لاواز و لەڕووی مادیەوە گیرفان بەتاڵە، بۆیە هەمیشە بەدوای هەلێک یان کەسێکدا دەگەڕێت کە هەستی سەرکەوتوویی و بەهێزیی پێببەخشێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەم پیاوە لەلایەن هاوسەرەکە ئافرەتەکەیەوە بەبەردەوامی سەرزەنشت بکرێت و هەست بەلاوازی بوونی تێدا بەرجەستە بکرێت، لەمبارەدا ئەمجۆرە پیاوانە نێرینەیی خۆیان بۆ دەستکەوتنی ئەو هەستە ونبووانەیان بەکاردەهێنن و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە پیاوەتی خۆیان بسەلمێن، بۆیە هەوڵدەدەن لەڕێی دروستکردنی پەیوەندی ناپاکی هاوسەرییەوە لەجیاتی سەرزەنشتەکانی هاوسەرەکانیان لەلایەن دۆستەکانیانەوە پیاهەڵدانیان بۆ بکرێت، لەزۆر باردا ئەمجۆرە پیاوانە پێیان خۆشە هاوسەرە ئافرەتەکانیان بە پەیوەندیە ناپاکیەکانیان بزانن تاکو لەم ڕێگەیەوە ئەو پەیامە بە هاوسەرەکانیان بگەیەنن (ئەگەرچی من لای تۆ پەسەند نیم، بەڵام ئەوەتا کەسی دیکە هەیە کە هۆگری منە و گرنگیم پێدەدات) بەمجۆرە دەیەوێت لەبەردەمی هاوسەرەکەیدا ئەو ڕێز و شکۆیە بەدەستبهێنێتەوە کە لەدەستیداوە.
١٨- (ناپاک)ی بەشخوراو یان کەمبەش:لەمبارەدا پیاو هەست دەکات لەڕووی سۆز و سێکسەوە کەمبەشە یان بەشخوارەوە، ڕەنگە ئەم هەستەی ڕاست بێت و بەڕاستی کەمبەش بێت لەژیانی هاوسەرییدا، وە ڕەنگە ئەم هەستە لە وەهمەوە سەرچاوەی گرتبێت، واتە ڕاستی نەبێت، یان لەشێوەی بێبەشی سەردەمی منداڵییە لە سۆز و خۆشەویستی دایک و باوک، واتە وەک پڕکردنەوەی ئەو هەست بەبێبەشبوونەی سەردەمانی پێشووی ژیانی پیاوەکەدا پەنا بۆ دروستکردنی پەیوەندی ناپاکی دەبات.
١٩- (ناپاک)ی شڵەژاو یان لادەر لەڕووی سێکسی و سۆزەوە: لەمبارەدا پیاو بەهۆی ئەوەی لادەرە لەڕووی ئارەزووە سێکسیەکانی و حەزی نائاسایی و سەیر و سەمەرەی هەیە، ئەم حەز و ئارەزووانەیشی لەچوارچێوەی ژیانی هاوسەرییدا بۆ نایەتە دی، بۆیە پەنا بۆ ناپاکی هاوسەریی دەبات، بۆ نموونە پیاوەکە ئارەزووی هاوڕەگەزبازی هەیە دەچێت پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ڕەگەزی کوڕدا دەکات، یان ئارەزووی سێکسی کۆم دەکات بەڵام هاوسەرەکەی ڕێگەی پێنادات، یان ئارەزووی سێکسی بەکۆمەڵ دەکات لەنێوان خۆی و چەند کەسێکدا، تێکڕا ئەم حەزە نائاسایی و لادەرانانەی دەبنە هاندەری پیاوەکە بۆ دروستکردنی پەیوەندی ناپاکی بەمەبەستی تێرکردنی ئارەزووەکانی و بەدیهێنانی خەونە لادەرەکانی.
٢٠- ناپاکیکردن بەڕێکەوت: لەمبارەدا پیاو خاوەنی باکگراوەندێکی پاک و ڕێکە، پاڵنەری قوڵ و شاراوە بۆ ناپاکی کردن لە کەسێتی ئەم پیاوەدا بوونی نیە، بەڵکو تەنها بەڕێکەوت کاریگەر دەبێت بە ئافرەتێک کە خاوەنی چەند تایبەتمەندیەکی سەرنجڕاکێشە و ئافرەتەکە هەوڵی سەرنجڕاکێشانی پیاوەکە دەدات و پیاوەکەش دەکەوێتە داویەوە. وەک باوە پیاو لەمبارەدا زوو پاشەکشە دەکات و بەخۆیدا دەچێتەوە، یان کاتێک پەیوەندیەکەی ئاشکرا دەبێت و دووچاری شۆک دەبێت دەستبەجێ دەستبەرداری پەیوەندیە ناپاکیەکەی دەبێت و دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکە ئاساییەکەی ژیانی خۆی.
٢١- ناپاکیکردن لەئەنجامی بێزاربوونەوە:لەمبارەدا پیاو زۆر زوو بێزار دەبێت لەهەموو هەڵوێستێک ئەگەر ماوەیەک تێیدا بمێنێتەوە، لەناو ئەو هەڵوێستانەشدا ژیانی هاوسەرییە، کە پاش ماوەیەک هەست بەبێزاری دەکات، بۆیە ئەمجۆرە پیاوانە زوو زوو هەوڵی دروستکردنی پەیوەندیەکی نوێ دەدەن و بەدوای وروژاندنی نوێ و گۆڕینی ئامانجە سێکسییەکانیدا دەگەڕێن، تەنانەت لەگەڵ دۆستەکانیشیدا لەدەرەوەی ژیانی هاوسەری بەهەمان شێوە زۆر نامێنێتەوە و بەدوای دۆستێکی دیکەدا دەگەڕێت.
٢٢- (ناپاک)ی چێژاوی: لەمبارەدا تێڕوانینی پیاو بۆ ئافرەت وەکو تێڕوانینەکانیەتی بۆ خواردن و خواردنەوە جۆراوجۆرەکان، واتە ئافرەت وەکو کاڵایەک تەماشا دەکات کە تەنها بۆ چێژ وەرگرتن بەکاری بهێنێت، هەروەک چۆن حەزی گۆڕینی خواردن و خواردنەوە جۆراوجۆرەکانی هەیە، بەهەمان شێوە حەزی تاقیکردنەوەی ڕوخسار و ڕواڵەتە جیاجیاکانی ئافرەتی هەیە، بۆ نموونە ماوەیەک دەخوازێت لەگەڵ باڵا بەرزێکدا پەیوەندی بکات، ماوەیەکی تر لەگەڵ باڵا کورتێک، یان لاوازێک پاشتر جەستەپڕێک، گەنم ڕەنگێک پاشتر ئەسمەرێک و .. تد، واتە هەموو هەوڵەکانی پیاو لەمبارەدا تەنها لەپێناو وەرگرتنی چێژە و هیچی تر.
٢٣-ناپاکیکردن لەئەنجامی ئەزموونەکانی پیاو پێش چوونە ژیانی هاوسەرییەوە: لەمبارەدا ئەو پیاوانەی لەسەردەمی لاوێتیاندا و پێش چوونە ژیانی هاوسەرگیرییەوە بەردەوام خەریکی پەیوەندی سۆزداری یان سێکسی بوون، ئەگەر هەیە پاش هاوسەرگیریان نەتوانن دەستبەرداری ئەم ڕەفتارانەیان بن، بەنموونە کاتێک ئەم هاوسەرەی ئێستای بەراورد دەکات بەو ئافرەتانەی کاتی خۆی پەیوەندی سۆزداری یان سێکسی لەگەڵ بەستون، هەمیشە سۆزێکی زیاتری دەبێت بۆ ڕابردوو و هەستدەکات هاوسەرگیری کۆتوبەندی لەسەر ئەو ئازادیانە داناوە کە پیشتر هەیبووە، بۆیە هەنگاو دەنێت بۆ شکاندنی ئەو کۆتوبەندانە و ناپاکی دەکات، یان ئەگەر هەیە بەهۆی ئەوەی کاتی خۆی کچێکی خۆشویستووە بەڵام بەهەر هۆیەک بێت پێی نەگەیشتووە ئەوا لەپاش هاوسەرگیری ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێتەوە جارێکی دیکە ئەو پەیوەندیە ڕابردووەی زیندوو دەکاتەوە، چونکە لەمبارەدا هەست بەقوربانی بوونی خۆی دەکات کە کاتی خۆی ئاستەنگیان بۆ داناوە و نەیانهێشتووە بە دولبەرەکەی خۆی بگات.
٢٤- ناپاکیکردن وەک لاسایی کردنەوە یان بەهۆی کاریگەربوون بە دەوروبەر:لەمبارەدا پیاو پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی باشە و هیچ پاساوێکی نیە بۆ ئەوەی ناپاکی بکات، بەڵام بەهۆی ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیەوە کاریگەری هاوڕێیەک یان کۆمەڵێک هاوڕێی لەسەر دروست دەبێت لەکاتێکدا ئەو هاوڕێیانەی ناپاکی لە هاوسەرەکانیان بکەن، بەمهۆیەوە ئەمیش هەنگاو بۆ ناپاکی دەنێت، ئەمجۆرە پیاوانە لاوازن لەڕووی کەسێتیەوە و بەئاسانی کاریگەر دەبن و ئاڕاستە دەکرێن و هەوڵی لاسایی دەوروبەریان دەدەن، پێیان وایە ئەگەر ئەمانیش وەک هاوڕێ ناپاکەکانیان نەبن ئەوا بە کەم سەیر دەکرێن، بە واتایەکی تر ئەمجۆرە پیاوانە خاوەنی پرەنسپی تایبەت بەخۆیان نین و دوای قەرەباڵغی دەکەون.
٢٥- ناپاکیکردن لەئەنجامی گەیشتن بەقۆناغی هەرزەکاری دووەم: ڕێژەیەکی بەرچاو لەپیاوان لە چلەکان و پەنجاکانی تەمەنیاندا دەگەڕێنەوە بۆ هەندێ ڕەفتار و بیرکردنەوە و ئاڕاستەی دەروونی کە ئەو نیشانانە لە قۆناغی هەرزەکاریدا دەردەکەون، واتە ئەو ڕەفتار و نیشانانە لەگەڵ پێگەی کۆمەڵایەتی و کەسێتی و تەمەنی ئەم پیاوانەدا ناگونجێت، بۆ نموونە ئەمجۆرە پیاوانە لەقۆناغی هەرزەکاری دووەمیاندا پەیوەندی ناپاکی هاوسەری دەکەن و زۆر گرنگی بەخۆیان دەدەن، بەدەوام هەوڵی ڕێکپۆشی دەدەن و قژیان بۆیاخ دەکەنەوە و بەدزیەوە پەیوەندیە ئەلکترۆنیەکانیان لەگەڵ

دۆستەکانیاندا ئەنجام دەدەن، لەکاتێدا لەم تەمەنەدا کچ یان کوڕی هەرزەکار یان گەنجیان هەیە، کە ڕەنگە ئەوان لەو کاتەدا سەرقاڵی پەیوەندی سۆزداریەکانیان بن، واتە ئەم باوکە کێبەرکێ لەگەڵ کوڕەکەیدا دەکات، ئەو پیاوانەی بەمجۆرە ڕەفتار دەکەن زیاتر ئەوانەن کە لەقۆناغی هەرزەکاری و سەرەتای گەنجێتیاندا بێبەشبوون لەپەیوەندی کردن بەڕەگەزی بەرامبەرەوە، واتە لەدەست چەپاندنی سێکسی یان سۆزداری دەناڵێنن، یاخود بەهۆی ئەوەوەیە کە پیاو لەم قۆناغەدا هەستدەکات هێشتا گەنجە و دەتوانێت ببێتە جێی سەرنجی ئافرەتان بەمەش ئەو دڵەڕاوکێیە لەخۆی دوور دەخاتەوە کە لەئەنجامی سەرکەوتنی تەمەن و دەرکەوتنی هەندێ جۆری نەخۆشی تایبەت بە گەورە ساڵییەوە لێی دەرکەوتون.
٢٦- ناپاکیکردن لەئەنجامی ناچارکردن بۆ هاوسەرگیری کردن لەگەڵ کچێکدا: لەمبارەدا پیاو لەلایەن باوک یان دایک یان خێزانەکەیەوە ناچار کراوە کە هاوسەرگیری بکات لەکاتێکدا ئەم هیچ بەرنامەیەکی نەبووە یان خواستێکی نەبووە بۆ هاوسەرگیری کردن، یاخود کاتێک بڕیاری هاوسەرگیری دەدات ئەوا خێزانەکەی ناچاری دەکەن کە کچێکی دیاریکراو بهێنێت لەکاتێکدا ئەم هیچ ئارەزوویەکی بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوسەری نیە لەگەڵ ئەو کچەدا، بەڵکو دواجار لەبەر خاتری باوک یان دایکی ئەو کەسە دەخوازێت، بۆیە پاشتر لەژیانی هاوسەرییدا ئەمجۆرە پیاوانە بەردەوام هەست بەبۆشاییەکی سۆزداری و سێکسی دەکەن و هەمیشە ئەو هەستە دایاندەگرێت کە هێشتا هاوسەرگیریان نەکردووە، بۆیە خۆیان بەناچار دەزانن کە ناپاکی بکەن.

 

دەروونناس: سامان سیوەیلی

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.