ئاب 23, 2019

تۆپی پێ بووەتە دیاردەیەک، هیچ بەربەست و سنوورێک ناتوانێ ڕێ لە بڵاوبوونەوەی بگرێت

هەر دیاردە و کردەیەک، کە لە سەرەتادا دەئەفرێنرێت، خەڵکێکی کەم و سنوورداری لە دەور کۆ دەبێتەوە، بە تێپەڕبوونی کات، ئەگەر ئەو دیاردە کردەنییە، لە دڵ و مێشکدا جێ بگرێ، دەبێتە حەزێکی گشتی مرۆیی و کەسانێکی زۆر پێوەی ئاڵوودە دەبن و ناتوانن لێی دوور بکەونەوە، مەگەر بارێکی ناکاو، یان پێشهاتێکی شۆکهێنەر، ئەو دۆخە بهێنێتە پێشەوە.

لە سەرەتادا، تۆپی پێ خاوەنی هەبوو، لەلایەک چینییەکان و لەلایەکی دیکە ئینگلیزەکان، بە دۆزەوە و پەرەپێدەری یارییەکە خۆیان دەناساند، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەد ساڵ بەسەر ئەو سەردەم و ڕێکەوتەدا، ئێستە کەس خاوەنی تۆپی پێ نییە و لە هەمان کاتدا هەموو دنیاش خاوەنیەتی، ئەوانە خاوەنی تۆپی پێن، کە کارگێڕیی باشن و ورد و زانستییانە تۆپی پێ ئیدارە دەدەن، ئەوانەی ناسناوگەلی وەرزشی و تۆپی پێی گشتی و تایبەت دەبەنەوە، ئەوانەی بە جوانترین شێوە و شارستانیترین ڕێ هانی تیم و هەڵبژاردە دڵخوازەکانیان دەدەن، ئەوانەی سنووری یەکتر نابڕن لە هاندان و زیادەڕەوی ناکەن لە خۆشەویستییان بۆ تیمێک یان یاریزانێک.
تۆپی پێ، لەوانەیە لە هەندێ رووی بازرگانی و بواری دیکەوە دەستی تێ وەربدرێ و هەندێ جاریش ناوبژیوان هەڵەیەک بکا و ئەنجامەکەی بگۆڕێ، بەڵام وەک یەکێک لە تاکە دیاردەکانی گەردوون دادەنرێت، کە کاریگەریی راستەوخۆی هیچ بوار و بابەت و هێزێکی لەسەر نییە، لە نێو یاریگە چی بکەی، ئەوە ڕۆڵی لە ئەنجامی یارییەکەدا دەبێ، چۆن هەل بقۆزێتەوە بۆ گۆڵ، ئەو پێشهاتە وا دەکات ببیتە خاوەنی ئەنجامی یاری.
هەمووان دەزانین کە ماڕادۆنا، گۆڵێکی دەستینی تۆمار کرد و بەو گۆڵە، ناوی زیاتر چووە مێژووەوە، چونکە بە هۆی ئەوە گۆڵەوە، دواتر بووە خاوەن جامی جیهانی و ئێستەیش لە کاتی بەراوردکارییەکاندا، بە خاڵی یەکلاکەرەوە و جیاوازیی نێوان ئەو و مێسی دادەنرێت. خۆ تەنێ باسکردنی ئەو بارەی ماڕادۆنا تێیدا سوودمەند بوو، دادگەری نییە، چونکە چەندان پێشهات و ڕووداوی دیکەی نێو یاریگە، وایان کردووە ئەنجامی یاریی بگۆڕدرێن، لێ زەقترین پێشهات، هەر ئەوەی دیێگۆیە، بۆیە ئەستەمە لە یادی هیچ وەرزشوانێک بچێتەوە، چ ئەوانەی لەو سەردەمە تەماشاڤانی وەرزش بوون، چ ئەوانەی دیکە کە پاش ساڵانێکی زۆر لەو پێشهاتە، بوونەتە هۆگر و سەیرکەری تۆپی پێ.
بڕێجار، بەختی ڕۆڵی باشی لەوەدا دەبێ، وەک تیپێمی باش بناسرێی، بەڵام ئەمەیان بۆ هەڵبژاردەکان راستە، نەک بۆ یانە و تاکەیاریزانێک، بۆ وێنە، تیپێک بە بردنەوەی ٧ یاری، یان کەمتر دەبێتە خاوەن گەورەترین و بەنرخترین ناسناو و دەستکەوتی تۆپی پێ، کە جامی مۆندیالە، بەڵام یانەیەک دەبێ نزیکەی ٤٠ یاری بکات، تا جامی خولێک یەکلا بکاتەوە، لە چامپیۆنز لیگیش پێویستی بە بردنەوەی ١٠ یاری یان کەمترە، بەڵام هاوشانی ئەو چامپیۆنس لیگە، یاریی دیکەی جامی ناوخۆی وڵاتەکە و خولەکەیش ئەنجام دەدا، واتە یانەکە تەنێ خۆی بۆ ئەو خولە تەرخان نەکردووە.
