حوزەیران 24, 2019

ئۆبێکتی باڵای ئایدیۆلۆژیا

سلاڤۆی ژیژەک تا دە ساڵ لەمەوبەر ناوێکی ناسراوی دونیای ئێمە نەبوو، بۆ یەکەمجار کە بەر ناوی ئەم فەیلەسووفەم کەوتم لە وتارێکی بەختیار عەلیدا بوو و دواتریش لە کتێبی "قومار لەسەر مەحاڵ"، کە مەنسوور تەیفووری کردوویەتی بە کوردی و کۆمەڵێک گفتوگۆی فیکریی و سیاسییە لەگەڵ ئەم بیرمەندەدا. پاشانیش بە هەوڵی چەند هاوڕێیەک چەند کتێبێکی ئەم بیرمەندە ئاشنابووم و لە پێش هەمووشیانەوە "وەلید عومەر" کە ڕۆڵیکی گەورەی لە ناساندنی ئەم فەیلەسووفە هەبوو بە دونیای کوردی و بەشێک لە گرنگترین کتێبەکانی ئەم بیرمەندەی کردووە بە کوردی. یەکەم کارێک کە وەلید ئەنجامیدا کتێبە گرنگەکەی تۆنی مایەرز بوو سەبارەت بەژیژەک کە کتێبێکی بەنرخە بۆ ناسینی ئەم بیرمەندە و هێڵە فیکرییەکانی.
لەو کتیبەکەدا کە ناوی "فەلسەفەی سلاڤۆی ژیژەک"ـە، هێڵی فیکریی ئەم بیرمەندە دەگەڕێنرێتەوە سەر سێ ڕێچکەی گرنگ ڕێچکەی یەکەم کە سیاسییەکەیەتی، کە کاریگەرە بە مارکس و مارکسیزم. ڕێچکەی دووەم کاریگەربوونە بە هیگڵ، کە هێڵە فەلسەفییەکەیەتی، ڕێچکەی سێیەمیش دەگەڕێتەوە بۆ ژاک لاکان کە هێڵە دەروونییەکانی فیکریی ئەم بیرمەندە پێکدەهێنن. پاش خوێندنەوەی چەند کتێبێکی ئەم بیرمەندە پێموایە بۆ ئێستای ئێمە ئەگەر نەڵێم نزیکترین بیرمەندی ئێستای جیهانە یەکێکە لە نزیکترینەکان کە دونیای ئێمە دەتوانێت سوود لە بۆچوون و تێزەکانی وەربگرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانی سلاڤۆی ژیژەک بە کوردی بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە وەلید عومەر کردوویەتی بە کوردی و کتێبفرۆشی مێخەک لە دوتوێی 473 لاپەڕەدا چاپ و بڵاویکردۆتەوە. ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە بنچینەییەکانی نووسەر و لە ساڵی 1989دا نووسیویەتی و کتێبەکە وەکو وەرگێڕ لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەی بۆ کردووە کتێبێکی بنچینەییە بۆ ئایدیا بنچینەییەکانی ئەم بیرمەندە. لەم کتێبەدا خوینەر بە کۆمەڵێک تێزە و چەمک دەکەوێت کە بەشی هەرە زۆریان نوێن. بۆیە وەرگێڕ هەوڵیداوە لە ڕێی فەرهەنگۆکێکی چل لاپەڕەییەوە بەشی هەرە زۆری چەمکە سەرەکییەکانی فیکریی ئەم بیرمەندە ڕوون بکاتەوە، چونکە بەشێک لە چەمکەکان مانای نوێ وەردەگرن، یان بە شێوەی دیکە بەکاردەبرێن کە جیاوازە لە مانا باوەکەی کە پێشتر ئێمە پێی ئاشناین.
وەکو وەرگێڕ سەبارەت بە کتێبەکەوە دەڵێت: كتێبی "ئۆبێكتی باڵای ئایدۆلۆژیا" ده‌قێكی فه‌لسه‌فییه ‌(كه‌ به‌ نێوانگریی ده‌روونشیكاری و سیاسه‌ت و ئابوریی سیاسی و سینه‌ما و...هتد نوسراوه‌). ده‌بێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ناونیشانه‌كه‌ له‌بیربكه‌یت، چونكه‌ ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ له‌و سێ وشه‌یه‌دا ناوه‌ستێت و ژماره‌یه‌كی زۆر بابه‌تی چاره‌نووسسازی تیۆریی تر خراونه‌ته‌ڕوو. ژیژه‌ك له‌ سه‌روه‌ختی نوسینی ئه‌م كتێبه‌دا، گه‌نجێكی خوێنه‌واری وڵاتێكی په‌راوێزی ده‌بێت (سلۆڤینیا) كه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌م كتێبه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات هێزی تیۆریی خۆی ده‌ربخات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆشنبیریی ئه‌ورووپییدا جێی ببێته‌وه. كتێبه‌كه‌ لێكدانی سیان و بگره‌ زیاتریش له‌ فیگه‌ره‌ گه‌وره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ و فیكره‌: هیگڵ، ماركس، لاكان به‌دواشیدا فرۆید، كانت، بنیامین، فیخته‌ و...هتد. نموونه‌ی نوكته‌ و تابلۆش كه‌م نین له‌ كتێبه‌كه‌دا، ئه‌ویش له‌و پێناوه‌دا تاكو به‌فیعلی فه‌لسه‌فه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ داگرێت بۆ ناو ژیانی مرۆڤه‌ به‌دبه‌خته‌ ئاساییه‌كان.
ئەوەی لە کتێبەکانی ئەم بیرمەندەدا گرنگە ئەو خاڵەیە کە وەرگێڕ ئاماژەی بۆ دەکات داگرتنی فەلسەفەیە بۆ ئەو ئاستەی ببێتە (فەلسەفە بۆ هەموان) و هەموان لێی تیبگەن و باسی هەموان بکات و هەڵوەستە لەسەر کێشەکانی دونیای ئێستا بکات تەنها بە تیۆری نا، بەڵکو لەڕووی پراکتییکییەوە هەڵوەستەی جیدیی دەکات و بە خوێندنەوەی فیکریی گەنگەشەیان دەکات. هەڵوەستەکردنی ژیژەک لەسەر ڕووداوێکی وەکو 11ی سێپتەمەبەر لە کتێبی "بەخێربێن بۆ بیابانی ڕیاڵ" هەڵوەستەکردنێکی ڕۆژنامەوانیانە نییە، بەڵکو قووڵبوونەوەی بیرمەندێکە لە ڕووداوێک کە هەموان ڕووکەشەکەی دەبینن و دیوە پەنهان و شاراوەکانی نابینن.
ئەوەی دەبێت لەم کۆتاییەدا بوترێت ئەوەیە کە خوێندنەوەی کارەکانی ژیژەک ئاسان نییە و هەندێک وردەکار و سەرنجی دەوێت، بەڵام لەپێناو ئەوەدایە کە فەلسەفە ببێتە شتێک بۆ هەموان و هەموان لیی تێبگەن و بیخویننەوە ئەمەش لەپیناو ئەوەدا کە لە ڕووکەشگەرایی دەربچین و بەر ئەو دیوی ڕووداوەکان بکەوین و لێیان تێبگەین. هاوکات ئەم ئاسان نەبوونەش نیشانەی ئەوە نیی،ە کە تێگەیشتن لێی مەحاڵ بێت (وەک هەندێک برادەر ئەو پڕوپاگەندەیە دەکەن)، بەڵکو جۆریک لە خوێنەر هەیە کە حەوسەڵەی وردبوونەوە و گەڕان و هزریینی نییە لەنێو کتێبەکاندا بۆیە ئەم جۆرە تێکستەی بۆ سەختە.
ئەم هەوڵانە جێگەی دەستخۆشییە و دەبێت بەردەوامییان هەبێت بۆ ئەوەی لە دونیای فیکر نزیکبینەوە و دونیابینی فیکریمان هەمەڕەنگ و فراوانتر بکەین. دەستخۆشی بۆ وەلید عومەر و کتێبفرۆشی مێخەک، ئەم هەوڵانە جێگەیان لە کتێبخانەی کوردیدا خاڵییە.  

 

ئارام كۆشكی

© 2017 Hawler