تشرینی دووەم 16, 2018

ئه‌مشه‌و دوای 11 ساڵ كلاسیكۆ بێ مێسی و كریستیانۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت

ئێوارەی ئەمڕۆ كلاسیكۆی نێوان ڕیاڵ مەدرید و بارسێلۆنا له‌ كاتژمێر 6:15 خوله‌ك به‌ كاتی هه‌ولێری پایته‌خت بەڕێوەدەچێ و ئەمە یەكەم یارییە دوای لە ساڵی 2007ـەوە كە ڕۆناڵدۆ و مێسی تیادا بەشدار نین و یاری ناكەن.

گواستنەوەی ڕۆناڵدۆ لە ڕیاڵ مەدریدەوە بۆ یانەی یۆڤنتوس، بوو بە هۆی ئەوەی لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا یەكەمجار بێت یاری ئێلكلاسیكۆ نەكات ولیونێل مێسیش كە لە یاری بەرانبەر بە سێڤیا تووشی پێكان بوو، ئەویش دەبێ لەناو ئاپۆڕای هاندەرانەوە سەیری یارییەكە بكات، واتە دوای 23ـی ئەیلولی ساڵی 2007، ئەوە یەكەم یارییە بێ لیونێل مێسی و ڕۆناڵدۆ بەڕەوەدەچێت.

مێسی باشتر لە ڕۆناڵدۆ
مێسی لە یاری بەرانبەر سێڤییا ئاسی
به‌رازیلییه‌كه‌ یه‌كه‌م گۆڵی یانه‌كه‌ی تۆمار كرد.
دواتر لیۆنێل مێسی گه‌ڕایه‌وه‌ دووەم گۆڵی یانەكەشی لێدا و دواتر تووشی پێكان بوو. بارسێلۆنا دوای ئەو یارییە، یارییەكی لە چامپیونزلیگدا ئەنجام داوە كە بێ مێسی و بە دوو گۆڵ ئەم یانە بەهێزەی ئیتاڵیا بە دوو گۆڵ شكست دا و ڕافینیا ئالكانتارا كە جێگرەوەی مێسی بوو لەم یارییەدا، ئاستێكی باشی پێشكه‌ش كرد و تەنانەت گۆڵێكیشی لە یانەی پێشووی خۆی دا كه‌ وه‌رزی رابردوو به‌شێوه‌ی خواستن یاری بۆ ئینته‌ر میلان ده‌كرد.
مێسی بۆ سێ هه‌فته‌ ناتوانێ یاری بكات و ئێستەش هەموو چاوەكان لەسەر جێگرەوەی ئەم یاریزانەن لە یاری ئێل كلاسیكۆ، كە ئایا عوسمان دێمبلی دەبێت بەو یارییە ئاستنزمەی بەرانبەر بە سێڤیا كرد، یان رافینیا كە ئاستێكی باشی لە یاری بەرانبەر بە ئینتەر پێشكه‌ش كرد و بوو بە هۆی بردنەوەی یانەكەی، یان ڤاڵڤێردی پلانێكی دیكەی لە مێشكدایە.
لە كانونی یەكەمی ساڵی 2007ـیش لیونێل مێسی بەهۆی پێكانەوە نەیتوانی لە یاری ئێلكلاسیكۆدا بەشداربێت و ڕیاڵ مەدردید بە تاكە گۆڵی جۆلیۆ باپتیستای به‌رازیلیلە كامپ نۆ یارییەكەی بردەوە.

زۆربەی ژمارە پێوانەییەكان بۆ مێسی و ڕۆناڵدۆ
لیونێل مێسی تا ئێستە 37 یاری ئێل كلاسیكۆی كردووەك ە 17 یاری بردۆتەوە، 8 یاری یەكسان بووە و 12 یاری دۆڕاوە ئاماری باشترە لە ڕۆناڵدۆ. بەڵام ڕۆناڵدۆ، 8 بردنەوە، 7 یەكسانبوون و 14 شكستی هەبووە و لە 29 ئێلكلاسیكۆدا یاری كردووە. ئەستێرەی ئەرژەنتین بە 45.9%ی بردنەوە بەرانبەر بە 27.6%ـی بردنەوەی ڕۆناڵدۆ بارودۆخی زۆر باشترە.
لەگەڵ ئەوەشدا مێسی و ڕۆناڵدۆ زۆرینەی ژمارە پێوانەییەكانی ئێل كلاسیكۆیان بەدەستهێناوە. بۆ دەسپێك، ڕۆناڵدۆ تەنیا یاریزانی ئێل كلاسیكۆیە كە لە شەش یاری بەوای یەكدا گۆڵی تۆماركردوو. ئەو تاكە یاریزانكە كە 11 گۆڵی لە كامپ نو تۆماركردووە و باشترین گۆڵكاری ئەورووپی ئێل كلاسیكۆیە بە 17 گۆڵ.

دەكرێ بڵێین ئەمەیان ئێل كلاسیكۆ نییە!
بەڵام دیسانیش لیۆنێل مێسی لە ئێل كلاسیكۆدا ئاستبەرزتر لە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆیە. ئەستێرەی ئەرژەنتینی 26 گۆڵی لە یارییەكانی ئێل كلاسیكۆدا تۆمار كردووە. ئەو 14 پاسی گۆڵی داوە و لەو ڕوویەشەوە ژمارەپێوانەیی بەدەستە. مێسی هەروەها 15 گۆڵی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ تۆماركردووە كە تائێستە هیچ یاریزانێك ئەو ژمارە گۆڵەی لەم یاریگایەدا تۆمار نەكردووە. هەروەها ژمارەپێوانەیی گۆڵكردنی ئێلكلاسیكۆی لالیگا (17گۆڵ) و سوپەر كاپ (6 گۆڵ)ـی بەدەستە.
ئاستی لیونێل مێسی لە ئێل كلاسیكۆدا باشتر بووە لە ڕۆناڵدۆ، بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بكەین كە ماوەیەكی زیاتریش یاری كردووە لە یارییەكانی ئێل كلاسیكۆدا.
ئێستە كە سەیری ئەو هەموو ئاستبەرزییە و ژمارە پێوانەیی دەكەین، دەتوانین بڵێین ئێل كلاسیكۆی بێ لیۆنێل مێسی و كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئێل كلاسیكۆی جاران نییە!



 

محەمەد شەهدی - هەولێر

© 2017 Hawler