شوبات 16, 2019

بواتینگ: ده‌مه‌وێت به‌ درێسی بارسێلۆنا تۆڕی ریال مه‌درید بهه‌ژێنم

دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ی بارسێلۆنا بۆ شوێنی مونیر حه‌دادی به‌شێوه‌ی خواستن بۆ ماوه‌ی 6 مانگ پرینس بواتینگی له‌ یانه‌ی ساسۆلۆی ئیتاڵیاوه‌ هێنایه‌ ریزه‌كانی، ئه‌م یاریزانه‌ له‌ یه‌كه‌مین لێدوانیدا گوتی: ده‌مه‌وێت به‌ درێسی بارسێلۆنا گۆڵ له‌ ریال مه‌درید بكه‌م.
بواتینگ به‌ گرێبه‌ستێكی 2 ملیۆن یۆرۆ په‌یوه‌ندی به‌ بارسێلۆنا كرد و ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ كۆی 10 یاری 5 گۆڵی بۆ یانه‌ی ساسولۆ كرد.
بواتینگی ته‌مه‌ن 32 ساڵ له‌ لێدوانێكدا بۆ پێگه‌ی فه‌رمی بارسێلۆنا گوتی: جوانترین گۆڵی ژیانی وه‌رزشیم ئه‌و گۆڵه‌ بوو به‌ درێسی میلان له‌ بارسێلۆنام كرد، ئێستاش ده‌مه‌وێت تۆڕی ریال مه‌درید بهه‌ژێنم.
بواتینگ گوتیشی: هه‌میشه‌ خه‌ونی من ئه‌وه‌ بوو رۆژێك له‌ رۆژان درێسی بارسێلۆنا بپۆشم، سووپاس بۆ خودا به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو خه‌ونه‌كه‌م هاته‌ دی، ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌ بوو كه‌ من مه‌شق و راهێنانه‌كانم به‌ باشی ده‌كرد و زۆر گرینگیم به‌ ئاستی خۆم ده‌دا، بۆیه‌ كه‌وتمه‌ ژێر ڕاداره‌كانی بارسێلۆنا.
بواتینگ ده‌شڵێت: راسته‌ من بۆ ماوه‌یه‌كی كورت هاتوومه‌ته‌ بارسێلۆنا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ك رۆژیش بێت شانازی به‌ پۆشینی درێسی یانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك بارسێلۆنا ده‌كه‌م.
له‌ به‌رسیڤێكدا له‌ باره‌ی كریستیانۆ و مێسی، هێرشبه‌ره‌ نوێیه‌كه‌ی بارسێلۆنا گوتی: كریستیانۆ رۆناڵدۆ نموونه‌ی سه‌رجه‌م یاریزانه‌ لاوه‌كانه‌، چونكه‌ ئه‌و یاریزانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ مه‌شقه‌كان ده‌دات و كۆشش بۆ پێشخستنی ئاستی ده‌كات، كریس ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام بیسه‌لمێنێت باشترینی جیهانه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لیۆنێل مێسی باشترینی جیهانه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی مێسی ده‌یكات به‌ یاریزانه‌كانی دیكه‌ ناكرێت.
بواتینگ ده‌شڵێت: راسته‌ كریستیانۆ گۆڵكه‌رێكی تۆقێنه‌ره‌ و به‌ قاچی راست و چه‌پ و به‌ لێدانی سه‌ر و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك گۆڵ ده‌كات، به‌ڵام ناكرێت به‌ لیۆ مێسی به‌راورد بكرێت، چونكه‌ مێسی یاریزانێكی هه‌ساره‌یه‌كی دیكه‌یه‌ و ناكرێت به‌ مرۆڤی ئاسایی به‌راورد بكرێت.

 

ئەسعەد ئیسماعیل - هەولێر

© 2017 Hawler