ئایار 23, 2022

زۆرترین بینراو وه‌رزش

Error: No articles to display

گرینگترین و دیارترین پێشهات و رووداوە وەرزشییە دەرەكییەكانی ساڵی 2017

بەشی دووەم

رۆژنامەی هەولێر، بە دوو بەش، گرینگترین رووداو و پێشهاتە وەرزشییە ناوخۆیی و جیهانییەكان دەخاتە ڕوو. ئەمڕۆ لە بەشی دووەم و كۆتاییدا، جێبایەخترین پێشهاتە وەرزشییە دەرەكییەكانی ساڵی 2017 دەخرێنە بەر دیدی خوێنەران.

رووداوە وەرزشییەكانی ساڵی 2017 تایبەت بە تۆپی پێ:

ریال مەدرید ناسناوی لالیگای بەدەست هێنا
لە وەرزی 2016 بۆ 2017ی لالیگا یانەی ریال مەدرید توانی ناسناوی لالیگا بباتەوە، دوای ئەوە 93 خاڵی كۆكردەوو و بە جیاوازی 3 خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنای ركەبەری.
یانە مەدریدییەكە ئەمە سی وسێیەمین جارە ناسناوەكە دەباتەوە.

بارسێلۆنا ناسناوی 29ـیەمینی جامی شای ئیسپانیای بردەوە
یانەی بارسێلۆنا جامی شای ئیسپانیای بەرزكردەوە دوای ئەوەی لە یاری كۆتاییدا بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی ئالاڤێسی بردەوە.
ریال مەدرید جامی سوپەری ئیسپانیای دەستەبەر كرد
لە جامی سوپەری ئیسپانیا یانەی ریال مەدرید توانی ناسناوەكە بۆ جاری دەیەم لەمێژوویدا دەستەبەربكات دوای ئەوەی بە ئەنجامی یاری چوون و گەڕانەوە لە یانەی بارسێلۆنای ركەبەری بردەوە.

چێڵسی بووە پاڵەوانی پرێمەرلیگ
لە ئینگللتەرا یانەی چێڵسی توانی ناسناوی پرێمەرلیگ لە وەرزی 2016 بۆ 2017 بباتەوە دوای ئەوەی توانی 93 خاڵ كۆبكاتەوە و بەجیاوازی 7 خاڵ لەگەڵ یانەی تۆتێنهام هۆتسبێری ركابەری. بلوز شەشەمین جارە ناسناوەكە دەستەبەر دەكات.

مانچستەر یونایتد جامی یانە پیشەگەرەكانی ئینگلتەرای بردەوە
یانەی مانچستەر یونایتد ناسناوی جامی یانە پیشەگەرەكانی بەدەست هێنا دوای ئەوەی لە یاری كۆتاییدا بە ئەنجامی 3 گۆڵ بەرانبەر بە 2 گۆڵ لە یانەی ساوسهامپتۆنی بردەوە.
ئەمە پێنجەمین جارە مان یو ئەو ناسناوە دەباتەوە.

ئارسناڵ ناسناوی جامی یەكیەتیی ئینگلتەرای بەرزكردەوە
یانەی ئارسناڵی لەندەنی ناسناوی جامی یەكیەتیی ئینگلتەرای بەدەست هێنا دوای ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا بە ئەنجامی 2 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لە یانەی چێڵسی بردەوە و سێزدەمین ناسناوی دەستخست.

یۆڤێنتۆس ناسناوی كالچیۆی بردەوە
لە ئیتاڵیا و لە وەرزی 2016 بۆ 2017ی كالچیۆ، یانەی یۆڤێنتۆس بۆ جاری شەشەم لەسەر یەك و سی و سێیەمین لەمێژوویدا خولی پلە یەكی ئیتاڵیای بردەوە، دوای ئەوەی توانی 91 خاڵ كۆبكاتەوە و بەجیاوازی 4 خاڵ لەگەڵ رۆمای دووەم.

یۆڤێنتۆس بووە پاڵەوانی جامی ئیتاڵیا
لە وەرزی رابردوو یۆڤێنتۆس ناسناوێكی دیكەی بردەوە ئەویش ناسناوی جامی ئیتاڵیایە، خانمەپیرەكە لە یاری كۆتاییدا بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە یانەی لازیۆی بردەوە و بۆ جاری دوازدەمین جامەكەی بەرز كردەوە.

لازیۆ جامی سوپەری ئیتاڵیای بەرزكردەوە
لازیۆ تۆڵەی لەدەستدانی جامی ئیتاڵیا لە یۆڤێنتۆس كردەوە و لە یاری جامی سوپەری ئەو وڵاتە بە ئەنجامی 3 گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ لە یانەی خانمە پیرەكەی بردەوە، ئەمە چوارەمین جارە لازیۆ ناسناوەكە دەباتەوە.

بایرن میونشن ناسناوی بۆندس لیگای بەدەست هێنا
لە ئەڵمانیا، یانەی بایرن میونشن ناسناوی خولی یانە پلە یەكەكانی بردەوە، دوای ئەوەی 82 خاڵی كۆكردەوە و بەجیاوازی 25 خاڵ لەگەڵ لایپزێگی نزیكترین ركابەری و بۆ جاری بیست و حەفتەمین یانە باڤارییە جامەكە بەرز دەكاتەوە.

بۆرووسیا دۆرتمۆند جامی ئەڵمانیای بەرز كردەوە
لە پاڵەوانییەتی جامی ئەڵمانیا، یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند جامەكەی بەدەست هێنا دوای ئەوەی لە یاری كۆتاییدا لە یانەی ئینتراخت فڕانكفۆرتی بردەوە و بۆ چوارەم جار لە مێژوویدا جامەكەی بەرز كردەوە.
بایرن میونشن جامی سوپەری ئەڵمانیای بەدەست هێنا
لەیاریی جامی سوپەری ئەڵمانیا، یانەی بایرن میونشن ناسناوەكەی دەستەبەركرد دوای ئەوەی بە لێدانی یەكلاكەرەوە لە خاڵی سزا لە یانەی بۆروسیا دۆرتمۆندی بردەوە و باڤارییەكان بۆ شەشەم جار جامەكەیان بەرز كردەوە.

مۆناكۆ بۆ هەشتەم جار لە مێژوویدا خولی فڕانسای بردەوە
یانەی مۆناكۆ بۆ جاری شەشەم لە مێژوویدا خولی پلە یەكی ئەو وڵاتەی بردەوە دوای ئەوەی 95 خاڵی كۆكردەوە و بەجیاوازی 8 خاڵ لەگەڵ یانەی پاریس سانت جێرمانی دووەم.

پاریس سانت جێرمان جامی فرانسای دەستەبەركرد
لە جامی فرانسا یانەی پاریس سانت جێرمان جامەكەی بەرزكردەوە دوای ئەوەی لە یاری كۆتاییدا لە یانەی ئانگێی بردەوە و بۆ جاری یازدەیەم لەمێژوویدا ناسناوەكەی دەستەبەركرد.

پاریس سانت جێرمان ناسناوی جامی یانە پێشەگەرەكانی بەرز كردەوە
لە جامی یانە پیشەگەرەكانی فرانسا، یانەی پاریس سانت جێرمان ناسناوەكەی بردەوە دوای ئەوەی بە ئەنجامی 4 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لە یانەی مۆناكۆی بردەوە، پی ئێس جی حەوتەمین جارە ئەم جامە دەباتەوە.

ریال مەدرید بۆ جاری دوازدەیەمین چامپیۆنزلیگی بردەوە
لە یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی بەیەك گەیشتن و لەم یارییەدا ریال مەدرید توانی بە 4 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك یارییەكەی بردەوە و بۆ جاری دوازدەیەمین ئەم جامەی بەرزكردەوە.

ئافرەتانی ئۆڵیمپیك لیۆن بوون بە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ
لەسەر ئاستی ئافرتان، یانەی ئۆڵیمپیك لیۆنی فرانسی، ناسناوی وەرزی رابردوویان دەستەبەر كرد دوای ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا و بەرانبەر بە پاریس سانت جێرمان هاونیشتمانی بەلێدانی یەكلاكەرەوە لەخاڵی سزا سەركەوتنیان تۆمار كرد و بۆ جاری چوارەم لە مێژوویاندا ناسناوەكەیان دەستخست.

مانچستەر یونایتد بۆ یەكەم جار لە مێژوویدا بوو پاڵەوانی یۆرۆپا لیگ
لە یۆرۆپا لیگ، یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بۆ یەكەم جار لە مێژوویدا ناسناوەكەی بردەوە، دوای ئەوەی لە فایناڵی پاڵەوانیەتییەكە بە ئەنجامی 2 گۆڵی بێ بەرانبەر لە ئەجاكس ئەمستردامی هۆڵەندی بردەوە.

ریال مەدرید جامی سوپەری ئەوروپای بردەوە
لە یاریی جامی سوپەری ئەوروپا، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ناسناوەكەی دەستەبەركرد دوای ئەوەی بە ئەنجامی 2 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بردەوە و بۆ جاری چوارەم لەمێژوویدا جامەكەی بەرز كردەوە.

ئەڵمانیا یەكەم ناسناوی جامی كیشوەرەكانی بردەوە
لە یاریی كۆتایی جامی كیشوەرەكان كە پاڵەوانیەتییەكە لە رووسیا بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بۆ جاری یەكەم لە مێژوویدا ناسناوەكەی بەدەست هێنا دوای ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا بە ئەنجامی گۆڵێكی بێ بەرانبەر لە هەڵبژاردەی چیللی بردەوە.

كامیرۆن ناسناوی جامی ئەفریقیای بەرز كردەوە
لەجامی نەتەوەكانی ئەفریقیا بۆ هەڵبژاردەكان، هەڵبژاردەی كامیرۆن بۆ جاری پێنجەم لەمێژوویدا ناسناوەكەی دەستخست، رەش پێستەكانی كامیرۆن لە یاری كۆتاییدا بە ئەنجامی 2 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لە هەڵبژاردەی میسڕی بردەوە.

هەڵبژاردەی ئینگلتەرا جامی جیهانی لاوانی بەرز كردەوە
لە جامی جیهانی لاوان كە لە كۆریای باشوور بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا ناسناوەكەی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاری كۆتاییدا بە ئەنجامی گۆڵێكی بێ بەرانبەر لە هەڵبژاردەی فێنزوێلای بردەوە و بۆ جاری یەكەم لە مێژوویدا جامەكەی بەرز كردەوە.

هەڵبژاردەی ئینگلتەرا جامی جیهانی تازەپێگەیشتووانی بەرز كردەوە
لە جامی جیهانی تازە پێگەیشتوان كە لە هیندستان بەڕێوەچوو، تازەپێگەیشتوانی ئینگلتەرا ناسناوەكەیان بەدەستهێنا.
ئینگڵاند دوای گەیشتنی بەیاری كۆتایی رووبەرووی ئیسپانیا بوەوە ولە ئەنجامدا هەڵبژاردەی سێ شێرەكە بە ئەنجامی 5 گۆڵ بەرانبەر بە 2 گۆڵ سەركەوتنی تۆمار كرد.
ئینگلتەرا یەكەم جارییەتی ئەم جامە دەباتەوە.

ئافرەتانی هۆڵەندا بوون بە پاڵەوانی ئەوروپا
لەجامی نەتەوەكانی ئەوروپا، ئافرەتانی هۆڵەندا بۆ یەكەم جار لە مێژوویاندا جامەكەیان بەرز كردەوە، دوای ئەوەی لە یاری كۆتاییدا بە ئەنجامی 2 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لە هەڵبژاردەی ئافرەتانی دانیماڕكی بردەوە.

راكێشانی تیروپشكی مۆندیالی 2018ی رووسیا
لەساڵی 2017 تیروپشكی مۆندیالی دووهەزاروهەژدەی رووسیای راكێشرا، تیروپشكەكەیش لە هۆڵی كرملینی شاری مۆسكۆی پایتەختی رووسیا راكێشرا.
مۆندیالی داهاتوو بەبەشداری 32 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت و هەڵبژاردەكانیش دەبەشی سەر 8 كۆمەڵە كراوون.

ریال مەدرید سێیەم ناسناوی جامی جیهانی یانەكانی بردەوە
لە یاریی كۆتایی جامی جیهانی یانەكان یانەی ریاڵ مەدرید بە گۆڵێكی رۆناڵدۆ كە لە یانەی گریمیۆی برازیلی تۆماریكرد، بۆ جاری سێیەم لەمێژوویدا ناسناوەكەی دەستەبەر كرد.

قوەی جەویە بووە پاڵەوانی جامی فیدڕاسیۆنی ئاسیا
یانەی قوەی جەویەی عێراقی بۆ جاری دووەم لەسەر یەك و دووەمیش لە مێژوویدا ناسناوی جامی فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی ئاسیای بردەوە دوای ئەوەی لە فایناڵی پاڵەوانیەتییەكە بە گۆڵێكی بێ بەرانبەر لە ئیستیقلال دۆشمبەی تاجیكستانی بردەوە.

 

 

 

 

 


كریستیانۆ رۆنالدۆ لەلایەن فیفا و فڕانس فوتبۆڵەوە وەك باشترین یاریزان دیاریكرا
ئەمساڵ بەشێوەیەكی جیا فیفا و گۆڤاری فڕانس فوتبۆل خەڵاتەكانی تایبەت بە باشترین یاریزانی جیھان دەستنیشانكرد،
فیفا خەڵاتی تۆپی زێڕینی بە كریستیانۆ بەخشی و لەلایەكیدیكەوە بە هەمان شێوە لەلایەن گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵەوە كریستیانۆ رۆنالدۆ وەك باشترین یاریزانی ساڵی 2017 دەستنیشانكرا.

دوو ئەستێرەی جیهانی بەیەكجاری وازهێنانی خۆیان راگەیاند
هەردوو ئەستێرەی جیهانی و یاریزانانی پێشووی ئیتاڵیا ئاندریا پیرلۆ و فرانسیچكۆ تۆتی بەیەكجاری وازهێنانیان لە یاری كردن راگەیاند.
ئاندری پیرلۆی 38 ساڵ، لە كاروانی وەرزشی خۆی لەگەڵ یانەكان و هەڵبژاردەكەی 691 یاری ئەنجامداوە و 74 گۆڵی كردووە، 90 ئاسیستی هەبووە و و 21 ناسناوی بەدەستهێناوە.
تۆتییش كە تەمەنی 40 ساڵە، 786 یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئەنجامداوە 307 گۆڵی تۆماركردوە و خاوەنی 6 ناسناوە.
رووداوە وەرزشییە جۆراوجۆرەكانی ساڵی 2017

پیاوانی فڕانسا مۆندیالی تۆپی دەستیان بردەوە
لەمۆندیالی تۆپی دەست بۆ هەڵبژادەكان لەسەر ئاستی پیاوان، هەڵبژاردەی فڕانسا بۆ جاری شەشەم لە مێژوویدا ناسناوەكەی بردەوە دوای ئەوەی لە یاری كۆتاییدا بە ئەنجامی 33 گۆڵ بەرانبەر بە 26 گۆڵ لە هەڵبژاردەی نەرویجی بردەوە.

ئافرەتانی فرانسا بوونە پاڵەوانی مۆندیالی تۆپی دەست
ئافرەتانی فڕانسا توانییان ناسناوی مۆندیالی تۆپی دەست بەدەستبهێنن دوای ئەوەی لە یاری كۆتاییدا لە هەڵبژاردەی ئافرەتانی نەرویج ببەنەوە، ئەنجامی یارییەكەیش 23 بەرانبەر بە 21 بوو، ئەمە دووەمین جارە ئافرەتانی فڕانسا ئەو ناسناوە دەبەنەوە.

لویس هامیلتۆن بووە پاڵەوانی فۆرمولا وەن
لە پاڵەوانیەتی فۆرمولا وەن، لویس هامیلتۆنی بەریتانی و شۆفێری ئۆتۆمبێلی مارسیدیس ناسناوی ساڵی ركابەرییەكەی لەساڵی 2017 بردەوە، دوای ئەوەی پێشەنگی دەستەبەر كرد وپێش سیباستیان ڤیتێلی ئەڵمانی كەوت كە پلەی دووەمی دەستخست و بۆ جاری سێیەم ئەم پاڵەوانیەتییە دەستەبەركرد.

وەشانی ژمارە 16ی پاڵەوانیەتی جیهان بۆ گۆڕەپان و مەیدان بەڕێوەچوو
لەساڵی 2017 پاڵەوانیەتی جیهان بۆ گۆڕەپان و مەیدان بەڕێوەچوو.
ململانێكان لە بەریتانیا بەبەشداری 2038 وەرزشوان لە 205 وڵات ئەنجامدرا، هاوكات ژمارەی ركابەرییەكان 48 ركابەری بوە و دابەشی سەر پیاوان و ئافرەتان كران.

یوسان بۆڵت وازی هێنا
پاڵەوانیەتی گۆڕەپان و مەیدانی جیهانی كە لە بەریتانیا بەڕێوەچوو دوایین وێستگەی وەرزشی یۆسان بۆڵتی راكەری جامایكی بوو، ئەم وەرزشكارە لەتەمەنی سی ویەك ساڵیدا وازهێنانی خۆی راگەیاند.
بۆڵت لەماوەی رابردوودا 13 میدالیای زێڕی لە ئۆڵۆمپیادەكان و پاڵەوانیەتیە جیهانییەكانی بردۆتەوە و، ئەم راكەر بە خێراترین پیاوی سەر زەمین هەژمار دەكرا.

پاسكیلسواری..كریس فروم بووە پاڵەوانی خولانەوەی فڕانسا
لە پاسكیلسواری و لەپاڵەوانیەتی ئەمساڵی خولانەوەی فرانسا كە گرنگترین پاڵەوانیەتییە لەسەر ئاستی جیهان و تێیدا لە لۆكسمبۆرگ و بەلجیكا و ئەڵمانیا وفرانسا بەڕێوەدەچێت، لەپاڵەوانیەتی ئەمساڵدا كریس فرومی بەریتانی توانی ناسناوەكە بباتەوە بە بڕینی درێژی سێ 1540 كیلۆمەتر.

رالی. سیباستیان ئۆجێ بووە پاڵەوانی جیهان
لەپاڵەوانییەتی رالی جیھانی بۆ ساڵی 2017 سیباستیان ئۆجێی فرانسی بۆ جاری پێنجەم لە مێژوویدا ناسناوەكەی بردەوە دوای ئەوەی پێشەنگی پاڵەوانیەتییەكەی گرت وپێش ئالڤین ئیڤانزی وێڵزی كەوت كە توانی پلەی دووەم بگرێت.

تیپی باسكەی فەنەرباخچە ناسناوی خولی ئەوروپی بردەوە
لە خولی باسكەی ئەوروپا یانەی فەنەر باخچەی توركی ناسناوی پاڵەوانیەتییەكەی بردەوە دوای ئەوەی لە یاری كۆتاییدا سەركەوتنی بەسەر یانەی ئۆڵۆمپیاكۆسی یۆنانی تۆمار كرد بە ئەنجامی 80 خاڵ بەرانبەر بە 64 خاڵ، بەمەیش بۆ یەكەم جار ئەم یانە توركیە ئەم پاڵەوانیەتییە دەستەبەر دەكات.

گۆڵدن ستەیت ناسناوی ئێن بی ئەی ئەمێركی بردەوە
لەخولی باسكەی ئەمێریكا تیپی باسكە گۆڵدن ستەیت ناسناوی ئێن بی ئەی بردەوە دوای ئەوەی لەكۆی 5 یاری كۆتایی خولە بەرانبەر بە كلیڤلاند كافالێرز 4 یاری بردەوە و بۆ جاری سێیەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی خولەكە.

پاڵەوانیەتییەكانی تێنسی سەر زەوی جیهانی
لە پاڵەوانیەتییەكانی گراندسلام تێنسی سەر زەوی لە ساڵی 2017 وسەرەتا لە وەشانی ژمارە 105ی ئۆستورالیای كراوە لەسەر ئاستی پیاوان رۆجێر فێردرێری سویسری ناسناوكەی بردەوە دوای ئەوەی لە یاری كۆتاییدا لە رافائیل نادالی ئیسپانی بردەوە.

لەسەر ئاستی ئافرەتانیش، سیرینیا ویڵیامی ئەمریكی لە ڤینۆسی خوشكی و هاونیشتیمانی بردەوە.
لەپاڵەوانییەتی دووەمی گراند سلام، لەسەر ئاستی پیاواندا رافائێل نادالی سویسری ناسناوەكەی دەستخست دوای ئەوەی لە یاری فایناڵدا لە ستان فافرینكای سویسری بردەوە.
لەسەر ئاستی ئافرەتانیشدا، یلینائۆستابینكۆ دوای بردنەوەی بەرانبەر سیمۆناهالیبی رۆمانی توانی ناسناوەكە بباتەوە.
لە پاڵەوانیەتی ویمبڵدۆن كە سێیەم پاڵەوانیەتی تێنسی سەر زەویە، رۆجێر فێدرێری سویسری پاڵەوانیەتییەكەی بردەوە، دوای ئەوەی لە مارین سیلیچی كرواتی بردەوە.
لەسەر ئاستی ئافرەتانیش، گاربینی مۆگۆرۆزای ئیسپانی پاڵەوانیەتییەكەی بردەوە دوای ئەوەی لە ڤینۆس ویڵیامزی ئەمێركی بردەوە.
لە دوایین پاڵەوانییەتی گراند سلام كە پاڵەوانییەتی ئەمێركای كراوەیە، لەسەر ئاستی پیاواندا، رافئیل نادالی ئیسپانی دوای بردنەوەی لە كیڤن ئەندرسۆنی ئەفریكای باشوور توانی پاڵەوانیەتییەكە بباتەوە.
لەسەر ئاستی ئافرەتانیشدا، سلۆن سیڤینسی ئەمێركی ناسناوەكەی بردەوە دوی ئەوەی لە مادیسۆن كیزی هاونیشتیمانی بردەوە.
لە پاڵەوانیەتییە گرنگەكانی تری تێنسی سەر زەوی، رۆجێر فیدریری سویسری سێ ناسناوی تری بردەوە كە بریتین لە ئەندیاناوێڵز و میامی و شەنگهای كە سەرجەمیان هەزار خاڵین.
رافائێل نادالی ئیسپانی هەر یەكە لە ناسناوەكانی مۆنتیكارلۆ و مەدریدی بردەوە، ئەلیكسەندەر زڤیریڤی ئەڵمانیش ناسناوەكانی رۆما و مۆنتریالی بردەوە، گریگۆفی بولگاریش پاڵەوانیەتی سینسیناتی ئەمێركی بردەوە و جاك سوكی فڕانسیش پاڵەوانییەتی پاریس پێرسی بردەوە.

لە ساڵڵی 2017 ژمارەی پێوانەیی لە گواستنەوەی یاریزانان تۆمارکران
ساڵی 2017 ساڵی تۆمارکردنی ژمارەکردنی ژمارە پێوانەییەکان بوو لە گواستنەوەی ھاوینەی یاریزاناندا، تێیدا نێیمار ئەستێرە سێلیساو پاڵەوانی مێرکاتۆی رابردوو بوو.
گواستنەوەی نێیمار داسێلڤا لە بارسێلۆنا بۆ پاریس سان جێرمان سەرجەم ژمارەکانی شکاند کاتێک تێچوونەکەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەمەیش نێیمار بوو بەگرانترین یاریزان لەمێژووی تۆپی پێدا.

© 2017 Hawler