کە دەوترێ تۆپ خڕە، بۆ ئەوە نییە هەواڵی پێدانی خڕیی تۆپ بدرێ، بەڵام مەبەست لە بێباری و راستەڕێنەبوونیەتی، یانی لە هەر خولەکێکدا، دەشێ بە لایەکدا بکەوێ، یان بۆ بەرژەوەندیی تیپێک بسووڕێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا، بەهرە و جەستە و عەقڵێک هەیە، کە دەتوانێ ڕێڕەوی تۆپ بگۆڕێت، دەتوانێ جڵەوی تۆپ بگرێتە دەست، توانا و هونەرزانی، وا دەکەن تۆپ، ببێتە هەویری کێکێک و بە ئارەزووی تۆ، شێوەی بگۆڕێ، کە لەم ڕستەیەدا، مەبەستێکی مەعنەویی (واتایی) هەیە، بەو واتەیەی، مەبەست لەوە نییە تۆپ خڕییەکەی لە دەست بدا، بەڵکوو لێوەرگرتنەوەی ئەو خاسیەتانەی کە ماددە خڕەکان هەیانە، ئەمەیش بارێکی فیزیایی (سروشتناسی)ـیە.
هەموو ئەو پێشکەوتنانەی بەسەر تۆپی پێدا هاتن، وایان کرد وەرزش ڕەگێکی وا دابکوتێ، وەک ئەوەی هەر لەگەڵ دروستبوونی زەوییەوە دروست بووبێ و ڕەگەکەی لە ناو هەناوی زەویدا بێت، پێشتر ئەگەر تەنێ خەڵکێکی زۆر تەنیا چوار ساڵ جارێک سەیری مۆندیالیان کردبێ، ئێستە بەشێکی زۆری خەڵک چوار رۆژ جارێک تەماشای یاریی خولە بەهێزەکان دەکەن، لە کاتی کاری گرینگی خۆیان دەدەنە یاری، وردتر لە یاریزانان دەڕوانن و چاودێری بۆند و بازاڕی گواستنەوە و پێکانی یاریزان و فرۆشتنی درێس و ڕێکلامی یاریزانان دەکرێت، تەنانەت بە دوای ماڵبات و خانەوادەکەییشیدا دەچێت و بەشێکی هاوسەر و هاوڕێکچانی یاریزانانیش دەناسرێنەوە.
کارناسانی وەرزش، چەند زۆر بن، واتە ئەوانەی شارەزای وەرزش و شیکردنەوەی بوارەکەن، کەچی هەریەکەیان بینەر و سەرنجدەری خۆی هەیە، چەند کەناڵی گواستنەوەی یاری زۆر بن، هیچیان بێبینەر نابن، چەند بێژەر و هەواڵخوێن و هەواڵنووسی بوارەکە هەبن، هەریەکە و بە پێی ئاست و توانای خۆی، بینەر و خوێنەر و هەواداری خۆی هەیە.
خاڵی جێی سەرنج، کە دەبێ ئاماژەی پێ بدرێ، ئەوەیە کە ڕکەبەرییەکی زۆر لە نێوان یانە و یاریزانان هەیە و زۆر جار دوو جەمسەری تۆپی پێ دروست بدەن، بەڵام ئەو رکەبەرییانە لە رووی زانستی دەروونزانییەوە، وا دەخرێتە روو بە بەرژەوەندیی تۆپی پێدا بشکێتەوە، بەو پێیەی هەر ڕکەبەرەو و دەیەوێ لە یارییەک بۆ یارییەکی دیکە، ئاستێکی باشتر و هونەرێکی تازەتر پێشکەش بکا، کۆششی زیاتر و ڕاهێنان و خۆماندووکردنی پتر دەچێژێ، تا لە ململانێکان دوور نەکەونەوە.
ناکرێ، تەنێ وای لێک بدەینەوە، تۆپی پێ وەک تاکەیاری پێش کەوتووە، بەڵکوو زۆربەی یارییەکانی دیکەی وەک باسکە و بالە و گۆڵف و تێنس یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدانیش، پێشڤەچوونی بەرچاویان بە خۆیەوە بینیوە، چ لە رووی تەماشاڤان، لە رووی ئاست و کوالێتی و تەکنیکی یارییەکانەوە. 

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler