کانونی دووەم 18, 2019

شرۆڤه‌ی سه‌رجه‌م یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ و سبه‌ی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان

ئه‌مڕۆ پێنچشه‌مه‌ و سبه‌ی هه‌ینی گه‌ڕی دوازده‌هه‌مینی خولی نایابی كوردستان به‌رێوه‌ده‌چێت، له‌م گه‌ڕه‌دا چه‌ندین رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌هێز و چاره‌نووسساز ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌ندێكیان بۆ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر سه‌كه‌وتنه‌كان هه‌ندێكیشیان بۆ ده‌ربازبوون له‌ریبه‌ندی دواوه‌ ده‌جه‌نگن، ئێمه‌ له‌م راپۆرته‌دا هۆكاری به‌هێزی یانه‌كان و خاڵی لاوازیان ده‌خه‌ینه‌ڕوو، شه‌نو كه‌وی بارودۆخی تیپه‌كان ده‌كه‌ین، له‌وانه‌ هۆكاری شكسته‌كانی پیشمه‌رگه‌ی سلێمانی چین، ئاست به‌رزی شێروانه‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، نهێنی هه‌ڵسانه‌وه‌ی هه‌ندرێن چیه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌م راپۆرته‌دا بزانه‌.

 هه‌ندرێن و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ دێربی پایته‌خت به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ یاریی دێربی ئه‌م گه‌ڕه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت ده‌بێت له‌ نێوان هه‌ندرێن و پیشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، سه‌رتا هۆكاره‌كانی ئاست به‌رزی له‌ دوای شكسته‌ یه‌كبه‌دوای یه‌كه‌كانی هه‌ندرێن ده‌خه‌ینه‌ڕوو، دوای گه‌ری شه‌شه‌م و دۆڕانیان به‌رامبه‌ر به‌ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، سه‌رجه‌م یاریزان و ستافی راهێنه‌ران و ده‌سته‌ی كارگێری به‌ڵێن ده‌ده‌ن، پێداچوونه‌وه‌ به‌كاره‌كانی خۆیان بكه‌ن، یه‌ تایبه‌تیش سه‌رۆكی یانه‌ سه‌ره‌ڕای دۆڕانیان، كه‌چی یاریزانه‌كان داوه‌ت ده‌كات، راهێنه‌ریش كار له‌سر لایه‌نی ده‌روونی یاریزانه‌كان ده‌كات، ئه‌وانه‌شی كه‌مته‌رخه‌م بوون له‌ یارییه‌كانی رابردوو، به‌ڵێنی باش یاریی كردن ده‌ده‌ن، ئه‌مانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بوونه‌ هه‌وێنی سه‌ركه‌وتنه‌ یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كانی هه‌ندرین توانی به‌ ئاستێكی نایاب ده‌ربكه‌وێت و سێ بردنه‌وه‌ و دوو یه‌كسان به‌ده‌ستبێنێت، له‌ ئێستاشدا له‌رووی ده‌روونی زۆر ساز و ئاماده‌ن تا له‌ دژی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر یاریی بكه‌ن، هه‌رچی تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆیه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ یه‌كه‌می ریزبه‌ندیه‌كه‌، خاڵی به‌هێزی پیشمه‌رگه‌ له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی دایه‌، ده‌توانن به‌ ئاسانی به‌رگریكارانی تیپی به‌رامبه‌ر ببڕن، له‌ ناوه‌ڕاستیش كۆنتڕۆلی یاریی بكه‌ن، به‌ڵام خاڵی لاوازی پیشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری له‌ هێڵی به‌رگری دایه‌به‌تایبه‌تله‌ تۆپه‌ جێگیره‌كان و تۆپه‌ به‌رزه‌كان، به‌رگریكاره‌كان دره‌نگ تۆپه‌كان كۆتایی پێدێنن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ دوو ره‌گه‌زی سه‌ركی ساڵانی پێشووی له‌ده‌ستداوه‌، له‌وانه‌ش عه‌بدوڵا جیهانگیر، عیماد ئه‌سعه‌د، كه‌ ئه‌وه‌ی دووه‌میان به‌هۆی زۆری ته‌مه‌نه‌و یاریی پێناكه‌ن، خاڵی باشی ئه‌م وه‌رزه‌ی پێشمه‌رگه‌ دوای هه‌ر دۆڕانێك توانیویه‌تی هه‌ڵسێته‌وه‌ یاریی دواتر بباته‌وه‌، ئه‌م یارییه‌ش به‌هۆی لێكنزیكی یاریزانه‌كان یارییه‌كی زه‌حمه‌ت ده‌بێت بۆ هه‌ردوولا.

ده‌ربه‌ندیخان له‌ دووری هانده‌رانی به‌ره‌نگاری نه‌ورۆز ده‌بێته‌وه‌
نه‌ورۆز له‌ یارییه‌كی هه‌ستیار میوانداریی ده‌ربه‌ندیخان ده‌بێت، نه‌ورۆز تیپێكی به‌هێزه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌نجامه‌كانی له‌م وه‌رزه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ له‌سه‌ر ئه‌م تیپه‌ خاڵ له‌ده‌ستدانییه‌تی له‌نێو یاریگای خۆی، راهێنه‌ر خه‌سرۆ گۆروون، زیاتر پلانه‌كانی له‌سه‌ر بۆشایی و فه‌راغه‌كانی تیپی به‌رامبه‌ر داده‌رێژێ، بۆیه‌ هه‌رتیپێك به‌ پلانی به‌رگری یاریی به‌رامبه‌ر نه‌ورۆز بكات ئه‌وا خه‌سرۆ تووشی كیشه‌ ده‌كات، نه‌ورۆز له‌ هێرشی پێچه‌وانه‌ زۆر لێهاتوون، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ له‌ یاریی رابردوو به‌ 10 یاریزان له‌ نێو یاریگای زێره‌ڤانی براوه‌بوون، دوای ئه‌وه‌ی له‌ دوو هێرشی پێچه‌وانه‌ دوو گۆڵیان تۆمار كرد، دیار عه‌لیش له‌ نه‌ورۆز گۆڵكاری خوله‌ به‌ 7 گۆڵ، ده‌ربه‌ندیخانیش خاڵی به‌هێزی له‌ به‌رگریدایه‌، بۆیه‌ ئه‌م یارییه‌ بۆ نه‌ورۆز زه‌حمه‌ت ده‌بێت، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌م یارییه‌ه‌ ناتوانێت سوود له‌ تواناكانی ئاراز موسته‌فا وه‌ربگرێت كه‌ به‌هۆی كارتی سوور سڕ كراوه‌.

له‌ بادینان یاری لوتكه‌ له‌ نێوان زاخۆ و زێره‌ڤانی ده‌كرێت
له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی ئه‌م گه‌ڕه‌ زاخۆ له‌نێو ماڵی خۆی میوانداری زێره‌ڤانی زامداری گه‌ری رابردوو ده‌كات، زاخۆش به‌ وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه‌، خۆی ئاماده‌ كردووه‌، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو له‌ برایه‌تی برده‌وه‌، ئاستی زاخۆ مام ناوه‌نده‌ به‌ پێی توانای یاریزانه‌كان پلان داده‌ڕێژن بۆ یارییه‌كان، به‌ وشكی یاریی ده‌كه‌ن، تیپێكی داخراون، له‌ یاریی كردندا به‌رگری ده‌كه‌ن، به‌دوای هه‌لێك و هه‌ڵه‌یه‌كی تیپی به‌رامبه‌ر ده‌گه‌ڕێن تا گۆڵ تۆمار بكه‌ن، به‌ڵام به‌رده‌وام له‌ یاریگای خۆیان ژماره‌هیه‌كی گه‌وه‌ری خوله‌كه‌ن، هه‌رچی زێره‌ڤانییه‌ به‌ بارودۆخێكی خراپه‌وه‌ روو له‌م یارییه‌ ده‌كات، ئه‌م وه‌رزه‌ ئاستی جێگیر نییه‌، له‌ یاریگای خۆی به‌ ئاسانی خاڵ له‌ده‌ست ده‌دات، كه‌ ئه‌مه‌ خاڵی كوشنده‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی زێره‌ڤانییه‌، پرسیاره‌ راسته‌قینه‌كه‌ ئه‌وه‌ تیپه‌كه‌ی سلێمان ره‌مه‌زان وه‌ك وه‌رزی رابردوو له‌ قۆناخی دووه‌م به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ و ده‌بێته‌پاڵه‌وان یان نا توانێ ئه‌مساڵ ئه‌مه‌ بكات.
دهۆك بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی گازی باكوور گه‌یشتۆته‌ كه‌ركووك‌
سبه‌ی هه‌ینی گازی باكوور له‌ نێو خاك و جه‌ماوه‌ری خۆی میوانداری دهۆكی نه‌دۆڕاو له‌ یازده‌ گه‌ڕی رابردووی خوله‌كه‌ ده‌كات، گاز ئه‌م هه‌فته‌یه‌ راهێنه‌رێكی تازه‌ی هێناوه‌ له‌ پێناو به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی تیپه‌كه‌یان ئه‌وه‌یش عیماد قادره‌، محه‌مه‌د قاسمیشی كرده‌وه‌ به‌ یاریده‌دری ئه‌م راهێنه‌ره‌، ده‌یانه‌وێت له‌م یارییه‌ رێگای هه‌ڵسانه‌ و شادبوونه‌وه‌ به‌ سه‌ركه‌وتن بدۆزنه‌وه‌، چونكه‌ تا ئێستا به‌ شێوه‌یه‌كی باش له‌ خوله‌كه‌ ده‌رنه‌كه‌وتوونه‌، كیشه‌ی گاز له‌ چاره‌كی كۆتایی یاریبه‌كانه‌ به‌رده‌وام له‌ دواین به‌شی یاریه‌كان گۆڵیان لێ تۆمار ده‌كرێت، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان كه‌م ئه‌زموونی به‌شێك له‌ یاریزانه‌كانه‌، كه‌ لاون و تازه‌ له‌ سه‌ركه‌وتوون بۆ تیپی یه‌كه‌م، ‌له‌ رووی جه‌سته‌یه‌وه‌ش باش ئاماده‌ نین.
له‌ به‌رامبه‌ردا دهۆك له‌سه‌رتای خوله‌وه‌ به‌ ئاستێكی جێگیر ده‌ركه‌وتووه‌، تامی هیچ شكستێكی نه‌كردووه‌، دهۆك له‌ تیپه‌ گه‌وه‌ركان ده‌باته‌وه‌ و به‌رامبه‌ر بچووكه‌كان یه‌كسان ده‌بێت، به‌هێزترین هێڵی به‌رگری هه‌یه‌، ته‌نها شه‌ش گۆڵیان خواردووه‌، كیشه‌ی دهۆك ئه‌وه‌یه‌ هێرشبه‌رێكی سه‌ره‌ڕمی پێویسته‌ تا یارییه‌كانی دیكه‌ش بباته‌وه‌، ئه‌م یارییه‌ بۆ هه‌ردوو تیپ قووڕس ده‌بێت، چونكه‌ دهۆك چاوی له‌ پێشه‌نگه‌ و گازی باكووریش به‌دوای بردنه‌وه‌ وێڵه‌.

پیشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌ یارییه‌كی قورس میوانداریی شێروانه‌ ده‌كات
ئه‌م یارییه‌ سبه‌ی هه‌ینی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، بۆ ئاشنابوون له‌ هۆكاری شكسته‌ یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ئه‌رسه‌لان جه‌لالی راهێنه‌ر بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێروتی: چوار خاڵ بوونه‌ته‌ هۆكاری شكستی تیپه‌كه‌مان، یه‌كه‌م من خۆم به‌رپرسی یه‌كه‌می شكسته‌كانم، چونكه‌ ره‌نگه‌ دوای كۆكردنه‌وه‌ی 17 خاڵ زیاد له‌ پێویست ئه‌ركم دابێته‌ یاریزانه‌كان، له‌ كاتێكدا ئه‌وان نه‌یانتوانی ئه‌و ئه‌ركه‌ زیادانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، دووه‌م هه‌ڵه‌ی تاكه‌كه‌سی به‌تایبه‌ت به‌رگریكاران پێشووتر خاڵی به‌هێزی تیپه‌كه‌م بوون، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی هه‌ڵه‌كانی ئه‌وان به‌رگری بۆته‌ خاڵی لاوازی ئێمه ‌پێویسته‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ین، سێیه‌م پێكانی چه‌ند یاریزانێك له‌ یاریی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر چوار یاریزانم پێكانیان هه‌بوو، بۆئه‌م یارییه‌ش ته‌نها یه‌ك یاریزانمان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، چواره‌م لایه‌نی ده‌روونی یاریزانه‌كان باش نییه‌، به‌شێكی په‌یوه‌سته‌ به‌كه‌م ئه‌زموونی یاریزانه‌كان، هه‌ندێ گرفتی دیكه‌ش له‌ تیپه‌كه‌مان، بۆئه‌مه مه‌به‌سته‌ش ئێواره‌ی رۆژی سیشه‌مه‌ یاریزانه‌كانیان له‌ لایه‌ن كارگێڕیه‌وه‌ داوه‌ت كران، جارێكیتر متمانه‌یان به‌ ستافی راهێنه‌ران و یاریزانه‌كان به‌خشیه‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ یاریی شێروانه‌ ئه‌رسه‌لان وتیشی، بۆ ئه‌م یارییه‌ به‌ته‌وای ئاماده‌ین، یاریزانه‌كان تامه‌زرۆی ئه‌وه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ریچكه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانیان له‌ خوله‌كه‌، وه‌ من متمانه‌ی ته‌واوم به‌ تیپه‌كه‌م هه‌یه‌ ئاستمان باشتر ده‌بێت و ئه‌م یارییه‌ش به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانیین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو كه‌ش و هه‌وای بردنه‌وه‌كان دووركه‌تنوه‌ له‌ شكست.

نهێنی هه‌ڵكشانی ئاستی شێروانه‌ چییه‌؟
 وه‌لید محه‌مه‌دی راهێنه‌ر له‌ شه‌ش یارییدا 16 خاڵی كۆكرده‌وه‌، یه‌كه‌م خاڵ ئه‌م راهینه‌ر كاری له‌سه‌ر كردبێت چاككردنی باری ده‌روونی یاریزانه‌كان بووه‌، له‌مه‌شیان سه‌ركه‌وتووبووه‌، ته‌نانه‌ت یاریزانه‌كان ساتی راهێنانی رۆژانه‌شیان به‌ پێكه‌نین و خۆشیه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌به‌ن، چاك بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان یاریزانه‌كان و ده‌سته‌ی كارگێڕی به‌ تایبه‌ت له‌ پێدانی شایسته‌دارایه‌كان به‌یاریزانان، دوای یاریی ئاراراتیش هه‌ر یاریزانێك بڕی 100 دۆلاری وه‌ك پاداشت وه‌رگرتووه‌، جگه‌ له‌ مووچه‌كه‌ی خۆی، گه‌ڕانه‌وه‌ی یاریزانان محه‌مد سابیر و عه‌لی كاكه‌ مینه كه‌ بوونه‌ته‌ كلیلی سه‌ركه‌وتنه‌كانی شێروانه‌، بۆ ئه‌م یاریییه‌ش یانه‌ كه‌لارییه‌كه‌ به‌ته‌واوی ئاماده‌ن ته‌نها یاریزان محه‌مه‌د عزه‌ت به‌هۆی سێ كارتی زه‌رده‌وه‌ یاریی ناكات، به‌ڵام ئه‌نه‌س مالك، كه‌ له‌ یانه‌ی سه‌ماوه‌ له‌ خولی عێراقی یاریی ده‌كات، له‌ یاریی ئارارات به‌شداربووه‌ و بۆ ئه‌م دوو گه‌ڕه‌ی كۆتای قۆناخی یه‌كه‌م یاریی بۆ شێروانه‌ ده‌كات، چونكه‌ خولی عێراقی وه‌ستاوه‌، به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كان ئه‌م یارییه‌ زۆر قوورس ده‌بێت بۆ هه‌ردوو یانه‌.

ئارارات و هه‌ولێر به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
هه‌ولێر گه‌ری رابردوو توانی دووه‌م بردنه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ له‌سه‌ر حیسابی ئاكرێ به‌ده‌ستبێنێت، هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م بردنه‌وه‌یه‌ش بوونی یاریزانان دانا عوسمان، عه‌لی سه‌لمان، ئه‌حمه‌د عه‌لی بوون، ئه‌مانه‌ له تیپی هه‌ولێری به‌شدار له‌ خولی عێراقی یاریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌ك پاڵپشت ئیستا بۆ خولی كوردستانی یاریی ده‌كه‌ن، ئه‌م یارییه‌ش له‌ توانای ئه‌م یاریزانانه‌ سوودمه‌ند ده‌بێت، ئاراراتیش به‌ برینداریه‌وه‌ له‌ دژی شێروانه‌ له‌ كه‌لار گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، به‌هۆی سزاكانیش بارودۆخی ده‌روونی یاریزانه‌كان باش نییه‌، هێڵی به‌رگریشیان وه‌ك پێویست له‌ به‌شێك له‌ یارییه‌كان به‌ باشی ده‌رناكه‌ون، ئه‌م یارییه بۆ هه‌ردوو تیپ گرینگه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌یان هه‌بێت، ده‌بێت سێ خاڵی ئه‌م یارییه‌ به‌ده‌ستبهێنن.

ئاكرێ و برایه‌تی شه‌ڕی رزگاربوون له‌ كێشه‌كانیان ده‌كه‌ن
برایه‌تی و ئاكرێ له‌ پله‌كانی سێزده‌هه‌مین و چوارده‌مینی كۆتایی ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێن سبه‌ی هه‌ینی رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، برایه‌تی گۆڕانكاری له‌ پۆستی راهێنه‌ری تیپ كردووه‌، یوسف كاكێ ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌ و فاتیح حه‌مه‌خان به‌ كاتی بووه‌ راهێنه‌ر، كێشه‌ی برایه‌تی به‌ لایه‌نی زۆر بۆ بریاره‌كانی ده‌سته‌ی كارگێری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌تایه‌بت له‌سه‌رتای خول دره‌نگ بریاری به‌شداری كردنیاندا، هۆكارێكی تر په‌یوه‌ندی به‌وه‌ هه‌یه‌ به‌شێك له‌ یاریزانه‌كان به‌شدار له‌ خولی كوردستان، به‌ ساردی یارییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ پاڵاوتنه‌كانی پله‌یه‌كی عێراقی ساز و ئاماده‌بن، به‌ڵام ئیستاش برایه‌تی خاوه‌ن چه‌ندین یاریزانه‌ و توانای هه‌ڵسانه‌وه‌ی هه‌یه‌، ئاكرێ خراپترین هێڵی به‌رگری هه‌یه‌، تا ئێستا 26 گۆڵی خواردووه‌، ئه‌م یارییه‌ سه‌نگی مه‌حه‌كه‌ بۆ هه‌ردوو تیپ تا باری لاسه‌نگی خۆیان راستبكه‌نه‌وه‌.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler