تشرینی یەکەم 23, 2019

ڕۆیشتنی نێیمار بۆ ڕیاڵ بۆ شێواندنی پاریس سان جێرمانە




محەمەد شەهدی

هەر دوای ڕۆیشتنی نێیمار لە یانەی بەرشلۆنە بۆ یانەی پاریس سان جێرمان دەنگۆی چوونی بۆ ڕیاڵ مەردید سەری هەڵدا و لەو ڕۆژانەدا كە یانەی ڕیاڵ مەدرید كە لە دۆخێكی خراپدا تێدەپەڕێت و دوو جامی لالیگا و شای ئیسپانیای لەدەست داوە، پروپاگەندەی ڕۆیشتنی بۆ ڕیاڵ زیاتر بووە، بەڵام سەرۆكی یانە پاریسییەكە بە پروپاگەندەی دەزانێت، ئەویش بۆ شێواندنی یانەكەی.
پاریسییەكان لە هاوینی پاردا و بە بڕی 222 ملیۆن یۆرۆ نێیماریان لە بارسێلۆنا كڕی. ئەو ئەسترێە بەڕازیلییەشە لە 24 یاری بۆ پاریسییەكان 26 گۆڵی تۆماركردووە و یەك لەو یاریزانانەیە كە كاریگەری بەرچاوی لە ئاستبەرزی یانەكەیدا گێڕاوە، واتە ئێستە سەرووی ڕیزبەند خولی تۆپی پێی فەڕەنسایان بەدەستە و لە چەمپیونزلیگیشدا چاوەڕوانی دوو یاری چوون و هاتن دەكەن بەرانبەر بە ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانیا.

لەو ناوەدا دەنگۆی ئەوە هەیە سەبارەت بە كێشەی لەگەڵ ئەدینسۆن كاڤانی ئۆرۆگوایی حەزی لەمانەوە لە پاریس سان جێرمان نییە و باس لە چوونی بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید دەكرێت.
بەڵام ئەلخەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمان وتویەتی، تەنیا پروپاگەندەیە و ئەوەندە گوێ نادەینە ئەو قسانە و چاوەڕێی یاری بەرامبەر بە ڕیاڵین.
ناوبراو بەو شێوەیە هاتۆتەدەنگ: "نێیمار لە ڕیاڵ؟ بێشك بینیوتانە لە یاریكردن بۆ پاریس سان جێرمان تا چ ڕادەیەك دڵخۆشە. ئەو و خێزانی لێرە دڵخۆشن. ئێمە یارییەكی قورسمان لەگەڵ ڕیاڵدا هەیە. ئایا ئەوە هەوڵێك بۆ شێواندنی ئێمە نییە؟ ڕەنگە، بەڵام ئێمە بیری لێ ناكەینەوە. نێیمار لە كۆتایی وەرزدا لە ئێمە جیا نابێتەوە، بەهیچ شێوەیەك.

نێیماریش لە پاریس سان جێرماندا دڵخۆشە و تەنیا بیر لە یارییەكانی دەكاتەوە و لەوبارەیەوە وتویەتی: لێرە گەلێك دڵخۆشم.
نێیمار دوای بردنەوەی یارییەكەیان لە مۆن پلیە كە دوو گۆڵی تیادا تۆماركرد، وتویەتی، ڕۆیشتن بۆ ڕیاڵ یان هەر یانەیەكی دیكە ڕەتدەكەمەوە و هەوڵی جیابوونەوە نادەم. ئەوە تەنیا پروپاگەندەیە و ڕەنگە بۆ هەر یاریزانێكیش بكرێت

.
ئەسترێەی بەڕازیلی وتویەتی، تكاتان لێ دەكەم كۆتایی بەو چیرۆكە بێ بنەمایانە بێنن. دەمهەوێ ئەوەی لە مێشكمدایە بیهێنمە سەر زمان. من ڕاستیانە سەیری بابەتەكان دەكەم و بەهیچ شێوەیەك حەز ناكەم دەنگۆ و پڕوپاگەندەم بەدواوە بێت. هیچ شتێ لەو یانەیەدا ئازارم نادان. لێرەم، چونكە دەمهەوێ لێرە بم. بارودۆخ لە پاریس گەلێ باشە و لەڕاستیدا چێژ لە مانەوەم وەردەگرم.
لە كۆتاییدا نێیمار وتویەتی، مۆڕاڵم بەرزە و لەو یاریزانانەم كە بە هەموو هێزیانەوە یاری بۆ یانەكەیان دەكەن. ئەو شتەی كە لەڕاستیدا ئارزام دەدات، دەنگۆ و چیرۆكی سەیروسەمەرەن كە وازم لێ ناهێنن. چیرۆكی سەیركی سەیر لەبارەی من و كاڤانی و ڕاهێنەرەكەم، ئەوانە هیچیان ڕاست نین و هەموویان درۆ و هەڵبەستەن، من لە پاریس سان جێرمان دەمێنەوە.





 

 

© 2017 Hawler