تشرینی یەکەم 16, 2018

كتێبی (راگەیاندنی وەرزشی)ـی نووسەر سامان بریفکانی کەوتە بەردەستی خوێنەران

دوێنێ چوارشەممە 10/10/2018، لەگەڵ کردنەوەی پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، كتێبی راگەیاندنی وەرزشی بڵاو کرایەوە. ئەم كتێبە، لە نووسینی نووسەر سامان بریفکانییە. لەو كتێبەدا، نووسەر، جۆرەکانی راگەیاندنی وەرزشی بە نووسراو و ئەلکترۆنی و بینراو و بیستراو بە تێروتەسەلی روون دەکاتەوە. هەروەها جۆرەکانی داڕشتن لە هەواڵ و راپۆرت و لێکۆڵینەوە و رەخنە و گفتوگۆ و وەرگێڕان و وتار بە وردی گرنگیی پێدەدات.
سامان بریفکانی نووسەری كتێبی راگەیاندنی وەرزشی، بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند: پەڕتووکەکە وەک سەرچاوەیەکە بۆ ئەوانەی ئارەزوو دەکەن ببنە راگەیاندنکاری وەرزشی. بە هەمان شێوە بۆ ئەو راگەیاندنکارانەیە کە ماوەیەکی کەمە هاتوونەتە نێو ئەو بوارە.
هەروەها دەیشتواندرێت لە پەیمانگە و زانستگەکان وەک سەرچاوەیەک سوودی لێ وەربگیرێت.
كتێبی، راگەیاندنی وەرزشی بە قەبارەی ناوەند لە 264 لاپەڕە پێک دێت و لە 11 بەش پێکهاتووە.
سامان بریفکانی نووسەرێکی بواری راگەیاندنی وەرزشییە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە راگەیاندن هەیە. ئامادەکاری كتێبەكی (تۆپی پێ. مێژوو. سەرهەڵدان. داهێنان) کە دوو جار چاپ کرا. پێشتر سەرپەرشتیاری رۆژنامەی خەبات بووە (ژمارەی تایبەت). سەرپەرشتیاری هەفتەنامەی خەباتی وەرزش و سەرنووسەری گۆڤاری (یانەی هەولێر) و (یومیات تصفیات شباب ێسیا) و بەرپرسی راگەیاندنی هەولێر بووە.
ئێستا ئەم كتێبە، لەگەڵ ئەوانەی دەزگەی ئاراس لە پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەردەستە.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.