
ماوه‌ی دوو ساڵه كچه یاریزانی پێشووی یاری پایسكیلسواری هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق (نیان یاسین) پڕۆژه‌ی پایسكیلی له شاری سلێمانی بۆ هه‌موو ئاسته‌كانی ته‌مه‌ن كردۆته‌وه، كه مه‌به‌ست لێی زیاتر به‌ره‌وپێش بردنی یاری پایسكیلسوارییهو هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی وه‌رزشی پایسكیلسوارییه له كوردستان، به گوته‌ی خۆیشی گه‌ره‌كیه‌تی ئه‌و پڕۆژه‌یه فراوان بكات و له ناو پاركه‌كان بیگوازێته‌وه بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان و پایسكیلسواری هاوشێوه‌ی وڵاتانی تر ببێته كلتورێك و خه‌ڵكی بۆ كاری ڕۆژانه به‌كاری بهێنن، له ئێستایشدا ئه‌و پڕۆژه‌یه له شاری هه‌ولێریش كراوه‌ته‌وه.
بیرۆكه‌ی پڕۆژه‌كه‌ی چۆن بووه؟
ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌كه و كردنه‌وه‌ی له هه‌ردوو شاری سلێمانیوههولێر(نیان یاسین) به‌م جۆره قسه‌ی بۆ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر كرد و ووتی: له مانگی 9 ساڵی ڕابردوو یه‌كه‌م پڕۆژه‌ی پایسكیلم له شاری سلێمانی له پاركی هه‌واری شار كرده‌وه، كه پڕۆژه‌كه له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان و بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه، كه له ئێستادا زیاتر له 110 پایسكیل له ناو پڕۆژه‌كه‌ن و خه‌ڵكی ڕۆژانه تاكو ده‌ره‌نگانی شه‌و ده‌توانن به‌كاریان بهێنن
نیان كه پاڵه‌وانی پێشووی عێڕاق و وڵاتانی عه‌ره‌بیه و میدالیای زێڕی له یاری پایسكیلسواری وه‌رگرتووه، ده‌رباره‌ی بیرۆكه‌ی پڕۆژه‌كه ووتی: به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ڕابردوویهكم له‌و یارییه هه‌یه و پێشتر یاریزانی پایسكیلسواری بووم، به باشم زانی كه ئه‌م پڕۆژه‌یه بكه‌مه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بێن به ئازادانه وه‌رزشی پایسكیل ئه‌نجام بده‌ن، هاوشێوه‌ی ڕاكردن و وه‌رزشه‌كانی تر كه له پاركه‌كان ده‌كرێن، گهركیشمه پایسكیل ببێته كلتورێك و وه‌كو وڵاتانی تر هاوڵاتیان به‌كاری بهێنن، كه بۆ ته‌ندروستی و خاوێن ڕاگرتنی ژینگه‌یش سوودی زۆری ده‌بێت.
ئه‌و كچه یاریزانه هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه پڕۆژه‌كه تاكهكهسیهو هه‌موو شته‌كانی له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی كریوه و كرێی شوێنی وه‌ستانی پایسكیلهكانیش ده‌دات، هه‌موو ئه‌رك و خه‌رجیه‌كی له ئه‌ستۆی خۆیه‌تی، بۆیه له‌به‌رامبه‌ردا بڕه پاره‌یه‌كی كه‌م له‌و كه‌سانه وه‌رده‌گرن كه دێنه پاركه‌كان و پایسكیل لێده‌خوڕن، ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه داشكاندیان بۆ قوتابیانی زانكۆ كردووه.
یارمه‌تی ئه‌و كه‌سانه ده‌ده‌ین كه نازانن پایسكیل لێ‌بخوڕن و فێریان ده‌كه‌ین
ئه‌وه‌یشی ووت: كه له هه‌نگاوی یه‌كه‌م له پاركه‌كان ده‌ستی پێكردووه و گه‌ره‌كیه‌تی له داهاتوودا ئه‌و پڕۆژه‌یه بچێته ناو شه‌قامه‌كانیشی و پایسكیل شوێنی ئۆتۆمبێل بگرێته‌وه و خه‌ڵكی ئیش و كاره‌كانی ڕۆژانه‌ی خۆیان به پایسكیل جێبه‌جێ بكه‌ن، سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌كه‌م له سلێمانی وایلێكردم له هه‌ولێریش بیكهمهوهو به‌رده‌وام بم.
باسی ئه‌وه‌یشی كرد كه ئه‌وان ڕۆژانه كاتێكی دیاری كراویان داناوه بۆ ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی بێن و پایسكیل لێ‌بخوڕن، هه‌روه‌ها خۆی چه‌ند كچه یاریزانێكیش یارمه‌تی ئه‌و كه‌سانه ده‌ده‌ن كه دێن و نازانن پایسكیل لێ‌بخوڕن و فێری لێخوڕینی پایسكیلیان ده‌كه‌ن، گه‌وره‌ی پڕۆژه‌كه‌یش وایكردووه كه چه‌ند جارێك پاڵه‌وانیه‌تی بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌به‌رده‌وامی سه‌ردانمان ده‌كه‌ن و پایسكیل لێده‌خوڕن
هێمن ئەسكەندەر - هەولێر
.