حوزەیران 24, 2019

به‌رپرسانی بارسێلۆنا شوێنگره‌وه‌ی ڤاڵڤێردیان له‌ ئیتاڵیا دۆزیوه‌ته‌وه‌

میدیاكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ له‌ هاوینی داهاتوو بارسێلۆنا راهێنه‌رێكی نوێ ده‌ستنیشان ده‌كات و گرێبه‌سته‌كه‌ی ڤاڵڤێردی نوێ ناكه‌نه‌وه، زۆربه‌ی بۆچوونه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ راهێنه‌ری داهاتووی بارسا كه‌سێكی ئیتاڵی ده‌بێت كه‌ ئێستا له‌ سێریا ئه‌ی ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌یه‌كی له‌ئه‌ستۆدایه‌.
پێگه‌ی ماركای ئیسپانیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ به‌رپرسانی یانه‌ی بارسێلۆنا ته‌نیا له‌ یه‌ك حاڵه‌ت ڤاڵڤێردی له‌ پۆسته‌كه‌ی ده‌هێڵنه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌گه‌ر بێت و ناسناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگ بباته‌وه‌.
ئارنیستۆ ڤاڵڤێردی هاوینی رابردوو بۆ ماوه‌ی دوو وه‌رز گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا واژۆ كرد و له‌و ماوه‌یه‌دا ناسناوی لالیگا، سووپه‌ری ئیسپانیا و جامی شای برده‌وه‌ و له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ش گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بارسا كۆتایی دێت.
رۆژنامه‌ی توتوسپۆرتی ئیتاڵیا ئاشكرای كردووه‌ كه‌ به‌رپرسانی بارسێلۆنا له‌ ئێستاوه‌ ئاماده‌كارییان بۆ شوێنگره‌وه‌ی ڤاڵڤێردی ده‌ستپێكردووه‌ و له‌م پێناوه‌یشدا راهێنه‌ری ئێستای یانه‌ی ساسولۆ بۆ شوێنگره‌وه‌ی ڤاڵڤێردی به‌ربژێری یه‌كه‌مه‌.
به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، بارسێلۆنا له‌ پێناو (رۆبێرتۆ دی زێربی) راهێنه‌ری ساسولۆ 3 جار سه‌ردانی ئیتاڵیایان كردووه‌ و ماوه‌ی مانگێكه‌ به‌ وردی چاودێری ده‌كه‌ن.
رۆبێرتۆ دی زێربی ته‌مه‌ن 39 ساڵ، پێشتر وه‌ك یاریزان له‌ تیپی تازه‌پێگه‌یشتووانی ئه‌یسی میلان یاری كردووه‌، دواتر یاری بۆ یانه‌كانی لیچی، كاتانیا، نلپۆلی و بریشیا كردووه‌، وه‌ك راهێنه‌ریش سه‌رپه‌رشتی ئه‌ركی مه‌شق و راهێنانی یانه‌كانی (فۆگی، پاڵێرمۆ، بێنڤێنتۆ و ساسولۆ) كردووه‌.

 

ئەسعەد ئیسماعیل - هەولێر

© 2017 Hawler