حوزەیران 05, 2020

زۆرترین بینراو وه‌رزش

Error: No articles to display

دەیانەوێ بە ئاستێكی بەرز لەپاڵەوانیەتیی پارێزگاكانی كوردستاندا ببینرێن

بە مەبەستی بەشداریكردن لە پاڵەوانیەتیی پارێزگاكانی هەرێم، لەسەر ئاستی لاوان، كە یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان ئەنجامی دەدات، هەلبژاردەی لاوانی هەولێریش دەستی بەمەشق و راهێنان كردووە، چەندان یاریزانی تاقیكردووەتەوە بۆ ئەوەی بگاتە پێكهاتەیەكی تۆكمە. بۆ زیاتر ئاشنابوون بە هەڵبژاردەكەی هەولێر، رۆژنامەی هەولێر لە نزیكەوە ڕووماڵی ئامادەكارییەكانی ئەو تیپەی كردووە.

گەیلان لوقمان: گرینگترین شت لای من نوێنەرایەتی كردنی شاری هەولێرە
یەكێك لە یاریزانەكانی هەلبژاردەكە، گەیلان لوقمانە، لە بارەی هەلبژاردەكەیان وتی، گرینگترین شت لای من نوێنەرایەتیكردنی شاری هەولێرە، چونكە ئەمە خەونی هەموو یاریزانێكە خزمەت بە شارەكەی خۆی بكات، بەلێن بە جەماوەری وەرزشی قەڵا و منارە دەدەین هەرچی لە تواناماندایە بیكەین بۆ ئەوەی بە دەستكەوتی گەورەوە بگەڕێینەوە. گەیلان پێی وایە خەونی گەیشتن بە یانە گەورەكان و هەڵبژاردەی كوردستان و عێراق لەم تیپانەوە دەست پێدەكات، بۆیە "بۆ ئێمە زۆر گرینگە لەو تیپە یاریی بكەین، لەم چەند رۆژەی رابردوو خۆشترین هەستم هەبووە، چونكە لەگەڵ یاریزانەكان پەیوەندیەكی بەهێز و برایانە لە نێوانماندا دروستبووە".

نەزیر حەمید،: چاومان لە دەستكەوتی باشە بۆ هەولێر
نەزیر حەمید، دڵی بەرگریی هەڵبژاردەكەیە، زۆر بە پەرۆشە بۆ ڕاهێنان و ئامادەكارییەكانی تیپەكەی، لەسەر هەڵبژاردەكە ئەوەی دەربڕی: زۆر تامەزرۆی یاریكردن بووم لە ریزی هەلبژاردەی هەولێر، لەبەر ئەوەی بۆ یاریزان لە مێژووی تەمەنی یاریكردنی رەنگە تەنیا یەك جار ڕووبدات، درێسی هەڵبژاردەی لاوانی شارەكەی بپۆشێت، سوپاس بۆ خوا خەونەكەم هاتە دی، بەڵام گرینگە، كە بتواتنین لە ئاست ئەم خواستانەدا بین، كە جەماوەری هەولێر هەیەتی، بە تایبەت بردنەوەی ناسناوەكە و بەرزڕاگرتنی ناوی هەولێر، ئەمە رێگەی ئەو خەونەمە لە وەی، كە هەمە بۆ گەیشتن بە یانەكی باش و داهاتوویەكی باش. زۆر سوپاسی دایك و باوكم دەكەم، زۆر پاڵپشتیم دەكەن هاوكاریم دەكەن بۆ گەیشتن بە خەونەكانم.

ئیبراهیم ئەزوەر: دەمەوێ لەم رێگەیەوە بگەمە ئامانجی داهاتووم
ئیبراهیم ئەزوەر، وتی: هەستێكی زۆر خۆشم هەیە، چونكە بۆ ریزەكانی هەڵبژاردەی هەولێر بانگ كراوم، كە ئەمەیش وام لێدەكات بەردەوام بم بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە بگەم بە ئامانجی داهاتووم، من زۆر سەرسامم بە ئاستی یاریزان هەردی سیامەند، هیوادارام رۆژێك دابێ شوێنی ئەو بگرمەوە لە بەرگریكردن، لە یانەی هەولێر، چونكە ئەو یاریزانێكی لێهاتوو بوو، لەم چەند رۆژەی رابردوویشدا بە شێوەیەكی باش خۆمان بۆ پاڵەوانەتییەكە ئامادەكردووە، زۆر سوپاسی ستافی راهێنەران دەكەین، كە لەگەڵمان ماندووبوون، پەنا بەخوا جێی متمانەی هاندەرانی هەولێر دەبین.

توانا ئەمیر: شانازی بە هەڵبژاردەكەمەوە دەكەم
توانا یەكێك لە یاریزانەكانی هەلبژاردەی هەولێرە، ئامانج و هەستی خۆی بۆ رۆژنامەی هەولێر ئاشكرا كرد و وتی: بۆمن شانازییە، كە نوێنەرایەتی هەولێر بكەم، زۆر دڵم بەو هەڵبژاردەیە خۆشە، چونكە دەروازەیەكە بۆ گەیشتن بە خەونەكانی داهاتووم، بەهەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەین ئەوەی لە تواناماندایە بیكەن، بۆ ئەوەی ئاست و ئەنجامی باش بەدەست بهێنین، چونكە لەماوەی رابردوو خۆمان بە باشی ئامادەكردووە، پەنا بەخوا دوای ئەو هەموو ماندووبوونەی ستافی راهێنەران لەگەڵمان بە فیڕۆ ناچێ، بە ئەنجامی باش بگەڕێینەوە بۆ هەولێر و دڵی جەماوەرەكەمان خۆش بكەین، پەنا بەخوا لە داهاتوودا لە یانەیەكی كوردستان بە گرێبەستێكی باش یاریی دەكەم، لەوێیشەوە بۆ هەڵبژاردەی كوردستان، وەك چۆن ئێستا بۆ هەڵبژاردەی لاوانی هەولێر یاریی دەكەم.
گۆلپارێزی هەلبژاردەكە، بەلێنی پارێزگاریكردن لە تۆری تیپەكەی دەدا
مەتین جەمال، گۆڵپارێز، بە هێمنی هەست و حەزی ناخی خۆی بۆ رۆژنامەكەمان هەڵڕشت، مەتین پێی وایە خۆشترین ساتەكانی ژیانی ئێستەیە، كە یاریی بۆ ریزەكانی هەڵبژاردەی شارەكەی خۆی دەكات، چونكە وەك خۆی دەڵێت: هەموو جار دووبارە نابێتەوە، لەم هەڵبژاردەیە بانگهێشت بكرێیت، لەو ماوەیشدا زۆر سوودمان لە كاپتن (كاوە ئیبراهیم) راهێنەری بە ئەزموون بینیوە، شتی زۆر باشی فێركردووین، هەرچەند ماوەكە كەم بوو، بەڵام هەوڵی داوە زۆرترین شتمان فێر بكات، زۆر سوپاسی دەكەم، بە ویستی خوا بە هەرشێوەیەك بێت پارێزگاری لە تۆڕی تیپەكەم دەكەم.
بۆ زانین و بیرهێنانەوە، ئەم پاڵەوانەتییە، رۆژی 25- تەمووز- 2018، بە بەشداری هەلبژاردەكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركووك)، ئەنجام دەدرێت، هەلبژاردەی لاوانی هەولێر، لە لایەن لقی هەولێری یەكیەتیی تۆپی پێوە سەرپەرشتی دەكرێت، ستافی راهێنەرانیش پێكهاتوون لە (عەبدووڵڵا مەحموود، راهێنەر، ئەحمەد شوكور، یاریدەدەری راهێنەر، كاوە ئیبراهیم، راهێنەری گۆلپارێزان)، هەروەها فاروق خدر، وەك سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەكە دەستنیشان كراوە

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر
.

© 2017 Hawler