حوزەیران 05, 2020

زۆرترین بینراو وه‌رزش

Error: No articles to display

ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان به‌ ناوی كوردستانەوە به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تی (جیرۆ ئیتاڵیا و تـۆڕدی فڕانس) بكه‌م

پایسكیلسواری كورد (خه‌سرۆ عه‌بدولحه‌مید) كه‌ دانیشتووی وڵاتی ئیتاڵیایه‌ و ماوه‌ی 16 ساڵه‌ یاری پایسكیلسواری ئه‌نجام ده‌دات و چه‌ندین جار بۆته‌ پاڵه‌وان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێڕاق و خاوه‌نی میدالیی زیوی وڵاتانی عه‌ره‌بیه‌، دوای نیشته‌جێ بوونیشی له‌ تاراوگه‌، له‌سه‌ر ئاستی ئیتاڵیا چه‌ندین جار پله‌ی یه‌كه‌می به‌دهستهێناوه‌ و زیاتر له‌ 15 ناسناوی تاكه‌كه‌سی و جام و میدالیای پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانی بردۆته‌وه‌، خه‌سرۆ كه‌ له‌ ئێستا یاری بۆ یانه‌ی كڕۆتۆنی ئیتاڵی ده‌كات، به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی ئاستی به‌رز و گه‌ره‌كیه‌تی له‌ داهاتوودا وه‌كو یاریزانێكی كوردستان به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تیه‌ جیهانیه‌كان بكات و ناسناوی گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنت.

8 ساڵ یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق بووه‌ و دووه‌می وڵاتانی عه‌ره‌ب بووه‌
له‌ ده‌سپێكدا باسی سه‌ره‌تایی یاریكردنی خۆی كرد ووتی" له‌ ساڵی 2002 له‌ یانه‌ی ئاراراته‌وه‌ ده‌ستم به‌ یاریكردن كرد كه‌ ئه‌و كاته‌ (پشتیوان سه‌عید) ڕاهێنه‌رم بوو، دواتر له‌سالێ 2006 چوومه‌ یانه‌ی برایه‌تی دوای ساڵێكیش په‌یوه‌ندیم به‌ یانه‌ی كۆیه‌وه‌ كرد، ماوه‌یه‌كیش له‌ یانه‌ی هه‌ولێر یاریم كردووه‌، له‌ساڵی 2007 تا ساڵی 2015 له‌ ڕیزی هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق یاریم كردووه‌ و چه‌ندین جاریش پاڵه‌وانی عێڕاق و كوردستان بووم، هه‌روه‌ها به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تی وڵاتانی عه‌ره‌بیم كرد له‌ وڵاتی به‌حرێن و له‌ نێوه‌ 6 یاریزانی عه‌ره‌ب كه‌ وه‌ك یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق له‌گه‌ڵم بوون، ته‌نیا من بوومه‌ خاوه‌ن میدالیا و پله‌ی دووه‌مم به‌ده‌ستهێنا".

باس له‌ جیاوازی یاریكردن له‌ كوردستان و تاراوگه‌ ده‌كات
ئه‌و پایسكیلسواره‌ زیاتر قسه‌ی كرد و گووتی: ماوه‌ی 3 ساڵه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ده‌ژیم و دوای گه‌یشتنم به‌ وڵاتی ئیتاڵیا له‌شاری (كرۆتۆنی) گیرسامه‌وه‌ و له‌ یاری پایسكیلسواری دانه‌بڕام و په‌یوه‌ندیم به‌ یانه‌ی كڕۆتۆنیه‌وه‌ كرد، به‌ڵام به‌ڕاستی وه‌رزشكردن له‌ ئه‌وروپا زۆر جیاوازه‌، ئه‌گه‌ر بزانن یاریزانی گرنگیه‌كی زۆرت پێ ده‌ده‌ن و هه‌موو شتێكت بۆ دابین ده‌كه‌ن، له‌وێ كۆمپانیاكان باڵاده‌ستن و هه‌موو پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان و خه‌رجی یارییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانیاكان ده‌بێت، گرێبه‌ستت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و هه‌موو شتێكت بۆ دابین ده‌كه‌ن و ته‌نیا ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر یاریزانه‌ یاریكردن و هه‌وڵدانه‌ بۆ ئاستێكی باشتر.

ده‌ستكه‌وته‌كانی چی بوون؟
 ئه‌وه‌یشی ووت كه‌ ئه‌و یانه‌یه‌ی ئه‌و یاری بۆ ده‌كات له‌ به‌رزترین ئاستدایه‌ و له‌ ڕیزی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانه‌، كه‌ به‌رزترین ئاستی یاری پایسكیلسوارییه‌، له‌ باشوری ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمی (ڕه‌جۆ كه‌لابریا) یه،‌ كه‌ پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان به‌ قۆناخ به‌ڕیوه‌ده‌چێت هه‌ندێ جار ده‌گاته‌ 20 قۆناخ، ماوه‌ی ته‌واو كردنی هه‌موو قۆناخه‌كان به‌ كاتژمێر و خوله‌ك بۆ هه‌ژمار ده‌كرێت و ڕیزبه‌ندی یاریزانان دیار ده‌بێت، هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد كه‌ئه‌و له‌ ساڵی 2017 پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌ و چه‌ند جاریش دووم بووه‌، ئه‌مساڵیش كه‌ چه‌ند قۆناخێك به‌ڕێوه‌چووه‌ له‌ ئاستێكی باشدایه‌، له‌ مانگی 9 شدا به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تیه‌ ئه‌وروپیه‌كان ده‌كه‌ین وه‌ك یانه‌ی كڕۆتۆنی.

هه‌موان ده‌زانن كورده‌
خه‌سرۆ باسی ئه‌وه‌یشی كرد كه‌ ئه‌و وه‌ك یاریزانی كورد به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان ده‌كات و زۆر جاریش ئاڵای كوردستان به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و باسی كوردستانیان بۆ ده‌كات، ئه‌وانیش ڕێگه‌یانداوه‌ و زۆر جاریش پێیان وتووه‌ كه‌ پایسكیلسوارانی هاوڕێی له‌ كوردستان بباته‌ ئه‌وێ و به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان بكه‌ن، ده‌رباری جام و میدالیاكانیش له‌و‌ وڵاته‌، گووتی: ‌له‌وێ جام و میدالیا لای ئه‌وان زۆر نرخی هه‌یه‌، یاریزانانیش له‌ ڕێگه‌ی كۆمپانیا و ڕێكلامه‌وه‌ هه‌روه‌ها جۆری پاڵه‌وانیه‌تیه‌كه‌ پاره‌ ده‌دان به‌ یاریزانان، به‌ پێچه‌وانه‌ی كوردستان و عێڕاق كه‌ یاریزان توشی بێ هیوای ده‌بێت و به‌رده‌وام ده‌ڵێن پاڵه‌وانیه‌تی ناكرێته‌وه‌ و قه‌یرانی داراییه‌ و ناتوانین مووچه‌ بده‌ین به‌ یاریزانان، هاوڕێم هه‌یه‌ له‌ ساڵێكدا ناتوانێت به‌شداری دوو پاڵه‌وانیه‌تی بكات.

داواكاری چی هه‌یه‌ و خه‌م له‌ چی ده‌خوات؟
ئه‌و پایسكیلسواره‌ زیاتر ناخی دڵی خۆی هه‌ڵڕشتوو گوتی: هه‌موو هیواو ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پایسكیلسواری له‌ كوردستان وه‌كو ئه‌وروپای لێبێت و وه‌رزش به‌ سیسته‌م به‌ڕێوه‌ بچێت و چیتر بیانوو به‌ قه‌یران و نه‌بوونی بودجه‌ نه‌هێننه‌وه‌، به‌ڕاستی خه‌م له‌ یاریزانانی هاوڕێم ده‌خۆم كه‌ به‌ ساڵیش ناتوانن به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك بكه‌ن، هیوادارم به‌رپرسانی وه‌رزشی له‌ كوردستان هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان بكه‌ن و له‌ ڕیگه‌ی سپۆنسه‌ره‌وه‌ پاڵه‌وانیه‌تی به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و چیتر بیانوو نه‌دۆزنه‌وه‌ و گه‌نجان و لاوانی ئه‌م وڵاته‌ بێ هیوا نه‌كه‌ن، له‌ ئه‌وروپاش یانه‌ و یه‌كیه‌تیه‌ وه‌رزشیه‌كان پاره‌ ناده‌ن به‌ یاریزان هه‌مووی له‌ ڕیگه‌ی ڕێكلام و سپۆنسه‌ری یانه‌كانه‌وه‌.

خه‌ون و ئاواتی چیه‌؟
له‌ كۆتایشدا خه‌سرۆ ده‌ڵێت به‌رنامه‌ی داهاتووی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تیه‌ ئه‌وروپیه‌كان بكه‌م و له‌ هه‌ڵدان به‌رده‌وامم، خه‌ونی منیش ئه‌وه‌یه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان به‌ ناوی كوردستان به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تی (جیرۆ ئیتاڵیا و تۆڕدی فڕانس) بكه‌م.

© 2017 Hawler