نیسان 02, 2020

بارودۆخی یانه‌كان و ڕیزبه‌ند و خشته‌ی یارییه‌كانی داهاتووی خوله‌كه‌ ده‌خاته‌ ڕوو

ئەلیسۆنی بیست و پێنج ساڵان بە بڕی 68 ملیۆن ڕێگەی ئەنفێڵدی گرتە بەر. 33 ملیۆن زیاتر لەو بڕە پارەیەی كە مانچستەر سیتی لە كڕینی ئەدرسۆن داویەتییە بێنفیكای پورتوگا و 37 ملیۆن پاوند گرانتر لە جۆردن پیكفۆرد كە لە ساندرلەندەوە ڕێگەی ئێڤرتۆنی گرتووەتەبەر.

مێسی گۆڵپارێزەكان
بە ڕۆیشتنی پێپ ڕیێنا، ئاسانتر گۆڵیان لێ دەكرا، لە ناو چوارچێوەی گۆڵ، ڕێك لەناوەڕاست. ڕێینا گۆڵپارێزێكی گەورە نەبوو، بەڵام كە ئاستی خراپیش بووایە، پێكهاتەكەی بە فیڕۆ نەدەدا. ئەوانەی جێگەیان گرتەوە، هۆكاری بەشێكی زۆری نەهامەتییەكان بوون. سایمون مینیولە لە یاریی كۆتایی جامی یەكیەتی ئینگلتەرا گۆڵێكی پێشكەش بە مان سیتی كرد. ئەو ڕۆڵێكی سەرەكی لە بەفیڕۆدانی پاڵەوانیەتیی پریمەر لیگی 14-2013دا هەبوو. كاریۆسیش كە هەر باسی ناكرێ، دوو هەڵەی ماڵوێرانكەر لە یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی 2018ـی ئەورووپا. ڕێك لەو چوارچێوەیەكدا، لیڤەرپوول هەنگاوێكی گەورەی هاویشت؛ بەدەستهێنانی ئەلیسۆن بێكر گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەڕازیل. ڕێك ئەو گۆڵپارێزەی كە بە "مێسی گۆڵپارێزان" ناوی دەبەن. هەروەها ئەو گۆڵپارێزەی كە شەش مانگ لەمەوبەر بەرانبەر بە لیڤەرپوول و لە خولی یانە پاڵەوانەكاندا حەفت گۆڵی لەسەر دەستی لیڤەرپوول لێ كرا؛ پێنج گۆڵ لە ئەنفیلد و دوو گۆڵیش لە یاریگەی ئۆڵیمپیك.
بەو حاڵەشەوە لیڤەرپول بۆ گۆڵپارێزە حەفت گۆڵەكە، ژمارە پێوانەیی كرینی گۆڵپارێزی شكاند. بێ ئەوەی بیر لە شكستی بەڕازیل لە جامی جیهانی بكاتەوە. ئەلیسۆن كە لە یازدە یاری بەر لە دەستپێكی جامی جیهانیدا تەنیا سێ گۆڵی لێ كرابوو، لە ڕووسیایش لە كۆی 5 یاری گۆڵی لێ كرا، هەڵبەت بە سێ كلین شیتەوە. داڤید دێخیا لە چوار یاریدا حەفت گۆڵی لێ كرا و هۆگۆ لۆریسی فەڕەنسایش لە حەفت یاریدا هەشت گۆڵی خوارد.

یاری بە ئامار و داتا
یانەی ڕۆما بە ئەلیسۆنەوە لە وەزری ڕابردووی خولی تۆپی پێی ئیتاڵیا، دووەم هێڵی بەرگری بوو؛ بیست و هەشت گۆڵ لە سی و حەفت یاریدا، لەگەڵ حەڤدە كلین شیت. ئەلیسۆن دوو لێدانی سزای لە پێنج لێدان گێڕایەوە و ئاماری ناوەندی ناوبراو گەڕانەوەی 79%ـی تۆپەكان بووە. ئەو 90%ـی تۆپە ڕاستەوخۆكانی گێڕاوەتەوە، یان گرتوویەتەوە. ژمارەپێوانەیی ناردنی 83 پاس، وەكوو تیر شتیگنی بارسەیی، لە كاتێكدا هی دێ خیا 63%، ئۆبلاك 55% بووە، واتە دەتوانێ لە لیڤەرپوولدا زۆرجار ڕۆڵی یاریزانی دوایی هێڵی بەرگری بگێڕێت، واتە دابەشكردنی تۆپەكان لە گۆڵپارێزەوە. بەڵێ، ئەلیسۆن بڕیارە چەكی ژمارە یەكی لیڤەرپوولییەكان بێت.

كڕیارە یەك بەدوای یەكەكان
ئەلیسۆنی 25 ساڵان بە بڕی 68 ملیۆن ڕێگەی ئەنفێڵدی گرتەبەر. 33 ملیۆن زیاتر لە ئەدرسۆن بۆ مان سیتی و 37 ملیۆن گرانتر لە پیكفۆرد بۆ ئێڤەرتۆن. ئێستە ئەلیسۆن شانبەشانی كڕیارەكانی لیڤەرپوولە، شانبەشانی فابیانۆی 40 ملیۆنی، كیەرای 56 ملیۆنی، شەكیری 13 ملیۆنی، كە یان كلۆپ نزیك بە 180 ملیۆنی خەرج كردووە. واتە خاوەنانی یانەكە جامی پاڵەوانیەتییان لێی دەوێ، بێ دوو دڵی، تەنیا بردنەوە، واتە یان "ببەوە، یان بڕۆ".
ئەوان، هێشتا پێكهاتەیەكی تەواو نین، یانی كامڵ نین؟ دڵخۆشكردن بە دێژان لاورن لە ناوەڕاستی هێڵی بەگری، هەرچەند لە ڕووسیا درەوشایەوە، زۆر مەترسیدارە و ڤان بیك پێویستی بە یاریزانێكی بەتوانای وەكوو خۆیەیتی. ماتیپ كە بەردەوام تووشی پێكان بووە و گۆمیز و كلاون ئاستێكی مامناوەندیان هەیە. هێرشەكانیشیان بە یاریزانێكی وەكوو فێرمنیۆ نیوەگۆجە. لێهاتوویی ستاریج بەرزبووەتەوە، بەڵام خێرایی كەمە و ئینگس و سۆلانكۆ لە ئاستی پریمەرلیگدا نین. پێویستی ئەو یاریزانانە بە یاریزانێكی بەتوانای هێڵی ناوەڕاستە، لە چەشنی ئینێستا، بەڵام ئایا پەیدا دەبێ؟
لیڤەرپوول لە یەكەم وەرزی ڕاهێنەرایەتی كلۆپ لە پریمەر لیگدا چوارەم هاتەوە، سەرووتر لە یونایتد و ئارسناڵ. لە دوەم وەرزیدا، دووبارە چوارەم هاتەوە، ئەوجارە سەرووتر لە ئارسناڵ و چێڵسی. سوورپۆشەكانی ئەنفێڵد لە كەمتر لە سێ وەرز لەگەڵ كلۆپدا، گەیشتوونەتە سێ یاری كۆتایی، هەڵبەت سێ یاری بێ بردنەوە، بەڵام ئایا لیڤەرپوول دەتوانێ مەودای 25 خاڵی سیتی ببڕێت؟ ئایا دەتوانێ سەرووتر لە یۆنایتد و تۆتنهام بێت؟ ئەوەیش باش دەزانین كڕینی یاریزانی ناودار و گەورە بۆ ڕاهێنەران، وەكو شمشێری دووسەر وایە، سەرێكیان قوربانیكردنی ڕكابەرەكان و سەرەكی دیكەی بڕینی سەری خودی ڕاهێنەرەكە.

بەڵام ڕۆما
حەیف، حەیف و هەزار حەیف. ڕۆما، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ئەو یاریزانانەی لەدەست داوە؛ ماركینیوش، لامێلا، بن عەتیە، ڕومانۆلی، پیانیچ، سەڵاح، لیاچیچ، تادێئی، ناینگولان.... و ئەوجارەشیان ئەلیسۆن

 

محەمەد شەهدی - هەولێر .

© 2017 Hawler