شوبات 28, 2020

تازه‌پێگه‌یشتوانی هه‌ولێر بووه‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی تازه‌پێگه‌یشتوانی كوردستان

ماوه‌ی 4 ڕۆژ بوو له‌شاری زاخۆ یارییه‌كانی چوارگۆشه‌ی خولی نایابی تازه‌پێگه‌یشتوان به‌ڕێوه‌ چووه‌، تیایدا هه‌رچوار یانه‌ی (پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، هه‌ولێر، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، زاخۆ) گه‌یشتبوونه‌ ئه‌م قۆناخه‌، كه‌ به‌شێوه‌ی ده‌رچوون به‌ دوو دۆڕان یارییان كرد و یانه‌ی هه‌ولێر و زاخۆ گه‌یشتنه‌ یاری كۆتایی دوای ئه‌وه‌ی كاتی ئاسایی یارییه‌كه‌ هه‌ردوو یانه‌ به‌ گۆڵێك یه‌كسان بوون، یانه‌ی هه‌ولێر توانی به‌ لێدانی یه‌كلا كه‌ره‌وه‌ یارییه‌كه‌ بباته‌وه‌ و بووه‌ پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كه.

خولی نایابی تازه‌پێگه‌یشتوانی كوردستان ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ به‌شداری 18 یانه‌ و به‌ یه‌ك قۆناخ به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ به‌ شێوه‌ی ناوچه‌ی جوگرافی به‌سه‌ر سێ كۆمه‌ڵه‌دا دابه‌شكرا بوون، له‌ كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ولێر له‌ 8 یانه‌ و كۆمه‌ڵه‌كانی دهۆك و سلێمانی له‌ 5 یانه‌ پێكهاتبوون، له‌ كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ولێر یانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و یانه‌ی هه‌ولێر به‌ پله‌ی دووه‌م سه‌ركه‌وتن بۆ قۆناخی چوار گۆشه‌ی زێڕین، له‌ كۆمه‌ڵه‌ی سلێمانیش یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی سه‌ركه‌وت بۆ قۆناخی كۆتایی، هه‌روه‌ها له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دهۆكیش یانه‌ی زاخۆ سه‌ركه‌وت بۆ چوارگۆشه‌ی زێڕین.
دوای كۆبونه‌وه‌ی نوێنه‌ری هه‌رچوار یانه‌كه‌ی چوارگۆشه‌ی زێڕین له‌گه‌ڵ یه‌كیه‌تی تۆپی پێی كوردستان، یانه‌ی زاخۆ پێشنیاری كرد كه‌ هه‌موو یارییه‌كانی ئه‌م قۆناخه‌ له‌ شاری زاخۆ و له‌سه‌ر یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زاخۆ به‌ڕێوه‌ بچێت، سه‌رجه‌م خه‌رجی یانه‌كان و خواردن و مانه‌وه‌یان یانه‌ی زاخۆ له‌ ئه‌ستۆی ده‌گرێت، به‌ڕه‌زامه‌ندی هه‌رچوار یانه‌كه‌ یارییه‌كانی چوار گۆشه‌ی زێڕین بۆ ماوه‌ی 4 ڕۆژ له‌ زاخۆ به‌ڕێوه‌ چوون، كه‌ هه‌موو ڕۆژێك دوو یاری ئه‌نجام ده‌دران و له‌ كۆتایدا هه‌ردوو یانه‌ی زاخۆ و هه‌ولێر گه‌یشتنه‌ یاری كۆتایی و یانه‌ی هه‌ولێر بووه‌ پاڵه‌وانی خوله‌كه‌.
ئه‌نجامی سه‌رجه‌م یارییه‌كانی چوار گۆشه‌ی زێڕینیش به‌م شێوه‌یه‌ بوون:
تازه‌پێگه‌یشتوانی زاخۆ × تازه‌پێگه‌یشتوانی هه‌ولێر (1-0)
‌ تازه‌پێگه‌یشتوانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر × تازه‌پێگه‌یشتوانی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی (2-0)
تازه‌پێگه‌یشتوانی زاخۆ × تازه‌پێگه‌یشتوانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر (2-0)
تازه‌پێگه‌یشتوانی هه‌ولێر × تازه‌پێگه‌یشتوانی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی (0-0) لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ (4-2) بۆ هه‌ولێر
تازه‌پێگه‌یشتوانی هه‌ولێر × تازه‌پێگه‌یشتوانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر (1-1) لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ (4-3) بۆ هه‌ولێر

یاریی كۆتایی
تازه‌پێگه‌یشتوانی زاخۆ × تازه‌پێگه‌یشتوانی هه‌ولێر (1-1) لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ (4-3) بۆ هه‌ولێر
یانه‌ی هه‌ولێر دوای سێ بردنه‌وه‌ و یه‌ك دۆڕان بووه‌ پاڵه‌وانی خوله‌كه‌، كه‌ هه‌رسێ یارییه‌كه‌یشی به‌ لێدانی سزا برده‌وه‌، دوای ته‌واو بوونی یارییه‌كه‌یش له‌ مه‌ڕاسیمێكی تایبه‌تدا خه‌ڵات به‌سه‌ر یاریزاناندا دابه‌شكرا.
بۆ زانین ئه‌م وه‌رزه‌ یانه‌كانی پارێزگای دهۆك باڵا ده‌ست بوون له‌سه‌ر ئاستی خوله‌كانی كوردستان، یانه‌ی زێره‌ڤانی بووه‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی كوردستان، یانه‌ی دهۆك بووه‌ پاڵه‌وانی خولی پله‌ یه‌كی كوردستان، یانه‌ی دهۆك بووه‌ پاڵه‌وانی لاوانی نایابی كوردستان، یانه‌ی فوتساڵی زێره‌ڤانیش پله‌ی دووه‌می خولی نایابی فوتساڵی كوردستانی به‌ده‌ستهێنا، یانه‌ی زاخۆیش پله‌ی دووه‌می خولی نایابی تازه‌پێگه‌یشتوانی به‌ده‌ستهێنا

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر
.

© 2017 Hawler