تشرینی یەکەم 23, 2019

هەولێر خشتەی یارییەكانی قۆناغی دووەم و ڕیزبەندی یانەكانی خولی لاوانی یانە نایابەكانی كوردستان بڵاودەكاتەوە

یارییەكانی قۆناغی یەكەمی خولی لاوانی یانە نایابەكانی كوردستان كۆتایی هات و 5 یانە گەیشتنە قۆناخی كۆتایی، هەفتەی ڕابردوو یارییەكانی كۆمەڵەی دووەم كۆتایی هات و هەردوو یانەی شێروانە و نەورۆز سەركەتن و بۆ قۆناخی كۆتایی و یانەی هەڵەبجەی شەهیدیش دابەزی بۆ ڕیزی یانە پلە یەكەكان، ڕۆژی هەینی ڕابردویش لە كۆمەڵەی یەكەم 4 یاری ئەنجامدران و دوای ڕكەبەریەكی بەهێز یانەكانی پێشمەرگەی هەولێر و دهۆك و زێرەڤانی گەیشتنە قۆناخی كۆتایی و یانەی برایەتیش دابەزی بۆ ڕیزی یانە پلە یەكەكان.

یارییەكانی كۆمەڵەی یەكەم
لەم كۆمەڵەیەدا كە لە 8 یانە پێكهاتبوو سەرجەم یانەكان حەوت یارییانە ئەنجامدا و تا دواین گەڕیش ناسنامەی ئەو یانانەی كە دەگەنە قۆناخی كۆتایی ئاشكرا نەبوون، بەجۆرێك یارییەكان لە ئاستێكی هونەری بەرزدا بوون و تاڕادەیەكی زۆر ئاستی یانەكان لە یەكەوە نزیك بوو، دوای ڕكەبەرییەكی زۆریش یانەكانی (پێشمەرگەی هەولێر، دهۆك، زێرەڤانی) سەركەوتن بۆ قۆناخی كۆتایی، ڕكەبەری دابەزینیش لەم كۆمەڵەیەدا لە لوتكەدا بوو، یانەی برایەتی بە كۆكردنەوەی 6 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی هەندرێن دابەزی بۆ ڕیزی لاوانی یانە پلە یەكەكانی كوردستان.

یارییەكانی كۆمەڵەی دووەم
یارییەكانی ئەم كۆمەڵەیە بەهۆی ئەوەی كە ژمارەی یانەكان 5 یانە بوون و لە كۆمەڵەی یەكەم كەمتر بوون، هەفتەیەك پێش یارییەكانی كۆمەڵەی یەكەم قۆناخی یەكەمی كۆتایی هات، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەم كۆمەڵەیە ئەوە بوو كە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی تا دواین گەڕیش لە پلەی یەكەمدا بوو، بەڵام لەگەڕی كۆتایی پلەی یەكەمی لەدەستدا و دابەزی بۆ پلەی سێیەم و نەیتوانی خۆی بگەیەنێتە قۆناخی دووەم كە لە گەڕی كۆتایی یاری نەبوو لە پشوودا بوو، لە دواین گەڕدا یانەكانی (شێروانە و نەورۆز) سەركەوتنی گەورەیان بەسەر هەڵەبجەی شەهید و خانەقین تۆمار كرد و بە پلەی یەكەم و دووەم سەركەوتن بۆ قۆناخی كۆتایی، یانەی هەڵبجەی شەهیدیش كە تەنیا 1 خاڵی هەبوو، دابەزی بۆ ڕیزی لاوانی یانە پلە یەكەكانی كوردستان.


ڕیزبەندی یانەكانی كۆمەڵەی یەكەم
1ـ پێشمەرگەی هەولێر 12 خاڵ
2ـ دهۆك 11 خاڵ
3ـ زێرەڤانی 10 خاڵ
4ـ زاخۆ9 خاڵ
5ـ هەولێر 8 خاڵ
6ـ گارە 7 خاڵ
7ـ هەندرێن 6 خاڵ
8ـ برایەتی 6 خاڵ
ڕیزبەندی یانەكانی كۆمەڵەی دووەم
1ـ شێروانە 10 خاڵ
2ـ نەورۆز 7 خاڵ
3ـ پێشمەرگەی سلێمانی 7 خاڵ
4ـ خانەقین 2 خاڵ
5ـ هەڵەبجەی شەهید 1 خاڵ

یارییەكانی گەڕی یەكەمی قۆناغی دووەم
دوای تەواو بوونی قۆناخی یەكەمیش بۆ ماوەی یەك هەفتە خولەكە دەوەستێت و لە ڕۆژی هەینی 9/2/2018 دەستپێدەكاتەوە و یارییەكانی گەڕی یەكەمیش بەم شێوەی خوارەوە دەبێت.
شێروانە ـ دهۆك یاریگەی شێروانە
زێرەڤانی ـ پێشمەرگەی هەولێر یاریگەی زێرەڤانی
یانەی نەورۆز چاوەڕوانە
بۆ زانین یارییەكانی خولی نایابی لاوانی یانەكانی كوردستان لە 13 یانە پێكهاتبوو كە بەسەر دوو كۆمەڵە دابەشكرا بوون و قۆناخی یەكەم بەیەك قۆناخ بەڕێوە چوو، لە كۆمەڵەی یەكەم كە لە 8 یانە پێكهاتبوو 3 یانە سەركەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو، كۆمەڵەی دووەمیش 5 یانەی لەخۆ گرتبوو 2 یانە سەركەوتن، لە قۆناخی كۆتایدا هەر 5 یانەكە بەیەكەوە بەشێوازی خول و بەیەك قۆناخ یاری دەكەن و پاڵەوانی خولەكە ئاشكرا دەبێت.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler