کانونی یەکەم 11, 2018

سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌مه‌ یارییه‌كانی وه‌رزی 2018 – 2019 خولی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانی كوردستان ده‌ست پێده‌كات

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌ یه‌كه‌م گه‌ڕی یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی تۆپی پێی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، 16 یانه‌ به‌شداری خوله‌كه‌ ده‌كه‌ن و به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌ دابه‌شكراون، له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك دوو یانه‌ سه‌رده‌كه‌ون بۆ چوارگۆشه‌ی زێڕین و دواتر هه‌رچوار یانه‌كه‌ به‌ شێوازی چوون و هاتن به‌یه‌كه‌وه‌ یاری ده‌كه‌ن و دوو یانه‌یش سه‌رده‌كه‌ون بۆ خولی نایابی كوردستان و خاوه‌نی پله‌كانی كۆتایی هه‌ردوو كۆمه‌ڵه‌كه‌یش داده‌به‌زن بۆ ڕیزی یانه‌ پله‌ دووه‌كان.

كۆمه‌ڵه‌كانیش به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ن:
كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م: (كۆیه‌، سۆران، ئاشتی،هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، هه‌ڵۆ، شێخان، سیروانی نوێ، ئاڵتون كۆپری)
كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م: (گاره‌‌، خانه‌قین، سۆلاڤ،خاك، سه‌یدسادق، ئاسۆ، ڕزگاری، كفری)
یارییه‌كانی گه‌ڕی یه‌كه‌م
ڕۆژی سێشمه‌و چوار شه‌ممه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م 8 یاری ئه‌نجام ده‌درێن، تیایدا له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م و له‌ یارییه‌كی به‌هێزدا یانه‌ی كۆیه‌ میوانداری یانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خوله‌كه‌ به‌ یه‌ك قۆناخه‌ و هه‌ر یانه‌یه‌ك یارییه‌ك له‌ یاریگه‌ی خۆیی و یاریه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ ئه‌نجامده‌دات، یارییه‌كان هه‌ستیاری زۆری پێوه‌ دیار ده‌بن، یانه‌ی سیروانی نوێیش كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و یانانه‌ی گه‌ره‌كیه‌تی بگه‌ڕێته‌وه‌ ڕیزی پله‌ نایابه‌كان، له‌یه‌كه‌م یاری خۆیدا میوانداری یانه‌ی ئاڵتون كۆپری ده‌كات، سۆران و ئاشتیش ڕووبه‌ڕی یه‌ك ده‌بنه‌وه‌، له‌ دواین یاریشدا له‌ ده‌ڤه‌ری بارزان یانه‌ی هه‌ڵۆ میوانداری یانه‌ی شێخانی تازه‌ میوانی خوله‌كه‌ ده‌كات.
له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌میشدا له‌ دێربی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و له‌ یارییه‌كی به‌هێزدا یانه‌ی ڕزگاری میوانداری یانه‌ی كفری ده‌كات، یانه‌ی ئاسۆی شاری هه‌ولێریش دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ڕیزی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كان، له‌یه‌كه‌م یاری خۆیدا ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی خاكی كه‌ركووك، یانه‌ی سه‌یدسادقی خاوه‌ن پڕ هانده‌رترین یانه‌ی كوردستانیش پێشوازی له‌ یانه‌ی گاره‌ی نوێنه‌ره‌كه‌ی دهۆكی ده‌لال ده‌كات، یانه‌ی خانه‌قینیش له‌ یارییه‌كی تری كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مدا میوانداری یانه‌ی سۆلاڤ ده‌كات.
یارییه‌كانی گرووپی یه‌كه‌م له‌ خولی پله‌یه‌كی كوردستان، رۆژی سێشه‌ممه‌ 2018/11/20 به‌رێوه‌ ده‌چێت.
یارییه‌كانی گرووپی دووه‌م له‌ خولی پله‌یه‌كی كوردستان، رۆژی چوارشه‌ممه‌ 2018/11/21 به‌رێوه‌ ده‌چێت، خشته‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕی یه‌كه‌میش به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت:
یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م/ سێ شه‌ممه‌ 20/11/2018
كۆیه‌ × هه‌ڵبجه‌ی شه‌هید /یاریگه‌ی كۆیه‌
سۆران × ئاشتی /یاریگه‌ی سۆران
هه‌ڵۆ × شێخان /یاریگه‌ی هه‌ڵۆ
سیروانی نوێ × ئاڵتون كۆپری /یاریگه‌ی سیروانی نوێ
یارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م/ چوارشه‌ممه 21/11/2018‌
سه‌یدسادق‌ × گاره‌ /یاریگه‌ی سه‌یدسادق
ڕزگاری × كفری /یاریگه‌ی ڕزگاری
خانه‌قین × سۆلاڤ /یاریگه‌ی خانه‌قین

خاك × ئاسۆ /یاریگه‌ی خاك

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler