شوبات 16, 2019

ساری زۆری لەگەڵ چێڵسی نەماوە و شوێنگرەوەیشی دیاری دەکرێت

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ساری زۆری لەگەڵ چێڵسی نەماوە و شوێنگرەوەیشی دیاری دەکرێت
راهێنەری یانەی چێڵسی، ماوریزیۆ ساری، دوای شکستە گەورەکەی کە لەسەر دەستی یانەی مانچستەر سیتی تووشی هات، شوێنەکەی لە بلوز لەق دەبێت و شوێنگرەوەیشی دیاری کراوە.
ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە، دوای شکستی یانەکەی لەسەر دەستی تیپەکەی پێپ گواردیۆلا، چارەنووسی لە یانەکەدا لێڵە و ئەگەری نەمانی زۆرە، هەروەها جیانفرانکۆ زۆڵا زۆر نزیکە لەوەی شوێنەکەی بگرێتەوە.
راپۆرتە مێدیاییەکان، بڵاویان کردەوە، کە ساری لە نزیکترین کاتدا لە یانەکە نامێنێت، ڕۆژنامەی لا گازێتتا دێللۆ سپۆرتیش ئەو زانیارییەی پشتڕاست کردووەتەوە، بە تایبەت دوای لێدوانەکەی لە دژی خاوەنی یانەکە.
زۆلا، ئێستە یاریدەدەری سارییە و بە شێوەی کاتی دەبێتە راهێنەری یانەی چێڵسی، تا ئەو کاتەی شوێنگرەوەیەکی جێگیر و گونجاو دەست دەخەن.
مێدیاکە باسی ئەوەیشی کردووە، کە دیێگۆ سیمۆنی و فرانک لامپارد، کە ئێستە راهێنەری یانەکانی ئەتلەتیکۆ مەدرید و دێربی کاونتین، بە جێگرەوەی بەهێز بۆ داهاتوو دادەنێن.

سێ یاریزانی یانەی بەرشلۆنە هەڕەشەی ڕاگرتنیان لەسەرە
جارێکی دیکە یانەی بەرشلۆنە نەیتوانی سەرکەوتن تۆمار بکات و لە گەڕی بیستوسێی لا لیگادا، بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی ئەتلەتیک بلباودا کەوتە داوی یەکسانبوونەوە.
ڕۆژنامەی سپۆرتی کاتەلۆنی بڵاوی کردووەتەوە، کە لینگلێتی بەرگریکاری یانەی بەرشلۆنە، کارتی چوارەمی زەردی لە یارییەکە وەرگرت و بە کارتێکی دیکە، ڕادەگیرێت.
هەروەها هەریەک لە ئیڤان راکیتیچت و ڤیدالیش لە هەمان دۆخدان و خاوەن چوار کارتی زەردن.
بەرشلۆنە ترسی لەوە هەیە، ئەو یاریزانانەی لە یارییەکانی داهاتوودا لە دەست بدەن، بە تایبەت کە سێیەمین یارییە ناتوانن سەرکەوتن بە دەست بهێنن، هەرچەندە بە ٥١ خاڵ لە سەرلیستی یانەکانی خولی ئیسپانیادان.

سوارێز بۆندێکی بۆ هاتووە و لەوانەیە بەرشلۆنە جێ بهێڵێت
راپۆرتی مێدیا ئیسپانییەکان، بڵاویان کردووەتەوە، کە لویس سوارێزی ئۆروگوایی هێرشبەری یانەی بەرشلۆنە، بۆندێکی بۆ چووە و ئەگەر هەیە بەرشلۆنە جێ بهێڵێت.
رۆژنامەی دۆن باڵۆنی ئیسپانی بڵاوی کردووەتەوە، کە سوارێز لە یانەکانی خولی چینەوە، بۆندی نافەرمی بۆ چووە، بەڵام هەنگاوەکە تەنیا لە گفتوگۆدا دەبینرێت.
رۆژنامەکە، دووپاتی کردووەتەوە، کە یانەی مانچستەر یونایتدیش دەیەوێت سوارێز دەست بخات، کە جگە لە پێدانی مووچە، بۆ سێ وەرزیش سێ ملیۆن یۆرۆی پێ دەدات.
ئەو هێرشبەرە ٣٢ ساڵانە، بڕیاری داوە ئەگەر بەرشلۆنە ئەم وەرزە چامپیۆنس لیگ بباتەوە، ریزەکانیان جێ دەهێڵێت.
ئێستە هاندەرانی یانەی بەرشلۆنەیش، وەک پێویست لە ئاستی لویس سوارێز رازی نین، هەرچەندە لە دوای مێسییەوە زۆرترین گۆڵی بۆ بەرشلۆنە تۆمار کردووە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler