تشرینی دووەم 16, 2018

ماركۆز ئەلۆنزۆ بۆندەكەی لەگەڵ یانەی چێڵسی نوێ كردەوە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ماركۆز ئەلۆنزۆ بۆندەكەی لەگەڵ یانەی چێڵسی نوێ كردەوە
ماركۆس ئەلۆزنۆ، ئەو یاریزانەی یانەی ریاڵ مەدرید نیازی دەستخستنی هەبوو، لەلایەن یانەكەی خۆیەوە راگەیاندرا كە بۆندەكەی نوێ كراوەتەوە.
یانەی چێڵسیی ئینگلیزی، رایگەیاند، كە بۆندی ماركۆس ئەلۆنزۆیان تا ساڵی 2023 نوێ كردووەتەوە، ئەو یاریزانە لە ساڵی 2016ـدا پێوەندیی بە یانەی چێڵسییەوە كرد و لەگەڵ یانەكەیدا ناسناوەكانی خولی ئینگلیزی و جامی یەكیەتیی ئەو وڵاتەی بردەوە.
سایتی فەرمیی یانەكە، روونی كردووەتەوە، كە بۆندەكەی بۆ 5 ساڵی دیكە درێژ كراوەتەوە، ئەوەیش دوای ئەو ئاستە بەرزە دێ، كە ماركۆس لە دوو ساڵی رابردوودا لەگەڵ یانەكەیدا پێشكەشی كردووە.
ماركۆس لەو رووەوە توویەتی: خۆشحاڵم بەوەی ماوەیەكی زۆرتر لێرە دەمێنمەوە، كە یەكێكە لە باشترین یانەكانی جیهان، هەوڵیش دەدەم ناسناو و پاڵەوانیەتییەكان بۆ چێڵسی ببەمەوە.
پێشتر، راپۆرتە مێدیاییەكان، ئاماژەیان بەوە كردبوو، كە ریاڵ مەدرید خواستی دەستخستنی ئەڵۆنزۆی هەیە، ئەو یاریزانە لە مۆندیالی رووسیا بەشداری هەڵبژاردەكەی نەكرد، بەڵام لویس ئێنریكی دواتر بانگهێشتی ریزەكانی لارۆخای كرد.

ڕاهێنەری پێشووی بەرشلۆنە، لە بارەی پێوەندیی خۆی و مێسییەوە دەپەیڤێت
تاتا مارتینۆ، راهێنەری پێشتری یانەی بەرشلۆنە لە وەرزی 2013/2014، لە بارەی سەروەختی راهێنەرایەتیی بەرشلۆنە و پێوەندیی نێوان خۆی و مێسییەوە هەندێ زانیاریی ئاشكرا كرد.
رۆژنامەی سپۆرتی نزیك لە بەرشلۆنە، لێدوانی ناوبراوی بڵاو كردووەتەوە، كە دەڵێ: ئەوە راست نییە كە مێسی ڕێنوێنی هونەری دابێ، ئەو دەنگۆیانە هەندێك خەڵك دروستی دەكەن، بەڵام هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەمە نییە.
وتیشی: لە كۆتاییەكانی 2014ـدا، دیسان دەنگۆی ئەوە هەبوو لە هەڵبژاردەكەیش مێسی دەستوەردان دەكات، لە كۆتایی كۆپا ئەمەریكایش ئەو دەنگۆیە هەبوو، بەڵام راستییەكان، دەریدەخەن كە ئەو دەنگۆیانە راست نین.
تاتا، ئێستە لە وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی مەكسیك نزیكە، دوای وازهێنانی لە یانەی ئەتلانتا یونایتدی ئەمەریكی. تاتا ئاماژەی بەوەیش كرد، خۆشترین كاتەكانی، ئەو 5 ساڵە بووە كە راهێنەری هەڵلژاردەی ئۆروگوای بووە.

یاریزانانی ریاڵ مەدرید سۆلاریی ئەرژەنتینی رەت دەكەنەوە
یاریزانانی یانەی ریاڵ مەدرید، رەتیان كردەوە راهێنەری تیپی دووەمی یانەكەیان "سانتیاگۆ سۆلاری" وەك راهێنەری تیپی یەكەم دیاری بكرێت.
ئێزگەی ئۆندا، بڵاوی كردووەتەوە، كە یاریزانە گەورە و ئەستێرەكانی ریاڵ مەدرید، ئارەزوویان لەوە نییە كە سۆلاریی ئەرژەنتینی ببێتە راهێنەریان.
خۆزسێ رامۆی دی لا مۆرینا، رۆژنامەنووسی وەرزشیی ئیسپانی، بڵاوی كردووەتەوە، كە ئەو یاریزانانە، وای دەبینن سۆلاری نزیكە لە كارگێری، بۆیە ئەوەی لە ژووری جلگۆڕین روو دەدات، هەمووی بۆ فلۆرینتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكە دەگوازرێتەوەز
ئاماژەی بەوەیش كردووە، كە كارگێریی یانەی شایانە، وای دەبینێت كە سۆلاری بژاردەیەكی باشە بۆ راستكردنەوەی ڕەوشی ئێستەی یانەكە، لەگەڵ ئەوەیشدا چارەسەرێكی ڕیشەیی و بنەڕەتی لە ئێستەدا نابینن بۆ كێشەی ئاست و ئەنجامەكانی ریاڵ مەدرید.

ریاڵ و یوڤی، چاو لەسەر پۆگبا هەڵناگرن
هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و یوڤێنتوس، چاودێریی یاریزانی فەرەنسی پۆڵ پۆگبای یاریزانی یانەی مانچستەر یونایتد لەگەڵ یانەكەی دەكەن، تا هەلێك بدۆزینەوە و بیبەنە ریزەكانیانەوە.
پۆگبا، ئێستە بابەتی دەرچوونی لە مان یوو شەنوكەو دەكات، وەك روونە ئەوەیش بە هۆی مۆرینهۆوەیە.
گۆڤاری دۆن باڵۆن، روونی كردووەتەوە، كە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی شایانە، جووڵوە بۆ واژۆكردنی بۆند لەگەڵ پۆگبا، هاوكات یوڤیش بۆ ئەو مەبەستە كەوتووەتە گەڕ.
مەدرید، بۆندێكی 120 ملیۆن یۆرۆیی پێشكەشی مان یوو كردووە بۆ دەستخستنی پۆگبا، بۆ ئەو مەبەستە كارتی بەهێزی "رافائێل ڤاران"ـی فەرەنسی بەكار دەهێنێت.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler