ئاب 23, 2019

كچانی كۆیه‌ بوونه‌ پاڵه‌وانی كوردستان و ئه‌فرۆدێتیش پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێنا

بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ له‌ هه‌ولێر و له‌ هۆڵی یانه‌ی ئه‌كاد قۆناخی كۆتایی پاڵه‌وانیه‌تی باله‌ی كچان یانه‌كانی كوردستان به‌ڕێووه‌چوو، دوای ڕكه‌به‌ری له‌ نێوان یانه‌كانی (پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، ئه‌فرۆدێت، كۆیه‌، ئه‌كاد)، یانه‌ی كۆیه‌ بووه‌ پاڵه‌وان و له‌ هه‌رسێ یارییه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، یانه‌ی ئه‌فرۆدێتیش توانی پله‌ی دووه‌م به‌ده‌ست بهێنێت، پاڵه‌وانیه‌تیه‌كه‌ به‌ هۆی بارودۆخی دارایی ماوه‌ی 4 ساڵ بوو، به‌ڕێوه‌ نه‌چوو بوو، به‌ گوته‌ی سه‌رۆكی فیدڕاسیۆنی باله‌ی كوردستانیش ئه‌گه‌ر لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی هاوكارییان بكات، پاڵه‌وانیه‌تی باله‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌.

پاڵه‌وانیه‌تیه‌كه‌ له‌ ئاستێكی به‌رزدا بوو
ده‌رباره‌ی پاڵه‌وانیه‌تیه‌كه‌یش(فكره‌ت خه‌سرۆ) سه‌رۆكی فیدڕاسیۆنی باله‌ی كوردستان گووتی" ماوه‌ی 4 ساڵ بوو ئێمه‌ خولی باله‌ی كچانمان نه‌كرد بۆوه‌، یانه‌كانیش فشاری زۆریان ده‌كرد تا خولیان بۆ بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی بودجه‌ی تایبه‌ت به‌ فیدراسیۆنه‌كه‌مان نه‌مان ده‌توانی پاڵه‌وانیه‌تی بكه‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ بیرمان له‌وه‌ كرده‌وه‌ به‌ هاوكاری یانه‌كان بڕێك پاره‌ له‌ یانه‌كان وه‌ربگرین و پاڵه‌وانیه‌تیه‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌، قۆناخی یه‌كه‌م 8 یانه‌ به‌شدار بوون، چوار یانه‌ له‌ هه‌ولێر و چوار یانه‌ له‌ سلێمانی ئه‌وانیش یانه‌كانی (پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، ئه‌فرۆدێت، سیروانی شاره‌زوور، ده‌ربه‌ندیخان) له‌ سلێمانی و (كۆیه‌، ئه‌كاد، ئافره‌تانی هه‌ولێر، ته‌ق ته‌ق) له‌ هه‌ولێر دواتر هه‌ر چوار یانه‌ی(پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، ئه‌فرۆدێت، كۆیه‌، ئه‌كاد) سه‌ركه‌وتن بۆ قۆناخی كۆتایی و یانه‌ی كۆیه‌ بووه‌ پاڵه‌وان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مێك بوو پاڵه‌وانیه‌تی نه‌كرا بوو، به‌ڵام پاڵه‌وانیه‌تیه‌كه‌م له‌ ئاستێكی به‌رز بینی و یاریزانان ئاستێكی باشیان هه‌بوو.
سه‌رۆكی فیدراسیۆنی باله‌ی كوردستان هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد به‌هۆی كه‌می یانه‌كانی كه‌ تیپی باله‌یان هه‌یه‌، یانه‌كانی نایاب و پله‌یه‌كمان تێكه‌ڵ كرد، گوتیشی ئه‌گه‌ر لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی هاوكارییان بكات، پاڵه‌وانیه‌تی باله‌ی له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌.
ئه‌نجامی سه‌رجه‌م یارییه‌كانی به‌م شێوه‌یه‌ بوون:
پێشمەرگەی سلێمانی –ئه‌كاد (٣-٢) گێم
كۆیه‌ - ئه‌فرۆدێت (٣-٢)گێم
ئه‌فرۆدێت - ئه‌كاد (٣-٠)گێم
كۆیه‌ -پێشمەرگەی سلێمانی (٣-١)گێم
كۆیه‌ -ئه‌كاد (٣-٠)گێم
ئه‌فرۆدێت‌ -پێشمەرگەی سلێمانی (٢-٣)گێم

ریزبەندی كۆتای بەمشێوەیە بوو:
١- كۆیه‌٨ خاڵ
٢- ئه‌فرۆدێت٥ خاڵ
٣- پێشمەرگەی سلێمانی ٤ خاڵ
٤- ئه‌كاد ١ خاڵ

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler