کانونی دووەم 28, 2022

زۆرترین بینراو وه‌رزش

Error: No articles to display

ئایا نێیمار دەبێتە جێنشینی ڕاستەقینەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ؟

مێدیاكان هێشتا بە گەرمی باسوخواسی چوونی نێیمار بۆ ریاڵ مەدرید دەورووژێنن و بەشێك لە مێدیاكان پێیان وایە، نێیمار لە داهاتوویەكی نزیكدا لە یانەی ریاڵ مەدرید دەبێتە جێنشینی كریستیانۆ رۆناڵدۆ، كە بە هۆی هەڵكشانی تەمەنی، ئاستی داكشاوە.
مێدیاكان، پێیان وایە نابێ لە یەك كاتدا، دوو ئەستێرە لە یانەیەك بێ، بە تایبەتی بۆ ریاڵ مەدرید، بۆیە تا رۆناڵدۆ ئەو یانەیە جێ نەهێڵێ، ئەگەری چوونی نێیمار بۆ ئەو یانەیە، ئەگەرێكی لاوازە، ئەمە لە كاتێكدایە، لە هەندێ تایبەتمەندی ئەو دوو یاریزانە لێك جیاوازن، لەلایەكی تریشەوە لە هەندێ ئاكاردا لەیەك دەچن.
رایەكی تر پێی وایە، لەگەڵ چوونی نێیمار بۆ ریاڵ مەدرید، لە هەمان كاتدا رۆناڵدۆ ریزەكانی شایانە جێ دەهێڵێ.
وەك سەرچاوەكان باسی لێوە دەكەن، ئەگەر چوونی نێیمار بۆ ریاڵ مەدرید بچێتە باری كردەنییەوە، دەبێتە جێگرەوە و جێنشینێكی تەواوی ئەو یاریزانە.

نێیمار، لە ریاڵ مەدرید چی پێ دەكرێ؟
لە باری چوونی نێیمار بۆ ریاڵ مەدرید، ئەركی گۆڵكردنی دەكەوێتە ئەستۆ، بۆیە تا رۆناڵدۆ لەو یانەیە نەڕوات، ناتوانێ بە ئاسانی ئەو كارە بكات، یان بۆی جێبەجێ ببێت.
نێیمار لەگەڵ ریاڵ مەدرید دەتوانێ ژمارەیەكی زۆر گۆڵ تۆماربكات، مەگەر هێرشبەرێكی سەرەڕمی وەك هاری كین، یان ماورۆ ئیكاردی، یان رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی ببرێتە ریزەكانی شایانەوە، كە ئەو كات هەلی ئەوەی دەبێ ببێتە سەركردەی گالاكتیكۆسی تازە.

تۆپی زێڕین
رۆناڵدۆ كە ئێستە گەییشتووەتە 33ـیەمین ساڵی تەمەنی و لە باری رۆییشتنیشدا لە ریاڵ مەدرید، هەلی بردنەوەی تۆپی زێڕینی نامێنێ، یان كەم دەبێتەوە، یان لەوانەیە لە لیستی كۆتاییشدا ناوی نەمێنێتەوە. لە هەمان كاتدا و لەگەڵ گەییشتنی مێسی بە تەمەنی 31 ساڵان لە هاوینی دادێ، نێیمار دەبێتە 26 ساڵان، بۆیە بۆ ساڵانی دواتر دەبێتە بەربژێری هەرە بەهێزی بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین، یان لانی كەم دەبێتە ركەبەری گۆڵكەری مێژوویی بەرشلۆنە دەكات بۆ ماوەیەك.
لابردنی رۆناڵدۆ لەبەردەم نێیمار، باشترین هەلە بۆ ئەو یاریزانە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی باڵۆن دۆر، بە تایبەت ئەگەر چامپیۆنس لیگ یان مۆندیالی 2018ـی ڕووسیا بباتەوە.

بانگەشە و بازاڕگێڕی
كریستیانۆ رۆناڵدۆ و نێیمار، كۆمپانیای چاودێریی و سپۆنسەریی تایبەت بە خۆیان هەیە، بە تایبەت كۆمپانیای كەلوپەل و جلوبەرگی وەرزشی.
سەرەڕای ئەوەیش، رۆناڵدۆ كۆمپانیای تایبەت بە خۆی بە ناوی سی ئاڕ حەوت هەیە، بەڵام نێیمار دەبێتە رووی زۆربەی كۆمپانیاكان.
ئەو دوو یاریزانە، بڕە پارەیەكی زۆریان لە كۆمپانیاكانی چاودێری و سپۆنسەرییەوە دەست دەكەوێ، نێیمار ساڵانە نزیكەی 20 ملیۆن یۆرۆ دەست دەكەوێ، كە نزیكەی هەمان بڕی رۆناڵدۆیە، كە بۆندی یەكێك لە كۆمپانیا سپۆنسەرییەكان هەیە تا كۆتایی ژیانی وەرزشی و دەگاتە یەك ملیار یۆرۆ.
دوای وازهێنانی رۆناڵدۆ، یان كەمبوونەوەی سەرنجەكان لەسەر رۆناڵدۆ، نێیمار دەبێتە رووی گرینگترین كۆمپانیا ڕێكلامییەكانی تر، بۆیە دەست بەسەر تەختی بانگەشە و بازاڕگێریدا دەگرێت.

ئەگەری چوونی نێیمار بۆ ریاڵ و چەند بیرهێنانەوەیە.
پێشتر مێدیاكان چەند هەواڵێكیان لەو ڕووەوە بڵاو كردووەتەوە، گرینگترینیان ئەوە بووە كە ریاڵ مەدرید ئامادەیە بڕی 300 ملیۆن یۆرۆ لە پێناو ئەو یاریزانەدا بدات بە یانەی پاریس سانت جێرمان، بەڵام لە یەكێك لە بەندەكانی نێو بۆندەكەی نێیماردا هاتووە، ئەگەر هەر یانەیەك بڕی مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی بۆندی نێیماریش بدات، تا پاریس سانت جێرمان رازی نەبێ، نێیمار ناتوانێ ریزەكانیان جێ بهێڵێ، بەڵام ئەو یانەیەیش نەرمیی نواندووە و بە مەرجی بردنەوەی چامپیۆنس لیگ، ئەمە لە كاتێكدایە هەردوو یانە، لە قۆناغی 16ـی چامپیۆنس لیگ رووبەرووی یەك دەبنەوە.
هاوكات هەندێ سەرچاوەی نزیك لە ناسر خلێفی، ئەوەی راگەیاندووە كە ناوبراو هەوڵ دەدات بە بۆندێكی ئاڵوگۆڕی، نێیمار بداتە ریاڵ مەدرید و رۆناڵدۆ لەو یانەیەوە بباتە پاریس.
فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید، لە مانگی دیسێمبەری رابردوو، خواستی خۆی بۆ دەستخستنی نێیمار دەربڕی و رایگەیاند، ئەگەر نێیمار لە شایانە یاری بكات، هەلی بردنەوەی تۆپی زێڕینی زیاتر دەبێت، یانەكەمان دەیەوێت ناوی گەورەی لێ بێ، نێیماریش یەكێكە لەوان.
بۆ بیرهێنانەوە، هاوینی رابردوو، نێیمار بەرانبەر 222 ملیۆن یۆرۆ، لە یانەی بەرشلۆنەوە چووە یانەی پاریس سانت جێرمانی فەڕەنسی.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler