حوزەیران 23, 2018

ئەندامانی یانەیەك دەستیان كردبوو بە كۆكردنەوەی دەنگ بۆ یەكێك لە بەربژێرەكانی باشترین گۆڵپارێزی خولی پلەیەكی كوردستان

دوای (11) ساڵ یاریكردن لە خولی تۆپی پێی یانە پلەیەكەكانی كوردستان دواجار ئەم وەرزە یانە پڕ جەماوەرەكەی كوردستان (دەربەندیخان) توانی خۆی دەربازی خولی نایاب بكات، بێگومان كۆمەڵێك پاڵنەر هەبوون بۆ گەیشتنی ئەم یانەیە بەم قۆناخە دیارترینیان جۆشی و خرۆشی ئەم وەرزەی جەماوەری یانەكە و دواتر ئاستبەرزی گۆڵپارێزی یانەكە، (هەژار ئەحمەد) گۆڵپارێزی یانەی دەربەندیخان لەدایكبووی ساڵی 1991 ـی گوندی (حاجی لەر) ـی سەر بە ناحیەی مەیدانە، دوای كۆتایی هاتنی خولی پلەیەكی كوردستان (هەژار) ناڕەزایی لەمەر دەستنیشانكردنی باشترین گۆڵپارێزی خولەكە هەبوو و پێیوایە دەبوو ئەم خەڵاتە بەودرایە، بۆ تیشكخستنە سەر ئەم باسە و ناساندنی گۆڵپارێزی ناوبراو لە دیمانەیەكی ڕۆژنامەی هەولێر چەند پرسیارێكمان ئاراستەی هەژار كرد و ئەمیش بەمشێوەیە وەڵامی داین:

ئەمەش دەقی دیمانەكەیە:
• چۆن بوو بواری وەرزشت هەڵبژارد، دەستپێكت لەكوێ بوو؟
- هەر لە منداڵیەوە لەپاڵ خوێندنم لە قوتابخانە، تامەزرۆی یاریكردن و پۆشینی درێسی وەرزشی بووم، بۆیە تا ئێستەش وەرزش بەشێكی گەورەیە لە ژیانمدا، دەستپێكم لە تیپی میللی (بەردەسوور) بوو لە ساڵی 2005، وەكو یانە لە 2007 بۆ لاوانی شێروانە یاریم كرد و دواتر بەهۆی كاركردنمەوە وازم لە یانە هێنا، لە 2011 بانگهێشتی پێشكەوتووانی یانەی شێروانە كرام و تا 2014 لەوێ بەردەوام بووم و لەوێوە ڕوومكردە یانە دەربەندیخان و تا ئێستەش لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوامم.

• چی لە پشت سەركەوتنەكانی یانەكەت بوو؟
- لە دەستپێكی خولەكەوە دەستەی ڕاهێنەران و یاریزانان هەموو بەیەكەوە بەڵێنی ئەوەمان دا باشترین ئەنجام بەدەستبێنین، سوپاس بۆ خوای گەورەش توانیمان ئەوە بكەین و یانەكەمان بۆ نایاب سەرخەین، ناشكرێ جەماوەرە ناوازەكەی دەربەندیخان لەم وەرزە باس نەكەین، بەڕاستی ئەمساڵ جوانترین هاندەری تۆپی پێمان هەبوو لە هەموو ڕوویەكەوە، هاندانێكی جوان و پاڵپشتیەكی باش، بە جەماوەر دەڵێن یاریزانی ژمارە (12)، بەڵام جەماوەر و هاندەرانی یانەی دەربەندیخان لای من یاریزانی ژمارە (یەك) ـن.

• ئەم وەرزەی خولی پلەیەكی كوردستانت چۆن بینی؟
- بەهۆی ئەوەی ساڵی پار تەنیا خولی نایاب كرایەوە، ئەم وەرزە هەموو تامەزرۆی دەستپێكی خولی پلەیەك بووین،هەرچەندە ئامادەكاریمان زۆر نەبوو، بەڵام توانیمان باش خۆمان ئامادە بكەین، تا ڕادەیەك خولەكە سەركەوتوو بوو، بەڵام لە كۆتاییەكەی ساردبوونەوەیەكی تێكەوت بەهۆی ئەو ڕووداوانەی لەم ماوەی بەڕێوەچوونی خولەكە ڕوویاندا.

• چیت بۆ جەماوەری دەربەندیخان هەیە؟
- ناتوانم بە هیچ جۆرێك وەسفیان بكەم، هەرچی بڵێم كەمە و نموونەی هاندەرن، دەستخۆشی تەواوم بۆیان هەیە تایبەت دەستەی هاندەران، كارەكانیان نایاب بوو، ڕۆڵێكی كاریگەریان هەبوو لەسەرخستنی یانەكەیان بۆ نایاب.

• قورسترین یاریت لەم وەرزەی خولی پلەیەك كام یاری بوو؟
- بە گشتی هەموو یارییەكان قورس بوون، چونكە پێدەچوو بە گۆڵێك سەربكەوی یان نا، بەڵام قورسترین یاریمان بەرامبەر یانەی دهۆك بوو لە چوارگۆشەی زێڕین، چونكە ڕێگایەكی دوورمان بڕیبوو، پاشان هەفتەیەك لە لایەن یانەوە مەشقەكانمان وەستێنرا بەهۆی ئەو ساردبوونەوەی كەوا لە خولەكە ڕوویان دا، ئیتر دوو ڕۆژ پێش گەشتكردنمان بۆ دهۆك دەستمان بە مەشق و ڕاهێنان كردەوە، بۆیە ساردبوونەوە لە خولەكە ئەنجامەكانی گۆڕی.

• خەون و ئاواتی وەرزشی هەژار چییە؟
- بێگومان وەكو وەرزشكارێك خەون و ئاواتی وەرزشیم هەن، كە تۆ خەونێكت هەیە و لەكاتی بەدیهاتنی خەوتن و ئاواتەكەت هەوڵی زیاتر دەدەین بۆ بەدیهێنانی خەونی گەورەتر و هەوڵ بۆ ئامانجی زیاتر دەدەیت، بەڵام بەداخەوە لێرە خەونەكان هەر لە چوارچێوەی خەوەكەدا دەمێننەوە، گەرەكمە لە بەرزترین ئاست خۆم ببینمەوە و لە ڕیزی هەڵبژاردەی كوردستان یاری بكەم، هیچ كات گۆڵپارێزەكانی تر لە خۆم زیاتر نابینم.

• دوای كۆتای هاتنی خولی پلەیەك گلەییت لە بابەتی دەستنیشانكردنی باشترین گۆڵپارێز هەبوو، بۆچی؟
- وەكو گلەیی بە مافی خۆمی دەزانم، ئەوە دووەم جارە ئەم بابەت بۆمن ڕوودەدات كە ئەم وەرزە جیاوازتر بوو، چونكە هیچ كەس بە ویژدانەوە دەنگی نەداوە و هەمووی لە ڕووی پەیوەندی كەسیەوە بوو، یانەیەك لە ململانێی دابەزین بۆ خولی پلەدوو كەچی باشترین گۆڵپارێز لەوێیە!!!، ئاگادارم ئەندامانی یانەیەك دەستیان كردبوو بە كۆكردنەوەی دەنگ بۆ یەكێك لە بەربژێرەكانی باشترین گۆڵپارێزی خولی پلەیەكی كوردستان.

• گەر ڕوونتر ئەم بابەتە باس كەیت؟
- خۆی چوار گۆڵپارێز لەنێو ململانێكە بوون، جێگەی ڕازی بوون نییە، گرووپی ئێمە (سێ) گۆڵپارێز هەڵبژێردراوە و لە گرووپی یەكەمیش (یەك) گۆڵپارێز، بەڕاستی خۆی لە خۆیدا ئەمە دەنگەكانی ئێمە كەم دەكاتەوە، لە گرووپی یەكەم هەمووی دەنگیان بە یەك بەربژێر داوە، هی گرووپی ئێمەش دەنگەكان پەرش و بڵاوی پێوەكرا، ئەمە جگە لەوەی هەردوو یانەی گەیشتوو بە یاری كۆتایی هیچ كام لە گۆڵپارێزانیان لە كێبڕكێی باشترینەكە نەبوو!!!!، بەڕاستی بە هەموو پێوەرێك دەبوو ئەو خەڵاتە بۆ من بووایە و خۆم بە مافخوراو دەزانم.

• ئەم وەرزە لەلایەن منداڵێكەوە میدالیایەكت بە دیاری پێدرا، ئەم بابەت چۆن بوو؟
- لەگەڵ یانەی شەهیدان یاریمان هەبوو، ئەم یارییە بۆ ئێمە قورس بوو، دەبوو بەهەر چۆنێك بێت براوەی یارییەكە بین ئەگینا لە ململانێكان دادەبڕاین، ئەوەبوو (3ـ1) بردمانەوە، دوای یارییەكە هاندەران ڕژانە نێو یاریگە بۆ خۆشی دەربڕین و هەمووان خەریكی ئاهەنگ گێڕان بوون، لە ناكاو منداڵێك باوەشی پێداكردم و دەستی كردە گریان وامزانی ونبووە، بەڵام وتیان ئەمە لە خۆشی بردنەوەكە دەگری، بەڕاستی دڵم پڕبوو و درێسی یاریكردنم وەكو دیارییەك بەو منداڵە دا، دوای نزیكەی مانگێك لەو ڕووداوە، لە كاتی یارییەكی دۆستانەمان ئەو منداڵە هاتەوە لام و مێدالیایەكی بەدەستەوە بوو و وتی دیاریم بۆت هێنایەوەو دیارییەكەی كردە ملم، نەمزانی چ بڵێم و چاوم پڕ بوو لە فرمێسك، دوای ئەوە ئیتر بووینەتە هاوڕێ و ئەم منداڵە لەگەڵ كاك (پشتیوان) ـی باوكی زوو زووە سەردانمان دەكات.

• هەستت چۆنە یانەكەتان بۆ نایاب سەرخست؟
- لە دڵەڕاوكێیەكی زۆردا بووین و چاوەڕوانی بڕیارەكانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بووین، چونكە دەنگۆی سەرخستنی چوار یانە هەبوو بۆ نایاب، بەڕاستی هەستێكی ئێجگار خۆشبوو، چونكە یانەی دەربەندیخان نزیكەی (11) ساڵە لە خولی پلەیەكدایە و لە ژێر دەستی ئێمە سەركەوت بۆ نایاب بەڕاستی هەستێكە دەرنابڕدرێت.

• چەند ڕۆژێكی كەمی بۆ مۆندیالی ڕووسیا ماوە، هاندەری كام هەڵبژاردەی؟
- هاندەری هەڵبژاردەی (بەڕازیل) ـم و بە گۆڵپارێزی ئەڵمانی (مانوێل نۆیەر) سەرسامم.

• دوا وتەت؟
- دەستانخۆش بۆ بەسەركردنەوەی یاریزانان، هیوادارم خولەكانی كوردستان بەردەوام بن بەشێوازێكی جوانتر و كەمترین كەم و كوڕی،لە كۆتاییشدا سوپاسی دایك و باوكم دەكەم هەمیشە بە نزا و پاڕانەوەكانیان پاڵپشتی و پشتگیریان كردووم، هەروەها سوپاسی خێزانەكەم دەكەم هەمیشە پاڵپشتمە.

 

ئومێد ئیبراهیم - هەولێر

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.