تشرینی دووەم 16, 2018

ئه‌مڕۆ و سبەی گه‌ڕی چواره‌می خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه ‌ده‌چێت

له‌ میانه‌ی یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان و له‌ گه‌ڕی چواره‌مدا، ئه‌مڕۆ و سبه‌ی هه‌ینی، كاتژمێر (2:30) ئێواره‌، چه‌ند یارییه‌كی گرینگ ئه‌نجام ده‌درێن، بۆ به‌شێكیان به‌هێزكردنی پێگه‌كانیانه‌ له‌ ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ و بۆ تیپه‌كانی دیكەیش گێڕانه‌وه‌ی شكۆ و توانای خۆیانه‌، بۆ یارییه‌كانی ئه‌م گه‌ڕه‌یش وه‌ك هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك، ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، شه‌نوكه‌و‌ی بارودۆخی یانه‌كان ده‌كات.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و زێره‌ڤانی یاریی لوتكه‌ی ئه‌م گه‌ڕه‌ ده‌بێت
ئه‌مڕۆ پێنچشه‌مه‌، له‌ پیرمامی سه‌ركه‌شه‌وه‌، پیشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به‌سه‌ركردایه‌تی (سه‌میر بابۆی) ڕاهینه‌ر، میواندای زێره‌ڤانی خاوه‌ن زۆرترین ناسناوی خوله‌كه‌ ده‌كات، كه‌ بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ش (سلێمان ره‌مه‌زان) سه‌رپه‌رشتی تیپی میوان ده‌كات، ئه‌م یارییه‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كی جیای هه‌یه‌، چونكه‌ پیشمه‌رگه،‌ گه‌ڕی ڕابردوو تووشی گه‌وره‌ترین دۆڕان هات، كاتێك له‌سه‌ر ده‌ستی دهۆكییه‌كان، به‌ ئه‌نجامی (5-1) یارییه‌كه‌ی دۆڕاند، ئه‌مڕۆ ده‌یه‌وێت به ‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ساڕێژی برینه‌كانی له‌ رێگای زێره‌ڤانیه‌وه‌ بكات، دوای پێكانی (به‌شار ئه‌حمه‌د)ی گۆڵپارێزی، به‌ ناچاری گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ گۆڵپارێز(سه‌یف جه‌میل) واژۆكرد، كه‌ پێشووتر یاریی بۆ شوڕته‌ و ته‌ڵه‌به‌ و نه‌جه‌ف كردووه‌، زێره‌ڤانی دوای به‌ ده‌ستهێنانی ته‌نیا خاڵێك له‌ دوو گه‌ڕی رابردوو، ده‌یه‌وێت له‌ پیرمامه‌وه‌ زه‌نگی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ بۆ هه‌موو یانه‌كان لێبداته‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ خاوه‌نی (6) خاڵه‌ و له‌ پله‌ی سێیه‌م دێت، زێره‌ڤانیش به‌ (4) خاله‌وه‌، له‌ ریزبه‌ندی حه‌وته‌م دێت.

ئاكرێ و هه‌ندرێن ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
ئه‌مڕۆ ئاكرێ، له‌ نێو یاریگەی خۆی میوانداری هه‌ندرێن ده‌كات، بارودۆخی ئاكرێ تا ئیستا خراپه‌، چونكه‌ له‌ سێ گه‌ڕی ڕابردوو هیچ سه‌ركه‌وتنێكی نییه‌، له‌ كۆتایی ریزبه‌ندیه‌كه‌شدایه‌، هه‌رچی هه‌ندرێنی نوێنه‌ری هه‌ولێریه‌كانه‌ بۆ ئه‌م یارییه‌، دوو یه‌كسان بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام هیچ گۆڵێكی له‌ خوله‌كه‌ تۆمار نه‌كردووه‌، ئاكرێ ده‌خوازێت، به‌ پشتبه‌ستن به‌ خاك و جه‌ماوه‌ری خۆی یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له سه‌ر حسابی كوڕانی (دڵشاد مه‌عرووف) له‌ خولی نایاب تۆمار بكات، هه‌ندرێنیش به ‌دوای ئاسته‌ باشه‌كه‌ی وه‌رزی ڕابردووی دا ده‌گه‌ڕێت، هه‌وڵده‌دات یه‌كه‌م هه‌نگاوی دروستی له‌ رێگەی ئاكرێوه‌ بهاوێژێت، وه‌ ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌ دوو گه‌ڕی رابردوو ئاراسته‌ی تیپه‌كه‌ كراوان بنبڕیان بكات، هه‌ندرێن به‌ دوو خاڵ له‌ خانه‌ی (10)می ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ دێت، به‌ڵام هه‌ندرێن یارییه‌كی كه‌متر ئه‌نجام داوه‌.

هه‌ولێر و ده‌ربه‌ندیخان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
هه‌ولێر، له‌ یارییه‌كی به‌هێزدا میوانداری ده‌ربه‌ندیخانی تازه‌ میوانی نایاب ده‌كات، پاسه‌وانانی قه‌ڵای زه‌رد دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕی ڕابردوو له‌ نێو یاریگای (نه‌ورۆز) به‌ (ده‌ ) یاریزان به‌ خاڵێك بۆ پایته‌خت گه‌ڕانه‌وه‌، به‌ باشی خۆیان بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌كردووه‌، هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن دووه‌م بردنه‌وه‌ له‌ نێو خاك و جه‌ماوه‌ری خۆیان به‌سه‌ر دەربه‌ندیخان به‌ده‌ستبێنن، نوێنه‌ره‌كه‌ی گه‌رمیان بۆ ئه‌م یارییه‌ به‌ ده‌روونێكی به‌رزه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌ولێر، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕ ڕابردوو له‌ یاریگای خۆیان دێربی گه‌رمیانیان له‌ (شێروانه‌) برده‌وه‌، ئه‌مه‌ پالپشتیه‌كی باشه‌ تا به‌ ئه‌نجامێكی باش له‌ پایته‌خت بگه‌ڕێنه‌وه‌، هه‌ولێر به‌ (5) خاڵ له‌ هه‌گبه‌كه‌ی خانه‌ی چواره‌مه‌ی گرتووه‌، ده‌ربه‌ندیخانیش خاوه‌نی (4) خاڵه‌ و له‌ پله‌ی هه‌شته‌م دایه‌.

یارییه‌كانی ڕۆژی هه‌ینی
ئارارات و پیشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌ به‌رزاییه‌كانی پیرمام ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
ئارارات له‌ یارییه‌كی قوڕس و زه‌حمه‌تدا میوانداری پێشمه‌رگه‌كانی سلێمانی ده‌بێته‌وه‌، كه‌ دوای دابڕان بۆ ماوه‌ی سێ وه‌رز جارێكیتر (ئه‌رسه‌لان جه‌لال)ـی راهێنه‌ر تیپه‌كه‌ی سه‌رخسته‌وه‌ بۆ ریزی نایاب، گه‌ڕی ڕابردوویش یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی له‌ وه‌رزی نوێدا به‌ده‌ست هێنا، بۆیه‌ ئه‌ركی تیپی میواندار ئاسان نابێت، له‌ هه‌مان كاتیشدا گه‌ره‌كیه‌تی به‌ هاوكاری هانده‌ره‌كانی تاڵاوی یه‌كه‌م شكست به‌ گه‌ڕووی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بچێژێ، خه‌ونی له‌ مێژینه‌ی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ی بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ بهێنێته‌ دی، سه‌وزپۆشه‌كانی سلێمانیش ده‌یانه‌وێت په‌ڕكانی پلان و هیزی خۆیان دابڕێژنه‌وه‌ بۆ ئاماده‌كاری بۆ پاڵاوتنه‌كانی خولی پله‌ یه‌كی عێراقی، ئارارت خاوه‌نی (7) خاڵه‌ و له‌ پله‌ی دووه‌م دێت، تیپه‌كه‌ی ئه‌رسه‌لانیش به‌ كۆكردنه‌وه‌ی (4) خاڵ له‌ دوو یارییدا خانه‌ی پێنجه‌می گرتووه‌، یارییه‌كیشی كه‌متر ئه‌نجام داوه‌.

شێروانه‌ له‌ یارییه‌كی زه‌حمه‌تدا میوانداری دهۆك ده‌كات
سبه‌ی هه‌ینی شێروانه‌ی زامداری گه‌ڕی ڕابردوو به‌ده‌ستی دراوسێكه‌ی، میوانداری خاوه‌ن گه‌وره‌ترین بردنه‌وه‌ تا ئیستا له‌ خوله‌كه‌ ده‌كات، تووڕه‌ی هانده‌رانی گه‌رمیان به ‌ڕوونی له‌ پیگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌بینرێ، ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ دوای ئه‌و ئاسته‌ خراپه‌ی شێروانه‌ دێت، كه‌ له‌ دوای ئه‌نجامدانی سێ یاریی ته‌نیا یه‌ك خاڵی هه‌یه‌، بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی دڵی هانده‌ره‌ سه‌رسه‌خته‌كان و گێڕانه‌وه‌ی گیانی بردنه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن، ده‌بێت ئه‌نجامێكی گه‌وره‌ به‌سه‌ر دهۆكییه‌كان بنووسێته‌وه‌، دهۆكیش بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌كی خۆی، هه‌وڵده‌دات سێ خاڵی گرینگ له‌ شێروانه‌ وه‌رگرێت و به‌ یانه‌كان بڵێت ئێمه‌ بۆ ناسناوه‌كه‌ هاتووینه‌ته‌وه‌ نێو كێبڕكێیەكه‌، دهۆكییه‌كان خاوه‌نی (7) خاڵن و له‌ یه‌كه‌می ریزبه‌ندیه‌كه‌ دێن، شێروانه‌ش به‌ یه‌ك خاڵ له‌ پله‌ی (12) دایه‌.

گازی باكوور میوانی زاخۆی ده‌لاله‌
له‌ یارییه‌كی تری گه‌ڕی چواره‌می خوله‌كه‌ زاخۆ میوانداری گازی باكوور ده‌كات، زاخۆیه‌كان به‌ دوو یه‌كسان بوون له‌ خانه‌ی (11)م دێن، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ هه‌رنرخێك بێت، له‌ یاریگای خۆیان یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌ له‌ دژی تاكه‌ نوێنه‌ره‌كه‌ی كه‌ركوك به‌ده‌ستبێنن، وه‌ خۆیان له‌ ژێر فشارو ره‌خنه‌كانی هانده‌رانیان رزگار بكه‌ن، گازی باكووریش، كه‌ گه‌ڕی ڕابردوو له‌ یاریگای خۆی گورزێكی كوشنده‌ی له‌ (برایه‌تی) وه‌شاند، كاتێك به‌ ئه‌نجامی(3-1) یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌، به‌ ته‌واوی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌یه‌،به‌ڵام چاك ده‌زانێ یاریی كردن له‌نێو یاریگای زاخۆیه‌كان سه‌خته‌، گاز به‌ كۆكردنه‌وه‌ی (4) خاڵ خانه‌ی شه‌شه‌می گرتووه‌.

برایه‌تی و نه‌ورۆز له‌ پایته‌خت به‌یه‌كده‌گه‌ن
دوای مشتومڕێكی زۆر، دواجار گه‌ڕی ڕابردوو یانەی برایەتی، بۆ كێبڕكێكانی خولی نایاب گه‌ڕانه‌وه‌، به‌ڵام له‌ یه‌كه‌م تاقیكدرنه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر گازی باكوور تامی یه‌كه‌م شكستیان كرد، بۆ ئه‌م یارییه‌ش میوانداری نه‌ورۆز ده‌كات، كه‌ گه‌ڕی رابردوو نه‌یتوانی له‌ هه‌ولێر بباته‌وه‌، كاتێك هه‌ولێر، به‌ یاریزانێك كه‌متر یاریی به‌ رامبه‌ر نه‌ورۆزیه‌كان ده‌كرد، بۆیه‌(یوسف كاكێ)، راهێنه‌ری برایه‌تی جگه‌ له‌ بردنه‌وه‌ به‌ هیچ ئه‌نجامێكی دیكه‌ رازی نابێ، (خه‌سرەو گوروون)ی راهێنه‌ری نه‌ورۆزیش بۆ له‌بیر كردنی ئه‌نجامی گه‌ڕی ڕابردوو هه‌وڵی دووه‌م بردنه‌وه‌ ده‌دات، یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م تیپه‌ش باش یاریی كردنییه‌تی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگایی خۆی، نه‌ورۆز خاوه‌نی (4) خاڵه‌ و خانه‌ی نۆیه‌می گرتووه‌، برایه‌تیش به‌بێ خاڵ له‌ پله‌ی (13)م دێت.

© 2017 Hawler