حوزەیران 05, 2020

زۆرترین بینراو وه‌رزش

Error: No articles to display

ڕێكخراوێكی كوردستان به‌ داوەتنامه‌ی فه‌رمی فیفا بانگهێشتی فێستیڤاڵی هیوا و مۆندیال كرابوون

ڕێكخراوی ڕوحی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێڕاق، كه‌ ڕێكخراوێكی كوردییه‌ له‌ سلێمانی و زیاتر له‌ بواری هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك‌ له‌ مه‌ترسی مین و ته‌قه‌مه‌نی له‌ ڕێگه‌ی تۆپی پێوه‌ و ئه‌نجامدانی چالاكی وه‌رزشی كارده‌كات، به‌شداری ڤیستیڤاڵی (هیوا له‌ ڕێگه‌ی تۆپی پێوه‌)ـی كرد له‌ ڕووسیا، كه‌ ئه‌م فێستیڤاڵه‌ 4 ساڵ جارێك له‌لایه‌ن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی فیفاوه‌ شانبه‌شانی یارییه‌كانی مۆندیال ئه‌نجامی ده‌دات، ئامانجی سه‌ره‌كیی فێستیڤاڵه‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌‌ تا چه‌ند تۆپی پێ كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌م ڕێكخراوه‌یش دوای بانگهێشتكردنی له‌لایه‌ن فیفاوه‌ به‌ 4 منداڵی فره‌ نه‌ته‌وه‌ (كورد، عه‌ره‌ب، توركمان، مه‌سیحی) به‌شداری له‌و فێستیڤاڵه‌دا كرد.

تاكه‌ ڕێكخراو بووین له‌سه‌ر ئاستی عێڕاق و وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌شدار بووین
(محه‌مه‌د نه‌قیب) به‌ڕێوبه‌ری گشتی ڕێكخراوی (ڕوحی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێڕاق) وتی" ئێمه‌ وه‌ك ڕێكخراوی ڕوحی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تی ئامانجان هۆشیاركردنه‌وه‌ی گه‌نج و منداڵانه‌ له‌ مین و ته‌قه‌مه‌نی له‌ ڕێگه‌ی تۆپی پێه‌وه‌، له‌ هه‌موو عێڕاق كارده‌كه‌ین، له‌لایه‌ن فیفاوه‌ داوه‌تنامه‌ی فه‌رمیمان پێگه‌یشت كه‌ به‌شداری بكه‌ین له‌ ڤیستیڤاڵی "هیوا له‌ ڕێگه‌ی تۆپی پێوه‌"، 48 شاند له‌ هه‌موو جیهان به‌شدارییان كرد بوو، كه‌ له‌ 36 وڵات هاتبوون، ئێمه‌یش تاكه‌ ڕێكخراو بووین له‌سه‌ر ئاستی عێڕاق و وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌شدار بووین.
شانده‌كه‌ له‌ دوو كه‌س پێكهاتبووین، له‌گه‌ڵ 4 منداڵی ته‌مه‌ن 15بۆ 18 ساڵ كه‌ 3 منداڵمان له‌ شاری كه‌ركووك ده‌ستنیشانكرد، كوردێك و توركومانێك و عه‌ره‌بێك له‌ شاری هه‌ولێریش منداڵێكی مه‌سیحی ئاواره‌ی موسڵمان برد، وه‌ك پێكهاته‌ی عێڕاق، ئه‌مانه‌ توانای یاری تۆپی پێیان باش بوو، ئامانجی سه‌ره‌كی فێستیڤاڵه‌كه‌یش كاریگه‌ری تۆپی پێ بوو له‌ گۆڕانكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌موو ڕیكخراوه‌ به‌شداره‌كان كاری مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن، به‌ نموونه‌ ڕێكخراو هه‌بوو به‌ ناوی پێكه‌وه‌ژیان له‌ ڕێگه‌ی تۆپی پێوه‌، یان ڕێكخراوی داكۆكیكردن له‌ مافی یه‌كسانی جێنده‌ری ئافره‌تان له‌ ڕێگه‌ی تۆپی پێوه‌، هه‌موو ڕێكخراوه‌كان گوزارشتیان له‌ گۆڕانكارییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ڕێگه‌ی تۆپی پێوه ده‌كرد"‌.

چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی جیهانیشیان بینیوه‌
نه‌قیب گوتیشی: كه‌ ڤیستڤاڵه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی 10 ڕۆژ بوو كه‌ ڕۆژانه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و منداڵانه‌ تێكه‌ڵ ده‌كران و چالاكیی جۆراو جۆریان بۆ ده‌كردن، وه‌ك یه‌ك تیپ یارییان ده‌كرد و ئاست و توانای منداڵه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كرا، له‌ كۆتایشدا فێستیڤاڵێكی گه‌وره‌یان بۆ ئه‌نجام درا.
 هه‌روه‌ها بینینی ئه‌ستێره‌ جیهانییه‌كانی وه‌ك (ڕۆبێرتۆ كارلۆس و كریستیان كا‌ریمبۆ) و چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی تر، هه‌روه‌ها ئاماده‌بوونمان له‌ یه‌كێك له‌ یارییه‌كانی قۆناخی 16 مۆندیال كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌رك و خه‌رجییه‌كانی ئه‌و گه‌شته‌مان له‌سه‌ر فیفا بوون، مه‌به‌سته‌كه‌یش‌ زیاتر ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌م ڕێكخراوانه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو وڵاتان هاتوون، چۆن گوزارشت له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تۆپی پێ وه‌ك هێزێك گۆڕانكاری بكات له‌ ناو كۆمه‌ڵگا.

كاری ڕێكخراوه‌كه‌یان چیه‌؟
م‌حه‌مه‌د نه‌قیب باسی ئه‌وه‌یشی كرد كه‌ ئه‌م فێستیڤاڵه‌ 4 ساڵ جارێك ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كه‌ی ئه‌وان به‌شداری فێستیڤاڵه‌كه‌ بوون له‌ چالاكییه‌كانی داهاتووی ڕێكخراوه‌كه‌یان به‌شدارییان پێده‌كه‌ن كه‌ سه‌ردانی گونده‌كان ده‌كه‌ن، گوتیشی كه‌ كاری سه‌ره‌كی ئه‌وان هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ له‌ مین و ته‌قه‌مه‌نی له‌ ڕێگه‌ی تۆپی پێوه‌، كه‌ له‌ هه‌موو عێڕاق چالاكی تۆپی پێ ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها خولی تۆپی پێ بۆ گه‌و‌ره‌كانیش ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ گونده‌كانی كوردستان كه‌ كه‌متر هاوكارییان پێده‌گات.

پاڵپشتی یاریزانانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ده‌كه‌ین
سه‌رۆكی ڕێكخراوی ڕوحی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێڕاق ئه‌وه‌یشی گوت؛ كه‌ ئه‌وان مۆڵه‌تی فه‌رمیان له‌لایه‌ن ده‌زگای مین وه‌رگرتووه‌ كه‌ ده‌زگایه‌كی حكومه‌ته‌، هه‌ماهه‌نگی ته‌واویشیان هه‌یه‌ و به‌ هاوكاری ئه‌وان كاروچالاكیه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد كه‌ ئه‌وان پاڵپشتی یاریزانانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ده‌كه‌ن، وه‌ك یانه‌ی (ڕۆژ) كه‌ كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن و یاریی تۆپی پێ ده‌كه‌ن، زۆر جاریش له‌گه‌ڵ كونسوڵخانه‌كان و ڕێكخراوه‌كان ده‌زگەكان یارییان بۆ ڕێك ده‌خه‌ین، ده‌مانه‌وێت په‌یامی ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نین كه‌ كه‌م ئه‌ندامی ڕێگر نیه‌ له‌ ئه‌نجامدانی تۆپی پێ، هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ خه‌ڵك بڵێین مین و ته‌قه‌نی وای له‌ خه‌ڵك كردووه‌ كه‌ كه‌مئه‌ندام بێت، بۆیه‌ دوور كه‌ونه‌وه‌ لێی. پلانیشمان هه‌یه‌ كه‌ زیاتر گرنگی به‌ كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بده‌ین كه‌ وه‌رزش ده‌كه‌ن و یارمه‌تییان بده‌ین، به‌ڵام چاوه‌ڕێی ئه‌و بودجه‌یه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ڵێنمان پێ دراوه‌ بۆمان دابین بكه‌ن

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر
.

© 2017 Hawler