حوزەیران 24, 2019

پۆچیتینۆ، پەیامێکی هیوابڕی بۆ مان یونایتد نارد

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

پۆچیتینۆ، پەیامێکی هیوابڕی بۆ مان یوونایتد نارد
ماوریتسیۆ پۆچیتینۆ، ئارەزوو و خواستی خۆی بۆ مانەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە یانەی تۆتنهام وەک راهێنەر دەربڕی، ئەوەیش بە پەیامێکی هیوابڕ بۆ یانەی مانچستەر یونایتد دادەنرێت، کە ئەو یانەیە، ماوریستیۆی وەک یەکێک لە بژاردەکانی بۆ بوون بە راهێنەر، ناوهێنابوو.
ناوبراو، بە نزیکترین بەربژێریش بۆ راهێنەرایەتیی یانەی مانچستەر دادەنرا، بەڵام لە تازەترین لێدوانێدا، ئەوەی دەربڕی کە هیوای وایە ٢٠ ساڵی دیکەیش لە یانەی تۆتنهام بمێنێتەوە، دواتر بڕیاری رۆییشتن یان کۆتاهاتنی کاروانەکەی بدات.
وتیشی: هەموو وردنیگاییەکەم لێرەیە، دەمەوێ یارمەتیی تیپەکەم بدەم، ئەوە بە دەست بهێنێت کە دەیەوێت، من زۆر ئاسوودەم لێرە کە لە ژێر ئەو گووشارەدا کار دەکەم.
بۆ بیرهێنانەوە، پۆچیتینۆ لە ٢٠١٤ـەوە لەگەڵ تۆتنهام کار دەکا، لەو چوار ساڵەدا تیپەکەی لە سێ خانەی یەکەمی پرێمەر لیگ بووە، ئێستەیش بە جیاوازیی دوو خاڵ، لە دوای مانچستەر سیتیی دووەمەوە، دێت.

ماتیاس پۆگبا: مۆرینهۆ کێشەی مانچستەر یونایتد بوو
ماتیاس پۆگبا، برای پۆڵ پۆگبا، ئەوەی راگەیاند کە ئاستی پۆگبای برای دوای نەمانی مۆرینهۆ وەک راهێنەری مان یوو، باشتر بووە.
پێوەندیی نێوان پۆگبا و مۆرینهۆ زۆر خراپ بوو، تەنانەت هەموو چاودێران و تەماشاڤانانی وەرزشیش ئەمەیان بە روونی دەزانی، ئێستەیش دوای ئەوەی سۆڵسکایەر بووەتە راهێنەری مان یوو، بە روونی دیارە کە ئاستی پۆگبا بەرز بووەتەوە، لە چوار یاریی پرێمەر لیگدا، چوار گۆڵی تۆمار کردووە و ٣ گۆڵیشی دروست کردووە.
براکەی، لە بارەی بەرزبوونەوەی ئاستی پۆگبا، بۆ رادیۆی مۆنتی کارلۆ، وتوویەتی: کێشەکە مۆرینهۆ بوو، لە ناوەوە و دەرەوەی ژووری جلگۆڕین، لە هەموو شوێنێک، لەو شوێنە یاریی بە پۆگبا دەکرد، کە جێی ئەو نەبوو.

بەیڵ چۆن بووە هۆی شکستی چوونی ئمباپێ بۆ ریاڵ مەدرید
رۆژنامەی ئەی ئێس، بڵاوی کردووەتەوە، کە دوو ساڵ لەمەوبەر، گاریس بەیڵ، هۆکاری شکستی بۆندی کیلیان ئمباپێ بوو بۆ یانەی ریاڵ مەدرید.
دوێنێ سێشەمممە، رۆژنامەی ئاس، لە راپۆرتێکدا، ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە بە پێی هەندێ هەواڵ و زانیاری کە لە نێو یانەی ریاڵ مەدریدەوە دزەیان کردووە.
ڕێککەوتن لە نێوان بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدرید و هاوئاستەکانیان لە یانەی مۆناکۆ کراوە لە ٢٠ـی یۆلیۆی ٢٠١٧ـدا، کە بەو بۆندە ئمباپێ بەرانبەر بۆندێکی ١٨٠ ملیۆن یۆرۆیی دەچووە ریاڵ مەدرید، کە ٣٠ ملیۆن یۆرۆی، بە پێی هەندێ مەرج و بابەت، گۆڕانکاریی بەسەردا دەهات.
بەڵام لەو کاتەدا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، رەتی کردەوە کە گاریس بەیڵ ریزەکانی یانەکەی جێ بهێڵێت، لەو کاتەدا کە مانچستەر یونایتد زۆر بە جدی کاری بۆ دەستخستنی دەکرد.
راپۆرتەکە، ئاماژەی بەوە کردووە، پێرێز، ئامادە نەبووم قوربانی بە بەیڵ بدا، لە پێناو دەستخستنی ئمباپێدا، بەو پێیەی لەگەڵ بنزیما و رۆناڵدۆ، لێکگەیشتن و خۆگونجاوییان هەبوو، بۆیە ئمباپێ چووە پاریس سان جێرمان.
ئەوکاتە، مێدیای مەدرید، ئەوەیان باس کرد، بە هۆی خواستی زۆری ئمباپێ، بۆندەکە سەری نەگرت، بە جۆرێک داوای مووچەی ١٢ ملیۆن یۆرۆی ساڵانەی بێباجدان کردووە.

لە دانیشتنێکی نهێنیدا، بەرشلۆنە کاری بۆ گەڕانەوەی نێیمار کردووە
مێدیاکانی کاتەلۆنیا، بڵاویان کردەوە، کە نێیمار دا سیلڤا، ئارەزووی وایە بگەڕێتەوە یانەی بەرشلۆنە و لەوانەیە ئەو کارە لە هاوینی دادێدا سەر بگرێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، بە پشتبەستن بە رادیۆی کاتەلۆنیا، بڵاوی کردووەتەوە، کە نوێنەرانی یاریزانەکە بە نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی بەرشلۆنە دانیشتنیان کردووە، تا نێیمار بگەڕێتەوە بەرشلۆنە.
ئەندریە کۆری، یاریزاندۆزەرەوەی بەرشلۆنە و نوێنەری تایبەتی یانەکە لە بەڕازیل، ڕۆڵی لەو کارەدا هەیە، کە هەر ئەویش کارئاسانی کرد لە چوونی نێیمار بۆ یانە پاریسییەکە.
وەک بڵاو کراوەتەوە، یاریزانەکە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، کارگێڕیی یانەی ئاگەدار کردووەتەوە، کە خواستی لەوەیە بگەڕێتەوە بەرشلۆنە، پێی وایە هەنگاوی چوونی بۆ فەرەنسا هەڵە بووە لە ئاست تەما و ئاواتەکانیدا نەبووە.
نێیماری ٢٦ ساڵان،لە هاوینی ٢٠١٧ـدا لە بەرشلۆنەوە چووە یانەی پاریس سانت جێرمان، دوای ئەوەی یانەکە بە ٢٢٢ ملیۆن یۆرۆ، مەرجسزای بۆندی نێیماری لە بەرشلۆنە هەڵوەشاندەوە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler