کانونی یەکەم 06, 2019

دوای نەبوونی ئابرامۆڤیچ، ئاسمانی چێڵسی بە ساماڵی دەمێنێتەوە؟

ئەو بوو كە ساڵی 2003 یانەی چێڵسی لە ڕۆژئاوای لەندەن كڕی، چێڵسییەكی فەوتاو و تا سەر ئێسقان قەرزدار، كە نە ده‌ره‌قه‌تی مانچستەر یونایتد دەهات و نە بە ئەرسێناڵ دەوێرا و نە تەنانەت لە خولە نێودەوڵەتییەكاندا هیچی پێ نەدكرا، بەڵكوو لە خولی ئینگلتەراشدا ڕۆژانێكی خۆشی نەبوو، ئەو بوو كە هاتە ناو گۆرەپانی ڕكابەرییەكان و ساڵ بە ساڵ پارەی لە ستامفۆردبریج خەرج كرد، تا ئەوەی كە چێڵسی دوای پەنجا ساڵ بوو بە پاڵەوان و لە ماوەی پازدە ساڵدا، پازدە جامی بردەوە. ئەو بوو كە چێڵسی گەیاندە لوتكەی سەركەوتنەكانی چامپیونزلیگ و خولی ئەورووپا و ڕیزی گەورەیانەكانی ئەورووپا.

ئابرامۆڤیچ لە خەرجكردندا هاوشانی مان یونایتد
چێڵسی بەر لە ڕۆمان ئابرامۆڤیچ، یەك لە یانە ڕەزیلەكانی ئینگلتەرا بوو كە بە هاتنی ئەو دەستی كرد بە كرێنی یاریزانە گرانبەهاكان و دەستی ناوبراویش بەردەوام بۆ پارەخەرجكردن لەناو بەركیدابوو، زیاتر لە ئەرسناڵ، هاوشانی یونایتد. میلیاردێره‌ رووسه‌كه‌ی سه‌رۆكی چێڵسی بوو كە ئەوەی لە خەیاڵیدا نەدەهات پارە و خەرجكردنی بوو و زیاتر لە یەك بلیۆن دۆلاری لە بریچ خەرج كرد و خەرجی كرد و لێی خەرجی كرد. ئەو بوو كە ڕاهێنەرە ناودارەكانی بۆ چێڵسی هێنا، مۆرینیۆ و سكۆلاری، هیدینگ و ئەنچلۆتی، بنیتس و كۆنتێ. ئەو بوو كە ئەستێرەی دروستكرد و ئەستێرەی كڕی: ماكێ لێ لێ، كریسپۆ، جۆ كۆل، دمین داف، لەمپارد، ڕۆبن، تێری، كارڤالیۆ، گالاس، پیتەر چێك، درۆگبا، شیڤچێنكۆ، تۆرێس و .....

ڕۆمنی گەورە و یاریگای پیر
چێڵسی لە وەرزی 2017-2018دا ئاستێكی خراپی پێشكەش نەكرد. پێنجەمی ڕیزبەندی پریمەرلیگ و دور لە خولی یانە پاڵەوانەكان كە بە بارسێلۆنا دۆڕا، بەڵام لە بردنەوەی جامی ئینگلتەرا دوای بردنەوە لە مان یونایتد بۆ جارێكی دیكە خۆی سەلماندەوە. دوای ئەو هەموو هاتوهاوارە و لە جیاتی كڕینی ڕاهێنەری نوێ، دەیانگوت "ڕۆمنی گەورە" ستامفۆردبریچی پیر نۆژەن دەكاتەوە. واتە ئەو یاریگا پەككەوتەیەی كە لەناو شەست یاریگای بەناوبانگی جیهاندا دیار نییە. ئەگەر ئەرسناڵ بە یاریگای ئیماراتەوە دەنازێ، وایت هارتلینیش نۆژەن كراوەتەوە و تەنانەت وێستهامیش لە یاریگای ئۆلۆمپیكی لەندەن یاری دەكات، چێڵسی لەبارەی ژێرخاندا وەپاش ڕكابەرەكانی كەوتووە و دڵی بە ئایندەی نزیكەوە خۆش كردووە.

سیاسەت بۆ ئابرامۆڤیچ بێ دایك و باوكە
دەیانگوت ئابرامۆڤیچ یاریگایەكی مۆدێرن و پێشكەوتووی شەستهەزار كەسی دروست دەكات، یاریگایەك بەقسەی لایەنگرانی چێڵسی "شانازی لەندەن"ـە و بە زیادكردنی نۆزدەهەزار كورسی، ژمارەی كورسییەكانی دەگەیەنێتە شەستهەزار كورسی. ئەوجارە شتێك سێرەی لە یانە گرتووە كە بۆتە هۆی دڵەڕاوكێی زۆركەس: ئەویش "پەیوەندییە سیاسییەكانی ئابرامۆڤیچە!". حكومەتی ئینگلتەرا دوای ژەهرخواردكردنی سێرجی ئسكریپرالی سیخوری ڕووسی پەنابەربووی ئینگلتەرا و كچەكەی كە ئەوەندەی نەمابوو پێی بمرن، زوومی خستۆتە سەر ڤیزەی ڕووسییەكانەوە، تەنانەت بە "ئابرامۆڤیچ"یشەوە و ئەوەش وایكردووە نوێكردنەوەی ڤیزەی ناوبراو وەدوا بكەوێت. ئابرامۆڤیچ ڤێزەی "Tier 1"ـی ئینگلتەرای هەیە، بە واتای ڤیزەی سەرمایەگوزاری لە ئینگتەرا، ئەگەر بە پێی ڕێژەی وەگەڕخستنی سەرمایەكەی بێت، دەبێ بۆی نوێ بكرێتەوە. بەڵام باسی نوێكردنەوە نەكراوە و ناوی ڕۆمنیان خستۆتە پاڵ ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی رووسیاوە. تێكەڵبوونی بە سپیكردنەوەی پارە، واتە پرسیارێك لێی: "ئەو هەموو پارەیەت لە كوێوە هێناوە؟"

خەمی لەندەن و نۆژەنكردنەوەی یاریگا
ئەو هەوڵەی دەوڵەتی ئینگلتەرا تەنگی بە ئابرامۆڤیچ هەڵچنیوە و هەوڵی ڤیزە و پاسپۆرتی ئیسرائیلی داوە و هەر خێراش پاسپۆرتی ئیسرائیلی پێ دراوە، بەڵام پاسپۆرتە ئیسرائیلییەكەی ئیش و كار و سەرمایەگوزاری ناگرێتەوە و شەش مانگ كاری پێ دەكرێت و دواتریش شەش مانگ شەش مانگ دەبێ بۆی نوێ بكرێتەوە.
ئابرامۆڤیچ ڕایگەیاندووە، خەمی لەندەنی هەیە و ئێستە نازانێ كەی بۆ ئەو شارە دەگەڕێتەوە و دەستاودەست لەگەڵ بڕی یەك بلیۆن پاوندی دەكرێت كە بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگای نوێ دیاریكردووە.

بەڵام ئەی چێڵسی؟ ئەوان چیان لێ دێتەوە؟
وەرزی ڕابردووی چێڵسی، بە دابەزین لە پریمەرلیگ و بردنەوەی جامی ئینگلتەرا كۆتایی هات، وەرزێكی دراماتیك و چاوەڕواننەكراو. ئەنتۆنیۆ كۆنتی لە بەردەم دەرگای ماڵئاوایی وەستاوە، بەڵام كێ جێگرەوەیەتی؟ ئیدین هازارد تووشی سەرلێشێواوی مانەوە و ڕۆیشتن بووەتەوە، نە ڕێگەی ڕۆیشتن و نە گره‌نتی مانەوەی هەیە... پرسیاری گەورەتر ئەوەیە: "ڕۆمان ئابرامۆڤیچ لە چێڵسی دەمێنێتەوە یان دەڕوات"؟ و ئایا سەرمایەیەكی زیاتر لە بریچ وەگەڕ دەخات یان نا؟

چێڵسی بە چێڵسێتی دەمێنێتەوە
باش لەوە تێدەگەین كە ئابرامۆڤیچ چۆن پشتی یانەی چێڵسی گرتووە و دڵی بەملیۆنان هاندەری ئەو یانەیەی گەشاندۆتەوە.لە بەرزی و نزمی و كێشەكانی ڕابردووی تێدەگەین: لە كێشەی نێوان "تامی داچێرتی" لەگەڵ "تێری ڤێنبلز"، بەرەنگاربوونەوەی "دیۆ سكستون" لەگەڵ "پێتەر ئۆزگود"، مردنی "مەتیۆ هاردینگ"، شپڕێوییەكانی "كەن بیتس"، دابەزین بۆ خولی خواروتر و گەڕانەوەی دووبارەی و دووبارەی. خاڵی گرینگ ئەوەیە، چێڵسی هەمیشە چێڵسی بووە و بۆنی پاڵەوانێتی لێ دێت، ڕەنگە چێڵسی كۆمەڵێك بەربەستی بۆ بێتە پێش، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە، هاندەرەكانێتی كە هیچ كات پشت لە چێڵسی ناكەن و لەگەڵیدا دەمێننەوە

 

محەمەد شەهدی - هەولێر .

© 2017 Hawler