تشرینی یەکەم 16, 2018

ڤاڵڤێردی چوار كێشەی بۆ بەرشلۆنە دروست كردووە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

لە راپرسییەكی وەرگرتنی تۆپی زێڕین، سەڵاح بەسەر مێسی و رۆناڵدۆ سەركەوت
یاریزانی میسڕی محەممەد سەڵاح، لە راپرسییەكدا بەسەر هەریەك لە یاریزانانی هەرەناسراوی جیهان لیۆنێل مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆدا سەركەوت.
گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، لینكی راپرسییەكی كردووەتەوە و پرسیاری ئەوە كراوە كام یاریزان بە شایان بۆ بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێرینی 2018 دەزانیت. لەو راپرسییەدا، تا ئەو كاتەی ژمارەی بەشداربووان 400 هەزار كەس بوو، محەممەد سەڵاح 42%ـی كۆی ڕێژەی دەنگەكانی بە دەست هێنابوو، مێسی نزیكترین ركەبەریەتی بە 38%ـی دەنگەكان. هەروەها كریستیانۆ رۆناڵدۆ بە رێژەی 7% لە خانەی سێیەمدا دێ، هەریەك لە ئمباپێ و مۆدریچ و نێیمار 2%ـی دەنگەكانیان بە دەست هێناوە. هەریەك لە ئەنتوانی گریزمان و ئیدین هازارد و رافائێل ڤاران و ئیڤان ڕاكیتیچیش 1%ـی دەنگەكانیان پێ دراوە.
بۆ زانین، ڕۆژی 3ـی دیسێمبەر، ناوی براوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین، ئاشكرا دەكرێت.

ڤاڵڤێردی چوار كێشەی بۆ یانەی بەرشلۆنە دروست كردووە
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، ئەم وەرزە بە دەست داكشانی ئاست و خراپیی ئەنجامەكانییەوە دەناڵێنێ، ئەمە لە كاتێكدایە سەرەتای ئەو یانەیە لە خولی ئیسپانیادا، دەستپێكێكی باش بوو.
لە دوا یاریدا، لەگەڵ یانەی ڤاڵێنسیا، كەوتە دوای یەكسانبوونەوە و بەو جۆرە پێشەنگییەكەی بۆ سڤیلیە پێ چۆڵ كرا، بەشێكی چاودێران، پێیان وایە ڤاڵڤێردی راهێنەر، هۆی دروستبوونی چوار كێشەیە لە یانە كاتەلۆنییەكە.
ئیرنستۆ ڤاڵڤێردی، لە بڕیارەكانیدا سەركەوتوو نییە، تەنانەت لە یارییەكەیان لەگەڵ ڤاڵێنسیا، تا دواساتەكان سوودی لە كورسیی یەدەگ وەرنەگرت.
كێشەیەكی دیكە، رۆڵی رافینیا و پاشگوێخستنی ڤیدالە، بە جۆریك ڤاڵڤێردی هەلی زیاتری بە رافینیا ئەلكانتارای بەڕازیلی داوە، ئەمە لە كاتێكدایە كارگێریی بەرشلۆنە ئارەزوویان وابوو خۆیان لەو یاریزانە رزگار بكەن و بیفرۆشنە یەكێك لە یانەكانی ئینتەر میلان، یان ریاڵ بێتس، هەروەها ڤاڵڤێردی، سوودی لە ئارتۆرۆ ڤیدالی یاریزانی ناوەند وەرنەگرتووە، كە هاوینی رابردوو لە بایرن میونشنەوە برایە بەرشلۆنە، ئەو یاریزانە ئێستە هەست بە نیگەرانی دەكات.
هەروەها ڤاڵڤێردی، تەنێ یەك پلانی هەیە، ئەویش چارەسەركردنی كێشەكانی، لە رێی مێسییەوە، ئەمە لە كاتێكدایە ئاستی سوارێز دابەزیوە و دێمبڵیش خراوەتە سەر كورسی یەدەگ، بەم جۆرە گووشاری زۆر لەسەر مێسی دروست دەبێ، ئەو 6 گۆڵی لە لالیگا و 5 گۆڵی لە چامپیۆنس لیگ تۆمار كردووە، رەخنەكان ئەوەن، كە جگە لە مێسی، راهێنەر چارەی دیكەی بە دەستەوە نییە. لە یارییان بەرانبەر بلباو، بە گۆڵێك لە دوا بوون، دواتر كە مێسی چووە نێو یاریگە، یەكسانیان كردەوە.
ڕەخنەیەكی دیكە، كە لە ڤاڵڤێردی دەگیرێ، بانگهێشتنەكردنی مالكۆم دی ئۆلیڤێرای بەڕازیلییە بۆ یارییەكانی بەرشلۆنە، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیك لە یانەكە، روونی كردووەتەوە، ئەو كارەی ڕاهێنەر گووشاری لەسەر كارگێریی بەرشە دروست كردووە، بەو پێیەی ئەو یانەیە 41 ملیۆن یۆرۆی دا بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە لە یانەی بۆردۆی فەرەنسییەوە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.