تشرینی یەکەم 24, 2020

بەرشلۆنە ڕادەی پێكان و وادەی دووركەوتنەوەی دێمبڵیی ئاشكرا كرد

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ڤاڵ ڤێردی: هەموو ڕەهەندەكانی یانەكەمان بەرانبەر سڤیلیە بەكار دەهێنین
ئیرنستۆ ڤاڵڤێردی، راهێنەری یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، ڕاددەی مەترسیی پێكانەكەی عوسمان دێمبڵی ئاشكرا كرد و لەسەر هەندێ پرسی دیكەیش دوا.
دوای بردنەوەیان 3-1 لە یانەی لیگانێس، ڤاڵڤێردی بۆ مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ وتی: هەموو سەركەوتنێكی گرینگی خۆی هەیە، لیگانسێش گەڕی یەكەمی لێ بردبووینەوە، بۆیە پێمان گرینگ بوو، بە تایبەت كە لە یەكەم هێرش گۆڵیان كرد.
وتیشی: مێسی یارمەتیی یانەكەی دا، هەروەها پێكانەكەی دێمبڵی كە لە گۆزینگیدایە، لێی ناترسین و هیوامان وایە ماوەیەكی زۆر دانەبڕێت.
لە بارەی یاریی چوارشەممەیانەوە بەرانبەر سڤیلیە، وتی: دژی بەرشلۆنە لە جامی شا، پێویستە كە هەموو ڕەگەز و كارتەكانی یانەكە بەكار بهێنین، هەندێ گۆڕانكارییش لە پێكهاتەكەدا دەكەین، سڤیلیەیش وەرزێكی باش بەڕێ دەكات، با چاوەڕێ بكەین بزانین چی روو دەدات.
لەلایەكی دیكەوە، راگەیاندرا، بە هۆی شەكەتبوون و ماندووبوونی ماسوولكەكانییەوە، بەشدار بە بەرگریكار كلیمۆنت لینجلێت نەكرا.

بەرشلۆنە ڕادەی پێكان و وادەی دووركەوتنەوەی دێمبڵیی ئاشكرا كرد
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، رایگەیاند كە پشكنینی پزیشكی بۆ عوسمان دێمبڵی كراوە و بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاوی كردەوە، كە یانەكە رایگەیاندووە، عوسمان دێمبلی لە گۆزینگی پێی چەپی تووشی وەرچەرخان بووە، هەروەها پشكنینی زیاترییشی بۆ دەكرێت، بە تایبەت تیشكی موگناتیسی.
بە پێی راپۆرتە سەرەتاییەكان، ئەگەری هەیە ماوەی 10 تا 15 رۆژ لە یاریكردن داببڕێت.
بەڵام رۆژنامەكە، ئاماژەی بەوە كردووە، ئەگەر هەیە تەنیا یەك هەفتە لە یاریكردن دوور بكەوێتەوە.
دێمبڵی، لە یاریی رابردوویان بەرانبەر لیگانێس لە گەڕی 20ـی لالیگا، لە نیوەی دووەمی یارییەكەوە بە هۆی پێكانەوە یاریگەی جێ هێشت، پێش ئەو كاتەیش گۆڵێكی تۆمار كرد و ئاستێكی بەرزی پێشكەشی دەكرد.
نێیمار: ئەوكاتەی بمەوێت پاریس جێ بهێڵم رایدەگەیەنم
نێیمار دا سیلڤای ئەستێرەی تۆپی پێی بەڕازیلی، دووپاتی كردەوە كە لە یانەی پاریس سان جێرمان دەمێنێتەوە و ئارەزووی وایە هەموو شتێك لەگەڵ یانە پاریسییەكەدا بباتەوە.
نێیمار، ئەوەیشی خستە روو، كە نازانێ بۆچی هەمووان باسی داهاتووی ئەو لەگەڵ یانەی پی ئێس جی دەكەن، لە كاتێكدا یەك وشەیەیشی لە بارەی رۆییشتنی لەو یانەیە نەگوتووە.
مێدیاكان، باسوخواسی ئەوەیان گەرم كردبوو، كە نێیمار لە كۆتایی وەرزدا دەچێتە ریاڵ مەدرید، بۆیە نێیمار لەو رووەوە بە دەنگ هات.
نێیمار وتی: ئەوكاتەی خواستی ئەوەم هەبێ لە پاریس بڕۆم، بە ئاشكرا دەیڵێم، كە وام نەوتووە، واتە دڵخۆش و ئاسوودەم، بۆیە ئەوەی لەسەرم دەگوترێ، راست نییە.
وتیشی: دەمەوێ لەگەڵ پاریس سان جێرمان هەموو ناسناوەكان ببەمەوە، بە تایبەت چامپیۆنس لیگ.
بۆ زانین، یانەی پاریس، لە قۆناغی شانزەی چامپۆنس لیگ، رووبەرووی یانەی مانچستەر یونایتد دەوێت.
بۆ زانین، هاوكاتی دەنگۆی چوونی نێیمار بۆ ریاڵ مەدرید، باسوخواسی گەڕانەوەیشی بۆ بەرشلۆنە لە ئارادا بوو، بەڵام یانەی بەرشلۆنە تا ئێستە لەو رووەوە هیچ راگەیاندراوێكی فەرمی بڵاو نەكردووەتەوە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler