تشرینی یەکەم 24, 2020

ئه‌مڕۆ عێراق و قه‌ته‌ر له‌ یارییه‌كی قورس رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌

له‌ قۆناخی 16ـی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئاسیا، قه‌ته‌ر و عێراق له‌ كاتژمێر 7:00ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، براوه‌ی ئه‌م یارییه‌ش له‌ قۆناخی هه‌شت رووبه‌ڕووی براوه‌ی یاری نێوان كۆریای باشوور و به‌حرێن ده‌بێت كه‌ بڕیاره‌ ئه‌م یارییه‌ش ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌ بچێت.

هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌ راهێنه‌رایه‌تی كاتانیچ راهێنه‌ری سلۆڤینی به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی دوایین یه‌كه‌ی مه‌شق و راهێنانیان ئه‌نجامدا.
عێراق قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئاسیای به‌بێ شكست تێپه‌ڕ كرد و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 7 خاڵ و به‌ پله‌ی دووه‌م بلیتی قۆناخی 16ـی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ی بڕی.
له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ڵبژارده‌ی قه‌ته‌ر به‌ راهێنه‌رایه‌تی فلیكس سانچێزی ئیسپانی به‌ 3 سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌ك و به‌ پله‌ی یه‌كه‌م گه‌یشته‌ قۆناخی 16ـی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌.
به‌ گوێره‌ی میدیاكانی عێراقی، هه‌زاران هانده‌ر له‌ به‌غدا و شاره‌كانی خوار و ناوه‌راستی عێراق بۆ هاندانی هه‌ڵبژارده‌كه‌یان به‌ره‌و وڵاتی ئیمارات به‌ڕێكه‌وتن.
كاتانیچ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ هۆشداریی دایه‌ یاریزانه‌كان كه‌ نابێت رێگه‌ به‌ یاریزانانی قه‌ته‌ر بده‌ن به‌ به‌ ئازادی تۆپه‌كان دابه‌ش بكه‌ن و هێرش ببه‌ن.
كاتانیچ له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: قه‌ته‌ر به‌ شێوازێكی خێرا یاری ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش به‌ هه‌مان پلان و ته‌كتیك یاری ده‌كه‌ین، پشت به‌ خێرایی و هێرشی هه‌ڵگراوه‌ ده‌به‌ستین، ئه‌مه‌ش خاڵی به‌هێز و سه‌ركه‌وتنی عێراقه‌.
له‌ به‌رامبه‌ر فلیكس سانچێز راهێنه‌ری ئیسپانی قه‌ته‌ر جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویست سنوورێك بۆ به‌هێزی هێڵی پێشه‌وه‌ی عێراق دابنێین.
له‌مباره‌یه‌وه‌ راهێنه‌ره‌ ئیسپانیاییه‌كه‌ ده‌ڵێت: خوێندنه‌وه‌ی ته‌واومان بۆ هێڵی پێشه‌وه‌ی عێراق كردووه‌ و ده‌زانین كه‌ یاریزانی به‌هێز و به‌هره‌مه‌ندی تێدایه‌، به‌ڵام ده‌ستنیشانی خاڵه‌ لاوازه‌كانی عێراقمان كردووه‌ و به‌ ئامانجی گه‌یشتن به‌ قۆناخی   
  داهاتوو یاری ده‌كه‌ین.

© 2017 Hawler