کانونی دووەم 18, 2019

پەرەند ئەحمەدزادە: دابەزاندنی كێشم، بەلاوە ئاسانترین كاری دنیا بوو، تەنێ هیممەت و باوەڕبەخۆبوونی دەوێ

كێشزۆری، یان كێشزیادی، یەكێكە لە كێشە هەنووكەییە تەندروستییەكان، لە هەرێمی كوردستاندا، بە هۆی زیادبوونی هۆشیاریی تەندروستی و هەستكردن بە زیانەكانی قەڵەوی، خەڵكانێكی زۆر دەیانەوێت لە كێشی زیادە رزگاریان بێ، هەرچەندە زۆر رێ و شێواز بۆ ئەو مەبەستە هەن، بەڵام وەرزشكردن بە یەكێك لە ڕێگە هەرە تەندروست و بێزیانەكان بۆ خۆلاوازكردن دادەنرێت، لەگەڵ پەیڕەوكردنی سیستمێكی خۆراكیی تەندروست. پەرەند ئەحمەدزادە، پێشتر قەڵەوی ژیانی لێ ناخۆش كردبوو، بەڵام بە ویست و ئیرادەیەكی بەرز، بڕیاری خۆلاوازكردن و فڕێدانی كێشی زیادی دا و بە هاوكاریی مامۆستایەكی شارەزای وەرزش، لە ماوەیەكی گونجاودا، 23 كیلۆ كێشی دابەزاندووە، ئەو چیرۆكی قەڵەوییەكە و دابەزاندنی كێشی، بۆ رۆژنامەی هەولێر باس دەكات.
* پێشتر كێشت زیاد بوو، واتە لە تەمەنی منداڵییەوە، یان لە كاتێكی دیاریكراودا كێشت زیادی كرد؟
- من لە منداڵیدا لاواز بووم، بەڵام لە تەمەنی 15 بۆ 16 ساڵان، هێدی هێدی قەڵەو بووم، تا ئەو كاتەی كێشم 20 كیلۆ لە كێشی ئاسایی (ستاندارد)ـی خۆم زیاتر بوو.
* چۆن بیرت كردەوە لە رێی وەرزشەوە كێشت دابەزێنی؟
- چەندان جار، لە ماوەی چەند ساڵدا ویستم كێشم دابەزێنم، كە دەستم بە وەرزش دەكرد، دوای ماوەیەك بێزار دەبووم و خولق و تاقەتم لێی نەدەما، دواجار بڕیاری خۆم دا و بە خۆمم گوت كە 6 مانگ دەرفەت هەیە بۆ خۆڕزگاركردن لەو كێشە زیادەیە، دواجار دابەزاندنی كێشی زیادە، هەر وەرزشەكەم بە پەسەند زانی، چونكە سەلامەتترین و باشترین ڕیگەیە، بۆیە لەگەڵ مامۆستا ژیان یووسف قسەم كرد و بەرنامەی خواردن و وەرزشی پێ دام، بە هیممەتێكی بەرزیش كە باوەڕم بوو ئەو كارە بە سەرئەنجام بگەیەنم، دەستم پێ كرد و بە ئامانجەكەم گەیشتم،هەموو ڕۆژێك نزیكەی دوو سەعات و نیو وەرزشم دەكرد، لەگەڵ ئەوەی هەموو خواردنەكانم بە گوێرەی بەرنامەیەك كە دانرابوو، بەكار دەهێنا. لە ماوەی 8 مانگدا توانیم 23 كیلۆم دابەزێنم و دوای ئەوەیش هەندێكی تر لە كێشم دابەزاند، بەردەوامیشم لە خواردنی تەندروست و لە خواردنی چەور خۆم بە دوور دەگرم، شەكر ناخۆم و شیرینیش زۆر زۆر بە كەمی.
* پرۆسەی وەرزشكردن و كەمكردنەوەی كێشت، ئەستەم نەبوو؟
من كێشدابەزاندنم بەلاوە ئاسانترین كاری دنیا بوو، تەنێ هیممەت و باوەڕبەخۆبوونی دەوێ، باوەڕت بەوە هەبێ كە دەتوانی بیكەی، من ئێستە بۆ ئەوەی كێشەم لەم ئاستەدا ڕابگرم، لە وەرزشكردن بەردەوامم، نەك تەنیایش لەبەر ئەوەی كێشم ڕابگرم، بەڵكوو بۆ تەندروستی، بۆ سەلامەتی جەستە و رۆحم، چونكە وەرزش ئاسوودەیی و دڵخۆشی لە دەروونی مرۆڤدا دروست دەكات.
* بوونی ئیرادە و خۆگری، چەند گرینگ بوو لە سەركەوتنتدا؟
ئەگەر ئیرادەت بەرز بێ و وەك ئامانجێك سەیری بكەیت، خۆگیری لە خواردن زۆر زۆر ئاسان دەبێت، بەس دەبێ بزانی چەندە ویستی ئەوەت هەیە لە چەوری و قەڵەوی رزگار بیت. من لە سەرەتادا كە دەستم بە وەرزش كرد، كێشم 73 كیلۆ بوو، ئێستە 50 كیلۆم، ئەوەیش لە ماوەی 8 تا 9 مانگ، بۆیە دەستخۆشی لە مامۆستا ژیان یووسف دەكەم، هەروەها هیممەتی خۆشم گرینگ بوو، بە هەمووانیش دەڵێم، ئەوەی دەیەوێ كێشی زیادەی دابەزێنێ، ئاسانترین كارە،بەو مەرجەی ئامانجت ئەوە بێ بگەیت بە كۆتاییەكەی.

© 2017 Hawler