ئەیلول 30, 2020

تۆپی باله‌ی هه‌ولێر به‌ پێكهاته‌یه‌كی خۆماڵی و به‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و گرفتی داراییەوە، دەچێتە نێو خولی باله‌ی عێڕاقەوە

بڕیار وایه‌ له‌ 10 ی ئه‌م مانگه‌ له‌سلێمانی قۆناخی یه‌كه‌می خولی نایابی باله‌ی عێڕاق به‌ڕێوه‌ بچێت، یانه‌ به‌شداربووه‌كان 13 یانه‌ن و به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌دا دابه‌شكراون، كه‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كیان له‌شاری به‌غدا و كۆمه‌ڵه‌یه‌كیش له‌شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، تۆپی باله‌ی هه‌ولێر یه‌كێكه‌ له‌ یانه‌ به‌شدار بووه‌كان و ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ تیپه‌كه‌ به‌ یاریزانانی شاری هه‌ولێر له‌ مه‌شق و ڕاهێنان به‌رده‌وامه‌ و دوو ئه‌ستێره‌ی یانه‌كه‌یش له‌ ڕێزی یانه‌كه‌ نه‌ماون، ده‌رباره‌ی ئاماده‌كاریی یانه‌كه‌یش سه‌رپه‌رشتیار و كاپتنی تیپه‌كه‌ به‌م جۆره‌ قسه‌یان بۆ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر كرد.

گه‌شبینین كه‌ بتوانن له‌م قۆناخه‌دا سه‌ربكه‌وین
له‌ ده‌ستپێكدا (شوان خالید) سه‌رپه‌رشتیاری تیپی باله‌ی هه‌ولێر گوتی"تیپی باله‌ی یانه‌كه‌مان ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ له‌ ئاماده‌كاری به‌رده‌وامه‌، ئه‌گه‌رچی تیپه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و گرفتی هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌وڵمان داوه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ین، به‌ تایبه‌ت سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر كه‌ توانیویه‌تی سه‌رجه‌م پێداویستیه‌كان و كه‌ل و په‌ل و جل و به‌رگی بۆ تیپه‌كه‌ دابین بكات، به‌ڵام گرفتی گه‌وره‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاكو ئێستا یاریزانان نزیكه‌ی یه‌ك ساڵه‌ مانگانه هیچ ‌مووچه‌یه‌ك وه‌رناگرن و زۆربه‌ی یاریزانانمان خه‌ڵكی هه‌ولێرن و له‌ پێناو خۆشه‌ویستی یانه‌كه‌ له‌گه‌ڵمان به‌رده‌وامن و مه‌شق و ڕاهێنان ده‌كه‌ن"
ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد كه‌ بێگومان نه‌بوونی پاڵپشتی ماددی و وه‌رنه‌گرتنی مووچه‌ له‌لایه‌ن یاریزانانه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر تیپه‌كه‌ له‌و خوله‌ ده‌بێت، ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ ته‌نانه‌ت نه‌مان توانیوه‌ یاریزانی پیشه‌گه‌ریش بهێنین بۆ به‌هێزكردنی پێكهاته‌ی یانه‌كه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌یش له‌ ئاماده‌كاری به‌رده‌وامن و گه‌شبینیشن كه‌ بتوانن له‌م قۆناخه‌دا سه‌ركه‌وتوو ببن و بگه‌نه‌ قۆناخی داهاتوو.
ئاماده‌ین بۆ خوله‌كه‌
دواتر (نه‌وزاد شێرزاد) كاپتنی یانه‌كه‌ به‌م جۆره‌ قسه‌ی كرد و گووتی" ئێمه‌ وه‌كو یاریزانان ئاماده‌كاریه‌كانمان له‌ ڕووی ته‌كنیكی و ته‌كتیكه‌وه‌ ته‌واو كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كێشه‌ی سه‌ره‌كییه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ یانه‌كه‌مان تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ وه‌كو پێویست مووچه‌ی یاریزانان دابین بكات، كاپتنه‌كه‌ی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه‌ پێكهاته‌ی ئه‌مساڵیان چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ر هاتووه‌ و دوو باشترین یاریزانی یانه‌كه‌ به‌هۆی خراپی بارودۆخی دارایی ڕیزی یانه‌كه‌یان جێهێشتووه‌، ئه‌وانی تر هه‌مان یاریزانی ساڵانی ڕابردوون له‌گه‌ڵ دوو یاریزانی تیپی لاوانی یانه‌كه‌".
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد كه‌ خوله‌كه‌ به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌ و به‌ دوو قۆناخ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و كه‌ قۆناخی یه‌كه‌م له‌ شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌میش له‌ مانگی یه‌كی ساڵی داهاتوو له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌ هه‌ر قۆناخێكیش ئه‌و 7 یانه‌یه‌ی له‌ كۆمه‌ڵه‌ی ئێمه‌دا به‌یه‌كه‌وه‌ یاری ده‌كه‌ین و دوای ته‌واو بوونی هه‌ردوو قۆناخه‌كه‌یش له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك چوار یانه‌ سه‌رده‌كه‌ون بۆ قۆناخی بژارده‌.
نه‌وزاد گه‌شبینی خۆیشی نه‌شارده‌وه‌ به‌ ئاستی پێكهاته‌ی یانه‌كه‌ و هێمای به‌ ئه‌وه‌دا كه‌ ئه‌وان له‌ توانایاندایه‌ كه‌ ڕكه‌به‌ری یانه‌كانی تر بكه‌ن ئه‌م قۆناخه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی تێبه‌په‌ڕێنن.

كۆمه‌ڵه‌ی یانه‌ی هه‌ولێریش له‌م یانانه‌ی خوارەوه‌ پێك دێت:
(پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، هه‌ولێر، قه‌ره‌قۆش، ئارارات‌، شوڕته‌، به‌له‌د، حه‌بانیه‌)
بڕیاریش وایه‌ كه‌ ڕۆژێك به‌ر له‌ ده‌سپێكردنی خوله‌كه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هونه‌ریدا تیروپشكی یارییه‌كانی ئه‌م قۆناخه‌ و ئه‌نجامدانی یاریی نێوان یانه‌كان ڕابكێشڕیت.

 

هێمن ئەسكەندەر - هه‌ولێر

© 2017 Hawler