ئاب 23, 2019

رۆژی نیشتمانیی وه‌رزشیی كوردستان راگه‌یاندرا

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 10-2-2019، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌رزش و لاوانی هه‌ولێر، رێكخراوی رۆژی وه‌رزشی كوردستان، له‌ پرێس كۆنفڕانسێكدا، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یەك له‌ پاڵه‌وانان و وه‌رزشوانانی كوردستان، پرۆژه‌ی دیاریكردنی رۆژی وه‌رزشی كوردستانی ئاشكراكرد، ئامانج و كاره‌كانی خۆیان بۆ میدیاكاران و ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو، پاڵه‌وان و وه‌رزشوانایش ئەرێنییانە بە دەم پڕۆژەکەوە چوون، به‌ڵێنی هه‌موو پاڵپشتییه‌كیان له‌ رووی مادی و مه‌عنه‌وه‌ییەوە دا‌، خۆشحاڵیی خۆیشیان ده‌ربڕی، كه‌ هاوشێوه‌ی وڵاتانی دیکە له‌ كوردستانیش ئه‌م رۆژه‌ هه‌بێت.

وڵاتانی دراوسێش خاوەن ئەو ڕۆژەن
سۆران لوقمان، خاوەن بیرۆكەی ئەو پڕۆژەیە و بەرپرسی بەشی وەرزشی كەناڵی كوردستان 24، ئاماژەی بەوە كرد، لە هەریەك لە وڵاتانی توركیا، ئێران، قه‌ته‌ر، ئیمارات، به‌حره‌ین، ژاپۆن، هیندستان، مالیزیا، رووسیا، ئه‌مریكا و ده‌یان وڵاتی دیكه‌ ساڵانێكی زۆره‌ رۆژێك هه‌یه‌ بۆ وه‌رزش، ئێمه‌یش وه‌ك رێكخراوی Kurdistan Sports Day ده‌مانه‌وێت له‌ كوردستان رۆژێكی تایبه‌ت بۆ وه‌رزش ده‌ستنیشان بكرێت، وه‌كو چۆن رۆژی ئاڵا هه‌مووان كۆده‌كاته‌وه‌، وه‌رزشیش هه‌مووان كۆبكاته‌وه‌ و سیمایه‌كی وه‌رزشی به‌ وڵات ببه‌خشین.
ئەو مێدیاكارە، روونی كردەوە "ئەم پرۆژەیە موڵکی هەموو ئەو کەسانەیە کە خۆیان بە خاوەنی دەزانن، هه‌ر وه‌رزشوانێك، هه‌ر میدیاكارێكی وه‌رزشی، هه‌ر به‌رپرسێكی وه‌رزشی و هه‌ر وه‌رزشدۆستێكی ئه‌م وڵاته‌ خاوه‌نی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، به‌بێ ره‌چاوكردنی ره‌نگ و بیركردنه‌وه‌ و شار و شارۆچكه‌، ده‌مانه‌وێت رۆژی نیشتیمانی وه‌رزش هی هه‌مووان بێت و هه‌مووان به‌شداریی بكه‌ن."

هۆ و گرینگی بوونی ڕۆژی وەرزشی كوردستان
لوقمان، كە پێشتریش لەگەڵ هاوكارانی لە كەناڵەكەیاندا بایەخێكی زۆریان بە ڕەوتی وەرزشی كوردستان داوە، ئەوەی خستە روو، كە ده‌یانه‌وێت له‌ رێی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ وه‌رزش به‌ كولتوور بكرێت، جوڵه‌یه‌كی وه‌رزشی له‌ كوردستان دروست بێت، رۆژێك بۆ رۆژمێری كوردستان زیاد بكه‌ن، هه‌موو رۆژێكی هەرێمی كوردستان له‌یه‌كتری نه‌چێت و ئه‌مڕۆ له‌ دوێنێ و سبه‌ینێ له‌مڕۆ نه‌چێت.
سەرنجی خستە سەر ئەوەیش "نامانه‌وێت وه‌رزش ته‌نیا له‌ رۆژێك قه‌تیس بكه‌ین، به‌ڵكوو ده‌مانه‌وێت وه‌ك چۆن 365 رۆژ ئاڵای كوردستان به‌رزه‌ و ده‌شه‌كێته‌وه‌ و پیرۆزه‌، به‌ڵام له‌ رۆژی ئاڵا هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌وه‌كانمان تۆخ ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئاوایش هه‌موو رۆژێك گرینگی به‌ وه‌رزش بده‌ین، به‌ڵام له‌ رۆژی نیشتیمانی وه‌رزش كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزتر بۆ وه‌رزشی ئه‌م وڵاته‌ دروست بێت و قه‌باره‌ و مافی خۆی پێبدرێت، پیشانی بده‌ین دوای تێكشكانی داعش له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی به‌سه‌ر میلله‌تی كورددا دێت، كورد وه‌ك هه‌میشه‌ ئاشتیخوازه‌ و خه‌ریكی وه‌رزش و ژیان ده‌بێت و ته‌سلیم نابێت و به‌هیواوه‌ له‌ سبه‌ی ده‌ڕوانێت."

چواری چوار، ڕۆژێكی لەبار
سۆران لوقمان، وەك لە پۆستەكەیدا لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە "بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان ئه‌م رۆژه‌ به‌ هی خۆیان بزانن، نه‌مانویستووه‌ ئه‌م بۆنه‌ نیشتمانییه‌ به‌ هیچ شتێكه‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌، پێشنیاز ده‌كه‌ین رۆژی 4/4 ببێته‌ رۆژی وه‌رزشی كوردستان، له‌ ده‌ستپێكی به‌هاردا له‌ كوردستان كه‌شێكی له‌بار هه‌یه،‌ هه‌مووان بێنه‌ مه‌یدان و سه‌ر شه‌قام دوای زستانێكی سارد ده‌ست به‌ وه‌رزش بكه‌نه‌وه‌."
ئامانجی داهاتووی رێكخراوەكە
ناوبراو لە بارەی ئامانجی داهاتووی رێكخراوەكەوە، ئاماژەی بەوە كردووە "به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ وه‌رزشییه‌كان ده‌مانه‌وێت ئه‌م رۆژه‌ ببێته‌ رۆژێكی فه‌رمی و له‌ رۆژژمێری حكوومه‌تدا ئه‌م رۆژه‌ وه‌كوو رۆژی وه‌رزشی كوردستان دانی پێدابنرێت، ده‌زانین ده‌ستمان داوه‌ته‌ كارێكی گه‌وره‌ و ئامانجی گه‌وره‌، به‌ڵام به‌ هیمه‌تی هه‌مووان پێداگیری له‌سه‌ر به‌ئامانج گه‌یشتنی ئه‌م پڕۆژه‌ نیشتیمانییه‌ ده‌كه‌ین."

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler