کانونی یەکەم 11, 2018

ریاڵ مەدرید بۆ زستان یاریزانێكی مانچستەر سیتی دەهێنێتە بڕوا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

رۆناڵدۆ نێوەندگیری دەكات تا بەهرەوەرێكی بەڕازیلی بچێتە ریاڵ مەدرید
رۆناڵدۆی ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی بەڕازیلی، یارمەتیی یانەی ریاڵ مەدرید دەدا، تا بەهرەوەرێكی تازەی خولی وڵاتەكەی بباتە ریزەكانییەوە.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی، ئاشكرای كردووە، كە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید، ئارەزووی وایە یاریزانی ناوەڕاستی یانەی كۆرینسیانزی بەڕازیلی "پێدرینۆ" بباتە ریزەكانییەوە، كە بەم دواییە ئاستی رووی لە هەڵكشان بووە.
رۆژنامەی ماركا، ئەوەیشی دەربڕیوە كە، بەم دواییە ریاڵ مەدرید بایەخی بە واژۆكردنی بۆند لەگەڵ ئەستێرەكانی ئەمەریكای باشوور داوە، پێشتریش ڤینسیۆس جۆنیۆری بەڕازیلی بردبووە ریزەكانی، بایەخیش بە ئێكسكوێل پالاسیۆسی ئەرژەنتینی یاریزانی یانەی ریڤەر پلێت دەدا، یاریزان پێندرینۆیشی هاتە سەر.
پێرێز، پێشتر دیداری لەگەڵ ئەندریە سانچێزی سەرۆكی یانەی كۆرینسیانز كردووە، كە لە ئیسپانیا بوو بۆ دیداری رۆناڵدۆی سەرۆكی ئێستەی یانەی ریاڵ ڤەلەدۆلید.
رۆناڵدۆ كە پێشتر یاریی بۆ شایانە و كۆرینسیانزیش كردووە، نێوەندگیری نێوان هەردوو سەرۆك بووە و دواتر هەرسێكیان لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دانیشتنیان هەبووە.
پێدرینۆ، تەمەنی 20 ساڵانە و لە ناوەڕاست و زیاتر باڵی راست یاری دەكا، نرخەكەی بە 50 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، پێشبینی دەكرێ نرخیشی بەرزتر ببێتەوە، دوای ئەوەی دەنگۆی هاتنە پێشی بەرشلۆنەیش بە ئاراستەی ئەو یاریزانەدا بڵاو كرایەوە.
چاوەڕێ دەكرێ، ئەگەر ئەو یاریزانە بۆندی لەگەڵ بكرێ، سەرەتا بە خواستن، ریاڵ مەدرید بیدات بە ڤەلەدۆلید، تا ئەزموونی لەسەر لالیگا دەستكەوێت.

