کانونی یەکەم 11, 2018

مۆدریچ، دوای بردنەوەی تۆپی زێڕین: دەمەوێ تا وازهێنان لە ریاڵ بم

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

مۆدریچ، دوای بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین: دەمەوێ تا وازهێنان لە ریاڵ بم
لۆكا مۆدریچ، یاریزانی كرواتی یانەی ریاڵ مەدرید، دوای بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێرین، ئاشكرای كرد، كە دەیەوێ تا كاتی وازهێنانی لە یاریكردن، لە یانەی شایانە بمێنێتەوە.
یەكەمجارە لە دوای 10 ساڵ، جگە لە مێسی و رۆناڵدۆ، یاریزانێكی دیكە ئەو خەڵاتە دەباتەوە، كەواتە مۆدریچ دەبێتە هۆی كۆتاهاتنی زنجیرە سەركەوتنەكانی ئەو دووانە لە خەڵاتی تۆپی زێریندا.
لە بارەی یانەكەی، مۆدریچی 33 ساڵان وتی: دوو ساڵم ماوە بۆ كۆتاهاتنی ماوەی بۆندەكەم، یانەكەیش خۆشەویستی و ڕێزی زۆری بۆ نواندووم، دەمەوێت لە یانەی ریاڵ مەدرید واز لە یاری بهێنم، چونكە ماڵباتەكەم چێژ لە ژیانی مەدرید و یاریكردنم لەم یانە گەورەیە وەردەگرن.
بۆ زانین، مۆدریچ لە 2018ـدا زۆر ناسناوی بردەوە، لەوانە بردنەوەی چامپیۆنس لیگ لە ریاڵ مەدرید، هەروەها یەكێك لە فاكتەرەكانی سەركەوتنی تیمەكە (كرواتیا) بوو بۆ یاریی كۆتایی مۆندیال، كە بەرانبەر فەرەنسا دۆڕان. پێشتریش خەڵاتی باشترین یاریزانی فیفای بۆ ساڵی 2018 وەرگرتبوو.

رۆبن دوای بایرن، یان واز دەهێنێت، یان ئەزموونێكی تازە تاقی دەكاتەوە
یاریزانی هۆڵەندی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، ئارین رۆبن، لە بارەی هەنگاوەكانی داهاتوویەوە دوای نەمانی لە یانە ئەڵمانییەكە، روونكردنەوەی داوە، بە تایبەتی رایگەیاندووە ئەمە دواوەرزی دەبێ لەگەڵ یانەی بایرن، دوای مانەوەی ساڵانێكی زۆر لەو یانەیەدا.
رۆبن ئاماژەی بەوە كردووە، كە هاندەران و یانەكە و هەمووان دەزانن، ئەمە دواوەرزیەتی، ئاماژەی بەوەیش كردووە كە كاتێكی زۆری لەبەردەمدایە بۆ بیركردنەوە لە هەنگاوی داهاتووی، كە یان واز دەهێنێت، یان ئەزموونێكی تازە لە شوێنێكی دیكە تاقی دەكاتەوە.
ئەو یاریزانە 34 ساڵانە، لە ساڵی 2009ـەوە كاروانی یاریكردنی لە یانە ئەڵمانییەكە دەستی پێ كرد، كە ئەوكات لە ریاڵ مەدریدەوە بۆی چوو.
هەروەها لەگەڵ باڤاری، چەندان ناسناوی بردووەتەوە، لەوانە 7 ناسناوی خولی ئەڵمانیا، لەگەڵ چامپیۆنس لیگی 2012/2013 و چەند ناسناوێكی دیكەی ناوخۆیی.

پێرێز: پێوەندییەكی خۆشەویستی لە نێوان ریاڵ و تۆپی زێڕیندا هەیە
لۆكا مۆدریچ، دەبێتە حەوتەمین یاریزانی ریاڵ مەدرید لە مێژوودا، كە ناسناوی تۆپی زێڕین بە دەست دەهێنێت، لە كاردانەوەی ئەوەدا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆكی یانەكە ئاماژەی بەوە كردووە، پێوەندییەكی خۆشەویستی لە نێوان ریاڵ مەدرید و تۆپی زێڕیندا هەیە.
پێرێز، وتیشی: ریاڵ مەدرید چیرۆكی خۆشەویستیی بەردەوامی لەگەڵ ناسناوەكاندا هەیە، بە تایبەت و دیاریكراوی پێوەندییەكە لەگەڵ تۆپی زێڕێندا بەهێزە و پێشبینی دەكەم بەردەوام بێت.
بۆ زانین، رۆناڵدۆ و مۆدریچ و دی ستیڤانۆ و لویس فیگۆ و فابیۆ كاناڤارۆ و رایمۆند كۆبا و رۆناڵدۆی دیاردە، ئەو یاریزانانەی ریاڵن كە تۆپی زێڕینیان بردووەتەوە، كە تەنێ كریستیانۆ، لەگەڵ ریاڵدا 4 تۆپی زێڕینی بردووەتەوە.
بۆ زانین، بەشێكی چاودێران و رەخنەگران، پێیان وایە پێرێز رۆڵی لەوەدا هەبووە كریستیانۆ خەڵاتەكە نەباتەوە و تۆپەكە بۆ مۆدریچ بێ، بەڵام بەشێكیان پێیان وایە مۆدریچ بە شایستەیی خۆی ئەو خەڵاتەی بردووەتەوە.

ململانێی توندی نێوان بەرشە و ریاڵ، لەسەر پۆگبای نوێ
هەریەك لە یانەكانی ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە، ڕكەبەری توند لەسەر دەستخستنی یاریزانی فەرەنسی تۆنجای دۆمبڵی دەكەن، كە ناوبراو لە هێڵی ناوەڕاستی یانەی لیۆنی فەرەنسی یاری دەكات و بە پۆگبای تازە ناسراوە.
گۆڤاری دۆن باڵۆنی ئیسپانی، بڵاوی كردووەتەوە، كە بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید، ئامادەن بۆ ركەبەری لەسەر لەسەر دەستخستنی یاریزان ندۆمبێلی، كە بە پۆگبای نوێ ناسراوە، بەو پێیەی ئاستی لە پۆڵ پۆگبای فەرەنسییەوە نزیكە.
سانتیاگۆ سۆلاری، راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، خواستی وایە یانەكەی بۆی بباتە ریزەكانییەوە، لە كاتێكدا لیۆنێل مێسیش خواستی وایە كارگێڕیی بەرشلۆنە بە خێرایی بجووڵێن.
بۆ بیرهێنانەوە، زۆرجار هەردوو یانەی ركەبەر (بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید) ركەبەری توندی لەسەر دەستخستنی یاریزانێكی نوێ دەكەن.

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler