تشرینی دووەم 16, 2018

كاردانەوە و لێكەوتەكانی كشانەوەی یانەی برایەتی لە خولی نایابی كوردستان

بارزان ئەكرەم - هەولێر

 

دوای ئه‌وه‌ی برایه‌تی بڕیاری كشانه‌وه‌ی له‌ خولی نایابی كوردستان دا، له‌و ساته‌وه‌ قسه‌ و باسی ئه‌م دووركه‌وتنه‌وه‌ی سه‌وزپۆشه‌كانی پایته‌خت نه‌بڕاوه‌ته‌، ته‌نانه‌ت له‌ دوای ئه‌نجامدانی دوو گه‌ڕی خوله‌كه‌ش تا ئێستا هه‌وادارانی یانه‌كه‌ و كوردستان چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی برایه‌تی ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا ئه‌و یانه‌یه‌ له‌ شاری هه‌ولێر خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری تایبه‌ت به‌خۆیه‌یه‌تی، ئه‌وانیش له‌ ئێستادا به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ چاوه‌ڕێی بڕیارێكی درووستده‌كه‌ن له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانه‌وه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌ی یانه‌كه‌یان تا جارێكتر هانی یانه‌كه‌یان بده‌نه‌وه‌ به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ش ئاماده‌ی یارییه‌كانبن، لێره‌دا رۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ به‌ده‌واداچونێكیدا بۆچوون و پێشناری به‌شێك له‌ هانده‌ران رۆژنامه‌نووسانی كوردستان وه‌رده‌گرێت.

"یاریی به‌ ئه‌نجامی یارییه‌كان ده‌كرێت"
بێستون ئه‌كره‌م، شاره‌زا و مامۆستای زانكۆ، یه‌كیك له‌ باشترین یاریزانه‌كانی پێشووتری كوردستان، له‌سه‌ر ئه‌پرسه‌ بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر گوتی: به‌ پێی خشته‌ی خوله‌كه‌ له‌هه‌ر گه‌رێك یانه‌یه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كات، ئه‌مه‌ش رێگه‌ بۆ یاریی كردن به‌ ئه‌نجامی یارییه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی خاڵ له‌ لایه‌ن یانه‌كان خۆشده‌كات، كه‌ دواتر ده‌بێته‌ گرفت بۆ فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، به‌ تایبه‌ت له‌ گه‌ره‌كانی كۆتایی كاتێك چاره‌نووسی ئه‌و یانه‌یه‌ له‌ دابه‌زین نزیكده‌بێته‌وه‌ یا ئه‌و تیپه‌ی ده‌بێته‌ پاڵه‌وان، ئه‌وكات ده‌كریت به‌ ئاسانی ئه‌نجامی یارییه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی تیپێك به‌كاربهینرێ.
 بیستون ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بۆ هانده‌رانیش ئه‌وا له‌ هاندانی یانه‌كه‌یان و تام و چێژی یارییه‌كانی تیپه‌كه‌یان بێبه‌ش ده‌بن، چونكه‌ پارساڵ دووه‌می خوله‌كه‌بوون بۆ وه‌رزی نویش به‌ باشی خۆیان بۆ یارییه‌كان ئاماده‌كردبوو، جگه‌ له‌مانه‌ش بۆ راگه‌یاندنه‌كانیش بێبه‌ش ده‌به‌ن له‌ رووماڵكردنی یانه‌یه‌كی خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر له‌ خوله‌كه‌ دا، هه‌وروه‌ها بۆ یاریزانه‌كانیش به‌ته‌واوی كاریگه‌ری خراپی له‌رووی ده‌روونی و جه‌سته‌ی فسیۆلۆجیه‌وه‌ ده‌بێت.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی هانده‌ره‌رانی برایه‌تی داواكاری ئاراسته‌ی كێ ده‌كات؟
لوقمان عه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی هانه‌ده‌رانی وه‌رزشی یانه‌ی برایه‌تی له‌ رێگای رۆژنامه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ داواكاری خۆی ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌وه‌ندار كردوو رایگه‌یاند، من وه‌رزی ڕابردوو وه‌ك سه‌رۆكی ده‌سته‌ی هانده‌رانی یانه‌ی برایه‌تی دیاریی كرام، له‌ كاتی بیستنی هه‌والی كشانه‌وه‌ی تیپه‌كه‌مان به‌ته‌واوی نیگه‌رانبووین زۆر پێمانناخۆش بوو، وه‌ كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر ئێمه‌وه‌ هه‌بووه‌، چونكه‌ تیپه‌كه‌مان زۆر خۆشده‌وێ، له‌ بیری ئه‌وه‌دابووین بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ جۆش و خرۆشێكی زیاتر هانی تیپه‌كه‌مان بده‌ین.
 لوقمان له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی داواكارییه‌كانی خۆی و هانده‌رانی یانه‌كه‌ی بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندار به‌رزكرده‌وه‌ و وتی: تكا له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌مان نه‌رم و نیانبێت، وه‌ تكام له‌ سه‌رۆكی یانه‌كه‌شمان‌ هه‌یه‌، بۆ خاتری ئێمه‌ و یاریزانه‌كان به‌ بڕیاریه‌كانی خۆیان دابچنه‌وه‌ له‌م بریاری هه‌لپه‌ساردنی چالاكی تیپی تۆپی پی پاشگه‌زببنه‌وه‌، تاوه‌كو جارێكیتر یانه‌كه‌كمان له‌ خوله‌كه یارییبكاته‌وه‌، چونكه‌ ناكرێت وه‌رزش له‌ كوردستان فه‌رامۆشبكرێت‌، وه‌ تاوه‌كو ئه‌و ماندووبوونه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوومان به‌هه‌ده‌ر نه‌ڕوات و نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ خاڵی سفر پێویسته‌ برایه‌تی له‌ خوله‌كه‌ به‌شداربێت.

رۆژنامه‌نووسێك پێشنیارێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ ده‌كات
بۆتان عومه‌ر رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی و نزیك له‌ خوله‌كانی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ بۆچوونی خۆی هۆكار و چاره‌سه‌ری بۆ كێشه‌كان خسته‌ڕوو وتی: به‌ دڵنیایه‌وه‌ كشانه‌وه‌ی برایه‌تی كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر خوله‌كه‌وه‌ ده‌بێت، چونكه‌ دووه‌می وه‌رزی رابردووی خوله‌كه‌بووه‌، ناكرێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له‌سه‌ر ئاماده‌نه‌بوونی یانه‌یه‌ك له‌ مه‌راسیمی كۆتای خوله‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، برایه‌تی مافی خۆیه‌تی ببپرسێت به‌ چ؟ یاسا و بڕگه‌یه‌ك سزا دراوه‌، به‌داخه‌وه‌ فیدراسیۆن له‌وه‌ته‌ی ساڵی (2006)، نه‌یتوانیوه‌ كوراسێكی درووست دابڕێژێت تا سه‌رجه‌م یاساكانی تێدابێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی ڕووداوه‌كاندا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان پشتی پێببه‌ستێت، ئه‌گه‌ر یاسا هه‌بووایه‌ ئه‌وا یانه‌كانیش به‌رچاوروونیان ده‌بوو، تووشی زۆر كیشه‌ نه‌ده‌بوون، وه‌ كاردانه‌وه‌كه‌ی برایه‌تیش بریاری میزاجین، هه‌ڵبه‌ت زوڵمێكی گه‌وره‌شیان له‌ خۆیان و هه‌موولایه‌ك كرد، چونكه‌ چه‌ند ساڵه‌ لێژنه‌ی ئۆلۆمپی به‌م بارودۆخه‌دا تێده‌په‌رێت، كه‌چی هه‌ڵوێستیان نه‌بووه‌.
بۆتان وتیشی: پێشنیار ده‌كه‌م لێژنه‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی برایه‌تی و ئه‌ندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان درووستبكریت، له‌ كۆتایدا ئه‌وان هه‌ر بڕیاریكیاندا پێویسته‌ هه‌مووان پێویه‌وه‌ی پابه‌ندبن و گرفته‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن تاوه‌كو كۆتای به‌م كێشه‌یه‌ بهێنرێت.

"ناكرێت له‌سه‌ر ده‌ربڕینی یه‌ك وشه‌ كیشه‌كه‌ به‌م شێوه‌ گه‌وه‌ربێت"
ئاری تۆفیق، رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی شاری هه‌ولێر، سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی برایه‌تی له‌گه‌ڵ فیدراسۆنی تۆپی پێی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ نیازی دڵی خۆی دركاند و گوتی: ناكرێ له‌سه‌ر ده‌ربڕینی وشه‌یه‌ك، كه‌ خۆی له‌ خۆیدا لای من گه‌وره‌یه ده‌نونێ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ریده‌بڕێ، به‌و جۆره‌ گرفت و كێشه‌ بنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی لای م جێگای نیگه‌رانییه‌ دڵره‌قی یانه‌ی برایه‌تیه‌، راسته‌ ماندوو و هیلاكن و نیگه‌رانن له‌م بڕیاره‌ی فیدراسیۆن، وه‌ هه‌ولی به‌رده‌وامیش ده‌ده‌ن بۆ پێشخستنی تیپه‌كه‌یان، به‌ڵام ناشكرێ به‌ بریاریك ئه‌و هه‌موو جه‌ماوه‌ره‌ی هه‌یانه‌ بێهیوایان بكه‌ن و بێبه‌شبن له‌ هاندانی خۆشه‌ویسته‌كه‌یان.
 ئاری ده‌رباره‌ی گله‌یه‌كانی برایه‌تی له‌سه‌ر یاریی كردن به‌ ئه‌نجامی یارییه‌كانی وه‌رزی ڕابردوو ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پێویسته‌ تۆ به‌لگه‌ی فه‌رمیت هه‌بێت پاشان رووبكه‌یته‌ دادگاكان تا كه‌یسه‌كه‌ت یه‌كلابكه‌یته‌وه‌، وه‌ لێره‌وه‌ش داوا له‌ ئه‌ندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێ ده‌كه‌م، گه‌وره‌ی خۆیان بنوێن و سه‌ردانی باره‌گای یانه‌ی برایه‌تی بكه‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی برایانه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك سیاسیه‌كان بیرنه‌كه‌نه‌وه‌ و وه‌رزشی كوردستان ناشرین نه‌بێت.
"بێ برایه‌تی به‌كه‌می ئاماده‌ی یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان ده‌بم"
پێشه‌وا حه‌مه‌ده‌مین، كه‌ هه‌وادارێكی سه‌رسه‌ختی یانه‌ی برایه‌تیه‌، وه‌رزه‌كانی ڕابردووش له‌ هه‌موو یارییه‌كانی یانه‌كه‌ی ئامه‌ده‌بووه‌ بۆ هاندانن، له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی تپیه‌كه‌ی به هه‌ولێری راگه‌یاند، ئه‌م بڕیاره‌ به‌ ژماره‌ یه‌ك، یاریزانه‌كانی ئه‌و تیپه‌ تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، وه‌ ره‌نگه‌ خه‌ونی گه‌وه‌ریان هه‌بێت و به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ ناوبچێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ یاریگاكان دوورده‌كه‌ونه‌وه‌، لای منیش خوله‌كه‌ تام و چیژی جارانی نامێنیت، وه‌ك جارانیش ئاماده‌ی یارییه‌كان نابم، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌رێنه‌وه‌ بۆ یاریگاكا ئه‌وا هه‌موو لایه‌ك باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن، پێشه‌وا وتیشی: به‌ بیستنی بڕیاره‌كه‌ هه‌ستێكی زۆر ناخوش لامان درووستبووه‌، وه‌ هیوادارم یانه‌كه‌مان په‌شیمان بیته‌وه‌ له‌ بڕیاره‌كانی، چونكه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ كه‌مه‌ی ماوه‌ با ده‌رفه‌ته‌كه‌مان له‌ده‌ست نه‌چێت و جارێكیتر سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر له‌ یاریگاكان ببینینه‌وه‌.

© 2017 Hawler