ریاڵ مەدرید یاریزانێكی مانچستەر سیتی دەهێنێتە بڕوا
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دەستخستنی چەند یاریزانێك لە داهاتوودا، بۆ ئەو مەبەستە ئیبراهیم دیازی بە یەكێك لە ئامانجەكانی دیاری كردووە.
رۆژنامەی ئاسی نزیك لە یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، بڵاوی كردووەتەوە، كە گفتوگۆ لە نێوان ریاڵ و برایم دیازی یاریزانی ناوەڕاستی مانچستەر سیتیدا هەبووە، كە لە هەمان كاتدا یاریزانی ژێر تەمەن 21 ساڵانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بووە.
ئەو یاریزانە بەڕەسەن مەغریبییە و خاوەن رەگەزنامەی ئیسپانییە و لەدایكبووی شاری مالاگای ئەو وڵاتەیە، چەند بەهرەو توانای كەسی هەیە، ئەوەیش وای لە گواریۆلا كردووە كورسییەكی لە تیپی یەكەمی یانەكە پێ بدا و لە مانگی یەنایەرەوە ئەو هەلەی پێ دراوە.
دیاز تەمەنی 19 ساڵانە و لە هێڵی ناوەڕاست و پێشەوە یاری دەكا، بە دیاریكراوی وەك یاریساز (دروستكەری یاری) پشتی پێ دەبەسترێت، لە هەردوو لای راست و چەپەوە، خێراییەكی زۆری هەیە و توانای دەرچوونی بەرزە، پێش ئەوەی پێوەندی بە ئەكادیمیای یانەی مانچستەر سیتییەوە بكا، لە یانەی مالاگاوە بوو و لە ساڵی 2013ـدا بە بەهای 350 هەزار یۆرۆ پێوەندی بە یانە ئینگلیزییەكەوە كرد.
ئەو یاریزانە وەرزی رابردوو 27 یاریی پێ كرا، لە نێوان تیپی لاوان و یەكەم لە هەموو پاڵەوانیەتییەكان، 6 گۆڵی كرد و 4ـی دیكەی دروست كرد، ئەم وەرزە دوو گۆڵی هەیە لە دوو یاریی جامی ئینگلتەرا.
ئەوەی بۆ ریاڵ مەدرید گرینگە، بۆندەكەی لە كۆتایی وەرز دوماهی پێ دێ، بۆیە شایانە خواستی وایە بۆندی لەگەڵدا مۆر بكات، بە تایبەت كە بەشێك بە جێگرەوەی دەیڤید سیلڤا ناوی دەبەن.
رۆژنامەكە بڵاویشی كردووەتەوە، ئەگەر هەیە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا، ریاڵ مەدرید ئەو یاریزانە بباتە ریزەكانییەوە، بە تایبەت كە ماڵباتەكەیشی لە ژیانی ئینگلتەرا ئاسوودە نین.
هەلێكی باشیشە بۆ ئەو یاریزانە، كە راهێنەری ئێستە سانتیاگۆ سۆلاری، هەلی یاریكردن بە یاریزانە لاوەكان دەدا، لەسەروویانەوە ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ئەلڤارۆ ئۆدریۆزلا، لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنی مۆدریچیش، ئەو یاریزانە هەلی سەرەكیبوونی زیاتری پێ دەدرێ.

هەواڵی شۆكهێنەر لە بارەی خەڵاتی تۆپی زێڕینەوە دزەی كردووە
رۆژنامەی لكیپی فەرەنسی، ڤیدیۆیەكی بڵاو كردەوە لە بارەی خەڵاتی تۆپی زێڕینی باشترین یاریزانی جیهان، كە لەلایەن گۆڤاری فرانس فوتبۆڵەوە ئامادە و ڕیك خراوە.
رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی، هەواڵێكی شۆكی بڵاو كردووەتەوە، بەوەی هەرسێ یاریزان (ئمباپێ لە یانەی پاریس سانت جێرمان) و (لۆكا مۆدریچ لە یانەی ریاڵ مەدرید) و رافائێل ڤاران لە هەمان یانە، لە ریزی كۆتایی كاندیدەكانی بردنەوەی خەڵاتەكەن.
رۆژنامەكە، ئەوەی دەرخستووە، كە هەریەك لە ئەنتوان گریزمانی هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و محەممەد سەڵاحی یاریزانی لیڤەرپوول و كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یوڤێنتوس و لیۆنێل مێسی هێرشبەری یانەی بەرشلۆنە، لە لیستی كۆتایی بەربژێراندا نین.
سەرەڕای ئەوە، هێشتە لیكیپ بە شێوەیەكی فەرمی ئەو لیستەی، وەك لیستی كۆتایی بڵاو نەكردووەتەوە.
بۆ زانین، رۆژی 3/12/2018، گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، ناوی یاریزانی براوەی خەڵاتی تۆپی زێرین ئاشكرا دەكا.

گاڵاكسی رەتی دەكاتەوە دەستبەرداری ئیبراهیمۆڤیچ بن
جۆڤان كیرۆڤیسكی، بەڕێوەبەری هونەریی یانەی لۆس ئەنجلێس گالاكسی ئەمەریكی، دووپاتی كردەوە، كە یانەكەی نیەتی ئەوەی نییە دەستبەرداری یاریزان زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ بێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە راپۆرتە مێدیاییەكانی ئەم دواییە، بڵاویان كردبووەوە، لەوانەیە ئیبرا بە شێوەی خواستن ریزەكانی ئەو یانەیە جێ بهێڵیت و زۆرترینی سەرچاوەكان، باسیان لەوە كردبوو دەچێتە یانەی میلان، لەو كاتەی خولی ئەمەریكی رادەوەستێت، هاوشێوەی ئەستێرەی پێشووی ئینگلیزی دەیڤید بێكهام.
راپۆرتەكان ئاماژەیان بەوە كردبوو، گفتوگۆ و دانوستانی زۆر لە نێوان مینۆ ڕایۆلای بریكاری زلاتان و كارگێڕیی یانەی ئەی سی میلاندا هەیە، بەڵام هەر زوو یانە ئەمەریكییەكە رەتیان كردەوە دەستبەرداری یاریزانە سوێدییەكەیان بن.
بەرپرسەكەی گالاكسی، ئیبرای بە باشترین یاریزانی خولی ئەمەریكی ناوبرد، ئەوەیشی وت كە هێشتا گرێبەستەكەی تەواو نەبووە و ساڵێكی ماوە، هیوای خواست لەگەڵیان بەردەوام بێ و ئەوان ئاسوودەن بە یاریكردنی ئیبرا لە ریزەكانیان.
بۆ بیرهێنانەوە، ئیبراهیمۆڤیچ، ئەمساڵ خەڵاتی جوانترین گۆڵی خولی ئەمەریكی بردەوە.

لویس سواریز ڕێنوێنی دێمبڵی دەكا بۆ دەربازبوون لە كێشەكەی
ئەستێرەی ئۆروگوایی یانەی بەرشلۆنە، لویس سوارێز، ڕێنوێنی یاریزانی هاویانەی "عوسمان دێمبڵی"ـی فەرەنسی دەكا، تا كێشەكانی ئەم دواییەی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە، تێپەڕێنێت.
رۆژنامە مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیك لە یانە كاتەلۆنییەكە، بڵاوی كردووەتەوە، كە سوارێز ئاماژەی بەوە كردووە: پێم وایە كە بە شێوەیەكی سەرەكی دەبێ دیقەت بخاتە سەر تۆپی پێ، ئەستێرەی دیكەی وەك ئەو لە بەرشلۆنە هەن و دەكرێ ئەوان بۆی ببنە ئیلهامبەخش، هەروەها وەك هەندێ لە هاوڕێكانیشمان دەڵێ، پێمان وایە كە دەبێتە یاریزانێكی زۆر باشی یانەكە.
سوارێز، ئاماژەی بەوەیش كردووە، كە دێمبڵی، بە شێوەیەكی زۆر باش خۆی لەگەڵ بەرشلۆنە لە ژووری جلگۆڕین و لەگەڵ هاوڕێكانیدا گونجاندووە، بەڵام دەبێ لە هەندێ رووەوە زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتی بكات.
پێشتر هەندێ ڕاپۆرت، ئاماژەیان بەوە كردبوو، دێمبڵی لە یاریی نێوان یانەكەی و بێتس وەك سزایەك بەشداری پێ نەكرا، بە هۆی ئەوەی پێشتر لە یەكێك لە یەكە مەشقییەكان ئامادە نەبووبوو، بەو هۆیەوەی شەونخونی كردبوو و لەگەڵ هاوڕێكانیدا ئاتاری كردبوو، بەڵام بریكاری ئەو یاریزانە، هەموو ئەو هەواڵانەی رەت كردەوە و دووپاتی كردەوە بە هۆی نەخۆشییەوە، دێمبڵی بەشداری پێ نەكراوە

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر
.

© 2017 Hawler