نیسان 05, 2020

دیارترین بەهرەوەرە لاوەكان لە مێژووی تۆپی پێی بەڕازیلدا

هەینیی رابردوو، یانەی ریاڵ مەدرید بە فەرمی یاریزانی بەڕازیلی ڤینیسۆس جۆنیۆری بەڕازیلی وەك یاریزانی تازەی یانەكەی، بە بۆندێكی 45 ملیۆن یۆرۆیی ناساند، كە بە یاریزانێكی لاوی بەهرەوەری بەڕازیلی دادەنرێ و چاوەڕێی داهاتوویەكی باشی لێ دەكرێ، بەو بۆنەیەوە دیارترین بەهرەوەرە لاوەكانی مێژووی بەڕازیل دەخەیە روو:

پیلێ:
ئەو یاریزانە لە تەمەنێكی بچووكەوە، 17 ساڵان و لە 1958ـدا بووە براوەی مۆندیال، لە كاتێكدا لە تەمەنی 15 ساڵان لە تیمی یەكەمی یانەی سانتۆس دەستی بە یاریكردن كرد، دواتر چووە خولی ئەمەریكی، بە یەكەم، یان یەكێك لە باشترین یاریزانەكانی مێژووی تۆپی پێ، دادەنرێت.

زیكۆ:
بۆ یەكەمجار لە تەمەنی 18 ساڵاندا یاریی بۆ یانەی فلامینگۆ كرد و لە كاروانی ژیاندا زێتر لە 400 گۆڵی تۆمار كرد، ئەو بە پیلێی سپی ناسرابوو، نەیتوانی جامی مۆندیال بباتەوە.

رۆماریۆ:
لە یانەی فاسكۆ دی گاما و لە تەمەنی 22 ساڵانەوە دەستی بە یاریكردن كرد، لە دەركەوتنییەوە وەك ئەستێرە بینرا، دواتر بۆ ئایندهۆڤن و ئینجا بەرشلۆنە، لە مۆندیالی 1994 سەركردایەتی بەڕازیلی كرد لە بردنەوەی جامی مۆندیال. 55 گۆڵی لە كۆی 70 یاریی بۆ بەڕازیل تۆمار كرد.

رۆناڵدۆ:
لە تەمەنی 16 ساڵانەوە لەگەڵ یانەی كرۆزیرۆ دەركەوت، دواتر چووە یانەی ئایندهۆڤن و لەوێوە بەرەو بەرشلۆنە و ئینجا ئینتەر میلان و دواتر ریاڵ مەدرید و میلانیش.
رۆناڵدۆ لە مۆندیالی 1994 لە پێكهاتەی بەڕازیل بوو، كە مۆندیالی بردەوە، هەروەها سەركردایەتی بردنەوەی مۆندیالی كرد لە 2002. سەرەڕای پێكانی زۆری، كە كاریگەریی زۆری لەسەر ژیانی وەرزشی دانا، رۆناڵدۆ لە 98 یاریدا، 62 گۆڵی بۆ بەڕازیل تۆمار كرد.

دینیلسۆن:
دوای ئەوەی لە یانەی ساوپاولۆوە چووە ریاڵ بێتسی ئیسپانی، بووە گرانترین یاریزانی ئەو سەردەمە، بەڵام ئاستی باش نەبوو و لە 2000 بە خواستن چووە فلامینگۆ، هەروەها ماوەیەكی كورت لە ئەمەریكا و فەرەنسا و سعودیە یاری كرد. بەشداریی هەردوو مۆندیالی 1998 و 2002ـی كرد، لە كۆتایاریی مۆندیالی 2002، چەند خولەكێك بەشداری كرد.

ئەدریانۆ:
وەك دینیلسۆن، كاروانی پیشەگەریی زۆر سەركەوتوو نەبوو، كێشەی دەروونی و نزمڕەوتاریشی هەبوو، ئەو لە 19 ساڵان لە یانەی فیۆرێنتینا بەهرەی گەشایەوە، دواتر چووە پارما و ئینجا ئینتەر میلان. ئەو بەهۆی ئاڵوودەبوونی بە ماددەی هۆشبەر و سەرخۆشكەر، زیانی زۆری لە خۆی دا، لە كۆی 48 یاری، 27 گۆڵی تۆمار كرد.

رۆناڵدینیۆ:
لە تەمەنی 18 ساڵاندا لەگەڵ پاریس سانت جێرمان بەهرەی گەشایەوە، دواتر بۆ بەرشلۆنە و سەردەمی زێڕینی، لەگەڵ بەرشلۆنە خەڵاتی تۆپی زێڕینی بردەوە، مۆندیالی 2002ـیشی لەگەڵ بەڕازیل بردەوە. 33 گۆڵی لە كۆی 97 یاری بۆ بەڕازیل تۆمار كردووە.

رۆبینیۆ:
هەمووان پێشبینیی ئەوەیان دەكرد ببێتە پیلێی نوێ، لە روانگەی ئەوەی لە تەمەنی 18 ساڵانەوە لەگەڵ سانتۆس، یانەی پێشووی پیلێ، بە ئاستێكی باش دەركەوت، دواتر بە بۆندێكی گەورە چووە ریاڵ مەدرید، سەركەوتوو نەبوو، بۆیە چووە مانچستەر سیتی و لەو یانەیە ئاستی باشتر بوو. پاشان چووە میلان و ئاستی لە داكشانی دا، ئێستە یاری بۆ سیڤاسپۆری توركی دەكات 100 یاریی بۆ بەڕازیل كرد و 28 گۆڵی تۆمار كرد

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر
.

© 2017 Hawler