ئەیلول 20, 2019

یاریزانانی ڕیاڵ مەدرید خیانەت لە زیزۆ دەكەن

منیش لەسەر ئەو باوەڕەم زێدان بەرپرسیاری یەكەمی ئەو قەیرانەیە كە ڕیاڵ مەدرید تووشی بووە، بەڵام نە بە هۆی تاكتیك یان مەشق و ڕاهێنانی نادروستی ناو یاریگا، بەڵكوو بە هۆی ئەو متمانە زۆرەی كە بە هەندێ یاریزان كردوویەتی، ئەو یاریزانانەی كە خیانەتیان لە زیزۆ كردووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، دەیكەن.

كەسایەتی سادە و ساكاری زێدان لەگەڵ ئەو بڕوا زۆرەی بە هەندێ یاریزانانی هەیە، ئێستە بۆتە هۆی ئەوەی یاریزانەكانی بۆ كۆنتڕۆڵ نەكرێت، تا ئەو جێگەیەی نزیكە خۆشی لەسەر دانێت.
ئەوە ڕاستییەكەی حاشاهەڵنەگرە كە یاریزانانی ڕیاڵ بەو ڕادەیە كە زێدان متمانەی پێ كردوون، هەوڵیان نەداوە و وەڵامی متمانەپێكردنەوەیان نەداوەتەوە. ئەگەر هێرشبەرەكان گۆڵ ناكەن، ئەگەر یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست بە یارییەكدا لە لوتكەن و لە یاری داهاتوو لە داوێنی هەوڵدا خۆیان دەبیننەوە و ئەگەر ئەسۆنسیۆ ئیتر یاریزانەكەی دوو ساڵ لەمەوبەر نییە، خۆ ناكرێ زێدان سەركۆنە بكرێت.
ڕەنگە ئەسڕۆنسیۆ وابیر بكاتەوە كە زێدان دەبێ زیاتر یاری پێ بكات و ئێستە بیانوی هەیە لە دڵگرانبوونی لە ڕاهێنەرەكەی. زۆر لە یاریزانانی ڕیاڵ هەر لە ئێستەوە بیر لە جامی جیهانی دەكەنەوە، هەڵبەت لە پاراستنی قاچەكەنیان. دەكرێ بە سەیركردنی دووسێ یاری ڕیاڵ بەو ڕاستییە بگەین

.
 لەڕاستیدا، ئایا ڕۆناڵدۆ پێویستی بەو هەموو پشوویە هەیە؟ زێدان لە دوو ساڵی ڕابردوودا پشتی هەموو یاریزانەكانی گرتووە، تەنانەت بە ڕۆناڵدۆشەوە و لەو یاریانەی ئاسانن، پشووی پێداوە و هەروەها پشتی ئەو یاریزانانەی گرتووە كە لەسەر كورسی یەدەك دادەنیشن، كورسییەك كە پشتی زیزۆیان بەتاڵ كردووە

.
زێدان لەگەڵ جێگۆڕكێی زۆر و گۆڕینی یاریزانەكانی نییە و هەر بۆیە لە كڕینی زستانەی یاریزاناندا دەستی نەخستە ناو بەركییەوە. لە تیمێك كە بۆندی هەموو یاریزانەكانی نوێ كراوەتەوە و مەودایەكی زۆر لەنێوان ئەستێرەكان و یاریزانەكانی دیكەیداهەیە، ئێستە حەز و ئارەزووی سەركەوتن و بردنەوەی جامە و دەسكەوتەكان كوێر بۆتەوە.
پلان و تاكتیكی زێدان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا نەگۆڕاوە. مەشقەكانی وەكوو پارن، بەڵام ئەوەی لە ڕیاڵ مەدریددا گۆڕاوە، توانا، ئاست و حەزی بەردنەوەی یاریزانەكانێتی كە شەلەل بووە.
دوای بردنەوەی هەشت جام لە دوو ساڵدا، حەزی بردنەوەی یاریزانانی ڕیاڵ كەم بۆتەوە

.
ئەو ڕۆژەی ئیسكۆ دوای بردنەوەی سوپەر كاپی ئەورووپا بەرامبەر بە مانچستەر یوناید بە لۆكاسی وت، شیرینی ئەو جامە وەكوو جامەكەی پار (بەرامبەر بە سڤیلیا) نییە، دەبوایە زێدان لەوە تێ گەیشتیا ئیتر یاریزانەكانی وەكوو پار یاری بۆ ناكەن و زیاتر لە بردنەوە و دەسكەوت، بیر لە سەلامەتی خۆیان دەكەنەوە، هەر چۆن ئێستە دوو جامی ئیسپانیایان لەدەست داوە. دوبوایە بیر لەوە بكەینەوە ڕووداوی ناخۆش و تاڵ بۆ ڕیاڵ بەڕێوەن. ئەم ڕستەیە باشترین شیكردنەوەیە بۆ هۆكاری ئەو قەیرانەی كە ڕیاڵ مەدرید تووشی بووە و ڕەنگە بەو زووانەیش لێی دەرباز نەبێ.

 

محەمەد شەهدی- هەولێر

© 2017 Hawler