کانونی یەکەم 06, 2019

كارگێڕی یانەی (ئەكاد) یەكەم و (برایەتی) دووەمی پاڵەوانیەتییەكە بوون

بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، یانەی وەرزشی ئەكاد ـ عەنكاوە بە هاوكاری كۆمپانیای (ناس پای) هەڵستا بە سازكردنی پاڵەوانیەتیی تۆپی بالەی (پێكەوە ژیان) بۆ دەستەی كارگێڕی بەشێك لە یانەكانی شاری هەولێر و دواجار خاوەن ماڵ بووە پاڵەوان.

(ئەكاد) لە (هەولێر) ـی بردەوە
یارییەكانی ئەم پاڵەوانیەتییە شەوانە لەنێو هۆڵی داخراوی یانەی ئەكاد لە شارۆچكەی عەنكاوە ئەنجامدەدرا،دەستەی كارگێڕی هەریەك لە یانەكانی (ئەكاد، برایەتی، هەولێر) و هەروەها تیپی كۆمپانیای ناس پای لە پاڵەوانیەتییەكە بەشداربوون، دوای هەفتەیەك ململانێ و بەڕێوەچوونی یارییەكانی پاڵەوانیەتییەكە بەشێوازی خولی بە یەك قۆناغ، شەوی چوارشەممە بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر و یەكە كارگێڕییەكانی شارۆچكەی عەنكاوە و تیپە بەشداربووەكان، دوا یاری پاڵەوانیەتییەكە لەنێو دەستەی كارگێڕی (یانەی ئەكاد) و دەستەی كارگێڕی (یانەی هەولێر) ئەنجامدرا، دوای پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرز لەلایەن یاریزانانی هەردوو یانە دواجار (یانەی ئەكاد) توانی یارییەكە بە ئەنجامی (2 ـ 1) گێم لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێبێنێت و بە (3) بردنەوەی بەدوای یەك ببێتە پاڵەوانی پاڵەوانیەتییەكە و پلەی دووەمیش بووە بەشی یانەی (برایەتی) بە دوو بردنەوە و یانەی (هەولێر) ـیش بە بردنەوەیەك و دوو شكست بووە خاوەن پلەی سێیەم، لە پلەی چوارەمیش تیپی (كۆمپانیای ناس پای) هات كە لە هەر سێ یارییەكەیان دووچاری شكست هاتن.

ئامانجیان لە سازكردنی پاڵەوانیەتییەكە چی بووە؟
لەبارەی سازكردنی ئەم پاڵەوانیەتییە (باسل مۆرگی مەنسووڕ) ئەمینداری دارایی یانەی ئەكاد و یەكێك لە ئەندامی بەڕێوەبردنی پاڵەوانیەتییەكە تایبەت بە ڕۆژنامەی هەولێر وتی: "وەكو دەستەی كارگێڕی یانەی ئەكاد بیرمان كردەوە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز پاڵەوانیەتییەكی دۆستانە بەنێوی (پێكەوە ژیان) بكەینەوە، ئامانجیشمان زیاتر ناساندن و نزیككردنەوەی كارگێڕی یانەكان بوو لەگەڵ یەكتری، ئەگەرچی هەوڵمان دا ژمارەی تیپە بەشداربووەكان زیاتر بێت، بەڵام (چوار) تیپیش بۆ ساڵی یەكەم خراپ نییە، هەوڵدەدەین ساڵی داهاتوو یانەی زیاتر بێنینە نێو پاڵەوانیەتییەكە و ساڵانەش پاڵەوانیەتییەكە بەردەوام بێت."
وتیشی: "جێگەی خۆیەتی لە ڕێگەی ڕۆژنامەی هەولێرەوە زۆر سوپاسی كۆمپانیای (ناس پای) بكەین، كە خەرجی ئەم پاڵەوانیەتییەی لە ئەستۆ گرت و سپۆنسەری كردین، هیوادارین بۆ داهاتووش لەم چەشنە كارانە بەردەوام بن."

 

ئومێد ئیبراهیم - هەولێر

© 2017 Hawler